"لە گەرمەى شاییلۆغانی دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ سەركەوتنێكی وەهمی, پیلانی لاوازكردنی زیاترى سەنگی هەرێمی كوردستان جێبەجێكرا"

Saturday, 09/01/2010, 12:00

1753 بینراوە


چاوەڕوان كراویشە بەرامبەر بەم ڕونكردنەوەیە علوج قەڵەمێك بێتەزمان
ئەو كە ئەندامى دەستلەكاركێشاوەى سەركردایەتى یەكێتى نیشتمانى كوردستانە و بەرپرسی گەورەترین مەڵبەندى ڕێكخستنى یەكێتى بوو , لە ئێستادا خوێندكاری زانستەسیاسییەكانى زانكۆی سلێمانى یە و یەكێكە لەو كەسایەتییەدیارانەى بزووتنەوەى گۆڕان كە بە ئاكاری حیزبیدا دەناسرێتەوە و پەنجەى نموونەى كایری بۆ ڕادەكێشن,ئاسۆ عەلی كە وەكو خۆی ئاماژەى پێدەكات نایەوێت لە میدیادا دەربكەوێت,بەڵكو تەنها لەكاتى پێویستدا قسەى پێویست دەكات,دەنگ لە دوو كاتى جیادا تایبەت بە مەسەلەى یاسای هەڵبژاردنەكانى عێراق دواندی:
دەنگ:بۆ لیستی هاوپەیمانی كوردستانی ویستی ئەو یاسایە تێپەڕێنێ؟ حیكمەت چییە لە بایەخنەدانی بە سەنگی ئایندەى كورد لە پەرلەمانی عێراقدا؟واتا بە گرنگ نەزانینی رێژەى كەمی كورسی؟
ئاسۆ عەلی: ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لە چوارچێوەى دەستور و لەكاتی خۆیدا, بنچینەو پێوەرى جێگیركردنی پرۆسەى بەرەو دیموكراسیچوون و مافێكی رەواى سەرجەم هاووڵاتییانە لە سەرانسەرى وڵات و لەهەر كوێیەكی جیهان بن، دەسەبەركردنی ئەو مافەش پێویستی بە فەراهەمكردنی كۆمەڵێك پێشمەرجە ,كە بوونی یاسایەكی روون و عەمەلی و دادپەروەرانە مەرجی یەكەمیانە، بەدینەهاتنی سەقامگیرى و نەمەیینی سیستەمی سیاسی لەعێراقدا, داڕشتن و دەركردنی یاسایەكی لەو چەشنەى سەخت و ئاڵۆزتر كردووە، سەربارى ئەو پێشینە ئاڵۆزەى كە وڵاتێك لە بنچینەدا بەشێوەیەكی ناسروشتی و دوور لە ئیرادەى خۆویستانەى پێكهاتەكانی دروستكرابێت و هیچ بنەمایەكی بۆ هاوبەستەیی و متمانە بەیەككردن تێدا نەبێت و هەر یەكێك لە پێكهاتەكانی لە روانگەى بەرژەوەندییە تایبەتییەكانیانەوە بۆ پرۆسەى هەڵبژاردن و پێگەو سەنگی سیاسی خۆیان بڕوانن. لە دۆخێكی لەو جۆرەشدا گەلی كوردستان وەك نامۆترین پێكهاتەى عێراق، هەمیشە لەژێر گەمارۆو پاڵەپەستۆیەكی سیاسی و كەنارخستن و فێڵی یاساییدا بووە، ئەشێ هۆكارێكی دواخستنی یاساى هەڵبژاردنیش بۆ دەمەدەمی وادەى هەڵبژاردن هەر لەو چوارچێوەیەدا لێكبدرێتەوە، بۆیە دەبوو لە هەلومەرجێكی وادا, نوێنەرانی گەلی كوردستان لە هەموان وردتر و هەستیارتر بوونایە نەك بەپێچەوانەوە، بینیمان چەند روون و بێشەرمانە, لەو دۆخە پەلەپڕوزێیەدا كێشەى كەركوك بە جۆرێك وروژێنرایەوە،كە جارێكی تریش پێگەى روو لەپاشەكشێی گەلی كوردستان بخزێنرێنێتەوە سەنگەرێكی ترى بەرگرى سلبییەوە، دەركەوت لاى خۆشمانەوە لە غیابی رۆڵپێدانی دەزگاى تایبەتمەندى توێژینەوەو تەنانەت پەیوەندى و ئاگالەیەكبوون و پرس و ڕاوێژى دەسەڵاتداراندا, لیستی هاوپەیمانی چڕكردنەوەى خۆى خستبووە سەر ئەوكێشە وروژێنراوە، كە لە بنەڕەتدا بەنیازى (مەرگ پیشاندان بۆ بە تا ڕازیكردن)ى كورد هێنرابووە ئاراوە بەشێك لە سیاسەتكارانی توركمانیش لەكورتبینییەوە یان بە دەست تێكەڵكردن, بووبوونە ئەسپی تەڕوادەى شۆفێنیستانی عەرەب، لەو یارییە سیاسییەشدا بە داڕشتنەوەى فێڵەكە بەجۆرێكی ترو نانەوەى تەڵەكە بۆ كاتێكی تر لەهەمان یاسادا,لە گەرمەى شاییلۆغانی دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ سەركەوتنێكی وەهمی, پیلانی لاوازكردنی زیاترى سەنگی هەرێمی كوردستان جێبەجێكراو ئەگەر هەڵە تاكتیكییەكەى هاشمی نەبوایە پیلانەكە بووبوو بە ئەمرى واقع.
دەنگ:بە بۆچونتان بۆ تاڵەبانی بێسێودوو یاساكەى واژۆ كرد؟
ئاسۆ عەلی: ئەوە پرسیارێكە پێویستە خۆى وەڵامی بداتەوە، هەرچەند یان ئەوەتا سەفەرەكەى لەلا گرنگ و پێویستتر بووە لە یاساى هەڵبژاردن، یان دەكرێت بە خەمساردى و بێباكی بەرامبەر دۆزە چارەنوسسازەكانی گەلی كوردستان لێكبدرێتەوە, بەتایبەت كە بۆخۆدەربازكردن لە ئیحراجبوونیش, دەبوو و دەیتوانی چاوەڕوانی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان بكات و لەسەر بڕیارى پەرلەمان پێش هاشمی بڕیارەكەى ڤیتۆ بكردایە، ئەگەرنا ئەو هەڵوێستە هەم وەك كەسی یەكەم لەسەرئاستی بەرپرسیارێتی كورد لە عێراقدا،كە روونە ئەو پۆستەى وەك نوێنەرى یەكێك لە سێ پێكهاتە سەرەكییەكەى عێراق كە كوردە پێدراوە, هەم وەك سەرۆك كۆماریش بەپێی بەرپرسیارێتی و ئەو سوێندە یاساییەى خواردویەتی (ئەگەر كوردیش نەبوایە) دەبوو لە بابەتێكی گرنگ و هەستیارى لەو جۆرەدا, رێگر بێت لە مەغدووركردنی هەر یەكێك لە پێكهاتەكان لە یاساكەدا، روون و ئاشكرایە چۆن بەبێ لێكدانەوە و توێژینەوە قەدەرى كورد لە یاساكەدا درابووە دەست پسوڵەى خۆراك، ئەو پسوڵەی خۆراكەى ئەزمونی كوردستان شاهیدى بە ئاسانی تەزویركردنێتی, لەكێشە سەرەكییەكەشدا كە كێشەى كەركوكە, چۆن بەناوى ئیستسنانەكردنەوە دیسان هەر ئیستسناكراوەتەوە، لەو بڕگە مێژووییەشدا هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەى لیستی یەكگرتوی ئیسلامی, بە دەنگ نەدان بۆ یاساكە, هەم شایستەى تەقدیر و هەم بیانوبڕى ئاگادارنەبوون و لێنەزانینیشە بۆ لیستی كوردستانی, جێی خۆشێتی لێرەدا پێویستی هەبوون و گرنگی فرە لیستی بۆ ئەوانەى بە لاوازو پەرتكردنی ڕیزی گەلی كوردستانی وەسف دەكەن, بەیاد بهێنینەوە.
دەنگ:تاڵەبانی بەر لە رۆیشتنی بۆ فەڕەنسا ,لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەى بە گرنگی ئیمزاكەى دا ,بەڵام لە كاتی گەڕانەوەیدا بە پێچەوانەوە دووا ,سەرنجتان لەو بارەیەوە ؟
ئاسۆ عەلی: ئەوە نیشانەى ئەوەیە كەبەشێك لە سیاسەتكارانی دەسەڵات لە كوردستان,هەمیشە لەدواى روداوەكانەوەن نەك لە پێشیاندا, لەكاتێكدا كرۆكی ئەركی سیاسەتكار و دەسەڵاتدار, بریتییە لە توێژینەوەو خوێندنەوەى پێشوەختی رووداوەكان و دیاریكردنی ئەگەرەكان و وەرگرتنی هەڵوێست و بڕیار لەبارەیانەوە, بۆ ئەوەى پێشڕەوى رووداوەكان بن نەك پاشكەوتەى رووداو و ناچاربوون بۆ پەیڕەوكردنی سیاسەتی پینەكردنی رۆژانەى هەڵەكانی دوێنێ .
دەنگ:سەفەركردنی سەركردەكانی كورد لە كاتێكی وادا ئاماژەیە بۆچی؟
ئاسۆ عەلی: لە عورفی فەرمانڕەواییدا دەبێت پاشا و سەرۆكەكان, لە كێشە بچوك و سادەكانەوە بگرە تا دەگات بە كێشە چارەنوسسازو گرنگەكان هەمیشە ئامادە و بەشدارى ناو گەلەكەیان بن, هەركاتێكیش , گەر بۆ گەشت و سەیران یان بۆ كارێكی رەسمی پەیوەست بە بەرپرسیارێتی و ئەركەكەیانەوە سەفەرى دەرەوەى وڵاتیان كردبێت, لەگەڵ رودانی كارەسات یان هاتنەپێشەوەى هەر گۆڕانكارى و روداوێكی گرنگدا, پێویستە سەفەرەكەیان بپچڕێنن و بگەڕێنەوە وڵات و دیسان لەگەڵ گەلەكەیاندا بن, بەڵام پەیڕەونەكردن لەم عورفەو لەوەش سەیرتر ئەنجامدانی سەفەر لەگەرمەى گفتوگۆو مشتومڕى یاسایەكی هەستیار و چارەنوسسازى وەك یاساى هەڵبژاردندا ,كە نەخشە و پێگەى سیاسی و دەرەنجامە ئابورى و كۆمەڵایەتی و ئاسایشییەكانی لەسەر بونیاد دەنرێت, ئەوە مەتەڵێكە مەگەر خۆیان وەڵامەكەى بزانن.
دەنگ:بۆ هەمیشە سیاسییەكانی كورد بەتایبەت(تاڵەبانی و بارزانی)لەژێر كاریگەرى وڵاتانی ئەمریكا و دراوسێكانی عێراقدان؟
ئاسۆ عەلی: جیهان لە هەموو رووەكانەوە یەك یەكەى پێكەوەبەستراوەو هەر روداوو گۆڕانكارییەك لە هەر كونجێكی ئەم جیهانەدا, كار دەكاتە سەر شوێنەكانی تر و پێشیان كاریگەر دەبێت, جا ئەو گۆڕانكارى و روداوە سیاسی یان ئابورى , ژینگەیی یان زانستی یان هەر بوارێكی تر بێت, لەو روانگەیەوە لە دۆخێكی وەك هەرێمی كوردستاندا كە نە لەڕووى سیاسی , نەلەڕووى ئابوری , نەلەڕووى ئاسایشییەوە سەقامگیر و جێگیر نییە, ئەو كاریگەرییانەى جیهان و دەوروبەر راستەوخۆتر و خێراترن و بواریش بۆ فەرامۆشكردنیان نییە, دەسەڵاتیش لەم هەرێمەدا ناچارەو پێویستیشە هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو پەیوەندییە ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانیانەدا بكات, بەڵام دیارە لەسەر بنچینەى بەرژەوەندییە و هەم نزیك و هەم دوورمەوداكانی گەلی كوردستان, نەك دەسكەوت و بەرژەوەندییە تایبەتی و لاوەكییەكان, هەر پەیوەندییەكیش بەدەر لەم بنچینەیە بێت لە پێگەیەكی لاوازو جێگاپرسیاردا دەبێت.
دەنگ:هۆى خۆشحاڵی سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی چی بوو لەكاتی پەسەندكردنی یاساكەدا؟
ئاسۆ عەلی: ئەشێ بڕیارى ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە پارێزگاى كەركوك و جیانەكردنەوەى لە پارێزگاكانی ترى عێراق بە دەسكەوت و سەركەوتنێكی گەورە زانرابێت, كە بەبڕواى من ئەوە دەسكەوت نییە, بەڵكو مافێكی سروشتی و دەستورى دانیشتوانی ئەو پارێزگایەیە, بەپێچەوانەوە لەبرى دڵخۆشكردن بەوە, دەبوو نوێنەرانی گەلی كوردستان لەسەر جێبەجێ نەكردنی مادە دەستورییەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان و ئاساییكردنەوەى ئەو پارێزگایەو سەرجەم ناوچە دابڕاوەكان, لە هێرش و هێنانە گیروگازى حكومەتدا بوونایەو لێنەگەڕانایە دۆخەكە بەم رۆژەبگات, خۆشحاڵبوون بە دیسان بەدەركردنەوەى ئەم پارێزگایە لەداڕشتنەوەى یاساكەداو گومان خستنەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن تیایدا پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە, جێگای سەرسوڕمانە. سەربارى ئەوەى لە (77) نوێنەرى زیادكراو بۆ پارێزگاكانی عێراق, تەنیا چەند كورسییەك بۆ سێ پارێزگاكەى ژێردەسەڵاتی هەرێم زیادكرابێت و لەوەشدا پارێزگاى سلێمانی كە گەورەترین پارێزگاى ئێستاى هەرێمی كوردستان و لەرووى ژمارەى دانیشتوانەوە چوارەم پارێزگاى عێراقە لە دواى بەغدا وبەسرە و نەینەواوە, كەمترین كورسی بۆزیادكرابێت، ئەمە هەر وەك ئەوە وایە جەماوەرى تیپێكی تۆپی پێ, چەپڵە بۆ گۆڵ لێكرانی تیپەكەى خۆیان لێبدەن!! هەندێ لەو بەڕێزانە دەڵێن ئەو غەدرەى لە ژمارەى نوێنەرانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كراوە پەیوەندى بە یاساكەوە نییە, لەكاتێكدا بەپێی هەمان یاسا دیاریكردنی ژمارەى نوێنەرانی هەر یەكێك لە پارێزگاكانی عێراق دراوەتە دەست متمانەو ئامارى پسوڵەى خۆراكی ئەو وەزارەتی بازرگانییەى وەزیرەكەى یەكەمین وەزیر بوو لەسەر گەندەڵی و بە ئامادەبوون و شایەتى لیستی كوردستانی, لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقەوە متمانەى لێسەنرایەوە و هەڵهات و لەئاسمان گێڕدرایەوەو زیندانی كراو دیسان دەربازیشكرا.
دەنگ:پێتوایە بێئاگاییەك لەنێوان تاڵەبانی وبارزانیدا ڕوویدابێت ,كاتێك تاڵەبانی یاساكەى پەسەند كرد و بارزانی هەڕەشەى بایكۆتكردنی لیستە كوردییەكانی كرد لە هەڵبژاردنەكان ؟
ئاسۆ عەلی: ئەو هەڵوێستە ناكۆك و لێكدابڕاو و درەنگ وەختانە. تەنیا ئەو لێكدانەوەیە هەڵدەگرێت ,كە زۆربەى كاربەدەستانی كورد لەناوەڕاستی نوێژدا بیریان دەكەوێتەوە, دەستنوێژیان نەگرتووە. بە شێوازێك فەرمانڕەوایی دەكەن كە زۆر كۆن و بەسەرچووە. هیچ بڕوایەكیشیان بە پلان و لێكۆڵینەوەو پرس و ڕا نییەو بڕیارو بەرنامەو سیاسەتەكانیان پێكەوە بەستراوو تەواوكاری یەكتر نییە ، پەیڕەو لە (سیاسەتی كلینیكس) دەكەن و هەر بۆ یەكجار و تەنها بۆ ئەو رۆژە سیاسەت دەكەن، بۆیە هەمیشە و دواى هەر دەرەنجامێك(ئەه..)ێكی خەڵك یان خۆیان بەخەبەریان دێنێتەوە، ئەگەرنا ئەو فێڵ و غەدرەى لە ژمارە و رێژەى نوێنەرانی گەلی كوردستان كرابوو, رێك بەپێی ئەو یاسایە بوو كە بە سەركەوتنێكی مەزن و نەبەردێكی گەورە بانگەشەى بۆ كرا.
دەنگ:رازیبوون بە ناوهێنانی كەركوك و چەند جارێك دووبارەكردنەوەى لە بڕگەكانی یاساى هەڵبژاردندا ,مساوەمەكردنی كورد نییە بە كەركوكەوە لە بەرامبەربەدەستهێنانی پۆستێكی باڵادا؟
ئاسۆ عەلی: رازیبوونی لیستی كوردستانی بەو دووبارە ئیستسناكردنەوەیەى پارێزگاى كەركوك لە یاساى هەڵبژاردندا, پرسیارو گومانێكی لە دوو ئەگەردا لێدەكەوێتەوە، كە یان نائاگایی و لێنەزانینە یان كەین و بەین و رێكەوتنی ژێربەژێرە, كە هەركامێكیان بێت ئاماژەیە بۆ بەدبەختی ئەم گەلە. چونكە ئەگەر هەڵبژاردنەكە بەو یاسایە ئەنجام بدرێت كە ئێستا زۆر دڵی پێخۆشدەكرێت و تەنها راستكردنەوەى غەدرى ژمارەى نوێنەرانی گەلی كوردستانی لەخۆگرتووە, لە دواییدا ئەو دەرەنجامە روونەى لێدەكەوێتەوە كە ئەگەر لیستە كوردستانییەكان لە كەركوكدا براوە بن. هیچ ئیعتبارێك بۆ ئەو سەركەوتنە دانانرێت(وەك ئەوەى لە دەقی یاساكەدا دیاریكراوە كە هیچی لەسەر بنیاد نانرێت), سەرەڕاى ئەوەى ئەنجامەكەشی بەناشەرعی و ساختەكارى لەقەڵەم دەدرێت, خۆ ئەگەر پێچەوانەكەشی بوو ئەوە بەو لیژنەیەى دیارە پێكهاتەكەى چۆن داڕێژراوە, ڕاستاندن بۆ ئەنجامەكە دەكرێت و ئەوسا بە میكانیزمێكی لە شێوەدا دیموكراسی, چارەنوسی كەركوك وەك ئەوەى كە خۆیان دەیانەوێ دەبڕێنرێتەوەو دەبێت دواى ئەو حیكایەتەش جارێكیتر دەسەڵاتی كوردستان بێتەوەو بڵێتەوە: منیش هاتمەوە هیچیان نەدامێ!!
دەنگ:لە كاتێكدا پێشتر چەندین رێكەوتننامەى سێ قۆڵی و چوار قۆڵی و پێنج قۆڵی لە نێوان یەكێتی و پارتی و لایەنە شیعی و سونییەكاندا ئیمزا كرابوون.بۆ لەكاتی پێویستدا ئەو رێكەوتننامانە وەكو فشار بەكارناهێنرێت بۆ جێبەجێكردنی داواكانی كورد؟
ئاسۆ عەلی: لایەنەدەسەڵاتدارە كوردستانییەكان ,تەنها دەتوانن گوشار و فێل لە یەكتری و لایەنە ناوخۆییەكان بكەن، ئەگینا هەمیشە هەر رێكەوتننامەیەكیان لەگەڵ لایەنی دەرەوەى هەرێمدا مۆر كردبێت , تەنها بۆ ئیستهلاكی محەلی بە دەسكەوتی مێژوویی و سەركەوتن خراوەتە بازاڕەوەو لە راستیدا هەمیشە سەرەنجامەكەى بە دەست بەتاڵی بۆ گەلەكەمان كۆتایی هاتووە، ئەمە لە گفتوگۆو بەیاننامەو رێكەوتننامە سیاسییەكان لەگەڵ دەوڵەتی عێراقەوە بیگرە تا دەگات بە رێكەوتنە سیاسییە دووقۆڵی و چەندقۆڵییەكان لەگەڵ لایەنە ئاوارەكانی ئەوساى ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و هەمان لایەنە بەدەسەڵات گەیشتووەكانی ئێستاى عێراق، هەر هەموویان كۆمەڵێ پابەندییان خستۆتە سەر لایەنی كوردستانی كە یەكسەر جێبەجێ كراون و لایەنی بەرامبەر پێشەكی دەسكەوتی خۆیان وەرگرتووە، دەسكەوتەكانی گەلی كوردستانیش هەمیشە دراون بەقەرز و ئەو قەرزانەش هەرگیز وەرنەگیراونەتەوە، هەر بۆیە ئەو رێكەوتننامانە وەك یارى یەك گۆڵی وابوون و بە هەردوولا هەر گۆڵیان لە كورد كردووە، نزیكترینی ئەو رێكەوتنانە رزگاركردنی حكومەتەكەى مالكی بوو لەڕوخان بە رێكەوتننامەیەك كە تێیدا دیاریكراوە ئەگەر داخوازییەكانی گەلی كوردستان لەلایەن حكومەتەوە جێبەجێنەكرێت، بە كشانەوەى لیستی كوردستانی حكومەتەكە بڕوخێت. بەڵام بینیمان نە مادەى (140)و نەهیچ كام لە خواستەكانی گەلی كوردستان جێبەجێش نەكران, بگرە هێزى پێشمەرگە لە جەلەولا و سەعدییە و قەرەتەپە و خەریك بوو لە خانەقینیش (كەبە هۆى زاڵی ژمارەى دانیشتوانی كوردو خۆڕاگرى خەڵكەكەیەوە سەرى نەگرت) دەركران و هیچ هەڵوێستێكی روون و بڕێنەرەوەشمان نەبینی، بەداخەوە هەمیشە دەسكەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بە دەسكەوتی حیزبییەكان و دواجاریش بەدەسكەوتە تایبەتییەكان گۆڕدراونەتەوە.
دەنگ:لەنێوان ڤیتۆى هاشمی و واژۆى تاڵەبانیدا پێویستە كورد سوپاسی كامیان بكات؟
ئاسۆ عەلی: واژۆكردنەكەى سەرۆك كۆمار بەڕوونی جێگاى رەخنە و ناڕەزایەتییە. سەبارەت بە تارق هاشمیش دەبێ ئەو راستییە فەرامۆش نەكەین, كە ئەویش نەك هەر لەبەر خاترى كورد یاساكەى ڤیتۆ نەكردووە, بەڵكو لە دوا نێت و نیازدا, بەمەبەستی زیادكردنی رێژەى عەرەبی سونەى عێراق, بەهەماهەنگی و لەرێی دەنگی بەعسییە راكردووەكانی سوریا و ئەردەن وئیمارات و میسر و ئاسانی ساختەكارى لەو ووڵاتە عەرەبیانەداو بردنی زۆرینەى دەنگ و كورسییەكانی دەستنیشانكراو بۆ ئاوارەى دەرەوەو لەو رێگەیەشەوە بچوككردنەوەى قەبارە و سەنگی كورد لەلایەك و پارسەنگدانەوەی هەژمونی شیعەى عێراق لە لایەكی ترەوە ڤیتۆكەى كرد. بۆیە هەق نییە ئیتر كورد ئەوەندە لە بەلاش خۆى بە سوپاسگوزار و منەتبارى هیچ كەس و لایەن و دەوڵەتێك بە ئەمریكاو ئێران و توركیاشەوە بزانێت, تۆ ئەگەر خۆت هەبیت ئەوا حیسابت بۆ دەكرێت و دەتوانیت نەهێڵیت فێڵیشت لێبكرێت, خۆ ئەگەر خۆشت لەجێی نەبوان بیت ئەوە لەدنیاى سیاسەتدا كەس خێرت پێناكات, ئەو ڤیتۆیە وەك قەزاو قەدەر, بۆدەسەڵاتدارانی كورد بەقەرەبوكردنەوەو تێهێنانەوەى بەشێك لە زیان و كڵاولەسەرنانەكانی گەڕایەوە, ئەمە رێك وەك تاقیكردنەوەكانی خولی سێیەمی پۆلەكانی كۆتایی سەردەمی شەڕى ناوخۆ بۆ تەلەبە تەمەڵ و لێقەوماوەكان وابوو. دەسەڵاتدارانی كوردیش وەك تەلەبەى تەمەڵ هەلێكی تریان دەسكەوتەوە, ئەگەر لەمەشدا دیسان راسب نەبنەوەو هەر سازشێكیش بە ڕازیبوون بە وەك خۆ لێكردنەوەى ژمارەى كورسییە ساختەكانی پارێزگاكانی تر, لەبەرامبەر زیادكردنی یەك دوو كورسی بۆ هەرێمی كوردستان. یان رێكەوتنی ژێربەژێر بە معامەلەى پلەوپایەى دواى هەڵبژاردن. لەباربردنەوەى ئەو دەرفەتە رەخساوەو رازیبوونە بە دەستبەرداربوونی مافە رەواو سروشتییەكانی خەڵكی كوردستان. ئەو هەلەش بە هەڵەو مزایەدەى شەخسی هاشمی بۆ وەرگرتنی شوێنی كەسی یەكەمی سونەى عەرەب و تەماعی(هل من مزید)ى شۆفێنیستەكان و زیرەكی شیعە لە قڵپكردنەوەى ڤیتۆكە بە قازانج سەری مایە خواردنی سونەو كەمكردنەوەى ئەو كورسیانە لێیان كە بەشەریكی لە كوردیان دزیبوو هاتەوەدەست, بەمەبەستی رێگرتن لە گەورەو بەهێزبوونەوەى رۆڵی سونەى عەرەب لە عێراقدا, كە لەریزبەندیدا لە كورد بە مەترسیدارتریان دەزانن. ئەمە لەلایەك و بەنیازى بەیەكدادانی كورد و سونەى عەرەب و وەرگرتنی رۆڵی تەماشاچی و ناوبژیكارو ریشسپێتی بۆخۆیان لەلایەكی ترەوە, ئەوان ئاوا سیاسەت دەكەن و كوردیش چەپڵە بۆ گۆڵ لێكران و شكستەكانی خۆی لێَدەدات.
تێبینى :- ئەم چاوپێكەوتنە لە (26/11/2009) پێش دوا ڕێكەوتنى فراكسیۆنەكانى ئەنجومەنى نشتمانى عێراق لەدواساتەكانى (شەوى 7/6/12/2009)دا ئامادەكرابوو بەمەبەستى لەگەڵ ڕۆشتنى ڕوداوەكان ،لەپەیوەندیەكى نوێدا ، ئەم پرسیارو وەڵامەمان بۆچاوپێكەوتنەكە زیادكرد.
دەنگ:دواڕێكەوتنى فراكسیۆنەكانى ئەنجومەنى نشتمانى عێراق، بۆتێپەڕاندنى یاساى هەڵبژاردن، چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
ئاسۆعەلى : هەروەك پێشبینى دەكرا،ئەمجارەش وەك زۆربەى جاران لەسەر حیسابى هەرێمى كوردستان لەعێراقداو پارێزگاى سلێمانى بەگەرمیانەوە لەهەرێمى كوردستاندا، یاریەكە بەدەست بەرداربوونى بەشێك لەمافى سروشتى خەڵكى كوردستان كۆتایى هات و دەسەڵاتى هەرێم لەم تاقیكردنەوەیەشدا سەربارى فەرامۆشكردنى و بەلادانەچونى ئەو ناڕەواییەى بەرامبەر بەكەركوك كراوە،لەهێنانەوەى بەشى هەرێمى كوردستانى ژێردەسەڵاتى، بەوپێیەى لەبنەڕەتدا مشتومڕ لەسەر ژمارەى نوێنەرەكانى ئەم سێ پارێزگایە نەبووە بە دابڕاوى، بەڵكو لەسەر ڕێژەى هەرێمى كوردستان لەچاو باقیاتى عێراق و پارێزگاى سلێمانى بەگەرمیانەوە لەچاو پارێزگاكانى ترى عێراقدا بووە، هەر ڕاسب بوو،ئەم پینەكردنە خەوشەكەى دانەپۆشیوە و ڕازیكردنى دەسەڵاتى هەرێم بەبەشێكى كەمتر لەمافى دەستوری و ئاسایى خەڵكى كوردستان و هێشتنەوەى لەدۆخى پاشەكشەدا، وەك مناڵ خەڵەتێنە وایە ،بەدەلیلى ئەوەى :
1-لەسەرئاستى عێراق لەهەڵبژاردنى پێشودا هەرێمى كوردستان بەدەنگى ناوچە دابڕاوەكان و ڕەوەندى دەریشەوە لەكۆى (275)نوێنەر (58)نوێنەرى هەبووە كەدەیكردە (21%)ى نوێنەرایەتى لەعێراقدا، بەڵام ئێستا (41 بۆ43)كورسییەكەى ئەم سێ پارێزگایە ئەگەر وایدابنێین(7)كورسى لە(12)كورسیەكەى كەركوك و (5بۆ6)كورسى لە (31)كورسیەكەى نەینەوا و(1بۆ2)كورسى قەرەبوش بەلانى زۆرەوە حیساب بكەین هەرێمى كوردستان (60)نوێنەرى زیاترى لەكۆى (325)نوێنەرى ئەنجومەنى نوێ نابێت، كەلەڕوى ڕێژەوە لە(21%)ەوە دادەبەزێت بۆ نزیكى (18%) ئەمە ئەوگۆڵەیە كەبۆبەرژەوەندى لایەنە ناوخۆیی و دەرەكییەكانى عێراق لەهەرێًمى كوردستان كراوە.
2-لەرئاستى هەرێمى كوردستانیش جارێكى تر لەناو ئەو غەدرەى لەهەرێمى كوردستان بەگشتى كراوە غەدرێكى ترى تایبەتیش لەسلێمانى و گەرمیان كراوە بەو دەلیلەى لەهەڵبژاردنى (2005)دا پارێزگاى سلێمانى، بەپارێزگا دانپێدانەنراوەكەى گەرمیانەوە كە بەناوى كەركوكەوە بوو، (15)نوێنەرى هەبوو، لەبەرامبەردا پارێزگاى دهۆك (7)نوێنەرى هەبوو كەلە نیوە كەمترى پارێزگاى سلێمانى بوو، بەڵام ئێستا دهۆك كراوە بە (11)نوێنەر واتە (4)نوێنەرى بۆزیاد كراوە لەكاتێكدا بەشی دوو ئەوەندە زیاترەكەى سلێمانى و گەرمیان نیوەى دهۆكى بۆ گەڕێنراوەتەوە و تەنها (2)نوێنەرە كەدەبوو بە پێچەوانەوەبێت ئەمە سەربارى ئەو غەدرە حەقیقییەى كەبەپێى ڕاگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى ئامارى سلێمانى، دەبوو ژمارەى نوێنەرەكانى پارێزگاى سلێمانى بەگەرمیانەوە (21)نوێنەربونایە نەك(17)بەپێى ئەو بڕگەیە لەیاساى هەڵبژادن كەهەر یەك نوێنەر بەرامبەر بە سەد هەزار كەسە و دوا ئامارى سلێمانى بەگەرمیان بەپێى ئەوڕاگەیاندنە دووملیۆن و زیاتر لەسەد هەزار كەسە، ڕیزبەندى پارێزگاى سلێمانیش لەچوارەم پارێزگاوە لەسەرئاستى عێراق بۆ پێنجەم دابەزێنراوە و لەیەكێك لە موعجیزەكانى تەزویردا پارێزگاى زیقار لە(12)كورسیەوە بووە بە (18)كورسى و چوارەم پارێزگاى عێراق چاوەڕوان كراویشە بەرامبەر بەم ڕونكردنەوەیە علوج قەڵەمێك بێتەزمان و بڵێت ئەم قسانە ناوچەگەرێتى و سلێمانى و گەرمیان چێتى یە، ئەوەش بەمەبەستى لەهەڵادابزركردنى ئەو هەڵە گەورە و گۆڵە زەقەى بەفاوڵ لەكوردستان بەگشتى لە ڕوانگەیەكى شۆڤێنییەوە لە عێراق و لەڕوانگەى ناوچەگەرێتى ڕاستەقینەوە بەرامبەر بە سلێمانى و گەرمیان لەكوردستاندا بەتایبەتى ئەنجام دراوە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە