لە بەرانبەری میتافیزیا_ بەشی سێهەم

Wednesday, 25/12/2013, 12:00

1717 بینراوە






جوانی ومیتافیزیا

بۆ باشتر زانین و ناسینی چەمك وڕۆاڵەتێکی میتافیزیایی، لێرەدا باس لە " جوانی " وکاریگەری جوانی لە سەر ئینسان وچۆنیەتی بەکار هێنانی" جوانی " بە دەستی دەیان ئایدیا و ئائین وئایدۆلۆژیا دەکەین.
دیارە جوانی خۆی لە ناو خۆیەوە، سەرەنج ڕاکێشە. دیتنی شتی جوان، جۆرێك خۆشی و جۆرێکیش سەر سورهێنان بۆئینسان بەدی دەکات. ئەگەرچی باسی فەلسەفی جوانی، هەر لە سەردەمی سۆقراتەوە هەبوە، بەڵام لاموایە کە هێشتا تەواوەتی ئەو چەمکەفەلسەفیە رون نەکراوەتەوە. هۆی ئەم وتراوە لەوە دایە کە بۆچونەکان لە سەر بابەتی" جوانی " زۆر جۆراوجۆرن. کۆ کردنی هەموی ئەو بۆچونانە و تێکڕا کردنیان، ئەگەریش بکرێت، بەرهەمێکی باش لە کار دەر نایەت. بەڵام دەکرێت بە وردی وبەش بەش، فینۆمنی جوانی، بناسرێت. ساکارترین ئینسانەکانیش بۆچونێکیان لە سەر جوانی هەیە. واتا جوانی شتێکە کە خەڵکان خۆیان ئەزمونیان کردوە ولاموایە هەموان تێدەکۆشن تاکو بەرهەمەکانیان وکردەوەکانیان ، بەدیکراوەکانیان وبە گشتی کاریگەرییەکانیان جوان بکەن تاکو خەڵکی بتوانن لەڕێگای ئەو جوانیەدا، سەرەنجیان بۆ ئەوبەرهەمە یان بەدیکراوە ڕابکێشرێت.
جارێ هەر ئەم باسە، ڕێك لەم خاڵەدا دەرخەری ئەوەیە کە خەڵکی، شتی ناجوانیان بە دڵ نیە وبە دوایدا ناچن. ئەمە ئەبێتە هۆی ئەوەی کە هەر سازمان و سێستەمێك تێبکۆشێت کە بەدیکراوەکان و کارەکان و بەرهەم و بیرەکانی لە تەك جوانیدا تێکەڵ بکات یان ساکارتر بڵێن خۆی جوان نیشان بدات.
هۆنەرە جوانەکان!
هەموان دەزانن کە" هۆنەر " بێ فینۆمنی " جوانی "، شتێکی بێ مانایە. بۆیە لە درێژایی مێژودا بیستومانە و بینیومانە کە هۆنەرەکان، بە جوانیەوە ئاراستە کراون. ئایا پێچەوانەی ئەوەمان تاکو ئێستە بەدی کردووە؟ یانێ کەس بە دوای ناجوانی وناحەزیدا ڕۆیشتووە؟ لاموایە کە وەڵامی ئەم پرسیارە وشەی" نا" بێ! بەڵام لە لایەکیترەوە و بە ورد بونەوە لە جیهانی جوانی و بە هۆی چەندین دیاردەی میتافیزیایانەوە، پێچەوانەکەی ئەوە مان بۆ دەر ئەکەوێت! بۆ نمونە خۆدی خەڵكن کە جوانیەکانی سیستەم و سازمان و جۆرێکی بۆچونیان هەڵبژاردوە کە بوەتە سیستەمێك بە سەری خۆیاندا کە دواتر بوەتە هۆی سەدان کارەسات. پێش ئەوەی کە ئەو سیستەمە دەسەڵات بگرێت بە دەستەوە، بە تەواوی هێز و تواناوە، خۆی بە "جوانی" ڕازاندوتەوە وخەڵك بڕوایان بەوبۆچونەو سیستەمە کردووە. بێ ئەوەی کە سەبریان کردبێ لە داکۆکی و داوەریان لە سەری. ئەمە نیشانەی " پەلەیە " لە داکۆکی وداوەری. واتا پەلە کردنی بێ زانیاری قوڵ لە فینۆمنەکان، ئەبێتە هۆی چەندین کارەسات لە داهاتوودا. ئەگەر باش لە هۆنەرە جوانەکان بڕوانین وکاریگەریان لە سەر خەڵك لێکبەینەوە و تۆێژینەوەمان لە سەری بێت، بۆمان دەر ئەکەوێت کە تەك جوانی هۆنەرەکاندا، بیر و بۆچونی ئایدیالیستییەکی زۆر، ئەڕواتە نێو فیکروفەرهەنگی کۆمەڵگا دا!
بەڵام چۆن شتی وەها ئەبێت؟ دینەکان و ئایینەکان و ئایدئۆلۆژیاکان، سەرجەم لە هۆنەرە جوانەکان کەڵك وە ردەگرن وئەو جوانیە کە بەرهەمی خۆدی ئینسانە هۆنەرمەندەکانە، بە خۆاوەندوە دەبەسترێنەوە! کەنیسەکان ومزگەوتەکان بە سەدان هۆنەری جوان، ڕازاندراونەتەوە. هۆنەری ئاوێنە کاری ومیعماری وگەچ بڕین وپەیکەر سازی وڕەسامی کە لەم شۆێنانەدا بەکار هێنراون، کاری ئاسمانەکان نەبوە و نییە. بەڵکوبەرهەمی هۆنەرمەندەکانە کە بە شێوازێکی زۆر جوان دروست کراون. بۆ نمونە" واتیکان " لە ڕۆما. بەرهەمی هۆنەری پەیکەر سازی و ئەو ڕەسمە زۆر جوانانە، کە بە دەستی میکل ئانژ وڕافائێل وهۆنەرمەندەکانیتربە دیکراون، بە خۆاوەندەوە گریدراون! واتا کە دەڕۆێتە وەها شۆێنێك، لە بیرت دەچێتەوە کە ئەمانە بە دەستی ئینسانەکان پێکهاتوون. بەڵام دەبینین کە هێزی ئەو جوانیە دەگەڕێتەوە بۆئاسمان! ئەمە لەکاتێکدایە کە هۆنەرە جوانەکانی پێش چاو، بەڕاستی زەوینین نەك ئاسمانی. جار وایە کە میتافیزیا وئایینەکان خۆیان بە جوانی لە ناو دارێكدا ئەشارنەوە. بۆ نمونە مۆرتازەکانی هیندوستان کە جار جارئەڕۆنە نێو دارێکەوە ودینەکەیان لەویدا بە شێوازێکی جوان، نمایش ئەدەن.Another face of demonstration by metaphysic
ئەمە خۆی درۆیەکە، کە ئایدیالیزم یان بە تەواوی میتافیزیا، بێ ئەم درۆە نەیتوانیوە و ناتوانێ درێژە بە ژیانی بدات. لە لایەکیترەوە بە ڕوانگەیەکی زانستی و فەلسەفی، دەبینین کە ئائینەکان و ئایدئۆلۆژیاکان، ئەو دژایەتی و دڵڕەقییەی خۆیان بە بەکارهێنانی فینۆمنی " جوانی " ئەشارنەوە. تاکو ڕاستیەکان و واقیعەکانیان بۆ خەڵك دەر نەکەوی. ئەگەر کەسێك بتوانی جوانیەکان لە میتافیزیا، جێا بکاتەوە کە کار و بەرهەمی مرۆڤەکانن، ڕاستیەکانی ئەوئایینانە بەڕونی دەکەونە بەر چاو. جوانیەکانی هۆنەرتەنیا لە کاری هۆنەری ڕەسام ونیگارکێش ومیعماروئاوێنەکار و...هتد نیە. بەڵکو لە زۆر شۆێنیتردا خۆیان ئەنوێنن. وەکو هۆنەری جۆانی قسەکردن. Beauty Speech واتا چەمکی جوانی دەڕواتە نێووشەکانیشەوە. قۆرعان پڕە لە وشەو و دێری جووان. بایبل پڕە لە ڕەستەوبابەتی جووان. ئەگەر بپرسین کە ئایا جوانی ئەم وشە و دێرانە، ئەوەیە کە خەڵک لە یەکتر جێا ببنەوە ولە نێوانیاندا شەڕ هەڵگرسێت کە سەدان جار ئەوشەڕانە بەدی کراون و میلیۆنەها ئینسانی وەڵاتەکان کۆژراون وهەزاران نالەباری بەدی کراوە! وەڵام چییە؟
لە سەدەی پازدەی زایینیدا، قەشەیەك بە ناوی" مارتین لوتر " بۆچونێکی "جوانی " لە سەربایبل بڵاوکردەوە و وتی: مەبەستی خۆا لە کتێبی بایبلدا ئەوە نەبوە کە قەشەکانی ڕۆم بە ڕیوەی دەبەن. مۆسیقا وهەڵپەڕکی و شایی نابێت لە مەسیحییەت جێا بکرێتەوە...
ئەم ڕوانگەیە بو بە هۆی گۆڕانێك لە ئەم ئایینەدا Re-form . بە مانایەکی ڕێکتر، مارتین لوترئەو ئایینەی نەجات دا، چونکە ڕازاندیەوە بە هۆنەرە جوانەکان. بەم شێوەیە خەڵکی ئیتر ئەو ئایینەیان قبۆڵ کرد و بە هۆی جوانیەکان کە لە ڕاستیدا هێ ئەو ئایینە نەبو، تەواوی ڕقاێیەکانی دژی ئینسانیەکەیان لە بیر کرد. هەر چەن میژونیشانیداوە کە شەڕەکانی سەردەمی سەدەی ناوەڕاست لە نێوان مۆسۆڵمانەکان و مەسیحییەکان، چ نالەبەری وسەغڵەتیگەلێکی بۆجەماوەری ئینسانی بەدی کردویەك لەوانە، دەزگای ئەنگیزیسیۆن بو کە تا سەردەمی ڕۆنیسانس درێژەی پێدرا.
جوانی لە هۆنەری گۆرانی وخزمەت بە میتافیزیا...!
گۆرانی پێکهاتەیەکە لە شیعرو موسیقا. هەر دوی ئەم لایەنانە لە کانیاوی هۆنەرە جوانەکان، ئاو دەخۆنەوە. بە ورد بونەوە لە گۆرانیەکان وناوڕۆکی وشەکان، بە جوانی بۆمان دەر دەکەوێت کە زۆربەی هەرە زۆری گۆرانیەکان، هان لە خزمەتی میتافیزیادا. گۆرانیەکان پڕن لە وشەی ئیلاهیات وئایدیالیستی. پڕن لە باوکە ڕۆ وپەرپێدانی فەرهەنگی ئایینی و ئایدئۆلۆژیاوە. ئەوەندە بەرهەمی هۆنەری جوان بەم ناوەڕۆکەوە، ڕۆیشتوتە نێو کۆمەڵگاوە کە بە ڕاستی سەر سوڕهێنەرە. ئەوەی من لە گۆرانی کوردی بیستومە، زۆر زۆر بە دەگمەن بینیومە کە ناوەڕۆکی شیعرەکەو گۆرانیەکە، لە مەبەستی میتافیزیاوە باتاڵ بووبێت. بەڵام بە پێچەوانەوە هەزاران هەزار گۆرانی و کۆڕی هۆنەری گیراوە کە زۆربەی هەرە زۆریان، تەنیا فەرهەنگی میتافیزیایانەیان پەرە پێداوە. ئەگەر بۆ نمونە بڕۆینە سەر گۆرانیەکان و بەرهەمە هۆنەریەکان، سەر لە سەد دەفتەر و کتێب دەر دێنێ. بۆیە پێشنیاری من ئەوەیە کە خۆێنەری ئەم بابەتە، خۆی بە بیرێکی ڕاستی ودروستیەوە، باش گۆی لە گۆرانیەکان بگرێت تاکوڕادەی ڕاستەقینەی ئەم چەمکەیش بۆی بە جوانی دەر کەوی.
مەبەستی قسەکە لەوەدایە کە ناچارین هەزاران بەرهەمی هۆنەری لە بۆاری جۆراوجۆرەوە وەکو ئەو گۆرانییانەی کە هان لە خزمەتی میتافیزیا وئەبن بە هۆی پەرەپێدانی فەرهەنگی" وێستاو " وبێ جۆڵەونالەبار، بخەێنە زبڵدانەوە. ئەگەر ئەم کارە ئەمڕۆ نەکرێت، لاموایە کە لە داهاتوی نزیکدا وەها دەبێت. چونکە فەرهەنگی کورد لە ڕاستی و ڕاشکاوی و دروستی و سیداقەت زۆر زۆر نزیکە. بەڵام هۆی بڵاو بونەوەی ئەو گۆرانییانە کە ئاماژەمان پێکرد، دەگەڕیتەوە بۆچەندبابەتی دی کە لەم نوسراویەدا جێ نابێتەوە. تەنیا بە کۆرتی ئیشارە بەوە دەکەم کە شیعری شاعیرەکان و گۆرانیبێژەکان، تا ڕادەیەکی زۆر بەرز کەوتوتە خزمەتی میتافیزیاوە. ناوەڕۆکی زۆربەی ئەو بەرهەمانە تێکەڵاویە لە تەك ئایدیالیزمدا. شتێك کە هەرگیزبە قازانجی ئینسان و کۆمەڵگا نەبوە و تەنیا کارەساتی بۆ کۆمەڵگا بە دی کردووە.
سەرجەمی باسەکە لەوێدایە کە " جوانی " بە پێچەوانەوە بەکار هێنراوە و خراوەتە خزمەتی میتافیزیاوە. ئەم ئیشە زۆرترلە بۆاری هۆنەرە جوانەکاندا، خۆیان نیشانداوە وبەم جۆرە و بە شیوازێکی جوان، درۆیەکی هەزاران ساڵەیان تەك خەڵکا کردووە. بۆ باشتر ناسینی ئایینەکان و ئایدئۆلۆژیاکان وسیستەمەکان، ئەبێت فینۆمنی" جوانی " لێیان جێا بکەینەوەکە بەرهەمی خۆدی ئینسانەکانن، ئەوکات ڕۆاڵەت و سیمای ڕاستەقینەی ئەوانە دەر ئەکەون. لاموایە لە کاتی بە دەرکەوتنی ئەو ڕواڵەتانە کە خۆیان لە پشت جوانیەکاندا شاردوتەوە، ناجوانی و ڕق ودژایەتی ئەوان بەرانبەر بە ئینسان و کۆمەڵگا، بە ڕوناکی دەر ئەکەوێت.
ئەمەش لە ناو خۆیا جۆرێك ترس پێك دێنێت وترسیش تەنیا دابڕان لەوەیە کە تا ئەمڕۆ بە ناوی واقیع و ڕاستی ، بە خۆاردی خەڵك دراوە. ترس لە ئاوارە بونی دوبارەیە وکەوتنە ناو جیهانی فێکرە وڕەخنە گرتن لە پێشو وهەموی ئەو بەرهەمانەیە کە تائێستا بەدیکراون. بەڵام ئایا ئێمە تینوی ڕاستین یان نا؟ ئایا بە ڕاستی پێمان خۆشە میتافیزیا بە هەموجۆرێك فریومان بدات؟ ئایا کاتی دابڕان لە ئەو فەرهەنگە ناڕاستیە نەگەیشتووە؟ ئایا هۆنەرە جوانەکان ئەبێت خەڵک هان بدەن بە شایی و ڕاستی و" زیندوبون " یان پێچەوانەکەی؟ فەرهەنگی ئێمەی کورد، تا چەند گرێدراوە بە میتافیزیاوە؟ وڕوناکبیری کوردتا چەند لە سەری ئەم چەمکە گرینگە کە بە تەواوی دژی ئینسان و کۆمەڵگایە، ئیشی کردووە؟



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە