بێبه‌شکردنی لیستی هیوا له‌پای چی؟!

Thursday, 06.11.2009, 12:00

1088 بینراوە


کۆمیته‌ی پشتیوانی له ‌لیستی هیوا. له‌کاتێکدا به‌هیوایه‌کی مه‌زنه‌وه‌ له‌سێیه‌مین خولی ئه‌مجاره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستانمان ده‌ڕوانی که‌ ببێته‌ هه‌نگاوێک بۆ به‌ڕێوه‌چوونی گۆڕان و وه‌رچه‌رخانێکی دیموکراتی و دروستبوونی زه‌مینه‌یه‌کی له‌بار بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و کۆتاییهێنان به‌و جه‌وروسته‌مه‌ی که‌وا ده‌سه‌ڵاتدارانی باشوور له‌ گه‌له‌ سته‌مدیده‌که‌مان ده‌که‌ن. به‌تایبه‌تی هه‌بوونی لیستێکی وڵاتپارێزان و دیموکراتیخوازانی وه‌ک (لیستی هیوا) له‌وهه‌ڵبژاردنه‌دا ئومێدێکی زۆری لای جه‌ماوه‌ری گه‌له‌که‌مان دروستکرد که‌ ئیدی ده‌کرێ گۆڕانکارییه‌کی ریشه‌یی ئه‌نجام بدرێت. به‌ڵام مخابن له‌میانه‌ی سه‌ودا و مامه‌ڵه‌یه‌کی شاراوه‌ و هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی نێوان حکومه‌تی ئێراق و حکومه‌تی هه‌رێم و داگیرکارانی کوردستاندا بڕیاری قه‌ده‌خه‌کردنی (لیستی هیوا) درا و به‌مه‌ش سته‌مێکی گه‌وره‌ له‌ جه‌ماوه‌ری ئازادیخواز و پرۆسه‌ی دیموکراتی و داهاتووی ئه‌م وڵاته‌ کرا.
ئێمه‌ وه‌ک (کۆمیته‌ی پشتیوانی له‌ لیستی هیوا له‌ بوڵگاریا) ئه‌و بڕیاره‌ به‌ توندی شه‌رمه‌زار و ریسوا ده‌که‌ین و به‌تاوانێکی گه‌وره‌ی ده‌زانین و ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ ئه‌و بڕیاره‌ هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه‌. ئه‌گه‌رنا پرۆسه‌که‌ هیچ ره‌وایه‌تی و یاساییبوونێکی نامێنێ و ده‌بێته پرۆسه‌یه‌کی سه‌قه‌ت و سه‌پاندنه‌وه‌ی دیکتاتۆرییه‌ت و گومڕایی...
له‌کاتێکدا ئێمه‌ ئه‌و بڕیاره‌ به‌ بڕیارێکی زۆر مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر ئیراده‌ی ئازادی گه‌له‌که‌مان ده‌بینین و په‌ڵه‌یه‌کی ره‌شه ‌بۆ سه‌ر رووی ئه‌وانه‌ی له‌پشت ئه‌و بڕیاره‌ن، ئه‌وا رایده‌گه‌یه‌نین بڕیاری به‌مشێوه‌یه‌ هه‌رگیز ناتوانێت رێگه‌ی گه‌له‌که‌مان بۆ گه‌یشتن به‌ ئازادی و دیموکراتی بگرێت. ئێمه‌ش وه‌ک (کۆمیته‌ی پشتیوانی له ‌لیستی هیوا- بولگاریا) بۆ ریسواکردنی بڕیارده‌ران وجێبه‌جێکه‌رانی ئه‌و بڕیاره‌ شوومه‌ له‌هه‌وڵ و تێکۆشانی به‌رده‌وامدا ده‌بین...
- رووره‌شی و ریسوایی بۆ به‌کرێگیراو و سته‌مکاران..!
- هه‌ر بژی لیستی هیوا، هیوای ئازادی گه‌ل..!
- هیوا له‌سه‌رکه‌وتن به‌هادارتره‌..!
-

بوڵگاریا سۆفیا
10.06.2009