هونەرمەندو كڵاشینكۆف چى بەیەكەوە كۆیاندەكاتەوە؟

Thursday, 11/06/2009, 12:00

4645 بینراوە


زەكەریا عەبدوڵا یەكێكە لەو هونەرمەندانەى خاوەنى دەنگێكى خۆشەو بێشومار هەوادارى هەیە، ئەمە راستییەكە نابێت نادیدەى بگرین و دانى پێدانەنێین، بەڵام جێگاى داخە زەكەریا وەك هونەرمەندێكى ناسراو، خاوەن جەماوەرێكى زۆر، هەڵویست ولێدوانەكانى بۆتە جێگاى نیگەرانى و بێزاریى خەڵك ولێرەو لەوێش لەلایەن رۆژنامەنوسانەوە رەخنەى توندى ئاڕاستە دەكرێت وكورد وتەنیش مێش نەبۆتە میوانى وهیچ كاتێك وەڵامێكى راشكاوانەى بۆ ئەو رەخنانە نەبووە كەئاڕاستەى كراون. نازانم كاك زەكەریا رۆژنامەكان دەخوێنێتەوە یان ئەویش وەك بەرپرسەكان سەرقاڵى كاروكەسابەتەو فریاى خوێندنەوەیان ناكەوێت؟ هەرچەندە زەكەریا عەبدوڵا خۆى بەیەكێك لەهونەرمەندە بەناوبانگ وگەورەكان دەناسێنێت، بەڵام هەڵوێست ولێدوانەكانى پێچەوانەكەیمان پێشاندەدات!. "هونەرمەندى مەزن دەبێـت هەڵوێستى مەزنى هەبێت ". بەداخەوە ئەوەى لەم هونەرمەندەى دەبینین ودەیبیستین لەگەڵ پەیامى هونەردا گەلێك لێك جودان. گەر سەیرێكى هەڵوێستى هونەرمەندە بەناوبانگەكانى جیهان بكەین، ئەو راستییە وەك رۆژى رووناك خۆى نیشانمان دەدات. راستە زەكەریاعەبدوڵا دەنگێكى خۆشى هەیە، بەڵام هونەرمەندێكى مەزن وگەورە نییە وەك خۆى بانگەشەى بۆ دەكات. ئاخر لەكاتێكدا گەنجانى ئەم وڵاتە بەدەست بێكاریى وهەژارییەوە دەناڵێنن زەكەریا باس لەكرینى فڕۆكەى تایبەت بەخۆى دەكات، تائێستا هەواڵێكمان نەخوێندۆتەوە ئەم هونەرمەندە رۆژێك لەرۆژان كۆنسێرتێكى بۆ خەڵكى هەژار سازكردبێت، نەمانبیست لەو سەرمایەو سامانە زۆرەى خۆى باسى دەكات و كەس نازانێت لەكوێ پەیداى كردووە یارمەتى هەژارانى پێبدات، نەمان دیت زەكەریا نەخۆشخانەیەك بكاتەوە، یارمەتیى منداڵانى ئەنفالكراوەكان بدات. دەبێت ئەو پرسیارە لەزەكەریا بكەین كڕینى فڕۆكەى تایبەتى پێویستترە یان یارمەتیدانى لاوانى وڵاتەكەت؟، هاوڕێیەتیكردنى كوڕە بەرپرسەكان زەرورە یان پشتیوانیكردنى لاوانى هەژارى كوردستان؟. بەداخەوەئەوەى ئێمە دەیبینین ودەیبیستین زەكەریا خەریكى ئاهەنگ گێڕانە بۆ بەرپرسەكان و هاوڕێیەتیكردنە لەگەڵ پارەدارو گەندەڵەكان. سەیروسەمەرەتر لەمانە ئەم وێنەیەى زەكەریا عەبدوڵایە بەم كلاشینكۆفەوە خەریكى دەستڕێژە هەرچەندە دیارنییە نیشانەكەى كاك زەكەریا چییە؟، بەڵام دەمەوێت بەم كاكى برایە بڵێین ئێمە چەند ساڵە هاوار دەكەین كەژینگەى كوردستان وێرانكراوە دەبێت كار بۆ پاراستنى بكەین, خێرە جەنابتان بەم كڵاشینكۆفەوە نیشانە لەچى دەگرنەوەو راوى چى دەكەن؟، من نازانم بەئیجازەى كام دەزگاى پۆلیس وئاسایش چەكى هەڵگرتوەو وابەئاسانى نیشانە دەگرێتـەوە! ئایا زەكەریا لەخۆى پرسیوە هەر گولەیەك لەو كڵاشینكۆفەوە دەردەچێت رەنگە كۆتایى بەژیانى كەسێك بهێنێت؟، یان لەخۆى پرسیوە دەنگى كڵاشینكۆفەكەى" لانە" لەچەند باڵندەو ئاژەڵى ئەو دەشت ودەرە تێكدەدات ؟ بەندە دڵنیایە زەكەریا ئەوانەى بەلاوە گرنگ نەبووە، ئەگەر هەستى بەو راستییانە بكردایە هەرگیز كڵاشینكۆفى نەدەكردە هاوڕێى خۆى. لەبیرمە لەیەكێك لەژمارەكانى گۆڤارى" نێوەند"دا لەگەڵ هەوالێكدا، وێنەیەكى "مەسعود بارزانی"مان دانا، پێش چاپكردنى" نێوەند"، برادەرێك پێى وتم مەسعود بارزانى پێى ناخۆشە ئەم وێنەیەى بڵاوبكرێتەوە لەبەرئەوەى جگەرەیەكى بەدەستەوەیە، منیش وێنەكەم لاداو لەوتێگەیشم بارزانى لەبەرئەوەپێى ناخۆشە لاوان چاو لەو وێنەیەبكەن و جگەرەكێشان وەك دیاردەیەكى ئاسایى سەیربكەن. (www.facebook.com بەڵام جێگاى داخە كاك زەكەریاعەبدوڵا لەیەكێك لەلاپەرەكانى ماڵپەڕى (
كە تایبەتە بەخۆى بەشانازییەوە ئەم وێنەیەى داناوە بێ ئەوەى بیرێك لەوەبكاتەوە كەئەم كارەى ئەو دەبێتە هاندانێك بۆلاوان تا ئەوانیش وەك زەكەریا چەك هەڵگرتن كارێكى ئاسایی بێت لایان، بەداخەوە بەندە نازانێت هونەرمەندو كڵاشینكۆف چى بەیەكەوە كۆیان دەكاتەوە !،مەگەركاك زەكەریاخۆى بتوانێت باس خاڵى هاوبەشى هونەرەكەى وكڵاشینكۆفەكەیمان بۆبكات.
تێبینى:بۆ بینینى وێنەكە بڕوانە ئەم لینكە.
http://www.facebook.com/pages/zakaria-abdulla/47641408244?ref=ts#/pages/zakaria-abdulla/47641408244?v=photos&viewas=1096015388
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە