8مین ساڵی رووخانی رژێمی بەعس كۆتای رژێمە دیكتاتۆرەكانە

Thursday, 07/04/2011, 12:00

1725 بینراوە


ساڵی 2003 لەرۆژێكی وەكو ئەمڕۆ كەبە كۆتای رژێمی بەعس دیاری كراو و گەلانی عێراق رزگاریان بوو لەدەست دیكتاتۆرترین رژێم، كە وێنەی نەبوو لەسەر رووی زەوی. هەرچەندە رووخانی رژێمی بەعس بەدەستی هێزەكانی دەرەوەبوو، بەڵام دیسانیش رێگای لەبەردەم كۆمەڵێك گۆڕانكاری كردوە، بەلایەنی ئیجابی و سلبی، لەوانەیە بۆ گەلانی تری عێراق هەندێك ئالۆزی و قەیرانی لەگەلأ خۆی هێنابێت، بەتایبەتیش قەیرانی تیرەگەری و مەزهەبی و نەبوونی خەزمەتگوزاری. بەڵام بۆ گەلی كورد كۆمەڵێك دەرفەتی تازەی كردەوە، ئەمەش وای كرد چەندین هەنگاو دۆزی رەوای گەلی كورد بەرەو پێشەوە بەرێت، ئەگەر هاتبوایە بەڕێوەبەرانی هەرێمی كوردستان بەچاوێكی فروانتر ئەو پێشكەوتنانەیان بەخوێندبووایەتەوە، ئەوا دەرفەتی خزمەتكردنێكی زۆرفروانتر هەبوو.
دوای رووخانی بەعس ئەركی زیاتر كەوتە سەرشانی حكومەت و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، بەتایبەتیش پارتە دەسەڵاتدارەكان، بەڵام بەداخەوە بەرپرسانە نزیك ئەو ئەركە نەبوونەوە، زیاتر بەنەفسی دوو ئیدارەی، پەراوێزخستنی لایەنەكانی تر، خۆنەدان لە پرسی یەكێتی نەتەوەی، وازنەهێنان لەگەندەڵی و لێ نەپرسینەوە لەگەندەڵكاران، كارنەكردن بۆ كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان بۆ گەڕانەوەیان بۆسەر هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەو عەقلیەت حیزبگەراو بەرژوەندی تەنگەی كە رۆژ بەڕۆژ بێ ئومێدترمان دەكات لەچارەسەكردنی كێشەكاندا.
لە ئەنجامی ئەو خوێندنەوە تەنگەی بۆ رووداوەكانی دوای رووخانی بەعس، بۆیە ئەمڕۆ كۆمەڵگای تووشی كۆمەڵێك قەیرانیتر كردەوە، كە لەئێشتادا دەسەڵاتی كوردی هیچ بیانووێكی نەماوە بۆ خزمەتكردن، بێجگە لە چارەسەریەكی ریشەیانە. چونكە ئەو رەوشەی لەعێراق ئەگەر بەدەستی هێزەكانی دەرەوەش دروست بێت و تائێستاش بڕیاری سەرەكی عێراق، بەدەستی زڵهێزەكانی جیهان بێت، بەڵام ئەمڕۆ زۆرێك لەگەڵانی تر بە ئیرادەی خۆیان توانیان رژێمە دیكتاتۆرو كۆنەپەرستە بەكرێگیراوەكانی دەرەوە بڕووخێن و بەرەو ئازادی هەنگاو بنێن، زۆرێكیش لە رژێمە دیكتاتۆرەكان عەرشەكەیان دەلەرزێت و پێنج و دوو رۆژێكیان ماوە. ئەمەش ئیرادەی زیاتری بەخشیەوە بەگەلی كورد لەچوارپارچەی كوردستان، بۆ ئەمەش ئەمڕۆ گەڵی كورد لەناو چالاكی مەدەنی و دیموكراتیدایە، ئەو چالاكیانە بەگشتی ئومێد بەخشن، چونكە دەرفەت بۆ گۆڕانكاریەكی بەئیرادەی گەلان دروستبێت كراوەتە.
لەباشوری كوردستان ئەوا بۆ پەنجا رۆژ دەچێت خەڵك سەر شەقامەكانی لەدەسەڵات گرتووەو تاكە داواكاریشی گۆڕانكاری ریشەیانەیە لە جومگە سەرەكیەكانی دەسەڵات و بەرێوەبردنی هەرێم، هەمانكات گۆڕینی ئەو عەقلیەتە حیزبگەرا و ناوچەگەرەیە كەتائێستا حكومی هەرێمی پێدەكرێت. ئێمە پێمان وایە لە 8 مین ساڵوەگەڕی رووخانی رژێمی بەعس و لەو شەپۆڵە گۆڕنكاری و رووداوانەی ناوچەكە پێویست دەكات جارێكیتر دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانیش بەخۆداچوونەوەی بۆ بكەن، چونكە لەهەر ئاڵۆزی و تێكچوونێكی كورد لەباشووری كوردستان پێش هەر هێزو لایەنێك ئەوان لێی بەرپرسیارن، ئەو نزیكایەتیەی لەماوەی ئەو پەنجا رۆژی كردوویانە لەناڕەزای و خۆپیشاندانەكان، بەشی وەڵامدانەوەی قۆناخەكە ناكات، چونكە بەقۆناخێكی نائاسایی لە گۆڕانكاری و وەرچەرخاندا تێدەپەڕین.
ئێمە لەلای خۆمان كەلەسەرەتای دروستبوونمانەوە تا رۆژی ئەمڕۆ كە لەبەری گەلدابووینەو بەردەوامیش وەكو بەرهەڵستكارێكی ئیجابی دەسەڵات خۆمان بەناوكردوەو بەو نەفەسەش كارمان كردوە، ئێستاش بەهەمان شێوەكارەكانمان بەردەوام دەكەین، هەرچەندە تا رۆژی ئەمڕۆش باجی بۆ دەدەین، بەڵام بەردەوامبوون لەم رێبازەدا بەئەركێكی دیموكراتی و نشتمانی دادەنێین. هەربۆ ئەمەش تا ئێستا چەندین پرۆژەو كۆڕو كۆنفرانسمان پێشكەش بە رای گشتی و لایەنە بەرپرسەكان كردوە، لە رەوشی ناڕەزای و خۆپیشاندانەكانیشدا پرۆژەێكی چارەسەری و نەخشەرێكمان پێشكەش خۆپیشاندەران كردوە، لە ئێستاشدا ئامادەكاری دەكەین بۆ پێشكەش كردنی گەڵاڵە نەخشەرێك بەرای گشتی و دەسەڵات و خۆپشاندەران ، تاكو بەبێتە رێگای كاركردنمان بۆ گۆڕانكاری و وەرچەرخان و چارەسەر پرسە هەنووكەیەكان.
تێكۆشان لەسەر بنەمای دەستكەوتی زیاتر بەدەستخستن و گۆڕانكاری بەبێ ئەوەی بترسێین لە دەسەڵات و بەرژوەندیە تایبەتیەكانمان، ئەوا دەتوانین جارێكیتریش ئەو دەرفەتەی لە 9/4/ 2003كە دروستبووە لەگەلأ ئەو دەرفەتەی لەئەنجامی سەرهلدانی ئەمڕۆی گەلانەوە دروست بووە بخەینەوە خزمەت گەلەكەمان و یەكریزی و یەكێتی نێوان خۆمانی پێ پتەوتربكەین.
دەستەی كارگێڕی
پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
8/4/2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە