یەکێتی و پارتی دەیانەوێت ناوی پیرۆزی ئێمە لەکەدار بکەن وخۆیان لەپشت ئێمەو هاوڕی شەهیدەکانمانەوە بشارنەوە

Tuesday, 01/02/2011, 12:00

1412 بینراوە


کۆمەڵێک پێشمەرگەی دێرینی یەکێتی بانگەوازێک لە کۆمەڵێک پێشمەرگەی دێرینی یەکێتیەوە لە سوید بۆ هاوڕێیانمان لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان..
هاوڕێیانی پێشمەرگەمان لە هەرشوێنێک هەن 
سڵاوێکی شۆشگێڕانەی گەرم بە یادی رۆژانی بەرەنگاربوونەوەی رژێمی پێشووەوە
هاوڕێیان گەلەکەمان بە بارودۆخێکی زۆر هەستیاردا دەڕوات و ئەرکی ئێمە وەستاندنەوەمانە لە پشت داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان نەک بەرگری کردن لە و بنەماڵانەی کە تەنها لەبیری پارە کۆکردنەوەو گیرفان پڕکردندان و تێرخواردنیان نییە . ئێمە لای خۆمانەوە هەموو ئەو قسانە بەدرۆ دەخەینەوە کە ئەو دەسەڵاتە پاوانخوازە بەناوی ئێمەوە دەیکات ، ئێمە زۆر لەوە گەورەترین کە ئەوان بەکارمان بهێنن دژ بە خواست و داواکانی گەلەکەمان . 
ئێمە خزمەتکاری گەورەو بچووکی خەڵکی کوردستانین بێجگەلە و دەسەڵاتە کە قووتی رۆژانەی خێزانە هەژارەکانی گەلەکەمان دەدزێت و لە بانکەکانی ئەوروپاو ئەمریکادا قایمیان دەکات . ئەوە ئێمە نین ئەوە خەڵکانێکی چڵکاوخۆرو کاسەلێسی دەسەڵاتن کە بەناوی ئێمەوە قسە دەکەن . 
خەڵکی کوردستانی خۆشەویست
ئێوە سەرچاوەی هێز و توانا و بڕشتی ئێمە بوون ، ئێوە قیبلەی ئێمە بوون ، ئێمە لەسەر ئێوە خۆمان بە کوشتدەدا نەک بۆ ئەوەی کە ئەو بەرچاوبرسیانە بەبنەماڵەوە بێنە سەرحوکم و خۆیان لێ ببێتە فیرعەون و خەڵکیش هاوڵاتی پلە دوو . ئێمە خەباتمان کرد بۆ بەدەستهێنانی دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ ، بەڵام ئێستا ئەم سێ چەمکە لەلایەن دەسەڵاتەوە سوکایەتیان پێدەکرێت و پشتگوێخراون . 
ئەوەی ناوی داد و یاسا و دادپەروەری بێت لە هەرێمەکەی ئێمەدا نییە و پێمانوایە تائێستایش هەر دوو ئیدارەو دوو حوکومەتۆکە لە هەرێمەکەدا هەیەو ئەوەیش جۆرێک لە پاشاگەردانی دروستکردووە . بەرپرسەکانیش هەر لە بیری ئەوەدان کە چۆن دوای خۆیان کوڕەکانیان بخەنە سەر کورسی حوکمرانی . ئێمە لای خۆمانەوە ئەم شێوازەی سیستەمی فەرمانرەوایی کوردستان بە شێوازێکی خێڵەکی دواکەوتوانە دەزانین و پێمانوایە دەسەڵات دەبێت بدرێتەوە دەست میللەت و ئەوانەی لە شۆرشی چەکداریدا بەشداریانکردووە بێنە دواوە . هەر سەرمایەیەکیشیان هەیە ماڵی ئەو گەلەیە و چونکە ئێمە کەلە شاخ هاتینە خوارەوە بیست ساڵ پێش ئێستا هیچ سەرمایەیەکمان نە بووە و ئێستا ئەو ملیار و ملیۆنەها دۆلارەیان لە کوێ بوو .
هەتا رۆژێک زوو تر خۆتان بدەن بەدەست میللەتەوە چاکترە ناوی ئێمەیش نەهێنن جارێکی تر ، حاشا ئێمە لەگەڵ دزو تاڵانچیدا نین و نابین. ئەگەر ئەمرۆ بێت یان بەیانی یان مانگێکی تر ، ساڵ و چەند ساڵێکی تریش بێت هەرئەبێت ئەوەی کە دزیووتانە بیگەرێننەوە بۆ میللەت و دەسەڵات بدەنەوە دەست کۆمەڵانی خەڵک .
ئەو رێکخراوانەی بە ناوی ئێمەوە سواڵی دۆلار لەو دەسەڵاتە دەکەن نوێنەرایەتی ئێمە ناکەن . خەڵکانی کاسەلێسن و قوربان ، قوربان بە دوای لێپرسراوەکانەوەن . ئێمە رۆڵەی ڕاستەقینەو دڵسۆز و خزمەتکاری ئەو گەلەین و بۆ ناو ئاگریش ئامادەین لە پێناو خواستە رەواکانی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان .
بە سەدان حیزب و رێکخراوی وەک پارتی و یەکێتی دەکەینە قوربانی ئامانج و خواستەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ، پێشمەرگە واتە ئەوکەسەی پێش مەرگ دەکەوێت و گەمەی بە مردن دێت لە پێناو گەلەکەیدا ، ئەوەیە پێناسەی ئێمە بۆ پێشمەرگە هەر لەو روانگەییەوە داوا لە هەموو هاوڕێ پێشمەرگەکانی ترمان دەکەین لە هەر شوێنێک هەن بەرگری بکەن لە ناوی پیرۆزمان و رووی ئەو دەسەڵاتە رەش بکەن کە دەیەوێت ناوی پیرۆزی پێشمەرگە لەکەدار بکات ..

باچاوەروانی هیچ کەس و لایەنێک نەکەین بۆ راپەرین .. تەنها گوێ لە خواستەکانی خەڵک بگرین کە هەموومان دەزانین چییە... بۆ پێشەوە بەرەو هەڵهاتنی رۆژی ئازادی و راپەرین. 
٣١ ١ ٢٠١١
سوید 
کۆمەڵێک پێشمەرگەی دێرینی یەکێتی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە