رۆژنامەنوسە جل پرتەقاڵیەكان!

Thursday, 23/02/2012, 12:00

1398 بینراوە



 

 
سەردانی رۆژی 23-2 چەند رۆژنامەنوسێك بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی بەمەبەستی گەیاندنی توڕەیی رۆژنامەنوسان لەدەسەڵاتدارانی سلێمانی و ئیدانەكردنی پێشێلكارییەكانی هێزەكانی بەردەركی سەرا لەدژی رۆژنامەنوسان، بووەتە مایەی جەدەلێكی فراوانی نێوان رۆژنامەنوسان خۆیان، بەجۆرێك هەندێك رۆژنامەنوس بەیاننامەیەكی نارەزاییان لەو بارەیەوە دەركردو بانگەشەی ئەوەیانكرد ئەو كەسانە نوێنەرانی رۆژنامەنوسان نین، ئەمە جگە لەوەی چەند سیاسییەكی ئۆپۆزسیۆنیش بە ئاشكرا رەخنەیان لەو سەردانە گرت.
سەردانەكە هەر چۆنێك بێت و لەچی كاتێكدا بێت ئەوەیان كێشەی سەرەكی نیە، بەڵكو كێشەی سەرەكی ئەوەیە ئەم سەردانە لایەنەكانی دەسەڵات بەتایبەتی یەكێتی و لەناو یەكێتیشدا خودی بەرێز مەلا بەختیار وەك دەستكەوتێكی ئیعلامیە گرنگ (لەكاتێكا پێویستی بەدەستكەوتێكی وەها هەبوو بەهۆی دەستدرێژییەكانی رۆژی 17ی شوباتەوە بۆ سەر رۆژنامەنوسان) مامەڵەی لەگەڵدا كرد و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان (وەك لەرونكردنەوەكەی بەڕێز د.زانا رەئوف) داهاتبوو)بەكارێكی بێ ماناو گەورەكردنی رۆڵی حزب تەماشایانكرد.
بەبڕوای من ئەم رووداوەش وەك هەموو روداوەكانی كۆمەڵگای ئێمە بەسیاسی كرا، سیاسیەكان و حزبە سیاسیەكانیش ئەم رووداوەیان بەدەردی هەموو روداوەكانی دیكەی كۆمەڵگای ئێمە برد، رۆژنامەنوسانیش لەو نێوەندەدا چ ئەوانەی بە جلە پرتەقاڵییەكانەوە بەدوای مەكتەب سیاسی حزبەكان كەوتن بۆ ئەوەی سوكایەتی و لێدان و ئیهانەكردنی كوتەك بەدەستەكان راگرن، چ ئەوانەشی بەشدارییان نەكردو لەدوورەوە دژایەتی حزب و سیستەمی سیاسی و هەژمونی سیاسیەكان لەژیانی كۆمەڵگادا، زیانیان بەركەوت.
ئەوەی لەم نێوەندەدا بردییەوە تەنها حزبەكان و سیاسیەكان بوون، بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، دەسەڵات و سیاسیەكانی هەڵمەتێكی گەورەی ئیعلامیان بۆ سازكرد، ئۆپۆزسیۆن و سیاسیەكانی جارێكی دیكە دژ هەژمونی حزب وەستانەوە و وەك هەمیشە رەخنەكانیان ئاراستە كرد.
بەڵام دواجار ئەم سەردانەی رۆژنامەنوسان یەك شتی گەورەی سەلماند، ئەویش ئەوەبوو ئەوەی حكوم دەكات حزبە، ئەوەی هێزەكان دەجوڵێنێ، دەیانكشێنێتەوە، پاداشتیان دەكات، سزایان دەدات، حكومەت نیە، بەڵكو مەكتەب سیاسی و سیاسییە باڵادەستەكانی حزبن.
جارێكی دیكە ئەوەیان سەلماندەوە تەنها دەموچاوە سیاسییەكانی حزب هەموو شتێكیان بەدەستە، رۆژێك بێتاقەتبون كوتەكەكانیان دەخەنە گەڕو رۆژێكیش تاقەتیان هەبوو باسی مەدەنیەت و دیموكراسیەت و عەلمانییەت دەكەن. ئەوە جل پرتەقاڵییەكان و هاوڕێكانیانن لەم گەمەیەدا زیانیانكرد، ئەی ئەوە نەبوو كەوتنە دەركردنی بەیاننامە لەسەر یەكتری تەخوین كردن و تەكفیركردنی یەكتری...
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە