پارتی و یەکێتی و لیستی رەشی ئەمریکا

Sunday, 23/02/2014, 12:00

2143 بینراوە





" چی بچێنی ئەوە دەدووریتەوە"
پەندی پێشینان

چەند رۆژێکە میدیاکانی کوردستان، بە ئاقاری جیاواز، باس لە ئابڕووچوونی ناوهێنانی پارتی و یەکێتی لە لیستی رەشی ئەمریکادا و رەتکردنەوەکەی چوونی سەرۆکی هەرێم بۆ ئەو وڵاتە دەکەن. ئەم ئاریشەیە تەنگەتاوی و هەڵمەتێکی توندی هێناوەتە کایەوە. ئەزیش،پاش ئەوەی هەردوو حیزب هەواڵەکەیان پشتڕاست کردەوە، بە پێویستمزانی تاووتوێیەکی باسەکە لە گۆشەنیگای کوردایەتییەوە بکەم.
گاڤێ، بەرژەوەندی باڵای نەتەوە، وەک بانگاشەی بۆ دەکرێت!، ئەرکی راستەقینەی هەر پارت و هێزێکی قۆناغی خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەیی بێت، دەکرێت بڵێین خوێندنەوەی ئەم هاوکێشەیە هێندە ئاڵۆز نییە. بەڵام ئەودەمەی حیزبەکان بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان نادیدە دەگرن و ترسنۆکانە پاساو بۆ شێواندنی راستییەکان دادەتاشن و کێچێک لە جەماوەر دەکەن بە گایەک، پرسە بنەڕەتییەکە رەهەندی شێوێندراو وەردەگرێت.
لێرە دەمانەوێ وەک هەوڵێکی ناچیزە، قسە لەسەر دانانی پارتی و یەکێتی لە لیستی رەشی ئەمریکادا بکەین، لەسەر زەمینەی ئەو پاشخانە مێژوویی و سیاسییە پێی گەیشتوون. ـ بە گوتەی فەلاح حەسەن،بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە ـ ، هەردوو حیزب ساڵانێکە لەم بارودۆخە بە ئاگان.
لە راستیدا، ئەم باسە هەویرێکە ئاو زۆر دەکێشێ. رەنگە نەچوونی سەرۆکی هەرێم بۆ ئەمریکا، لە سۆنگەی ئەم بڕیارەوە، بە دیوێکدا جێی خۆشحاڵی بێت، بەتایبەت بۆ یەکەمجارە کورد بەرانبەر بە لایەنێک بڵێ (نا) و بەرژەوەندییەکانی خۆی لە یاد بێت. بەڵام بە دیوەکەی دیتردا ، دەبێ لەوەش بەئاگا بین، راگەیاندنی حیزبی کوردی، بە تایبەت پارتی، ناتوانێ شان و باڵ لەم هەڵوێستە بڕوێنێ و خۆڵ بە رۆژی رووناک بکاتە چاوی خەڵکەوە.
خوێندنەوەی هاوکێشەکە ئەم لیستە رەشە، لە دوو بڕگە تێناپەڕێت و دەکرێ ئەم راستییەی لێهەڵبهێنجین: لە لایەک جەخت لەوە دەکاتەوە،کە سیاسەتی ئەمریکا،کە ناویان ناوە" ریال پۆلەتیک" هەتا ئیمڕۆ، تژییە لە بێ مۆڕاڵی و نامرۆیی و تەنها بەرژەوەندییە گڵاوەکانی خۆی لە ئەستۆ گرتووە و لەسەر خوێن و فرمێسکی گەلانی دیکە بنیاتنراوە، لە لایەکی دیکەش سەرانی حیزبی کوردی، سەلماندییانەوە، دەرهەق بەو ئەرکە پیرۆزەی بانگاشەی بۆ دەکەن و کەوتۆتە سەرشانیان،نابووتی سیاسی و دەستبەتاڵی گوناهبارن. دەرئەنجامی ئەم حاڵەتە نالەبارە و کۆمەڵێ هەڵە و تاوانی کوشندەتر، جەستەی کورد، بە درێژایی رۆژگار بە بەرداشی هەردوو لا هەنجن هەنجنە.
ئەمریکا، وەک جیهانخۆرێکی کەڵبە و چنگ بە خوێن، چەپەڵەترین سیاسەتی بەرامبەر بە گەلانی دنیا و بەتایبەت کورد پێڕەو دەکات. هەر لە مێژوویی نێزیکدا،کارەساتی هەرەسپێهێنانی شۆرشی ئەیلوول ، دۆستایەتی و پشتیوانیکردنی تێکڕای داگیرکەرانی کوردستان ، دانانی پارت و هێزەکانی کوردستانی گەورە لە لیستی تیرۆریستیدا و نەبوونی دید و کۆنسێپتێکی دیار و رۆشن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیەکی ٦٠ ملیۆنی بەڵگەی زیندوون...هتد.
رەنگە نەتوانین لێرەدا، بە داتایەکی ورد، سەرجەم کار و هاوکاریی و سروشتی پێوەندی حیزبە کوردییەکان، بە دەزگای سیخوڕی و ناوەندەکانی دیکەوە دیاری بکەین و لە رەهەندی هاوکارییەکانی ئاگاداربین. بەڵام لەگەڵ پێگە و رووداوی جیاوازدا، بەتایبەت دوای رووخانی رژێمی سەددام، کاربەدەستە باڵاکانی سوپای ئەمریکا، بەدیاریکراوی جەنەڕاڵ گارنەر،جەنەڕاڵ ئەبو زەید، دیک چینی و پاول وۆلفوتیز و رامسفێلد و...هتد بۆ شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی گیانی سەربازانی ئەمریکا و چاوساغییکردنیان لێرە و لەوێ، سوودییان لە هێزی پێشمەرگەی کورد وەرگرتووە. جارەوجاریش، وەک مانۆرێکی تاکتیکی، ستایشیی کوردییان کردووە...
ئەبو زەید، کە سەردەمانێ بەرپرسی باڵای هێزەکانی ئەمریکا بوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، لە دیدارێکیدا گوتی : " سوپای ئەمریکا و گەلی کورد دۆستی یەکن". پرسیار ئەوەیە: بۆ دەبێ سوپا دۆستی گەل بێ؟ کەواش دەرنەچوو، دیمان سوپای بەناو دۆستمان، زۆر بەئاسانی دوای گەیشتن بە مەرامەکانی خۆی قوچانیان، بێ ئەوەی زامنی ئاییندەی کورد بکەن، بەرامبەر بەو ریسکە گەورەی وەک تاکە میللەتێ لەو کیشوەرەدا، بوونە هاوکار و پشتیوانی ئەمریکا لە نێو دوورگەی عەرەب و گەلانی موسڵمانی تورک و فارس و ناوچەکە و جیهاندا. بە نموونە، بنکەیەکی سەربازی لە کوردستاندا دابمەزرێنن، ئەوجا بەجێمان بهێڵن.
لەو سەردەمەدا روداوەکان پڕبوون لە پێشهاتی کتوپڕ و بە خێرایی تێدەپەڕین. سەروەختێ (بۆش) ی کوڕ بە فڕۆکە چوو بۆلای ئەبوریشەی سەرۆکی هێزەکانی سەحوە لە روومادی، کە شەڕی ئەلقاعیدەیان دەکرد، بۆش پێی گوت " تۆ قارەمان و خۆشەویست و دۆستیی ئێمەی و داوەتی کرد بۆ ئەمریکا".
ئیدی لەو رۆژەوە، ئەفسانەی چوونی سەرۆکی هەرێمم، بۆ کۆشکی سپی بە جلی کوردی و قسەکردنی بە کوردی لای بوش و بەردەم میدیاکان لام پووچەڵ بۆوە.
گەوهەری باس ئەوەیە،بەرامبەر بەم دەستە سەربازییە، کە بۆ ختووکەی فیزی سەرانی کورد و چنگگیرکردن لە ئامانجی گڵاویان،دروشمی درۆزنانەی دۆستایەتی رادەگەیەنن،تاقمێکی دیکەی ئەهریمەنی هەن پرسی کورد لە ئەجێندایاندا جێگەیەکی پێ نەبەخشراوە. ئەمانە هەر لە هێنری کیسەنجەر و کۆندۆلیزا رایس و پاول برێمەر و چەندانی دیکەوە،لە تەک کورددا تەواو بە پێچەوانەوە رەفتاریان کردووە. لەراستیدا ئەمانە نەخشەکێش و جێبەجێکەری سیاسەتی ئەمریکان و کاریگەریی بەرچاویان لەسەر نێوەندەکانی بڕیاردان هەبووە.
کیسنجەر، شۆرشی ئەیلوولی بەگورگانخواردوو دا، رایس، هەمیشە بە رووی سەرانی کورد دا هەڵشاخاوە و باسی یەک عێراق و یەک ستراتیژی ئەمریکا کردووە. ناوبراو بێئاگادارکردنی سەرانی کورد، بێمناتانە سەردانی شاری کەرکووکی وەک شار و وڵاتێکی بێخاوەن کرد و نەخشی کارە چەپەڵەکانی چنی و تێیقوچان.
پۆل برێمەر، پاش جەنەڕاڵ گارنەر کرایە حاکمی سەربازی عێراق، ئەجێندای گارنەری ـ کە بڕەک دۆستی کورد بوو ـ بە ١٨٠ پلە هەڵگێڕایەوە و زۆر بە توندی مامەڵەی لەتەک سەرکردە کوردەکاندا دەکرد... راپۆرتی بێکەرـ هامیلتۆن لەسەر عێراق، بە تاکە رستەیەک باسی کورد و دابینکردنی مافەکانی تێدا نەکراوە. لەم رووەوە خەروارێ نموونەی دیکەش هەن.
وا باقەیەکی لە کتێبەکەی پێتەر گالبیرس دا، بۆ خوێنەر دەخەمە بەرچاو.
" راوێژکاری سیاسەتی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەخدا،لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەڵێ: سەرکردەکانی کوردستانی بە فەرشفرۆشەکان بەراورد کرد،کە لەسەرەتادا، داوای نرخێکی بەرز دەکەن بۆ ئەوەی دواجار بە نرخێکی زۆر لەوە کەمتر رازی بن". ل ٢٩٣
" سەرۆکەکانی حكومەتی کوردستان لە چوارچێوەی یادی چواری تەمووزدا،جەژنی نەتەوەیی ئەمریکا، بڕیاردا ئاهەنگێ بە بۆنەی جەژنی سەربەخۆیی ئەمریکاوە لەسەر شەرەفی ئەمریکاییەکان رێکبخات، ئیدارەی بوش هیچ سوپاسگوزارییەکی نەنواند بەرانبەر ئەو تاکە لایەنە عێراقییەی ویستی رێز لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بگرێ. بۆیە رێنمایی بۆ نووسینگەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کەرکووک دەرچوو،کە بایکۆتی ئاهەنگەکە بکەن، ئەگەر ئاڵای عێراق هەڵنەکرا". ل ٢٩٣ .
هەنووکە بۆمان ئاشکرا بوو، کاتێ لایەک بۆ گەیشتن بە مەرامی خۆی، هەموو شێوازێکی سیاسی پێ رەوا بێت، ئەوا بێگومان ئەمریکا لە سەرتۆپی ئەو وڵاتانەدا دێت.
ئەوەتا هەمان سەرچاوە لە ل ٣٢١ دەڵێ:
" لە دانووستاندنەکانیشدا سەبارەت بە حکوومەتی عێراق خەلیلزاد ـ سەفیری ئەمریکا لە عێراق ـ کوردی بۆ پاڵپشتی ئەجێنداکانی ئەمریکا بەکار دەهێنا".
د.کەمال مەزهەر، باس لە نامەیەکی خاتوو (مس بێڵ) سکرتێری نوێنەری باڵا لە عێراق دەکات، کە بە بۆنەی کریریسمسەوە بۆ باوکی لە لەندەن ناردوویەتی بێڵ ، دەڵێت: " بۆ خۆی زۆر بە نهێنی سواری فرۆکەکەی بوو،چووە سەر سلێمانی و هێندە دابەزییە خوارێ کە تەنها سەد و پەنجا پێی مابوو بدا لە زەوی ماڵی شێخ مەحموودی دەستنیشان کرد و ژمارەیەکی بێ شوومار بۆمبای تێگرت،بە دڵ خۆشی گەڕایەوە چونکە پێی وابوو ئەو گەوجەی گۆڕبەگۆڕ کردووە".ل ٢٩٢
لە ل ٢٩٤ هاتووە:" هەر ئێدمۆندس کە بۆخۆی فڕۆکەوان نەبوو ساڵی جارێکیان لە ماوەی دووماندا ٣٠ جار بە فڕۆکە چۆتە سەر ناوچە جیاجیاکانی کوردستان".
هاوزەمانی هەڵوێستی دۆستانەی کورد بەرانبەر بە ئەمریکا، کە گوڵبارانی سوپاکەی دەکرد و لە کوردستاندا، خوێن لە لووتی تاکە سەربازێکی ئەمریکایی نەهات، کەچی لە فەلوجە چوارمێخەی سەرباز و تسڤیلی ئەمریکاییان دەکێشا و ئاگریان لە جەستەی کوژراوی شێوێندراویان بەردەدا و بە زیندوویی سەریان دەپەڕاندن و بە بۆمبی چێنراو و پشتێنەی بۆمبرێژ هێرشیان دەبردە سەریان و نان و ئاو و خەویان لە ئەمریکاییەکان هەراسان دەکرد و فەتوا کوشتنیان تا ئێستا باشترین رەواجی هەیە،لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا هەر خۆی بە قەرزاری عەرەب زانیوە و دەزانێ و بۆ ئەوەی دڵی سوننەی عەرەب لەخۆیان رازی بکەن، داوایان لە جەلال تالەبانی دەکرد واز لە پۆستی سەرەککۆماری بهێنێ بۆ عەللاوی ...
با لەوە بگەڕێین، کورد خاوەنی دۆسییەکی رەوایە و بە غەدرێکی مێژوویی خاک و نەتەوەی داگیر و دابەشکراوە. لە بەشە داگیرکراوەکەی عێراقدا،زیاتر لە (٥)هەزار گوندی کاولکراوە و زیاتر لە پێنج هەزار شەهیدی کێمیاوی لە هەڵەبجەدا هەیە و ئەنفالی بەسەر هاتووە و زیاتر لە سەت تەن بەڵگەنامە و دیکۆمێنتی دەربارەی تاوانەکانی رژێمەکەی سەددام، داوە بە ئەمریکا و پرسگەلێکی دیکەش...
لەتەک ئەم راستتیە مێژوویانەدا، تا ئەم چرکەساتە، هیچ هێزێکی کوردیی لەکاری تیرۆریستییەوە نەگلاوە. ئەمریکاییەکان کوردستانیان کردۆتە هاوینەهەواری حەسانەوەی خۆیان. سەرانی حیزبی کوردیی بە سەرۆک و سکرتێر و ئەندامانی بیرۆی سیاسی و لایەنگرانیانەوە،بە چەپکە گوڵەوە لە پێشوازی گەرمی هەر تاکێکی ئەمریکاییدان.. ـ بۆ مەرامە خراپەکانی خۆیان،نەک بۆ کورد ـ سەرباری ئەم هەموو خزمەتگوزاریی و دڵسۆزییەی کورد پێشکەشی ئەمریکای دەکات، ئینجا دوو دیارترین هێزی کوردی (پارتی و یەکێتی) خراونەتە لیستی رەشەوە، ئەو لیستەی رێکخراوی وەک حەماس و حیزبوڵڵا و موجاهیدی خەڵق و ئەنساروئیسلام و داعشی ئیمڕۆ و جەبهەتولنەسرە و....تاد تێدا ریزبەند بووە.
نەهامەتی و کوێرەوەرییەکە، لێرەداخۆی دەنوێنێ. مرۆ سەراسیمە دەبێت،چونکە هەمووان چاوەڕوانی ئەوەین، سەرانی حیزبی کوردی لەم بیست ساڵەی رابووردوودا و لەو هەلومەرجە ئەرێنییەی شەڕی کەنداوی دووەم و سێیەم بە روخانی سەددامەوە خوڵقاندوویەتی،لەبەردەم داوای رەوای کورددا، بە مستی پۆڵایین دەرگا ئاسنینییەکانی نێوەندەکانی بڕیاردانی جیهانیی،کە تا ئیمڕۆ بە رووی کورد دا داخراون ،تێکبشکێنن. تونێلە تاریکەکان رووناک بکەنەوە و کەناڵە پێچاوپێچەکان تەخت بکەن و هاوار بکەن، چیدی رۆژی ئەوە نەماوە دۆزی کورد تۆزی فەرامۆشی لێ بنیشێت.
ئەوەی دیارە و دەیزانین، سەرانی حیزبی کوردی خاوەنی باشترین کەرەسە و پێداویستییەکانی پرسێکی رەوان. میللەتێکی ژینۆسایدکراویان بەدەستەوەیە ، جیۆپۆلەتیکێکی هەڵکەوتوو و گرنگ بوونی هەیە ، وڵاتێکی دەوڵەمەند بە نەوت و گاز و کەرەسەی خاوی دیکە ئامادەیە، هەزاران هەزار کادێری تەکنۆکرات و شارەزا و پسپۆڕ لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا، کە لە هەندەرانەوە گەڕاونەتەوە لەبەردەستدایە... تاد.
هەموو ئەمانە دەتوانن رەوایەتییەکمان پێ ببەخشن،کە باس لەوە بکەین، لە سەرتاسەری دنیای ئیمڕۆدا، چ دۆزێک نییە، هێندەی پرسی کورد گەرم و پیرۆز بێت؟.
کەواتە، گەرەک بوو سەرانی کورد، چاوی نادیدە و گوێی ئاخنراو و دەمی بەستراوی دنیایان بە کاری دبلۆماسی و لۆبیکرد،ئەبڵەق بکردایە و سەرنجی جیهانیان بەلای کورددا وەرچەرخانایە. دەبوو لە مێژبووایە نێوەندەکانی بڕیاڕدان: نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی و پەرلەمانی ئەوروپا ، وڵاتانی زلهێزی دنیایان بهێنایەتە بەربار و ناچاربکردایە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەو دەڤەرەی رۆژهەڵاتی نێویندا، کەمتەرخەمی نەکەن و بە سوودی کۆمەڵگەی نێونەتیەوەیی چالاکانە بەشداری پرۆسەی چارەسەکردن ببن. وێڕای هەموو ئەمانەش میللەتانی ناوچەکەشیان تێبگەیاندایە، گەیشتنی کورد بە ئامانجی دەوڵەت، بە سوودی ئەوان و جیهان دەگەڕێ . بە کورتی و کرمانجی، فایلی لەبیرکراوی پرسی کورد هێندە گەرموگوڕ بوایە، لە هەر دانیشتنێکدا لەبەرایی ئەجێنداکاندا باسیان لێوە بکردایە...
بەڵام، ساتێ دوای سەدان ساڵ خەبات و قوربانی و سوتماکبوونی نیشتمان و ئاوارەبوونی هەزاران هاووڵاتی و ملیۆنەها کارەسات و مەینەتی بێبڕانەوە،تازە بە تازە،حیزبە کوردییەکان گەیشتوونەتە لیستی رەشی زلهێزێکی وەک ئەمریکا.
هەڵبەت، ئەمە بە رێکەوت و بە هەڵەی چاپ و تەکنیک و چاو رێشکەوپێشکەکردن دروست نەبووە، بەڵکو دەرئەنجامی سیاسەتی حیزب حیزبێنەیە،کە پارتەکانی کوردستان لەسەرو هەموویانەوە پارتی و یەکێتی ساڵانی ساڵێکە پێڕەوی لێ دەکەن. هەر رۆژە و هەر یەکەیان بەدەست بێگانەیەکەوە و هەرگیز خاوەنی پرۆژەیەکی نەتەوەیی نەبوون. ئەم راستییە هەمان کات ئاماژەیە بەوە دەدات، حیزبەکان نەیانتوانیوە،کاراکتەری بزوتنەوە میللەتێکی بندەست ببەخشن بە خەبات و تیکۆشانییان و ویست و داوای نەتەوەیەک، بۆ بەرچاوی دۆست و دوژمن فۆرمەلە بکەن. ئیدی، گەر نەچوونی سەرۆکی پارتی بۆ ئەمریکا،لە خاڵێکدا،جێ دەستخۆشی بێ،وا ئەو و هەموو ئەوانی دیکە، لەبەردەم پرسەکە گەورە و پیرۆزەکەدا بەرپرسن...ئاخر وەک دەبینین، لیستی رەش و گومان و تیرۆر،بە چ لۆژیکێ تای تەرازووی ملیۆنەها شەهید و رووبارێ خوێنی میللەتێکی ئەنفالکراو و وڵاتێکی کاولکراو تێدەهێنێتەوە.
مەگەر پێویست نییە، میدیای کوردی، زوومی خۆی بە چڕی بخاتە سەر ئەم لایەنەش. بە واتایەکی دیکە بۆ ئەوەی بابەتی بێت و لە ئاست مەزنی دۆزەکەدا بێت و راستینەی خۆی سەرکەش راگرێ، بەدووچاو تەماشای مەسەلەکان بکات. تاوەکو لەژێر باندۆری بەرژەوەندی حیزبی دەرچێ و خۆی لەخانەی دەستگا و چەکێکی کارا و بەبڕشتی نەتەوەییدا بدۆزێتەوە. بێگومان تا ئەمەش پێڕەو نەکا، پیشەکەی لە پینەچی سیاسی و مکیاچچی سیاسییەکان جیاناکرێتەوە.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوەکان: کۆتایی عێراق، پێتەر گالبێرس و. سۆران عەلی چاپی یەکەم ٢٠٠٨
دکتۆر کەمال مەزهەر ئاوڕ لە مێژوو دەداتەوە، وتووێژ، ئامادەکردنی زانیار سەردار قڕگەیی٢٠٠١

ا


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە