ســەیر و ســەمەرەى ڕیکلامى بە ناو کۆمپانیاکانى کوردســتان بۆ هەلى کار

Monday, 03/05/2010, 12:00

1353 بینراوە


ئەگەر ڕۆژانە لاپەڕەى ڕۆژنامەکانى هەرێمە کوردیەکەمان هەڵدەینەوە چاومان بە ڕیکلامگەلێکى ســەیر دەکەوێت لە لایەن کۆمپانیا بە ناو خۆماڵیەکانمان و یان هەندێ دامەزراوەى حکومى یەوە کە گوایە پێویســتیان بە کەســێکى لەو جۆرە و لەو ئاســتەدا بەم شــاخ و باڵانەى لاى خوارەوە هەیە بۆ فڵان پۆســت و فڵان کار ، من وەک خۆم لە دەرەنجامى بە دوادا چوونم بۆ زۆربەى ئەو ڕیکلامانە بۆم ڕوون بووەوە کە ئەو بابەتە تەنها خۆڵ کردنە چاوى میللەتە داماوەکەمانە کە بێگومان ئەرتەشــێکى گەورەى ســەدان هەزارى لە بێکاران و بێدەرامەتانى میللەت بە دواى هەلى کاردا دەگەڕێن و بەڵام ئەو ڕیکلام کردنانەش بوونەتە ســەربارى گاڵتە پێکردن و ڕابواردن بە میللەتى کوردى داماو و کەلەلا بە دەســت فەرمانڕەوایانى ســەپاو بە ســەریاندا، پێش هەموو شــتێک هەموومان ئەو ڕاســتیە دەزانین کە لە کوردســتانى ئێمەدا شــتێک نیە پێ ى بووترێت کەرتى تایبەت و لە بەرامبەربشــیدا کەرتى گشــتى یان دەوڵەتى بەڵکوو ئەمڕۆ هەمووى بۆتە کەرتى بنەماڵە و ئاو بێنە و دەســت بشــۆ، نە بازاڕى ئازاد هەیە و نە ئابوورى دەوڵەتى هەمووى بەیەکەوە بوونەتە ئەســیرى دەســتى بنەماڵە و دەســت و پێوەندەکانى فەرمانڕەوایانى بە زۆر ســەپاو بەســەر ئەم خاک و ســەرزەمینەماندا بە جۆرێک وەکوو (کۆسە ماســى) (سمک القرش) ى گەورەیان لێهاتووە هەموو ماســیە بچووکترەکان دەخۆن، بەڵام بێگانانێکى زۆر و زەوەندیانیان لە هەر چواردەورەوە ئاخنیوەتە وڵاتەکەمانەوە بە ناوى کۆمپانیا و بەڵێندەرایەتى و بازرگانى کە بە ئارەزووى خۆیان لە کوردســتاندا تەراتێن دەکەن و فەرمانڕەواکانمان کارى گەورە و پڕ ســوودیان پێ بەخشــیون بێگومان بۆ گیرفانى خۆشــیان و تامى تامى ئەو هەموو مرۆڤە بێکارەى خۆمان ئەکەن و هیچ شــەرم ناکەن کە ئەوە ســەروەت وسـامان و مافى تاکەکانى ئەم میللەتەیە و ڕۆژێک دێت میللەت لە ســەر ئەوە تۆڵەى بەرە و دوایان لێ ئەکاتەوە ،جا ئەزانن بۆچى وا قەدرى بێگانان ئەگرن؟ چونکە بە خەیاڵى خۆیان بێگانان چاو لە ســڕ و تڕ و گەندەڵیەکانیان ئەپۆشــن و بە یەکەوە ســەروەت و ســامانى ئەم میللەتە هەڵئەلووشــن و ئەوانە هەر کاتێک بچنەوە وڵاتانى خۆشــیان لەو دوورەوە ســڕو تڕەکان تازە ئەشــارێنەوە و کێ ئەزانێ ئەوانە کێ بوون و چۆن هاتن و چۆن ڕۆیشــتن، ئەوان وابیر ئەکەنەوە کە کەســانى خۆمان واتە وات ئەنێنەوە لە ناو میللەتدا و ئەو نیعمەتى تاڵانیەیان لێ حەرام ئەکەن بۆیە هەر باشــترە بێکار بن و نەهێڵن لە کارە گوماناویەکانیانەوە نزیک ببنەوە، بێ ئاگا لەوەى کە ئەرتەشــى بێکاران ڕۆژ بە ڕۆژ کەڵەکە ئەبن و پاشــەڕۆژ لافاوى مەرگبار بە ســەر خۆیاندا دێنێ.
لە ووڵاتانى ســەردەمدا بێکارى ڕەنگە بە هۆى قەیرانگەلێکەوە ســەر هەڵبدا کە تاوانى هیچ حکومەت و گروپ و ڕژێمەکانیانى تیا نەبێت واتە پاســاوى مەنتیقیشــى هەبێت بەڵام لایان ئەبێتە دیاردەیەکى ترســناک و بە هەرچوارپەل هەولى چارەســەرى ئەدەن.
کەچى لە کوردسـتانەکەى لەمەڕخۆماندا ئەو دیاردەى بێکارى و بێدەرامەتیە بە ئەنقەســت لە لایەن فەرمانڕەوایانى ئەم ســەرزەمینەوە خوڵقێنراوە و بە خێراییەکى زۆریش ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەیان لە هەڵکشــاندایە، بێ ئەوەى پاشــەڕۆژى ئەو کارەســاتە لێک بدەنەوە، بەڕاســتى ئێمە حکومەت و ســیســتەممان نیە ئەوە دەرى ئەخات کە هیچ کەســێکى پســپۆڕ و کارامە لەناو ســەراپاى ئەو بەناو حکومەتەدا وجودى نیە چونکە هەموو ئەوکەسـانە بە شــێوازى خۆســەپاندن لە ڕێ ى فەرمانڕەوایانەوە خزاونەتە شــوێنەکانیان و ئەوەى پێ ى بووترێت کار و چالاکى و چارەســەر بۆ قەیرانەکان لە هزر و خەیاڵى ئەواندا نیە تەنها گیرفان پڕ کردن و هەڵپەى خێرا نەبێت وەک ئەوەى چەند ســاتێکیان لە ژیاندا مابێت تا زووە پێویســتە دەســتى خۆیان بووەشــێنن، ئیتر ئەو کەســانە چۆن ئەتوانرێت پێ یان بووترێت خاوەن پۆســت یان کار و پیشــە، کەواتە پۆســتەکان خۆیان درۆیەکى شــاخدارن و هیچ پەیوەندیەکیان بە حکومەتدارى یان بەڕێوەبردنى ئەرک و پیشــەوە نیە، ناوەکانیشــیان ڕواڵەتین، هەروەک چۆن ئەو ڕیکلامانەى پێشــتر ئاماژەمان پێدان هەر بۆ خۆڵ کردنە چاوى میللەتەوەیە دەنا ئێمە خاوەنى هیچ کەرتێکى ئابوورى نین تا پۆســت و کار و پیشــەو ئەرک ڕاپەڕاندنمان هەبێت، ئەوەش جۆرێکە لە ڕیکلامى درۆ بۆ نیشــاندانى ئەوەى کە لە هەوڵى فەراهەم کردنى هەلى کاردان بۆ تاکەکانى میللەت، بەڵام تۆ بچۆ بەدەم هەرکام لەو ڕیکلامانەوە لەو ســەرەوە بێ ئومێدى ئەچنیتەوە، چونکە یان هەرخۆى بۆ درۆ بڵاو کراوەتەوە یان پێش وەخت کەســى ئەحبابى بۆ دانراوە، ئینجا ســەیر لەو هەموو مەرجانەدایە کە بۆ کەســى پێشکەشکار بۆ کارەکە دانراوە کە ڕۆژانە لێرە و لەوەێ لە ڕۆژنامەکاندا چاپ ئەکرێن کە بە داخەوە ڕۆژنامە ســەربەخۆ و ئەهلیەکانیش لەو گاڵتەجاڕیەدا بەشــدارن لە پێناوى وەرگرتنى کرێ یەک لە بەرامبەر ئەو ڕیکلامانە.
لە مەرجەکاندا بۆ نموونە بۆ کاتبى کۆمپانیایەک یان خزمەتگوزارێک یان مەئموور مەخزەنێک....مەرجى بڕوانامەى زانکۆ و ئەگەر ماسـتەر بێت لە پێشــترە و شارەزابێت لە بەرنامەکانى ئێکزڵ و ۆرد و مایکرۆســۆفت ئەکســێس و چى و چى تر لەم توڕوهاتانە، کە بێگومان دەزانم هیچ کارێکیان بە لێهاتوویی و پســپۆڕى نیەو تەنها خۆ نیشــاندانە بە شــێوازێکى شــارســتانى لە ڕووکەشــدا و لە پەنهانیشــدا ئەو کەســەى دایان ناوە کۆلکە خوێندەوارێکە بەڵام لە ئەحبابەکانى خۆیانە، دەنا کەســێک وەک ئەو داواى ئەکات ئەو هەموو زانســت و لێهاتووییەى هەبێت وەک ئەوەى پســپۆڕى مایکرۆســۆفت ئەکســێس و داتا بەیز و پڕۆگرامســاز و ئارکیتێکتى بە توانا و ئەنالایزەر بێت بۆچى ڕوو لەوان دەکات و ئەوان چ کارێکیان بە زانســت و هونەر هەیە تا خۆى لە گەڵیاندا ماندوو بکات ئەو کەســانە بێگومان شــوێنیان ووڵاتانى پێشــکەوتووى ســەردەمە و لەو شــوێنانە هەلى زێڕین چاوەڕوانیان دەکات ، من هەرچەندە لە گەڵ ئەوەدانیم خاەن بیر و زانسـتەکان ووڵاتیان بەجێ بهێڵن بەڵام ئەمە دۆخەکەمانە و تاوانەکەى لە ئەســتۆى فەرمانڕەوایانى ووڵاتەکەماندایە کە دوژمنى زانســت و پســپۆڕى و تەکنۆلۆژى ڕاســتەقینەن، دەنا خۆ لە ووڵاتەکەماندا وەزارەت و فەرمانگە و پەرلەمان و هەموو کونج و ســووچێکى ووڵاتەکەمان پڕ کراوە لە ماســتەر و دوکتۆر و پڕۆفیســۆر و........هتد بەڵام زۆرینەیان (ناڵێم هەموویان) ســاختە و بەرهەمى ســاختەکارى ئەحزاب و فەرمانڕەوایانى ووڵاتەکەمانە و تەنها بۆ قەبە کردنى خۆیان هەموو پاتاڵ و ملکەچێکیان بەدەورى خۆیاندا کۆکردۆتەوە و کردوویانن بە خاوەن بڕوانامە و پســپۆڕى تەنها بەناو، باشە بۆ ناپرســن گەر کەســێک پڕۆفیســۆر یان دوکتۆر یان ماسـتەرى بوارێک بێت خۆى هەڵئەواســێت بە بنەماڵەیەکدا یان حیزبێکدا یان فەرمانڕەوایەکدا تا ببێتە ئەندام پەرلەمان ئایا تەنها لە بەر ئەوە نیە کە ئیمتیازات و گیرفان پڕکردنى لەوێدا بێ حیســاب و کیتابە و بوارەکەى کەڵکى توورێکى نیە بۆى (ئەگەر بڕوانامەکەى ڕاســتەقینە بێت) خۆ ئەگەر لە تەزویرەکانیش بێت ئەوا ناوێکى قەبەشــى پێوەیە و ســام و هەیبەتێکى پێ دەبەخشــێت، بۆنموونە کیمیا یان فیزیک یان ســۆفتوەیر زانێک چ کارێکى بە پەرلەمانە و ئەى زانســتەکەى بۆ لە شــوێنى خۆیدا بەکار ناهێنێ بۆ پێشــکەوتنى ئەم کۆمەڵگایە و دەرامەتى باشـیشى دەســت بکەوێت، ئەى جێگاى داخ و کەســەر نیە ئەوانە لەو شــوێنانەدا ببنە ئەشــهەدوبیلاکەرى فەرمانڕەوایان و دەســەڵاتداران و زانســت و پســپۆَریەکانیشــیان (ئەگەر هەیانبێت) ســفر بە دەســتەوە.
بێگومان ئەو باســەى ســەرەوەم لەســەر ڕیکلامە درۆینەکانى ووڵاتەکەم هێنایەوە کە پێشــتر لە ســەرەتاوە ئاماژەم پێدا چونکە ئەم دەزگا و بەناو حکومەت و کۆمپانیایانەى ئێمە هیچ کارێکیان بە زانســت و پســپۆڕى نیە تا ڕیکلامى بۆ بڵاو بکەنەوە تەنها چەواشــەکاری یەکە بۆ قەتماغە کردنى برینەکانى میللەت بەڵکوو بۆ تاوێک لە ئازار ەکانیان بســرەون و ڕەگى هارى یان نەکەوێتە ئیش کە ئیتر ئەو کاتە ترســناکە بۆ دەســەڵاتداران .
بۆیە منیش وا لە خوارەوە ڕیکلامێکى لەو جۆرەتان پێ ڕائەگەیەنم بۆ پۆســتى کاتبی ئیدارەى کۆمپانیاى (تا قیامەت بە تەمابە) جا هەر کەســێ لە خۆى ڕائەبینێت و ئەم مەرجە تەعجیزیانەى تیایە با بێت و بوێرێت خۆى لە قەرەى بدات:
1-کەســى شــیاو بۆ ئەو پۆســتە پێویســتە هەڵگرى بڕوانامەى زانکۆ بێت، ماســتەر
و دوکتۆرا وپڕۆفیســۆر لە پێشــترن ئەگەر هەبوون. کە بێگومان هى ســاختە زۆر هەن
لە ســایەى ســاختەکارى دەســەڵاتدارانەوە.
2-شــارەزایى هەبێت لە چاککردنەوە و لێخوڕینى دیســکەڤەریدا.
3-توانایى ســەفەر کردنى هەبێت بۆ دەرەوەى زەمین و لانى کەم بەشــدارى کردبێت لە دوو
گەشــتەکەى چوونە ســەرمانگدا و جارێکیش مەکۆکى هەڵدابێت بۆ زوحەل.
4-پێویســتە شــارەزایى تەواوى لە زمانى مەخلوقاتى ET و هەر مەخلوقاتێکى دیکەى
دەرەوەى زەمین هەبێت.
5-شارەزایى تەواوى لە زمانەکانى کۆمپیوتەردا هەبێت وەکوو : جاڤا ، ئەسێمبڵى ،
پاسکال.
6- لانى کەم ئەزموونى کارى لە 30 ســاڵ کەمتر نەبێت.
7- تەمەنى لە 25 ســاڵ زیاتر نەبێت.
تێبینى: ئەگەر پێش بڵاو بوونەوەى ئەم ڕیکلامە بەدەم ئەم پۆســتەوە نەهاتوویت ئەوا بەداواى
لێ بووردنەوە ئەوە بزانە کە پۆســتەکەمان گیراوە.
ناونیشـانمان : چاڵە ڕەشــەکانى بەرامبەر وورچى گەورە
پەیوەندى بکەن بە ژمارەى باینەرى : 011001000110111100

ســەرفراز
3/5/2010


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە