هەستی خۆد - هەستی ئەویتر! - ئازادی. - بەشی دووهەم

Wednesday, 07/05/2014, 12:00

4092 بینراوە







زەمانی حاڵ_ ێیستە.
* تەعریفی زەمانی حاڵ چیە؟ زەمانی حاڵ بریتیە لە هەزارن سات(نەك چرکە_ بەڵکولە چرکە زۆر چکۆلەتر_ یانێ چکۆلەترین ئەندازەی کات) کە هەر کام لەوساتانە، جێ خۆیان ئەدەن بەویتر. بەمواتە ساتەکان، جێگەی خۆیان دەگۆڕن _ یەکیان دەکەوێتە حاڵەتی ساتی پێشو، ئەویتر جێگەی پێشوەکە دەگرێتەوە و ئەم ڕوداوە بەردەوام درێژەی هەیە و تا ئەبەد دەڕوات. ئەگەر ئەم جێنشینیە پێش نەێت ، ماناێ قسەکە دەبێتە ئەوەی کە زەمان وێستاوە! دەشزانین کە وەها شتێك یانی وێستانی زەمان دروست نیە بەڵام دەتوانێت لە خێرایی و هێواشیدا خۆی نیشان بدات. بۆچی؟ چونکە لە زەماندا فینۆمنێك هەیە بە ناوی " جوڵە ". ئەگەر جوڵە ی فینۆمنێك لە سەرەوەی خێرایی تیشك یان دەنگ بێت، ساتەکان هێواشتر جێگەی خۆیان دەگۆڕن. ئەنشتەین ئەم خاڵەی ئیسبات کردووە.
بە ئاسانی ئەتوانین بڵین، شتێك یان فینۆمنێك لە زەمانی حاڵدا بوون، یان هەستی هەیە!
بە هۆی ئەو فینۆمنەوە، کەلەکاتی ئیستەدا هەبێت، دەتوانین زەمانی حاڵ فام بکەین. بە جۆرێکیتر ئەبێ بڵین، زەمان بێ ئێگۆ، مانای لە دەست دەدات. تاکاتێك کە ئێگۆ(من) هەم و بوونم هەیە، دەتوانم زەمانی حاڵ دەرك بکەم. بە مردنی من، ئیتر زەمان لە هەر شێوازێکدا بێت، بۆ ئێگۆ، مانای لە دەست دەدات!
لاموایە ئەم خاڵە، یەکێك لە هۆەکانی ئەوە بو کە سورن کیەرگەگاردی دەنێمارکی، هیچ فینۆمنێکیتری غەیری" خۆد " یان ئێگۆی قەبوڵ نەبو وهەمو فینۆمنەکانیتر، لاێ ئەو بەتاڵ و بێ مانا بوون. کە لە بەشی یەکەمدا وەڵاممان دایەوە و ئیسباتمان کرد کە فینۆمنەکانی گەردونی، نەك هەر هەبونیان هەیە کە بونیان لەوانی دیکە، جێاواز و مۆستەقیلە.
ویستم ئەوە ئاشکار بێت کە زەمان، بە هۆێ ئێگۆ، دەتوانرێت وەکو فینۆمنێكی تایبەت، دیاری بکرێت. بەڵام ئەمە بە نیسبەتی تەنیا" من" دا، هەیە و بە دوای مەرگی من، ئیتر زەمان هیچ مانایەکی بۆ من نامێنێتەوە. دیارە کە بە پێچەوانەی ئێگزیستانسیالیسمی دینی سورن، زەمان بۆ تەواوی فینۆمنەکانی دی (هەستی ئەویتر)لە جیهاندا، هەبوونی دیار و ئاشکارە و بە هیچ شێوەیەك، ناتوانرێت حاشای لێ بکرێت.
ئەمخاڵە تۆزێك شی کەینەوە کە چۆنە بە هەبوونی ئێگۆ، زەمان دەرک دەکرێت؟ تایبەتی زەمانی حاڵ!
ناخی باسەکە لەوێدایە کە دەبێت" خۆد " یان ئێگۆ، حوزوری هەبێت. ئەگەر نەبێت، وتمان کە زەمان بە نیسبەتی ئەوەوە، لە مانا دەکەوی. واتە حوزوری خۆد، بۆ دەرکی زەمان، زەرورەتی هەیە _ یان زەروورە.
من هەر لەم کاتەدا، یانێ رێك لە زەمانی حاڵدا، خەریکم ئەم بابەتە تایپ دەکەم. هاوکات خەریکم دێرەکان وناوەڕۆکی باسەکە دەخۆێنمەوە. ئەمە شتێکە یان ڕوداوێکە، کە لە زەمانی حاڵدا ڕو دەدات. کە هەر دێرێك تەواو دەبێت، دەکەوێتە بەرەی " زەمانی ڕابردوو "_ چ لە کاتی نوسین و داننانی نۆقتەی فیزیکی بۆ دێرەکە، چ لە بابەتی ماناوە. بەڵام وردبینتربڕوانین خەریکە بە ڕاستی چی ڕو دەدات؟
من لە کاتی ئیستەدا، خەریکی نوسینم. هەر دێرێک و هەر فامێک لە دێرەکە، ئەگاتە یەك خاڵ یان نۆقتە. ئەمە یانێ من لە سەر باڵ یان شەپۆلی ساتەکانی زەمانی حاڵدا، خەریکم ڕابردو پێك دێنم! بۆچی؟ چونکە دێرەکان و ماناکەیان و تەنانەت خۆیشم خەریکم پیرتردەبم و بە مانایەکی فەلسەفی دەڕۆمە" ڕابردوە وە". بەڵام ئایا ئەم ڕوداوە تەواوە؟!
نا. من هاوکات کە خەریکی پێکهاوردنی ڕابردوم، خەریکم بەرەو" داهاتو "دەڕۆم! بەڵام لە کاتی ئێسەتدا دەژیم! و لە ڕاستیدا بەرەو داهاتو، ڕادەکێشرێم!لەلایەکیترەوە، دەمەوی ئەوی بم کە لە داهاتودا دەبم! بەڵام هیچ دیار نیە ئەگەر ئەم ئامانجە لە داهاتودا، هەر وا بێت کە خۆم دەمەوی! چونکە من لە ڕابردو، دابڕاوم ولە داهاتوش جێام! واتە" هەستی خۆد " بە مانایەکی فەلسەفی ڕێك و دروست، ئەو هەستیەیە کە ئێستە هەیە. ئەم هەستیە لەمخاڵەدا زۆر لە هەستی ڕەها نزیکە، بەڵام هەرگیز ناگات بە هەستی ڕەها! چونکە بەردەوام ساتەکان، هان لە حاڵی گۆڕاندا و جێ بە جێ دەبن و هاوکات منیش جێ بە جێ دەبم و لە جێگای خۆم(کە زەمانی حاڵە) نامێنمەوە!
تکایە لە بیر نەکەین کە هەموی ئەم ڕوداوانە، لە زەمانی حاڵدا، ڕو دەدەن. بەڵام ئەگەر ورد بڕوانین، دەبینین کە ڕابردو_ و هەر وەها داهاتو، لە زەمانی حاڵدا خاڵێکی کۆمۆنیان(هاوبەش- شەریک) هەیە. باشە چۆن و بۆچی؟
من بونەوەرێکم کە هەر ئیستە خەریکی تایپی ئەم بابەتەم_ من لە زەمانی حاڵدا دەژیم یان بونم هەیە_ بەڵام هەر لە زەمانی حاڵدا بەرەو " داهاتو " ڕادەکێشرێم! _ هاوکات خەریکم " ڕابردو " پێك دێنم!
من لە زەمانی حاڵدا خەریکی نوسینم_ نوسراوەکە لە داهاتودا، دەکەوێتە دەست و بەر چاوی کەسێك و دەێخۆێنێتەوە_ هیچ ئاشکرانیە وناتوانم ئیسباتی بکەم کە من لەو کاتەدا، بونم هەبێ! بۆچی؟ چونکە " داهاتو " هێشتا نەهاتووە. بەڵام دەتوانم تەنیا گۆمانێکم هەبێت کە، لە داهاتودا چی ڕودەدات؟ من ئەم گۆمانە ناو دەنێم " ئیمکان_ یان ئیمکانات ".
یەك خاڵی زۆر گرینگ ئەوەیە کە بزانین، من ئەو کەسە نیم کە لە ڕابردو، بووم!. ئێنجا من ئەو کەسەش نیم کە لە داهاتودا، دەبم! واتە لە هەر دو ئەم حاڵەتە زەمانیە جێام و لە کاتی ئێستەدا، هەستی من لانی کەم بۆ خۆم(یان هەستی خۆد) دیار و ئاشکارە. بەڵام بۆچی؟
دیارە بە هۆێ فینۆمنێك یان دیاردەیەك بە ناوی " جووڵە "یە کە، من توشی " گۆڕان " دەبم. و ئەم جووڵەو گۆڕانە، لەزەماندا جێ بە جێ دەکرێت وهاوکات لە مەکان یان شۆێن، بەدی دەکرێت.!
من ئەو کەسەێ پێشو نیم_ چونکە بەردەوام توشی گۆڕانم. وەکو میساڵ: ٣٢ ساڵی پێش، جۆرێك بووم. جۆرێکی تایبەت لە زەمانی حاڵیك، کە ئیستە گۆڕاوە وبە حاڵەتی ڕابردوودەرهاتووە. من هەم لە باری فیزیکی یان سروشتیەوە گۆڕاوم هەم لە باری فیکریەوە! بەس تەنیا ئەمەش نیە. یانێ تەنیا " کات " نەڕۆیشتوە کە تەنانەت " شۆێن " یش، گۆڕاوە. بەم مانایە هیچ فینۆمنێک هەر لەم میسالە، وەکو خۆی نەماوەتەوە! ئەگەروەها نەبوایە و من هەر لە زەمانی حاڵدا بماێتمەوە(ماندگاریان نیشتەجێ بوواێم) ئیترزەمان، مانای خۆی لە دەست دابوو. واتە ئەگەر زەمانی حاڵ، لە حاڵەتی وەستاندا بێت و هیچ جوڵەیەك نەبایا، ئیترنەك دەمانتوانی " ڕابردوو " فام بکەین، نەك ئیمکانەکانی" داهاتوو ".
بۆچی وایە؟ مەبەست چیە؟
من تەنیا لە زەمانی حاڵدا دەتوانم، بیر لە ڕابردو بکەمەوە! هەرچی لە ڕابردودا بەدیکراوە، وەکوبیرەوەری لە مێشکی ئێگۆدا ماوەتەوە. بۆیە لە بەشی فارسیەکەدا نوسیم: ئێمە بە هۆی بیر کردنەوە لە ڕابردودا، دەتوانین ڕوداو یان بە سەرهاتی پێشو، لە زەمانی حاڵدا زیندو بکەینەوە. بە واتایەکیتر، ئێمە ڕابردو دەکێشین بۆ کاتی " حاڵ یان ئیستە ". هیچ بە دوری نەزانین کە هەر ئەو ڕابردوە کە ئیتر لە ئێمە جێایە! بیبەین بو داهاتوو!
ئیستە زانیمان کە١_ ئێگۆ دەتوانێت، لە زەمانی حاڵدا، ڕابردو، شی بکاتەوە، لێ ورد بێتەوە، جوانتر فامی بکات. ٢_ ئێگۆ لە بابەتی" داهاتو"دا، تەنیا دەتوانێت ئیمکانی یەك ڕوداو بزانێت. بەڵام تەنیا ئیمکانە. چونکە کات بە سەر نەچوە و داهاتو نەهاتووە! بەڵام دەتوانێ حەدس لێ بدات یان گۆمان بکات کە داهاتوی ڕوداوی ئیستە چۆن دەبێت؟
لاموایە دەبێت ئەوەش ئاشکرا بکەین کە، ئەو ئیمکاناتەی داهاتو، ڕەها یان مۆتڵەق نیە! بۆچی؟
با تۆزێك ئەم خاڵە ورد کەینەوە. میسالی پێشومان (لە بەشی یەکەمی ئەم بابەتە) ئەوە بو کە، ئاو لە ڕادەی ١٠٠ دەرەجەێ سانتیگرادا، دەگەێتە خاڵی جۆش(کۆڵین). ئێمە لە زەمان یان کاتی ئیستە دەست دەکەین بە کۆڵاندنی ئاو لە " شۆێنێکدا ". بە ئەزمون و تەجرۆبە دەزانین کە ئەم ئاوە ئەگەر بگاتە ١٠٠ دەرەجەی سانتیگراد، دەجۆشێت. بەڵام چۆن داهاتو نەهاتوە، نازانین بە ڕاستی وەها دەبێت یان نا؟!
جارێ نازانین ئەگەر هەر ئەم فینۆمنی ئاوە، کە لە هەوا یان جەوی عەرزدا و لە ڕادەی ١٠٠ دەرەجە دەبێت بە هەڵم، ئایا لە ئەسترەیەکیتردا بە ڕاستی هەر لە ١٠٠ دەرەجە دەگات بە خاڵی جۆش و دەکۆڵێت؟ کێ دەزانێ؟ من تەنانەت لەم کاتەدا نازانم بە ڕاستی لە چ دەرەجەیەکدا لەو ئەستێرە دور و نادیارە، ئاو دەبێت بە هەڵم‼ واتە ئیمکانی مۆتڵەقی ئەم بابەتە، بە هیچ شێوەیەك نیە. تەنانەت ئەگەر لە سەر عەرز دەست بدەین بەم لێکۆڵینەوە و ئەزمونە، هێشتا مۆتڵەق نیە_ چۆن لە زەمانی حاڵداین و داهاتو نەهاتوە وئیمکانی ئەوەش هەیە کە ڕوداوێکیتر ببێتە هۆی ئەوە کە ئەزمونەکە تێک بدرێت و نەتوانین ئاوەکە بگەینینە ڕادەی ١٠٠ دەرەجە وشاهیدی هەڵم بین. زۆر ئیمکانات هەن کە لە داهاتودا دەژین و تا ئەو کاتەی نەگەیشتونەتە زەمانی حاڵ، ئێمە ناتوانین لە بارەیانەوە داکۆکی یان قەزاوت کەین. بەڵام دەتوانین هەر لەم کاتی " ئیستە " دا، حەدس یان گۆمانی ئەوەمان بێت کە وەزعیەت چۆن دەبێ!
هەر چەند باسەکە خەریکە تۆزك قۆرس دەبێت، بەڵام هاوکات دیارە کە تێدەکۆشین، لەوەی تێبگەین کە حاڵەتەکان یان ڕواڵەتەکانی فینۆمنەکان لە گەڕان و جۆڵەی زەماندا، چۆنن؟
دوپاتی دەکەمەوە کە زەمانی حاڵ بێ ئێگۆی ئیندویدواڵ (من_تاکە کەس) مانای خۆێ بە نیسبەتی منەوە، لە دەست دەدات. بەڵام بۆ فینۆمنەکانیترهەروا و تا ئەبەد درێژەی هەیە. ئەم قسە لە ناو خۆێدا، دەرخەری ئەوەیە کە " زەمان یان کات " فینۆمنێکی زۆر تایبەت ودرێژەدارە. ئەوەیشمان بەیان کرد کە ڕوداوەکان لە درێژەی زەماندا، لە فینۆمنیکیتر بە ناوی" مەکان " یان شۆێن، جێ بە جێ دەکرێن.
هەروا دەبێ بڵین کە، " خۆد " لە درێژەی زەماندا، هەموکات خەریکی " گۆڕان "ە و ناتوانێت لەم گۆڕانە خۆێ ڕزگار بکات. من وەهام فامکردوە کە هیچ فینۆمنێکی گەردونی نیە کە توشی ئەم ڕوداو وگٶڕانە نەبێت_ بەڵام هاوکات سورم لە سەر ئەوەی کە هیچ فینۆمن و ڕوداوێکیش" رەها " یان مۆتڵەق نیە و نابێ!
بینەوە سەر باسی" خۆد " لەم حاڵەتانە کە باسمان کرد.
خۆد، بە هۆی بونەوەرێکیتر یان" هەستی ئەویتر "، خۆی دەبینێتەوە! ئایا مانای قسەکە ئەوەیە کە" هەستی خۆد"، بە هۆی " هەستی ئەویترەوە " خۆی دەناسێتەوە و هەست بە بوونی خۆی دەکات؟
ئێمە لە بەشی یەکەمدا وتمان کە پێوەندیەك هەیە لە نێوان" هەستی خۆد_ " دەگەڵ " هەستی ئەویتر "دا. و ڕونمان کردەوە کە ئەو پێوەندیە، دەبێتە هۆی " خۆد پەیا کردن "ی خۆد. یان ناسینی خۆد. و میسالی ئەو کۆرەمان هێنا کە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکی ئێگۆ(باب یان دایکی). و ئەو دڵەڕاوکیە بەهۆی، بەرپرس زانینی ئێگۆ، بەرانبەر بە فەرهەنگی کۆمەڵگەوە پێك هات. واتە " هەستی ئەویتر " لە سەر " هەستی خۆد" کاریگەریەکی ئاشکاری هەیه. لێرەدا دەمەوێ بڵیم کە " هەستی خۆد " لە زەمانی حاڵ، یان کاتی ئیستە، توشی قەیران و گۆڕانە لە تەواوی بنەماکانی خۆی و هەستی ئەویتردا.
هەستی خۆد، لە زەمانی حاڵدا ئەو فینۆمنەیە کە، جێا لە تەواوی هەستی گەردونی، شاهیدی زۆر شتە وهاو کات کە ڕوداوی جۆراوجۆر بە سەریا دێت، ئەوەیش دەبینێت کە فینۆمنەکان لە شۆێنی خۆیاندا نامێنن_ ئەوەیش جوان دەزانێ کە خۆیشی دەگەڵ جوڵەی زەماندا، خەریکی جووڵەیە. ئەگەر ئەم جوڵەیە نەبێت، مانای قسەکە دەبیت بەوە کە " زەمان یان کات " وێستاوە‼
ئەگەر زەمان وێستابێت، ئیتر" خۆد " ناتوانێت گۆمان بکات لە داهاتو_ هەروا ناتوانێت ڕابردو، شی بکاتەوە و باز دوبارە ناتوانێت بیرەوەری ڕابردو بهێنێتە زەمانی حاڵ. بە وەها فینۆمنێک دەڵین سەرەوەی سروشت! کە لە کۆمەڵەی میتافیزیادا، بە ناوی " خۆد-ا" بەناوبانگە.
نازانم بۆچی خەڵکی تێنافکرن کە ووشەی" خۆدا " بەخاتری چی لە بناخەوە، خاوەنی " خۆد " ە؟! فینۆمنی" خۆد " لێرەدا چی دەکات؟ بۆچی ئەم ووشەیە بەم ئاشکرائیە گرێدراوە بە " خۆدا "؟ کی ئەم " ا " یە، بە هەستی خۆد، ئیزافە کردوە و مەبەستی چی بووە؟
بەهەر کات ئەو فینۆمنە کە بتوانێت لە زەمانی حاڵدا، وەها وێستابێت کە وەکو سەرەوەی سروشت، کردەوەی بێت، ئەبێ بتوانێت دەست بخاتە ناو ڕابردو و هەر وەها بتوانێ داهاتوی " خۆێ " و داهاتوی تەواوی فینۆمنەکانی گەردونی بزانێت و بیانناسێتەوە.! واتە توانای ئەوەی هەبێت کە هەم ڕابردو کۆنترۆڵ بکات، هەم داهاتوو. لە لاێەکیشەوە، هاوکات بتوانێت لە زەمانی حاڵدا حوزوری هەبێت! تازە وەها فینۆمنێك کە توانای حوزوری لە زەمانی حاڵدا هەیە و شاهیدی گۆڕانی تەواوی فینۆمنەکانیترە، دەبێت شاهیدی گۆڕانی خۆیشی بێت! یانێ هاوکات ڕابردوی خۆی وگەردون و هەمو فینۆمنەکانی دیکە بزانێت ولە کاتی حاڵدا هەبوونی هەبێت و بتوانێت داهاتوش ببینێ و لەداهاتوشدا حوزوری بێت! ئەگەر وەها فینۆمنێک هەبێت، دەتوانین ناوی بنین " هەستی وێستاو " کە ئەو هەستیە، سەرەوەی سروشتیەو فەرا- زەمانە. ئایا بەیانی ئەم فەلسەفە لێرەدا میتافیزیکی نیە؟
بۆچی میتافیزیکی؟ چونکە بە زانست و بە فەلسەفە دەزانین کە هیچ فینۆمنێكی وێستاو لە تەواوی گەردوندا نیە و نەبوە. هەستی خۆدی گەردونیش لە هەر شەپۆلی زەمانیدا، خەریکی گۆڕانە_ ئەم گۆڕانە دیارە کە کاریگەری هەیە لە سەر، سەرتاسەری گەردون. بەمواتەیە هیچ شتێك مۆتڵەق نیە وناتوانێت خۆی لە گۆڕان ڕزگار بکات. مانای فەلسەفی باسەکە لەوێدایە کە _ کاتێك هەمو فینۆمنەکانی گەردون توشی گٶڕانن ولە جێگەی خۆێان نامێنن، واتە وێستاو نین. ئەگەروێستاو نین، یانێ خەریکی گەڕیان و گۆڕانن. (زەمانی حاڵ _ ڕابردو_ داهاتو، بۆیان بەدی دەکرێت). بەڵام یەك پرسیار. میتافیزیا چۆن توانیویە خۆی لەم پرسیارە ڕزگار بکات کە چۆن دەبێت فینۆمنێکی " وێستاو " هەرگیزتوشی قەیران و گۆڕان نەبوبێت؟ چۆن دەبێت کە فینۆمنێکی ویستاو، شاهیدی جۆڵەی فینۆمنەکانیتر بێت؟ ولە تەوای حاڵەتەکانی زەمانیدا، دەرکیان کات یان بیانناسێت؟! لە حاڵیکداخۆیشی توشی گەڕیان و گۆرانە؟!
من لاموایە کە سورن کیەرگەگارد، لەم بۆارەدا بو کە ئێگزیستانسیالیسمی دینی خۆی، بەرپا کرد و جێاواز لە خۆ، تەواوی گەردونی بە خەیاڵ دەناسی! لەکاتێکدا ئاشکرایەلەژمارە بەدەر فینۆمنیترلە گەردوندا، بوونیان هەیە. هەرچەند ئێگۆ بە هۆی بیر کردنەوە، تایبەتمەندیەکی بۆ خۆی هەیە. چونکە " هەستی ئەویتر " لە " هەستی خۆد " کاریگەری دەکات وپێچەوانەی ئەم کاریگەریەش لە لایەن" خۆد "ەوە، دیارە. گەرچی هێشتا نەمانتوانیوە وەزعیەتی خۆد، دەگەڵ ئازادیدا، بەو جۆرەی کە دەبۆایە ئاشکرا بکەین. بەڵام حەتمەن دەڕۆینە سەر ئەوەی کە لەم هەمو ڕوداو وگۆڕانکاریە لە گەردوندا کە " خۆد " تەنیا یەك فینۆمنە لەوێدا، ئاکامی " خۆد " بە نیسبەتی ئازادی، چیەو چۆن دەبێت؟ بەمواتەیە، یەکێك لە خاڵەکانی گرینگی ئەم زەنجیرە فەلسەفیە، ئەوەیە کە ئێگۆلە حاڵەتەکانی زەماندا، چۆن دەتوانێ بە ئازادی بژی؟ یان خۆی لە ژیانێکی" ئازاد " نزیك بکاتەوە. لاموایە هەر لەوێدا قسە لە" فەرا ئینسانی " نیچەش دێتە ئاراوە.
ئیستە زانیمان کە " هەستی خۆد " لە زەمانی حاڵدا، خاوەن یان توشی چ حاڵەتگەلێکە؟ ولاموایە توانیومانە تۆزێك بڕۆینە ناخی فەلسەفەی زەمان و حاڵەتی " حاڵ یان ئێستە " لە پێوەندی تەك " هەستی خۆد " دا، بەیان بکەین. ئەوەش ئیزافە کەم کە ژان پۆل سارتێر دروست ئەڵێت کە " هەستی خۆد " ئەو فینۆمنەیە کە هەستی خۆی، دەرک دەکات یان دەێناسێتەوە و دەزانی کە بوونی هەیە ودەگەڵ تەواوی هەستیدا، پێوەندیەکی هەیە کە لە ڕێگای" زانین و ئاگاهی " دا، بە دەست دێت.
واتە " هەستی خۆد " خاوەنی دیاردەی" فیکر " و بیر کردنەوەیە وتا کاتێک کە هەبونی بۆ هەستی خۆد هەیە، ئاشکارا لە " ڕابردو " جێایە. بەمجۆرە ئێمە لە زەمانی حاڵدا بە ناچاری بەرەو" داهاتو " ڕادەکێشرین! زۆر گرینگە کە بزانین" هەستی ئەویتر " بە هۆێ " هەستی خۆد"ەوە، هەستی پەیدا دەکات! بۆچی و چۆن؟ ئێمە دەزانین کە" بەرد "یان کێو، هەستییەکیترە(فینۆمنێکی دیکەیە)، بەڵام بەرد بۆ خۆی نازانێ کە " بوونی " هەیە_ ئەوە هەستی خۆدە کە، ئەو فینۆمنە دەناسێتەوە وهەستیەکەی بەیان دەکات_ هەر چەند ئەم دوهەستیە، لە یەك جێان! بەڵام لەنێوانیاندا پێوەندیەك بە ڕونی ئاشکارە. ئەوەش دیارە کە لەم میسالەدا" هەستی ئەویتر " لە بەرانبەر" هەستی خۆد " دا، حوزوری هەیە.
ئەڵبەت کە ئەڵیم حوزوری یەك هەستی! بەم هاسانیە نیە. حوزوری زۆر هەستی هەن کە تەنیا ڕەهەندی سروشتی و فیزیکییان نیە_ بەڵکوبە شیووازی جۆراوجۆر، هەستەندەیی خۆیان پیشان دەدەن. بۆ میسال، منی نوسەری ئەم بابەتە بۆ تۆی خۆێنەر، لە نێو دێرەکان و وشەکاندا، بەدی دەکرێم_ لە حاڵەتی زەمانی حاڵ یان ئێستەدا خەریکی نوسینم و وردە وردە دەکەومە ڕابردوەوە_ بەڵام تۆ لە داهاتودا ئەم نوسراوە دەخۆێنیت و بۆت ئاشکرا دەبێت کە کەسێک بە ناوی نادر خەلیلی، بوونی هەیە. خاڵی هاوبەشی ئەم ڕوداوە چیە؟ غەیری فینۆمنی" فیکر "و فام لە دیاردەکان! وجیهانی وشەکان_ بەڵام لە چ شەرایەتێکدا؟ لە زەمانی دوفاقیانە و شۆێنی دوفاقیانە.‼ گرینگتر ئەوەی کە هەم من خەریکی جۆڵەو گۆڕانم و لە جێگای خۆمدا نامێنمەوە_ هەم تۆ کە لە داهاتودا ئەم نوسراوە دەخۆینیەوە_ هەرگیزای هەرگیز ئێمە وەکو دو فینۆمنی خاوەن فیکر، ناتوانین دور لەم گۆڕانکاریە و جێ بە جێ بوونە بین. ڕێك وەکوساتەکانی زەمان لە کاتی ئێستەدا. ئایا ئێستە بۆمان دەرکەوتوە کە "هەستی خۆد" لە بەرانبەر" هەستی ئەویتردا"توشی چەندەها چەمکی جۆراوجۆرە؟ جاری هەرلەم میسالی نوسینەدا، من خۆم توشی جۆرێك" دڵەڕاوکێم "‼ بۆچی؟ چونکە خەمی ئەوەم هەیە کە ئایا توانیومە ناوەڕۆکی بابەتەکە بگەێنم بە خۆێنەرەکەم؟ ئێنجا بابەتەکە چ کاریگەریەکی لە خۆێنەرم دەکات؟ ئایا ئەمە خۆێ لە ناو خۆێدا، نیشانەی بەرپرسی نیە؟ وئەم بەرپرسیە لەکردەوەی من کە نوسینە سەرچاوەی نەگرتووە؟.
بەم خاڵانە ئیشارەم کرد تا جوانتر ئاشکرا بێت کە بە ڕاستی لە نێوان" هەستی خۆد " و هەروەها " هەستی ئەویتر"دا، پێوەندیەکی تایبەت هەیە کە لەزەمانی حاڵدا خەریکە ئەنجام دەبێت وئەم کردەوەیە بۆ من دەڕواتە ڕابردوەوە، بەڵام بۆ تۆ دەکەوێتە داهاتو! _ هەر چەند داهاتوی تۆش هەر لەم میسالی نوسین و خۆێندنی بابەتەکە، دەگۆڕدرێت بە ڕابردوو...
بەمخاڵەش ئاماژە بکەم کە وکوخۆم، پێم خۆش نیە کە وتەی مارکس ڕاست بێتەوە کە فەیلەسوفەکان تەنیا خەریکی لێکدوانی مەسائیلی دەوروبەری هەستین وبۆ گۆڕانکاری ڕاستەقینەی ژیان وهەستی هیچ ناکەن! لاموایە کە ئەمە هەڵەیە وچ کردەوەی فەیلەسوفەکان و بیرمەندان هەبێت یان نەبێت، لە هەستیدا خۆی بۆ خۆی " گۆڕانکاری " روو دەدات. ئێنجا باس کردن لە هەموی ئەم بابەتانە، دەرخەری ئەوەیە کە دەمانەوی ژیانی ئینسان لە کۆمەڵگە و شۆێنی ژینگەی لە هەستیدا وبە تایبەت بە نیسبەتی " ئازادی" دا چۆن بێ؟ وتەنیا دەرک ولێکدوانی بابەتەکان نیە_ کە سورین لە سەر " کردەوە ". ئەو کردەوەی کە لە زەمانی حاڵدا روو دەدات ولە داهاتودا خۆی نیشان دەدات‼
لە بەشی سێهەم و درێژەی ئەم باسە، دەڕۆینە سەرکات یان زەمانی ڕابردو، بە نیسبەتی " هەستی خۆد " و هەوستی ئەویتر "، بەرانبەر بە ئازادی.







نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە