وەڵامێک بۆ بەڕێز کاک حەمە سوسەیی بۆ بابەتی (پژیشکە خوێنمژەکانی کوردستان)

Monday, 10/09/2012, 12:00

1885 بینراوە






لەبابەتەکەی بەڕێزتاندا تیشکت خستۆتە سەر هۆکارەکانی گەندەڵبوونی لایەنی پزیشکی، بۆ ئەمەش نموونەیکی یەکێک لەپزیشکەکانت هێناوەتەوە. ئەوە یەکێکە لەو نموونانەی کە بەڕێزتان بەر گوێتان کەوتووە، لەسەر بێویژدانی پزیشکێک لە کوردستان. من لێرەدا ناخوازم هیچ دەربارەی ئەو پزیشکە بڵێم، چونکە ئەو دەتوانێت خۆی ڕونکردنەوەی هەبێت، بەڵام بەحوکمی ئەوەی پەیوەندیم لەگەڵ هەندێک لە هاوڕێکانم هەیە، گوێبیستی چیرۆکی سەیرو سەمەرە دەبیت لە پزیشکەکان، کە هەیانە هەموو ڕێگەیەکی نا دروستی گرتۆتەبەر بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن وناو دەرکردنی. من وای دەبینم کە پزیشکیش وەک هەموو هاوڵاتیەکی کوردستان لە کۆتایدا ئەویش مرۆڤە و تێوەدەگلێ لەو گەندەڵییەی کە زۆربەی چینوتوێژی کوردستانی گرتۆتەوە، چوونکە ئەوەی ئێستا لە کوردستان لە سیستەمی تەندروستیدا پەیڕەودەکرێت بە ووتەی وەزیرە یەک لەدوا یەکەکانی تەندروستی، سیستەمێکی ماوە بەسەرچووە وە تەنانەت لەووڵاتانی دراوسێشدا هاوشێوەی نیە لە خراپیدا.
لە ئێستا ئەوەی چاودێری ڕاستەقینەیە لەسەر پزیشکەکان تەنها خۆیی و ویژدانێتی،بۆیە لەم کاتەدا ڕودەدات کەسی بێویژدان یاخود ویژدان لاوازهەلەکان بقۆزێتەوەو خراپ مومارەسەی کارەکەی بکات، چونکە ترسی لەوەنیە کە یاسا پەلکێشی دەکاتە بەردەم دادگا، لەکاتی کەمتەرخەمیدا لە کارەکەیدا.
لەگەڵ ئەوەشدا چەندین پزیشکی گەنج و بەتوانا چەندین ساڵە بەووتارو پێشنیار(وەک د. گۆران عبداللە و کەسانی تر) دەستیان خستۆتە سەر زۆربەی لایەنە ڕەشەکانی سیستەمی تەندروستی و کەموکورتیەکانیان خستۆتە بەردەم لێپرسراوان، بەڵام لەبەر ئەوەی سیستەمی تەندروستیش وەک هەموو بەشەکانی کۆماڵگا بەردەوام هەوڵدەدرێت هەژموونی حیزب تێیدا باڵادەست بێت، هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بووە.
لە کۆتایدا وایدەبینم، گەر بەم شێوەیەی ئێستا سیستەمی تەندروستی بەردەوامبێت، دەبێت چاوەڕوانی چیرۆک و ڕووداوی زۆر نامۆتربین، وە چارەسەری ئەم دیاردەیەش تەنها بە چاکسازیەکی ڕیشەی دەکرێت لە سیستەمەکەدا، کە لە ئێستادا بەم حکومەتە زۆر ئەستەمە ئەنجام بدرێت.
لینکی هەواڵی پەیوەندار:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=1b65af10

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە