ئێرە مەملەكەتى عەلى بابا و چل دزەكە یە...!

Thursday, 13/01/2011, 12:00

1533 بینراوە



هەمومان ئەفسانەى عەلى بابا و چل دزەكەمان بیستووە كە گوایە لە كۆندا لەم وڵاتەدا ڕوى داوە ، ئەگەر لە ڕابردودا ئەو چیرۆكە ئەفسانە بوبێت ئەوا ئەمڕۆ حەقیقەت و واقیعە و نەك وڵاتى چل دز بەڵكو وڵاتى هەزاران دزیشە ، ئەویش بە وتە و گەواهى بەرپرسان و دەزگا چاودێرەكانى ناوخۆ و دەرەوە ، ئەگەر دزەكانى ئەو سەردەمە تەنها چل كەس بوبن سامان و زیو وگەوهەرى ئەو وڵاتەیان تاڵان كردبێت ، ئەگەر چى عەلى باباى ئەفسانەكەش تەنها خۆى بو كە گەنجینەى دزەكانى ئاشكرا كرد ، ئەى ئاخۆ ئەمڕۆ ئێمە پێویستمان بە چەند مەردى مەیدانى وەك عەلى بابا هەبێت تا بتوانێت شوێنى گەنجینە دزراوەكان و ناوى دزەكان ئاشكرا بكات ...؟ لە كاتێكدا عەلى باباكەى ئەمڕۆ خۆى لە دەستەى نەزاهەدا دەبینێتەوە سەرۆكى دەستەكە لە لێدوانێكیدا دەڵێت (بەرەنگار بونەوەى گەندەڵى تەنها كارى دەستەكەى ئەو نییە) تۆ لە خوارەوە سەیرى ئەو لێدوان و ژمارە و داتایانە بكە ئەوجا بزانە بەباوكى هەزار عەلى بابا و دەستەى نەزاهەش دەتوانرێت گەنجینە دزراوەكان بگەڕێنرێتەوە و ناوى سەرجەم دزەكان بەگەورە و بچوكەوە ئاشكرا بكات و پەلكێشى بەردەم دادگایان بكات ؟
بە پێى وتەى سەرۆكى دەستەى نەزاهەى عێراقى (رحیم عگێلى) تا بەروارى كانونى یەكەمى ساڵى ڕابردو واتە ساڵى 2010 ژمارەى ئەو فەرمان بەرانەى میرى كە تۆمەتى گەندەڵیان دراوەتە پاڵ نزیكەى حەوت هەزار داواكرا و داوایان لەسەر تۆمار كراوە ، ئەمە لەكاتێكدا لە ساڵى ڕابردوتر واتە ساڵى 2009 تا ئەو بەروارە داوا لەسەر 1084 كەس تۆمار كرابو ، بە بەراورد لە نێوان هەردوو ساڵى (2009 و 2010) دا تاوانى گەندەڵى بە ڕێژەى یەك لەسەر سێ زیادى كردووە ، بە پێى وتەى ناوبراو 9 كەس لەو داواكراوانە لە پلەى وەزیر و 232 كەسیشیان لە پلەى بەڕێوەبەرى گشتى بەسەرەوەن ، هەروەها لە كۆى ئەو 7000 تۆمەتبارە نزیكەى 2523 كەسیان بەتۆمەتى جیاجیاى گەندەڵى ڕەوانەى دادگاكان كراون ، ئەى ئەوانى تریان تا ئێستا بۆ ڕەوانەى دادگا نەكراون ئەوە دەستەى نەزاهە دەبێت وەڵام بداتەوە ...؟
هەروەها لە لێدوانێكیتریدا سەرۆكى دەستەى نەزاهە ڕایگەیاندووە كە لەماوەى ساڵى 2010 دا دیاردەى گەندەڵى نزیكەى یەك ملیار دۆلار زیانى بە بودجەى وڵات گەیاندووە .
لەلایەكیترەوە ئاژانسەكانى هەواڵ باس لەوەدەكەن كە سێ وەزارەتى عێراق لە سێ گەندەڵترین وەزارەتەكانن كە ئەوانیش وەزارەتى ئیتیێالات و كارەبا و بازرگانیین ، كە ڕێژەى گەندەڵى تێیاندا لە 9% تا 8% ئەمە لە كاتێكدا گەندەڵیەكانى وەزارەت و دامودەزگاكانى حكومەتى هەرێم بە 10% هەژمار كراوە .
ئەمانە بەشێكى زۆر كەمن لە خەرمانى گەندەڵى ئەم وڵاتە ، ئەوە تەنها ئەو بەشەكەمەیەتى كە دەستەى نەزاهە و ڕاگەیاندنەكان و چاودێرە بیانیەكان پێیان زانیوە ئەگینا ڕێژەكە زۆر زۆر لەوە زیاترە ، لەكاتێكدا بەرپرسە باڵاكان بانگەشەى چاكسازى و شەفافیەت و كرانەوە دەكەن كەچى ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵ بەساڵ رێژەى گەندەڵیەكان زیاتر و زیاتر دەبێت ! وەك چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ئاژانسەكانى هەواڵ باسیان لەوەكرد كە گوایە هەریەك لە كوڕى سەرەك كۆمار و سەرەك وەزیرانى دوبارە دەستنیشانكراوى عێراق لە وڵاتى ئیمارات و لە ئەمارەتى (دوبەى) بەشەر هاتون وەك سەرچاوەكان وتیان (تەنانەت تەقەش لە نێوانیاندا ڕوى داوە) لەسەر كڕینى هۆتێلێك بە بڕى 150 ملێۆن دۆلار ، گوایە لە مزایدەكەدا هۆتێلەكە بەنسیبى كوڕى سەرەك كۆمار بووە ، لێرەدا جێگاى خۆیەتى پرسیارێك ڕوبەڕوى دەستەى نەزاهە و سەرۆكەكەى بكەینەوە ئایا ئەوان هیچ بە دواداچونێكیان بۆ راستى ناراستى ئەو هەواڵە كردوە ؟ لە كاتێكدا ئەگەر ئەو هەواڵە راستبێت ئایا ئەوان لە توانایاندا هەیە كوڕى ئەو دوو بەرپرسە بانگ بكەنە بەردەم دادگا و پرسیار لە چۆنیەتى بەدەسهاتنى ئەو بڕە پارە زۆرەیان لێبكەن ..؟ نەك كوڕەكانیان ئایا لەماوەى ئەم چەند ساڵەدا توانیویانە هیچ كەسێكى نزیكى بەرپرسە باڵاكان پەلكێشى بەردەم دادگاكان بكەن ...؟ كەواتە دڵنیابن قەبارەى گەنجینە دزاوەكە ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر و ژمارەى دزەكانیش ساڵانە زیاتر و زیاتر دەبن ، عەلى باباكەى ئاخر زەمانیش خۆى مەڵاس داوە تەنها دزە بچوك و لاوازە و بێ كەسەكان بگرێت ، چونكە تەنها بەشى ئەوەندە وزەى پێدراوە ...! ئاخۆ ئەو كەسەى لە كۆندا ئەو ئەفسانەیەى دروستكردوە ئەگەر ئەمڕۆ زیندو ببێتەوە ئەبێت چ شاكارێك بەرهەم بهێنێت لەسەر بارودۆخى بەتاڵانبردنى سەروەت و سامانى وڵاتەكەى ...؟
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە