تاكەى قوڕبەسەریی

Sunday, 12/07/2009, 12:00

1744 بینراوە


ئەمڕۆ بەئیشێكى پەلە چوومە ناو بازاڕ، گە گەشتمە بەر مزگەوتى گەورە پیاوێكى پیرى نورانیم بینى عەلاگەى ئەفرۆشت منیش بێ ئەوەى پێویستم پێى بێت هەر حەزم كرد لێى بكڕم چوومە پێشەوە كاتێك باقیى ئەو 500 دینارەكەى ئەیامەوە بەدەنگێكى پڕ لە خەم و پەژارەوە و لەبەر خۆیەوە وتى:
(ئەگەر قوڕبەسەریی نەبێت كەى من هی عەلاگە فرۆشتنم)! هەر وەك ویستبێتى داخێكى گەورە بكاتە دڵى من و پێم بڵێ توخوا ئێوە ئیشتان چییە لەم وڵاتە كە بە حساب گەنجن و ئەم هەموو زوڵمە قبوڵ ئەكەن، هەر لەو لاشەوە گورگەكانى ناو بازاڕ نەڕەیان بەسەر ئەو گەنج و مناڵانەیا ئەكرد، كە بەهەمان شێوەى ئەو پیرەپیاوە قوربەسەرە ئەوانیش بەو قرچەى گەرمایە بۆ پاروەیەك نان یان بۆ بەدەستهێنانى پێداویستى خوێندنیان هەندێك بلوس یان سفرە یان سابونیان بەدەستەوە بوو دەگەڕان بۆ شوێنێك بۆ تەنها دەقەیەك تیاى بوەستن، بەڵام ئەو گورگانە نەڕە و هاوایان بەسەردا دەكردن و هەڕەشەیان لێدەكردن، كە نابێ بۆستن ئەگینا شتەكانیان لێ ئەسەنن.
ئازیزان چاك ئەزانم ئەو پیاوە پیرە پێشتر لەو شوێنە دانیشتبوو سابوون و شقارتەى ئەفرۆشت، بەڵام ئەم حكومەتە بەسۆزە، كە خۆیان باوكى رۆحیمان دەزانن ئەوەشیان پێ ڕەوانەبینى بۆیە ئیستا دەسوڕێتەوە و عەلاگە دەفرۆشیت، دیارە زۆر شكور بووە بە حالى پێشووى بەڵام لەبەر خاترى ئەو تەلارەى لەوێدا دروستدەكرێن نانى ئەم باوكە پیرەو هەموو ئەو باوك و براو مناڵە بێنازانەى ئەو ناوچەیەیان بڕیوە، مەجبورە، ئێستا عەلاگە بفرۆشێت.
ئەو تەلارە حكومى بێت یان ئەهلى سبەى بكرێت بە هەر شتێك چ سودێكى بۆ ئەم هەژار و بێ دەرەتانانە هەیە. ئەم پرسیارە لە مەسئولە نا مەسئولەكانمان ئەكەم، لەو كەسانەى ئەكەم كە ئەقلێان لە چاویاندایە و بە باق و بریقى بێ سودى ئەم شارە ئەخەڵەتێن.
پێش ئەوەى ئەم نوسینە بنووسم بەڕاستى زۆر گریام ئەوەى ئەمڕۆ بینم شتێكى ترى بیرخستمەوە، كە مناڵ بووم زۆر كات لەگەڵ باوكم ئەچوم بۆ بازاڕ، بەڵام كچێكى وریا بوم هەستم بە شتكان ئەكرد، باوكیشم لە هەمان ئەو شوێنە لاى دەبۆ كە لەسەر مقەبایەك شتى ئەفرۆشت گورگەكانى ئەو كاتەى سەردەمى بەعس هەر باوكى ئەو گورگانەى ئێستان، ئەو ڕۆژە لەگەڵ باوكم لەبەر بەلەدێكە شتمان ئەكڕى باوكەم دوو عەلاگە میوەو گۆشتى بەدەستەوە بوو لەو كاتەیا یەكێك لە گورگەكانى ناو بازاڕ لەوێ بوو بێ ئەوەى سەلام لە باوكم بكات یان وشەیەكیش بلێت هەردوو عەلاگەگەى لە دەست گرت و بێ ئاوڕدانەوە بردى. باوكیشم هیچى نەوت جارێكى تر میوە و گۆشتەكەى كڕیەوە.
منیش تێگەشتم ئەمە ئەو گورگەیە كە بە حساب هاوكاریی باوكم ئەكات و لەو شوێنە دەرى ناكات بەرامبەر ئەوەش ئاوا بێ ئابڕوانەو بێ نەتانە عەلاگەكانى دەستى برد!
توخوا ئێوە هەست بە هیچ جیاوازییەك ئەكەن لە نێوان ئەم دوو گەلە گورگەو سەركردەكانیان پێم بلێن جیاوازیی چییە؟
بۆ ئەو كاتى باوكى من واتە هەشتاكان و ئێستاى ئەو پیرە پیاوە واتە 2009 چى گۆڕاوە؟.
هەر دەموچاوەكان گۆِراوە زوڵم چەوسانەوە هەر بەردەوامە، بۆ زۆرێكى خەڵكى ئەم شارە نان لە قوڕگى شێرایە.
تاكەى سەرانى لیستى ناكوردستانى منەتى جادە و قیر و باخ و بیناى بەرز ئەكەن بەسەرمانا ـ تەنانەت منەتى ئەو بارانەش، كە خوا ئەیباریێنێت ئەیكەن بەسەرمانا، دكتۆر بەرهەم لە جیاتى ئەوەى بچێ بۆ پاركى ئازادى بۆ نەهات بۆ بەر مزگەوتى گەورە تۆزێك لەو قرچەى گەرمایە بوەستێت بێ ئەوەى هیچ بڵێت تەنها سەیرى ئەو هەموو بێ دەرەتان و هەژارە بكات.
داوا لەو كەسە دەنگ ناسازانە ئەكەم كە بێ ویژدانانە و خۆپەرستانە دیفاع لەم دوو حیزبە زاڵمە دەكەن و ماستاویان بۆ ئەكەن، كە توزێك واز لە بێ ویژدانى بهێنن تاكەى خۆپەرستى، كەمێكیش لە بیرى ئەو خەڵكە ڕەش و ڕووتەدا بن و بە ویژدانەوە قسە بكەن تاكەى ئەقڵتان لە چاوتانایە، كەچى هەر ڕاستەیەكانیش نابینن تەنها قیر و شۆستەكانى ئەم دوو باندە دز و مافیایە دەبینن.
من دڵنیام ئەم دوو حیزبە ناگۆڕێن بەڵكو دەبێت بیان گۆڕین، ئەو گۆڕانەش حەتمى و پێویستى ئەمرۆِیە بۆ ئەوەى ئەو پیرە پیاوە و هەزارانى دیكە لە قوربەسەریی ڕزگاریان بێت و ئیتر نەڵێین تاكەى قوڕبەسەریی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە