سیقە بە یەكگرتوو مەكەن.. ئەزانن بۆ؟

Wednesday, 05/01/2011, 12:00

1722 بینراوە


لەمێژووی 16 ساڵی رابوردوویدا یەكگرتووی ئیسلامی لەم دوو ساڵی دوایدا زۆرترین رەخنەی لێگیراوە، چونكە یەك لەسەر ئاستی عیراق چوونە باوەشی یەكێتی و پارتی و دوو فیرعەونەكەوە لەكاتێكدا لەكوردستان حسابی كلكی چەكوشێكیان بۆ ناكەن و ئەگەر لەسایەى گۆڕان و لەپاڵ سێبەری ئەودا نەبووایە دەیان جار رووداوەكەى دهۆكیان لەسەر پیادە دەكردنەوە، كەچی ئێوەش گوێتان لەمیللەتی رەشورووت نییەو لەپێناو پۆست و ئیمتیازات و پارەوەرگرتن دەچنە چێر پاڵتۆی ئەوانەوەو بیانووتان ئەوەیە لەنێو فراكسیۆنە كوردستانییەكانداین لەكاتێكدا ئەو فراكسیۆنە فراكسیۆنی زەردو سەوزەكانە نەك كوردستان.
جەنابی یەكگرتوو ئێوە دەتانتوانی بە یەكێتی و پارتی بڵێن ئەگەر لەكوردستان خۆتان چاك ناكەن كە بوونەتە هۆی بونیاتنانی هەزاران گردی گەندەڵی و دارووخانی تاك بە تاكی كۆمەڵگە، ئەوا ئێمەش نایەینە نێو فراكسیۆنە بە ناو كوردستانییەكانەوە كە لەئەساسدا ئەوە ئێوەیە.
لێرەوە بە هەموو ئەندامان و دۆستتانی یەكگرتوو دەڵێم بەڕێزان بزانن كە سەركردایەتییەكەتان چەند خۆفرۆش و ملشۆڕی ئەو دوو حزبەن كە بەدەیانی لێ كوشتوون، ئەوەتا ئەو سەركردایەتی و سەرۆكی حزب و مەكتەب سیاسییانەی ئێوە ئیسلام و ئیسلامییەتیان خستە ژێر پێیانەوەو هانایان بردووەتە بەر دەست ماچكردنی دوو حزبی ناعادیل و فاسدو مرۆڤ و كوردكوژ، ئەو دوو حزبەى كە هاوڕێكانتانیان لەدهۆك و هەولێرو و كوێ و كوێ بەر شەقداو شەهید كرد، دە باش بزانن حزبەكەتان چی بەسەر هاتووە، ئیتر حەیف هەزار حەیف و شەرمیشە بەو حزبە بوترێت ئۆپۆزسیۆن و لەولاوە لەدوو حزبی میللەتخۆرەوە پارەو ئیمتازیات وەربگرێت، چونكە باش دەركەوتووە كە ئێستا یەكێتی و پارتی ستراتیژێكیان دارشتووە بەوەى ئامادەن بە یەكگرتوو و كۆمەڵ بڵێن و وتویانە چیتان دەوێت ئێمە ئامادەین، تەنها ئێوە لەهەڵوێست و قەزیە گرنگەكاندا لەگەڵ ئێمەدابن و ئاساییە لەتەلەفزیۆنەكانتانەوە رەخنە بگرن، چونكە رەخنەگرتنی حزبی سیاسی بە بێ پراكتیك سوودی نییەو حسابی بۆ ناكرێت.
ئەو چەند رستەیە بەسە بۆ ئەوەى لەیەكگرتووی ئیسلامی و سەركردایەتی و مەكتەب سیاسییەكانی بگەین، بۆیە چیتر سیقە بەو حزبە مەكەن لەبەر ئەو هۆیانەى سەرەوە..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە