مێژوو خۆى دووپات ده‌كاته‌وه‌

Wednesday, 01/07/2009, 12:00

3060 بینراوە


یه‌كه‌م جار به‌كاره‌سات بارى،  دووهه‌م جاریش به‌گاڵته‌جاڕى

سیانزه‌ ساڵ ،دوومانگ وشه‌ش ڕۆژكه‌م، پێش كه‌رنه‌ڤاڵى راگه‌یاندنى پروپاگه‌نده‌ى لیستى كوردستانى یه‌كێتى وپارتى به‌لۆگۆى (ئه‌سپێكى عه‌ره‌بى ره‌سه‌نه‌) وه‌ له‌یاریگاى (فرانسۆ هه‌ریرى) كه‌له‌پێش 31 ئابى 1996 به‌هه‌فته‌یه‌ك له‌میدیاكانه‌وه‌ به‌ئاشكراو بێ په‌رده‌ گوتى (ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆوه‌رگرتنه‌وى هه‌ولێر ده‌ست بخه‌ینه‌ ده‌ستى شه‌یتانه‌وه‌) زۆر راستى كردو ده‌ستیان خسته‌ ده‌ستى له‌شه‌یتان پێشتره‌وه‌ وبه‌پێشره‌وى و چاوساغى ئه‌وان تانك وزریپۆشه‌كانى ڕژێم هێزانه‌ به‌رده‌م ئه‌و ته‌لارى په‌رله‌مانه‌ى كه‌ئێستا به‌هه‌ردووكیان به‌یه‌ك لیست پڕى ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌دواتریش ده‌یانوت چه‌ند ساڵه‌ ڕژێم كورد ده‌كات به‌جاش ئه‌مجاره‌ ئێمه‌ ئه‌وانمان كرد به‌جاش....."""به‌راستى هه‌ولێر شارێكى دێرینى مێژووییه‌و هه‌موو رووداوه‌ مێژووییه‌كان وه‌ك تاقیگه‌ كاره‌سات بارو گاڵته‌جاره‌كان تیایدا ده‌بینرێت ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌چاوى خۆى هێزه‌كانى رژێمى یان دى كه‌ جارێكتر هه‌موو كوچه‌و كۆڵانه‌كانى یان داگیر كردووه‌، ئاواش به‌ئاسانى گاڵته‌جارییه‌كه‌شیان بینى كه‌ چۆن جلال تاڵه‌بانى و سه‌رانى یه‌كێتى (حازر خۆرى به‌رسێبه‌ره‌كان) ده‌ینه‌خشێنن و ده‌ست ده‌خه‌نه‌ ناوده‌ستى خیانه‌تكاره‌وه‌ دواى ئه‌و هه‌موو خیانه‌ت و تاوانانه‌ى ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه ‌و پارتى له‌ به‌رامبه‌ر دۆزى كوردایه‌تى و رزگارى نه‌ته‌واتیدا كردوویانه ‌و هه‌ربه‌رده‌وامن.
من لێره‌دا نامه‌وێ بگه‌رێمه‌وه‌ بۆ ساڵانى زۆر پێش ئێستا، به‌ڵكو ئه‌و مێژووه‌ ناپاكه‌ى بنه‌ماڵه‌ له‌ساڵى 1975 وه‌ ئاماژه‌ پێده‌كه‌م، كه ‌باوكى ره‌حمه‌تى مه‌سعود به‌هۆى ڕێكه‌وتننامه‌ى جه‌زائیر له‌ئازارى 1975 دا له‌نێوان ئێران وعیراقدا و په‌شیمان بوونه‌وه‌ى (شا)ى ئێران له ‌یارمه‌تیدانى شۆرشى كوردستان به‌پێى ئه‌و ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ (چونكه‌ هه‌میشه‌ كورد له‌عیراقدا وه‌ره‌قه‌ى فشار بووه‌ بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى سنور و كه‌نداو نه‌وت و....... هتد له‌نێوان ئه‌م دوو وولاته‌دا) ئاشبه‌تاڵى به‌شۆرشێكى چوارده‌ساڵه‌ كرد، لاى ئێمه‌ شۆرش بوو، به‌ڵام له‌راستیدا (مێژوو بۆى ده‌رخستین ) كه‌ته‌نها هاوپه‌یمانییه‌كى ژێر به‌ژێرى نێوان مه‌لا مسته‌فا و (شا)ى ئیران بوو، ئینسانى كورد گیانى به‌خت كرد و كوردستان وێران كرا و فرۆكه ‌و چه‌كى ڕژێمى عیراق له‌برى ده‌سه‌لاتى شاهانشاهى ئیران ئێمه‌یان كرد به‌گژ ده‌سه‌لاتى عیراقدا.
هه‌ر به‌پێى ئه‌و ڕیكه‌وتننامه‌یه‌ له‌ماوه‌یه‌كى زۆركه‌مداو به‌به‌رچاوى خه‌ڵكه‌وه‌ ئیسگه‌ و تۆپ وچه‌كه‌كانییان وه‌رگرته‌وه‌، چونكه‌ كاره‌كانییان ته‌واو بوو حكومه‌تى ئیران، سه‌دامى ناچار كرد بوو كه‌ ملكه‌چى داخوازییه‌كانى بێت، به‌مه‌رجێك یارمه‌تى كورد نه‌دات، بۆیه‌ له‌چاوتروكاندنێكدا كوردستان چۆڵ كرا و ساواكى ئیرانى و سیخورو هێزه‌كانى ڕژێمى عیراق بوونه‌ میراتگرى هێزى پێشمه‌رگه‌ و راكردنى خۆیان و پیاوه‌كانیشیان بۆلاى (شا)، دواتریش پاساوهێنانه‌وه‌ بۆ ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ گوایه‌ (پیلانى نێوده‌ڵه‌تى) و (كورد دۆستى نییه‌) و.....هتد گوێچكه‌مان پڕبووه‌ له‌م جۆره‌ بیانووه‌ به‌تالانه‌
هه‌ر له‌دواى ئاشبه‌تاڵ و ئاشكرابوونى هه‌ندێك له‌ ریزه‌كانى كۆمه‌ڵه‌ و گرتن و راوه‌ دونانیان له‌لایه‌ن ڕژێمه‌وه‌ و ‌سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى شۆرشى نوێ ، ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ كێچ كه‌وته‌ كه‌وڵیان، چۆن ئه‌بێ بزوتنه‌وه‌یه‌ك له‌كوردستاندا به‌ بێ ئه‌وان به‌ڕێوه‌بچێت بۆیه‌ ئیدریس بارزانى برا گه‌وره‌ى مه‌سعود ووته‌یه‌كى مێژوویى به‌نرخى دابوو ، كه‌ ده‌ڵێت (گه‌ر شۆرشمان پێنه‌كرێت، شۆرشمان پێ تێكده‌درێت ) ئیتر ئه‌مه‌ بووه‌ دروشمى فه‌رمى سیاسى و سه‌ربازى پارتى به‌ پێشره‌وایه‌تى كوڕانى بنه‌ماڵه‌.. له‌گه‌ڵ كۆكردنه‌وه‌ و ڕێكخستنه‌وه‌ى ڕیزه‌كانى كۆمه‌ڵه ‌و پێكهێنانى (ى .ن .ك ) له ‌ده‌ره‌وه‌ى ووڵات و چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، كه‌وتنه‌ پلاندانان و تێكدانى شۆرش یه‌كه‌م هه‌نگاویان به‌ناردنه‌وه‌ى (تحسین شاوه‌یس) ده‌ستی پێکرد بۆ لاى ڕژێم وك ۆكردنه‌وه‌ى هێز ده‌ستپێكرد كه‌وتنه‌ راودونان و شه‌هیدكردن و گرتنى كادره‌ پێشكه‌وتوه‌كانى كۆمه‌ڵه‌ به‌تایبه‌تى و یه‌كێتى به‌گشتى و زیاتریش له‌ناوچه‌كانى قه‌ره‌داغ به‌به‌رده‌وامى به‌كۆپته‌ر و هێزه‌وه‌ هێرشییان ده‌كرد، به‌ڵگه‌ى ئه‌مه‌ش شه‌هیدكردنى ئارامى سه‌ركرده‌ كه‌ (سكرتێرى كۆمه‌ڵه‌ى ماركس-لینى و ئه‌ندامى مه‌كته‌ب سیاسى یه‌كێتى بوو) به‌برى (200) دینار بۆ خۆیان و (20-30) دیناریش بۆ جاشه‌كانیان، هه‌ر برى پاره‌ى وه‌رگیراویان ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ جاشى پاره‌ نه‌بوون، به‌ڵكو جاشى سیاسه‌تى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى بوون، هه‌روه‌ها به‌ڵگه‌یه‌كى تریش بۆ په‌یوه‌ندى تحسین شاوه‌یس به‌و بنه‌ماڵه‌یه‌وه‌، لاواندنه‌وه‌كه‌ى مه‌سعود كه‌ كاتێك تحسین خۆى و كوره‌كه‌ى ده‌كوژرێن له‌ دوكان له ‌هێرشكردنه‌وه‌یان بۆ گرتنه‌وه‌ى سوله‌یمانى ووتبوى (به‌شه‌هید بوونى تحسین پشتم شكاو ئێستا كاكه‌ ئیدریسم جوانه‌ مه‌رگ بوو).
له ‌هه‌مان ساڵدا كاره‌ساتى هه‌كارى روویدا كه‌ كاتى خۆى نه‌وشیروان مسته‌فا به ‌دور و درێژى له‌نامیلكه‌یدا ده‌یگێرێته‌وه‌، كه‌چۆن چه‌كداره‌كانى پارتى و بنه‌ماڵه‌ به‌هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ  (میت) ى توركى له ‌دۆڵێكدا و له‌كاتى حه‌وانه‌وه‌ دا له‌ ناوچه‌ى هه‌ركارى هێرشییان كردۆته‌ سه‌ر ئه‌و هێزه‌و چۆن قه‌لاچۆیان كردوون، چۆن (سامى عبالرحمن) شه‌هید على عسكرى و دكتۆر خالید و حسێن بابه‌ شێخ ده‌كرێت و به‌دروشمه‌كه‌ى ملا مسته‌فاوه‌ كه‌ووتویه‌تى (پیاوى مه‌زن ده‌بێت به‌چه‌كى مه‌زن بكوژرێت) و به‌ئاربیجى به‌ده‌ستى خۆى شه‌هیدییان ده‌كات و هه‌رچى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ش كه‌ هه‌وڵى ده‌ربازبوون ده‌ده‌ن به‌هۆى نه‌شاره‌زاییان له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ رێی جاشه‌كانه‌وه‌ ته‌سلیم به‌ده‌زگاكانى ڕژێمى عیراقیان ده‌كه‌نه‌وه‌ (ئا ئێستا هه‌ندێك له‌و پێشمه‌رگانه‌ به‌ڕێكه‌وت له‌ژیاندا ماون و شایه‌تحاڵى ئه‌و كاره‌ساته‌ن).
ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ بۆ یه‌ك چركه‌ له‌ تۆماركردنى هه‌ڵوێستى خیانه‌تكارى نه‌وه‌ستاون و له ‌هه‌موو ناوچه‌كانى كوردستاندا هه‌میشه‌ له‌كاردا بوون، تا له‌ رۆژهه‌لاتى كوردستان به‌هه‌مان شێوه‌ بوونه‌ چاوساغ و پێشره‌وى سوپاى پاسدارانى كۆمارى ئیسلامى بۆ داگیركردنه‌وه‌ى كوردستان و راوه‌دونانى هێزه‌كانى ئۆبۆزیسیۆنى ده‌سه‌ڵات له‌ ئیراندا، كه ‌له‌ سه‌رده‌مى راپه‌رینه‌ سه‌ر تاسه‌رییه‌كانى خه‌ڵكى ئیراندا ئه‌وانیش كوردستانیان رزگار كردبوو.....
شایه‌تحاڵێك گێرایه‌وه‌ ووتى: كه‌ ته‌رمه‌كه‌ى ملا مسته‌فایان هێنایه‌وه‌ وا به‌نیازبوون به ‌ئۆتۆمبێل و به‌ پێ به‌ناو رۆژهه‌ڵاتى كوردستاندا بیهێننه‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى‌ خه‌ڵكه‌ داخ له‌دڵه‌كه‌ى ئه‌وێ هه‌ره‌شه‌یان كردبوو گه‌ر بێت و به‌كوردستاندا تێپه‌ر بێت ده‌یده‌نه‌ به‌ر به‌رد و خه‌ڵكه‌كه‌شى ریسوا ده‌كه‌ن، بۆیه‌ به‌ناچارى به‌فرۆكه‌ هێنایانه‌وه‌ تا سه‌ر سنور.
خاڵه‌ ره‌شه‌ مێژوویى و تاوانه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆرن لێره‌دا جێى باسكردنییان نابێته‌وه‌ وێراى ئه‌وه‌ى كه ‌زۆربه‌ى زۆرى خه‌ڵك ئه‌مانه‌ هه‌مووى ده‌زانن  و ئاگادریشن ، به‌ڵام ئه‌م نووسینه‌ ته‌نها بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌، كه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانى یه‌كێتى و ئه‌و كه‌سه ‌نامه‌بده‌ئى و مشه‌خۆرانه‌ى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى تاكه‌ كه‌سى و پله‌ و پایه‌ ده‌یانه‌وێت بیر خۆیانى به‌رنه‌وه‌ و به‌چه‌ندین پاساوى كرچ وكاڵ خه‌ڵكى پێ بێده‌نگ بكه‌ن....
له‌وانه‌یه‌ بڵێن نووسه‌رى ئه‌م چه‌ند دێره‌ دوژمنى ئاشتیه‌ و ئاره‌زوى شه‌رى ناوخۆده‌كات (چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ قسه ‌و باسانه‌ و به‌درۆخستنه‌وه‌ى راستیه‌كان ئێستا بوه‌ به‌باو به‌مه‌به‌ستى چه‌واشه‌كرنى خه‌ڵك) برواتان بێت من هه‌رگیز له‌گه‌ڵ هیچ جۆره‌ شه‌ر و توندو تیژییه‌كدانیم و به‌تایبه‌تى شه‌رى ناخۆ یه‌كێك بووم له‌و چه‌ندین كه‌سانه‌ى كه ‌به‌ره‌نگارى ئه‌و شه‌ره‌ بوینه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵوێستى جدیمان بووه‌ بۆراگرتنى چونكه‌ جگه‌له‌ كوشتن وگرتن ومالأ وێرانى خه‌ڵك كه‌ تائێستا ئاسه‌واره‌كانى هه‌ر ماون بووه‌ هۆى له‌ده‌ستدانى به‌شێكى زۆر له‌ده‌سكه‌وته‌كانى راپه‌رین، و هه‌میشه‌ له‌وبروایه‌داین كه‌ هه‌رگیز شه‌ر و توندوتیژى چاره‌سه‌رى كێشه‌كان ناكات....
له‌ دنیاى سیاسه‌تدا ته‌نها دووجه‌مسه‌ر نیه‌، شه‌ركردن یان ته‌سلیم بوون به‌لایه‌نێك هه‌رگیز وانیه‌، ئه‌و ته‌نها بیروبۆچوونى ئه‌م دوو حزبى ده‌سه‌لاته‌ى لاى ئێمه‌یه‌ یان شه‌ر ده‌كه‌ن یان ته‌سلیم به‌خیانه‌تكاران ده‌بن كاتێك هه‌ست به‌لاوازى و له‌ده‌ستدانى ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا یه‌كێتى ده‌یكات، له‌ریێ هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ پارتیدا و دابه‌زینیان به‌یه‌ك لیست وریزكردنى پاڵێوراوانى یه‌كێتى له‌گه‌ڵ پاڵێوراوانى بنه‌ماڵه‌ى خیانه‌تكار، ئه‌مه‌ بۆخۆى ناحه‌قیه‌كه‌ به‌خوێنى شه‌هیدان وئه‌نفال وگشت كۆمه‌ڵكوژییه‌كانى كه‌ ئه‌م گه‌له‌ مه‌ینه‌ت باره‌ به‌درێژایى ده‌یان ساڵ رووبه‌رووى بونه‌وه‌، كاتیك جلال تاڵه‌بانى له‌و كه‌رنه‌ڤاڵه‌دا به‌شان و باڵى مسعودى تاوانباردا هه‌ڵئه‌دات و ده‌ڵێت (كاكه‌ مه‌سعود هه‌ر له‌مناڵیه‌وه‌ كه‌سێكى خه‌باتكار و كورد په‌روه‌رێكى چالاك و پێشمه‌رگه‌یه‌كى به‌ ئه‌مه‌ک بووه ‌و ئێستاش سیاسه‌تمدارێكى لێهاتوو دیبلۆماتێكى بى هاوتایه‌ .... هتد بۆیه‌ ئێمه‌ كاندیدى ده‌كه‌ین بۆ سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و داوا له‌كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان ده‌كه‌م ده‌نگى بده‌نێ...)

كه‌سوكارى شه‌هیدانى رێگاى رزگارى ئازادى
پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان
ئه‌ندامانى رێكخستنه‌ دێرینه‌كانى كۆمه‌ڵه‌ به‌تایبه‌تى ویه‌كێتى به‌گشتى
ئه‌ى ئه‌و كۆمه‌لانى خه‌ڵكى كوردستانه‌ى داواتان لێ ده‌كرێت، ده‌نگ به‌خیانه‌ت بده‌ن، ئاگاداربن بۆ به‌رژه‌وه‌ندى تاكه‌ كه‌سى وده‌سه‌ڵاتى خۆیان ده‌یانه‌وێت ئێوه‌ش به‌شداریكه‌ن له‌و خیانه‌تانه‌دا . له‌ئیسلامدا ده‌ڵێن: (السكوت عن الحق، شیطان اخرس) واته‌ ئه‌و كه‌سه‌ى له‌به‌رامبه‌ر راستیدا بێده‌نگ بێت شه‌یتانێكى لاڵه‌، به‌ڵام من ده‌ڵێم هه‌ر كه‌سێك له‌به‌رامبه‌ر خیانه‌تكاردا بێ هه‌ڵوێست بێت خیانه‌تكاره‌.

*زانیارییه‌كانى سه‌باره‌ت به‌ئاشبه‌تاڵ له‌راپۆرتى تایبه‌ت ژماره‌ (215) كیپ ماكلا خلان وجورج جوفیه ئاماده‌یان كردووه‌و له‌كتێبى (حرب الخلج دراسه للقضایا السیاسه‌ والعواقب الاقتصادیه) وه‌رگێراوه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە