بەرگریەك لەئازادى ..! "ئازادى چەند گوناهى هەزاران تاوان بەناوتەوە دەكرێت"

Monday, 01/03/2010, 12:00

1286 بینراوە


ماوەى (18)ساڵە بزوتنەوەى كوردایەتى بەجۆرەها شێوە ئازادى مرۆڤەكان پێشێل دەكات .. شتێك نەمانەیكەن، ڕێگرى كردن لەخۆپیشاندانى ڕەواى خەڵكى بۆباشكردنى ژیان ، تەقەكردن لەداخوازیە بەرهەقەكانى هاوڵاتیان.. هێنانى هەژارى و بێكارى لەڕادەبەدەرو بردنى سامانى ووڵات و داخستنى هەرچى بڵاوكراوەیەك كەبۆنى ئازادى لێ هاتبێت و سوكایەتى كردن بەنووسەران و ئازادى خوازان و دروستكردنى چەندین تۆمەتى ناڕەواى ، وەك تابورى پێنج و ئاژاوەگێڕ ... هتد.
سیماى دیارى ئەم بزوتنەوەیە بووە بۆدەنگى ئازادى ، هەربەوەشەوە نەوەستاون ، شەڕى ناوخۆیان هەڵگیرسان و هەرچى بەهائینسانیەكان هەبوو خستیانە ژێر ئاگرى چەكەكانیانەوە، هەر لەدیل كوشتن و ماڵ داگیركردن و ئەتككردن و دەربەدەركردنى هەزاران لەلایەنگیرانى یەكترى بردنى قوتى ژیانیان .. لەماوەى ڕابوردودا ئەوە كارنامەى حیزبەكانى بزوتنەوەى كوردایەتى بووە بۆ خەڵكى كوردستان . كاتێك كەسێك ڕەخنەى لەوكارە دزێوانەى ئەوان گرتبێت و پێى وتبێتن ئەوەى ئێوە دەیكەن سوكایەتیە بەپیرۆزیەكانى ئینسان یەكسەر دەكەوتنە هەڵڕشتنى كۆمەڵێك بوهتانى بێ بنەماو دوور لەڕاستى ، نموونەى بوهتانى ئاغایانى كوردایەتى ، پار ئاغاى بەرزانى بەرامبەر بەڕەخنەى نووسەران ووتى (جاران جاشایەتى بەچەك دەكرا ئێستا بەقەڵەم دەكرێت). پێشتریش ئاغاى تاڵەبانى و لەكاتى هەڵبژاردنى پێشوى عێراق ووتى (ئەوەى بەشدارى دەنگدان ناكات بەترانە) . ئەم دوو ئاغایەى كوردایەتى بەڕاست و چەپدا سوكایەتى بەئازادى خوازان و خەڵكى كوردستان دەكەن و نابێت كەس پێیان بڵێت بەرى چاوتان برۆیە و ئەوان ئازادن چۆن سامانى ووڵات تاڵان دەكەن و كوڕەكانیان دەكەن بەمێردەزمەى سەرشانى هاوڵاتیان و ئەوانیش پارەى ئارەق و ماندووبوونى هاوڵاتیان بەئاهەنگەكانیان تەخشان وپەخشان دەكەن ، وەك ئەوەى ئەم ووڵاتە تەنها موڵكى ئەوان بێت . كاتێك پێیان دەوترێت مافى ئەوەتان نییە بەئارەزووى خۆتان سامانى ووڵات بەهەدەر بەرن لەپێناوى بەرژەوەندى تاییبەتى خۆتان و مۆدێلى حوكمى شاخ بەسەر چوو ، مۆدێلى بێ دەنگى بەسەر چوو ، بۆپاساو هێنانەوە بۆ گەندەڵیەكانیان دەڵێن ئێمە پێشمەرگەین (ببورن ڕێزم هەیە بۆ پێشمەرگەى ڕاستەقینە ، چونكە ئەوان ئێستاش دواى ئەو هەموو خەبات و ماندوو بوونەیان لەپێناو ئازادیەكانى خەڵكى كوردستان ڕێزى شایستەى خۆیان لێ نەنراوەو ژیانێكى شایستەیان بۆدابین نەكراوە ، بەڵكو لەلایەن ئەم دوو ئاغایەو كوڕەكانیانەوە زۆرجار دووچارى سوكایەتى پێكردن بوونەتەوە) ، بەكەسێك دەوترێت پێشمەرگە ، كەگیانى لەسەر دەست بێت لەپێناو ئازادى و ڕزگارى میللەتەكەى كەنەگەیشتوە بەئازادى ، نەك ئەوانەى ئێستە بەناوى پێشمەرگەوە بەرگرى لەگەندەڵى ئاغا دەسەڵات دارەكان دەكەن ، دڵنیام پێشمەرگەى ڕاستەقینە ئەم ڕاستیە باش دەزانن . دڵنیام ئەوەى ئاغاى بەرزانى پێ دەڵێت پێشمەرگە جگە لەكۆمەڵێك میلیشیاى پارێزەرى مافەكانى ئەوان و بەرگرى كردن لەگەندەڵى و بردنى سامانى ووڵات هیچ ناوێكى تریان نى یە ، پێشمەرگە كەى تەقەى لەهاونیشتمانیانى خۆى كردوە ؟ پێشمەرگە كەى سامانى ووڵاتى داگیركردوە ؟ پێشمەرگە كەى داگیركەرانى هێناوەتە سەرنیشتمانەكەى خۆى ؟ هەربۆیە نووسەر پەڕلەمانتار عەدنان عوسمان واتەنى ئەوانە میلیشیان و هیچ هەڵەیەكى نەكردووە ، بەڵكو حەقیقەتى دركاندووە ، كەبەهێزەكانى پارێزەرى تاڵەبانى و بەرزانى دەڵێت میلیشیا . ئاغای بەرزانى بیرى چوو ئەگەر یاسا هەبێت ، ئەوە دەبێت ئەو پارێزەرى بێت ، چونكە ئەو سەرۆكى هەرێمە ، نەك فتواى دەركردنى كەسێك بدات كەحەسانەى پەڕلەمانى هەیە .
عەدنان عوسمان خیانەتى لەخەڵكى كوردستان نەكردووە ، بەڵكو پەڕلەمانى كردە مینبەرى داكۆكى كردن لەمافەكانى هاوڵاتیان و ئاشكراكردنى ئەو گەندەڵیەى كەهەردوو بنەماڵە دەیانەوێت بۆچەندساڵێكى تریش سامانى ووڵات بەتاڵان بەرن و كۆشك تەلارو ئاهەنگى كوڕەكانیانى پێ بڕازێننەوە ، بۆیەئەگەر لەسەر خیانەت كەسێك مافى نەبێت لەم ووڵاتە بژى ئەوە ئەوانەن چەندین جار داگیركەرانیان هێناوەتە سەرخەڵكى كوردستان ، دەبێت میللەت دادگاییان بكات ، نەك فتواى ئازادى خوازان و داكۆكى كاران لەفى هاوڵاتیان بدەن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە