لە وڵاتێکدا ڕق بەرهەم بهێنرێت خۆشەویستی جێگای تێدا نابێتەوە!

Sunday, 20/10/2013, 12:00

2212 بینراوە


سوتاندنی پەیکەری خۆشەویستی لە ١٣/١٠/ ٢٠١٣ ە دا لە پارکی ئازادی و، دوو ڕۆژ دواتر شکاندنی کێلی گۆڕی شاعیری مەزن شێرکۆ بێکەس، ئاماژەیەکی ترسناکە بۆ ئاستی فەرهەنگ و کەلتوری سیاسی خودی دەسەڵات و ئەو حیزبە سیاسیانەی کە لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستاندا، کۆی هێز و ئیرادەی تاکی کۆمەڵگایان قۆرخ کردوە. کۆمەڵگا گەر خۆی وەک خۆی ببینرێت و پارتە سیاسیەکانی لێ وەدەر نرێت، جۆرێک لە سورشت بونی کۆمەڵگا دەبینرێت لە ئاستە جیاجیاکانی کۆی کەلتور و فەرهەنگە تایبەتیەکەی کە هەیەتی. لێرەدا، کاتێک پارتی سیاسی، هەریەکە و بەپێی ئایدۆلۆژیا و بەرژەوەندیەکی تایبەتی خۆیەوە، خۆی دەخزێنێتە نێو جومگەکانی کۆمەڵگاوە، کارلێکردن دادەنێت لە نێو ئەو فەرهەنگ و کەلتورەی کە کۆمەڵگا خۆی هەیەتی و هەڵگریەتی، کۆمەلگا پیکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیە لە نێو پەیوەندیە خێزانی و بونەوەریە مرۆڤانەیەکەیدا، کە هەریەرکە و تایبەت مەندی خۆی هەیە، بەڵام کاتێک، تێکەڵاویەکان دەگۆڕێت بەپێی بەرژەوەندیە تایبەتیە سیاسیەکانی حیزبەکان، لێرەوە کۆی خۆشەویستیە سروشتیەکە ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و لە جێگایدا بە ناڕاستەوخۆ کێبەرکێیەکی ڕقاوی جێگای خۆشەویستیە سروشتیەکە دەگرێتەوە.
میژوی دەسەڵاتدارێتی ئەحزابی کوردی لە ماوەی ئەم ٢٢ و ساڵەی دەسەڵاتیاندا، هێندەی بەرهەمهێنەری ڕق بوون لە نێو تاکەکانی نێو خێزانێک تا دەگات بە خودی کۆمەڵگا، بەرهەمهێنەری خۆشەویستی و بردنە سەری ئازادیەکانی تاک و کۆمەڵگا نەبوون. سوتاندنی ئەو پەیکەرە و شکاندنی کێلی گۆڕی شاعیری کۆچ کردوو،شێرکۆ بێکەس، هێمایەکی تاریکن، بۆ نێو خودی کارکردی ئایدۆلۆژیا سیاسیەکانی حیزبەکان خۆیان، ئەوان چ بەرەی ناسیۆنالیستی بن یان بەرەی ئیسلامی سیاسی، پێکهاتەیەکن بەڕاستی، تەواو دژ بە خواستە ڕەواکانی ماناکانی خۆشەویستی و جوانین. ئاخۆ کەسایەتیەکی وەک شێرکۆ بێکەس، دەبێت لە ژیانیدا چ سلبیاتێک و ناشیرین کردنێکی بەرهەم هێنابێت کە وای لێ بکرێت لە گۆرەکەیشیدا نەهێڵن ئارام بێت؟ ئاخۆ ئەو دەستانە کێن و تۆ بڵێی لەدەرەوەی سنورەکانی کوردستانەوە هاتبن تا ئەو دوو هێمایە بسوتێنن و تێکی بشکێنن؟ یان تەواوی ئەو مرۆڤە ڕق هەڵگرانە(لەنێو خاکی کوردستاندان و) بەرهەمی ئەو کارە نامرۆڤانەیەن کە چی تر خوازیاری ئەوە نین کۆمەڵگا هەنگاوێک بنێت ڕوەو تیگەیشتن لە ماناکانی جوانی و خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکان.
٢٢ سال، مێژویەکی هێند کەم نیە گەر ئیرادەی سیاسی دەسەڵاتی کوردی بیخواستایە کە کۆی جومگەکانی کۆمەڵگا بەرەو ئاسۆیەکی پرشنگدار بگۆڕێت و، ڕزگاری بکات لەو تۆوە ناپاکەی کە پێشتر تێیدا ڕوێنرابوو. بەڵام هۆکار چیە وا ئەو دەسەڵات و حیزبانە نایەن بەرەو ئەو هەنگاوە کار بکەن؟ بێگومان کاتێک ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگا بڕواتە سەرەوە، هەر لەو ساتانەشدا ئەو بەرژەوەندیە تەسک بینانە بە چۆکدا دێن کە تەنها خواستیان گیرفان پڕکردن و بە کۆیلەکردنی کۆمەڵگایان لە هەگبەدا، هەیە. ئەم هۆکارە یەکێکە لەو هۆکارە گرنگانەی تا ئێستا دەستی خستۆتە نێو هزری تاکی کۆمەڵگای کوردیەوە و نایەوێت ڕێگا بدات هەناسەیەک هەڵبکێشێت، کە بۆن و بەرامەی خۆشەویستی لێوە بێت. ئاخر لە کۆمەڵگایەکدا سوتاندن و کوشتنی ژنان کرابێت بەکارێکی هەر ساتە، کوا دەتوانرێت لە ماناکانی خۆشەویستی هەڵوێستەیەک بکرێت، لەبەرچی مرۆڤ لە پێناو خۆشەویستیدا بکوژرێت؟ لە نێو سیاسەتی بەرژەوەند خوازی چینێکی مافیایی بەکرێگیراو لە عێراق و کوردستاندا ڕۆژانە دەیان سەیارە و مرۆڤی دڕندە ئامادە بن خۆیان بتەقێننەوە و خەڵکی سیڤیل بکەنە ئامانج، کوا ساتێک دەست دەکەوێت بۆئەوەی بیر لە خۆشەویستی و ماناکانی ئازادی بکرێتەوە؟ لێرەدا تەنها ڕق بەرهەم دەهێنرێت.
خۆشەویستی بەمانای جوانی دێت، بەڵام لە کۆمەڵگای عێراق و کوردستان و زۆرترین، وڵاتانێک کە هەڵگری چەمکی ئیسلامیین، ئەمە بەمانای ناشیرین کردنی کۆمەلگا دێت و بە پێچەوانەوە، سەر بڕینی مرۆڤ و لە جەژنەکاندا سەربڕینی هەزاران ئاژەڵ بەبەرچاوی منداڵ و کۆمەلگاوە، بەمانای جوانی و خێرو بەرەکەت دەبەخشرێتەوە، ئاخۆ لێرەدا کام فەلسەفەی مرۆڤ دۆستی و ئەستاتیکای جوانی و خۆشەویستی، دەتوانێت جێگای خۆی بکاتەوە لەنێو ئاوا جەنگەڵستانێکدا؟
خۆشەویستی تەنها جوانیەکە، دەتوانێت کۆمەڵگا بخاتە سەر ڕێڕەوی هەنگاو نان بەرەو پێشەوە، نەک بە حیجاب کردنی ژنان و لەیەکتر ترازانی پەیوەندی نێوان نێر و مێ، کە دەتوانێت تەنها ڕق و تۆڵەسەندنەوە بە شوێن خۆیدا بهێنێت. گەر دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا لە خزمەت کۆمەلگادا بوایە، حەتمەن کاری تەواوی دەکرد بۆ ڕزگار کردنی کۆمەلگا لەو کۆ کەپتەی تێیدا دەخولێتەوە، ئاخر کۆمەڵگای ئێمە لە کامە لایەنی فەلسەفەی جوانی و خۆسەویستیدا توشی کەپت کردن، نەکراوە؟ نابێت بزانرێت هۆکارەکانی چین و کێن ئەوانەی هەمیشە پارێزگاری لە مانەوەی ئەو بە کەپت بونە دەکەن. ئاخۆ گەر دەسەڵاتی هەردوو حیزبی گەورە، دیموکراس خواز و خۆیان واتەنی مەدەنی بوایەن، ئەو کۆ ڕەشە کوژیەیی ژنان لەماوەی تەمەنی دەسەڵاتی ئەواندا دەبوون و، جێبەجێ دەکران لەلایەن عەقڵیەتی ژەنگ گرتوی پیاوسالاری کۆنەپەرستانەوە؟ کەواتە لێرەدا دەبێت تەنها گللەی لە دەسەڵات بکەین و ئەو بکەین بە هۆکاری کۆی ناشیرین کردنەکانی هێما جوانەکان لە نێو کۆمەڵگادا.
خۆشەویستی گەر نەبێت، ئەوا تەنها جەنگەڵستانی نێر سالاری دڕندەکان بوونی دەبێت، ئەمەش بەمانای کرانەوەی دەرگای جەهەنەمی هەمیشەیی لە نێو کۆمەڵگادا دەگەیەنێت. بچوکن ئەو لایەن و دەستانەی کە پەنایان برد بۆ سوتاندنی پەیکەری خۆشەویستی و تێک دانی کێلی گۆڕی شاعیری مەزن شێرکۆ بێکەس، چونکە شێرکۆ بێکەس دەریایەک بوو لە داهێنان و ماناکانی خۆشەویستی، بۆیە ئەو تا ئەبەد زیندوە و خۆشەویستان و عاشقانیش تا ئەبەد دەتوانن تەنها فەلسەفەی جوان دۆستی و یەکسانی و ئازادی ببەخشنەوە و، بەرهەمی بهێنن. جوانترین دەسەڵات ئەو دەسەڵاتەیە کە پەروەردەی خۆشەویستی و ئازادی و یەکسانی لە نێو مرۆڤەکاندا دەڕوێنێت، نەک ڕق بخاتە جێگای کۆی جوانیەکان کە مرۆڤ خۆی بەرهەم هێنەریەتی. ئازادی و یەکسانی دوا خواستێکە کە دەتوانێت کۆتایی بەو دەست و هزرانە بهێنێت کە تەنها چەوساندنەوە و ڕقیان پێیە بۆ کۆمەڵگا. خۆشەویستی و پەیکەری خۆشەویستی هەمیشە بەسەرکەوتووی دەمێنێتەوە، چونکە مرۆڤی خاوەن هزری مەزن هێشتا بونی هەیە لەنێو کۆمەلگای ئێمەدا.
تاهیر حاجی حەسەن
٢٠/١٠/٢٠١٣

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە