کۆمیتەی بەلجیکا ی حیزبی دیموکرات لە ناوەندی ئەوروپادا نەریتە دزێوەکان بەرجەستە دەکاتەوە

Sunday, 02/02/2014, 12:00

1623 بینراوە






دەسەڵاتی کوردی و حیزبەکانی دەسەڵات لە باشوری کوردستان دا گەلێك نەریتی دزێوی هێناوەتە ژیانی ئاسایی و سیاسی خەڵکی کوردستانەوە ، ئەو نەریتانەی هەندێك بە ئاسایی و بەشێك لە کولتوری کۆمەڵگای دادەنێن و بەشێکی زۆریش لە خەڵکی کوردستان لێی بێزارن و بە نزمی و قیزەون تێی دەروانن، نمونەی ئەوانە پیاو پیاوێنە و خۆ بە جیاواز و بەرزتر گرتن لە کۆمەڵانی خەڵک و مامەڵەی تایبەت لەگەڵ هەندێك کەسان کە لە ناوەرۆك دا لە بەتاڵ ترین تاکەکانی کۆمەڵگان و تەنها و تەنها بە هۆی خۆ بردنە پێشەوە و بێدەنگی بەرامبەر بە تاوان و پێشێلیەکانی حیزب و دەسەڵاتی کوردی جۆرە کەسایەتیەکی وەهمیان لە وجودی خۆیان دا دروست کردووە.
دیارە ئەو جۆرە کەسانە لە ناو خێڵەکیەکانی کوردستان دا و لە کۆمەڵگای پیاوسالاری و حیزب سالاری دا بۆتە دیاردەیەکی ئاسایی. ئەوەش بە هۆی رۆژانە دوبارە و چەند بارە بونەوەی فەزیحەتەکان و بە هۆی کێشە زۆر گەورەکانی تر ئیتر هێندە باس لەو دیاردانە ناکرێت و بەداخەوە بۆتە بەشێك لە ژیانی کۆمەڵگا .
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە هەندێك لایەن و پارتی دێرینی وەکو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وەك ئەوەی لە زۆر بۆنەدا و ئەمڕۆ بە بەرواری ١ی فێبریوەری ٢٠١٤ لە شاری لۆڤنی بەلجیکا ئاهەنگی یادی دامەزراندنی کۆماری کوردستانیان گێرا بانگهێشتی گوایە فەرمی بۆ نوێنەرانی پارتی و یەکیتی و نوینەرایەتی حکومەتی هەرێم کردبوو . دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێم و مەسینە هەڵگری بنەماڵە کە خۆی لە ئاستی ئەوان زۆر بەرز تر دەبینێت ئامادەی ئاهەنگە نەبوو. بەڵکو زانای هەڵۆی ئەحە سمێڵی جەرمەگایی کە ناوی لە خۆی ناوە (زانا کوردە) لە بری خۆی ناردبوو .
ئەو نوێنەرانەش ئەگەرچی بەرپرسانی یەکە حیزبیەکانی شار و وڵاتانن لە تاراوگە بە لاسایی مەیمونی لە بەرپرسانی ناوخۆی هەرێم کردویانەتە نەریت لە کاتی سەردانەکانیان بۆ ئاهەنگەکان چەند کەسانێکی نەفسیەت نزم یان خزم و بنەماڵەیان دەخەنە دوای خۆیان و هەوڵ دەدەن خۆیان وەکو بەرپرسانی گرنگ بەرجەستە بکەن. دیارە ئەو دیاردەیە لە ناو خۆدی ئەو حیزبانەدا هیندە ئاسایی بۆتەوە کە ئیتر بۆتە مۆرکی ئەو حیزب و لایەنانە و ئەوەش وا دەکات کە کارگێرانی بەلجیکای حیزبی دیموکرات ئەم رەفتارە نزمەیان بە گەورەیی دابنێن و وێڕای ئەوەی لە ریزەکانی پێشەوەدا کورسی و مێزی تایبەتیان بۆ دادەنێن و لە میوانە ئاساییەکان جیایان دەکەنەوە و زیاتر رێزیان لێ دەگرن و خزمەتی تایبەتیان دەکەن و بێگومان پارەی چونە ژورەوەشیان لی وەرناگیردرێت . ئەمە لە کاتێك دا زۆر لە رەوەندی کوردی لەبەر نەبونی پارەی هاتنە ژورەوە کە بۆ زۆر کەس نرخێکی بەرز بوو (پانزە ئێرۆ بە بێ خواردن و خواردنەوە کە نرخێکی بازرگانیە) ئامادەی ئەو ئاهەنگە نەبون . لە کاتێك دا ئەوکۆلکە بەرپرسە حیزبیانەی یەکێتی و پارتی جگە لەوەی زۆربەیان بێشەرمانە سواڵکەری سۆسیالن و هەندێکیان تەلاقی رواڵەتیان لەگەڵ هاوسەرەکانیان دا کردووە و ئەدرەسی جیاوازیان هەیە بەو مەبەستەی دەبڵ سواڵ وەربگرن لە هەمان کات دا خانەنشینی کوردستانیشیان هەیە.
ئەو کەسە حیزبیانەی کە لە لایەن حیزبی دیموکراتەوە بە رێزەوە بانگەشە دەکرێن سەرباری ئەوەی کە ئاهەنگەکان ئاهەنگی خێزانین بەڵام وەك ئەوەی لە کوێرە دێیەکان و دەڤەرە خێڵەکیەکانی کوردستاندا بن، هاوسەرەکانیان لە کونجی ماڵەوە زیندان دەکەن و خۆشیان بە سەڵتی بە ناو ئەو میوانە شارستانیانەدا کە لە پاڵ هاوسەرەکانیان دا ئامادەی ئاهەنگەکان دەبن دێن و دەچن و تەنانەت دەکەونە وێنە گرتن و چاو لەوەراندن و بێزار کردنیان . بە جۆرێك وەك لە وێنەکان دا دەبینین تا ئەو کاتەی ئەو فەریکە بەرپرسانە لە هۆڵی ئاهەنگەکەدا بون هیچ ئافرەتێك لە ترسی ئەو چاو لەوەراندانانە جورئەتی هەستان بۆ هەڵپەرکێی نەکردووە.
جێگای داخە حیزبێکی دێرینی وەکو حیزبی دیموکرات و لە ئاهەنگێکی ئاوا نەمرانەدا لەبەر خاتری چەند حیزبیەكی پیاو سالاری خێڵەکی کوردستانی باشور تەواوی ئازادیەکانی ئافرەتان و کەسە شارستانیەکان پێشێڵ بکات . چاوپۆشی لە رەفتاری کەسانێك دەکات کە ڕەوەندی کوردی ئەم وڵاتە هیچ بەهایەکی بۆ دانەناون و داینانێت.
خویەکی سەمەرەی تری کۆمیتەی بەلڤیکای حیزبی دیموکراتی ئێران ئەوەیە کە هەر لەگەڵ گەیشتنی هەر نوێنەرێكی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ برۆکسل ئەندامان و بەرپرسەکانیان دەکەونە بۆربۆرێن و راکە راکەی زوو گەیشتنە ئەو نوێنەرە و وێنە لە پاڵ دا گرتنی. لە کاتێکدا ئەو دروستژردنی پەیوەندی و چاوپیکەوتن و خۆ پیاهەڵواسینانە ئەگەر زەرەری نەبێت بۆ ئەو حیزبە وەك ئەوەی من ئاگادارم تاکو ئێستا هیج سودێکی نە مادی و نە مەعنەوی بۆ ئەو حیزبە نەبووە . جگە لە بچوککردنەوەی خۆیان و حیزبەکەیان بۆ خەڵکانێك کە خۆیان جگە کۆیلەیەکی بۆینباخ لە مل زیاتر چیتر نین . وەك ئەوەی لە وێنانەکاندا دەبینرێن.
دیاردەیەکی تری دزێوی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە کە لە بۆنەو ئاهەنگەکانی دا فەرشی سوور بۆ حیزبیەکانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان رادەخات و بە سنگێکی فراوانەوە کاتی زیاد لە پیویستیان دەداتێ بۆ خوێندنەوەی ووتارە چەواشەکاریەکانیان بەڵام رێگرە لەوەی کە رێکخراوە سیڤیلەکان لە رێگای ئەو بۆنانەوە هەوڵی خۆ ناساندن یان بانگەواز بۆ کاری خێرخوازی بکەن ، وەك ئەوەی لە ئاهەنگی نەورۆزی هاوبەشی حیزبە کوردستانیەکانی پاردا، بەرپرسی ڕێکخراوی ئاسۆ هەوڵیدا تەنها بانگەوازێك پێشکەش بکات بۆ ئاگادارکردنی ئامادەبوان کە کردنەوەی پۆلێکی فێربونی زمانی کوردی لەسەر ئەرک و خەرجی خۆدی رێکخراوەکە بەڵام لە لایەن هیوا دیاکۆی حیزبی دیموکرات بە توندی و بە بێ رێزیەوە ڕیگری لێ کرد.
جێگای زەردەخەنەیە کە تەوای ئامادەبوانی ئەو ئاهەنگە فرە حیزبیە کوردستانیە کە ١٠٠٠ کەس دەبون توانیان ١٢٠٠ ئیرۆ بۆ ئاوارەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا کۆبکەنەوە ، لە کاتێکدا تەنها رێکخراوە سیڤیلیەکەی ئاسۆ سەرباری ئەوەی ڕێگای پی نەدرا بانگەشەیەکی خێرخوازی بکات بۆ فێرکردنی زمانی کوردی بە منداڵانی رەوەندی کوردی لەم وڵاتە ٢٠٠ ئێرۆی لە کۆی ٢٠٥ ئێرۆی رێکخراوەکەیان بە ئاوارەکان بەخشی !!
حیزبی دیمواکرات دژایەتی رێکخراوە سیڤیلەکانی رەوەندی کوردوستانی باشور دەکات لە پێناو رازی کردنی کۆلکە بەرپرسەکانی حیزبەکانی دەسەڵات و پیاوەکانی بەناو نوێنەرایەتی هەرێم لە خۆی، بەڵام لە کاتی بۆنەو نارەزایی دەربڕین لە تاوانەکانی حکومەتی ئێرانی پەنا دەباتە بەر رێکخراوە سیڤیلیەکانی وەك کوردستان فۆروم وەك ئەوەی لە 5 ی دێسەمبەری 2013 دژ بە تاوانی ئیعدام کردنی تێکۆشەرانی کورد رێکخراوی کوردستان فۆرم تەواوی وەرگرتنی مۆڵەت و ئەرکەکانی ئامادەکاری خۆ پێشاندانەکەی خستە ئەستۆی خۆی و تەنانەت نامەی نارەزاییش لە لایەن کوردستان فۆرومەوە نوسراو ئاراستەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا دیسکی ئێران کرا. جگە لەوانە لە کۆی ٢٨ کەس لە ئامادە بوان ١٠ کەسیان ئەندام و دۆستانی کوردستان فۆروم بون و چەند کەسێك لە ئەندامانی باڵە جیابووەوەکەی حیزبی دیموکرات بوو ، چەند ئامادە بویەکیش لە بیرۆی کوردی برۆکسلەوە هاتبون. بە کورتی حیزبی دیموکراتی ئێران هیندەی پەنجەکانی دوو دەست بەشداربوی پێ کۆنەکرابۆوە ! بەڵام ٣ بەیاننامەی درێژدادڕیان خوێندەوە ، ئەندامانیان بە جۆرێ هەوڵی خۆ دەرخستنیان داو بێرێزی و نۆرەبڕیان کرد لە پرۆگرامەکە دا کە کاوەی ئاهەنگەری بەرپرسی باڵی جیابۆوەی حیزبی دیموکرات بە جۆرێ بێزار کرا چاوپۆشی لە خوێندنەوەی بەیاننامەکەی خۆی کرد و ئەندامانی کوردستان فۆروم هاتنە نێوانەوە بۆ ئەوەی کێشە دروست نەبێت و سەرباری نارەوایی بەرامبەر کاك کاوەی ئاهەنگەری هێشتا کاك هیوا دیاکۆیان هێمن کردەوە لەوەی شتەکانی نەپێچێتەوە و خۆ پێشاندانەکە بەجێ نەهێڵن .
ئایا برادەرانی حیزبی دیموکرای ناپرسن ئەو ئەندامە لێشاوەی پارتی و یەکێتی لە چ کونێکدا خۆیان حەشار دابوو بە تایبەتی ئەندامانی پارتی کە بە پێی ئاگادیەکانمان لەم وڵاتەدا ٤٠٠ ئەندامم دەبن . ئەگەر لە تەوای وێنەکانتان دا توانیتان تەنها ئەندامیکی پارتی و یەکیتی پێشان بدەن کە بەشداری خۆپێشاندانەکەتان بووە ئەوا من بە نوسراو داوای لی بوردنتان لی دەکەم. لە کاتێکدا بە ئاگاداری ئێمە پێشکات بانگەشەی ئەو دوو حیزبەتان کرد بۆ ئامادە بون لە خۆ پێشاندانەکەدا و بە تاقە ئەندامێكیان بەشداریان نەکرد و بە تاقە ووشەیەکیش وەڵامیان نەدانەوە ، هیچ نرخ و وجودێکیان بۆ دانەنان لەبەر ئەوەی خۆتان هێندە بچوك کردۆتەوە خۆیان بە ئاغاتان دەزانن . ئێمە ناهەقیان ناگرین لەبەر ئەوەی کاتێك ئێوە ئاوا رەفتار بکەن و ئەندامانتان خۆیان بگەیەننە ئەو ئاستەی لە شاری ئەنتوێرپنەوە لەسەر وەعدی (سوارە گەرمیانی) ئەندامی کۆمیتەی ئەو کاتەی یەکێتی بۆ نەفەرێك کەباب و پارەی هات و چۆی شەمەندەفەرەکە بچنە کۆر و سیمیناری مەلا بەختیارەوە لە برۆکسل ! ئیتر ئەبێت چ نرخێك بۆ داواکاریتان دابنێن لە بەشداری کردن لە چالاکیەکتان دا و پشتیوانی کردنتان.

من لە ئاهەنگی دامەزراندنی کۆماری کوردستان دا وەکو دەربڕینی نارەزایی لە مامەڵەی تایبەت کردن لەگەڵ کۆلکە بەرپرسەکانی پارتی و یەکێتی، وەکو بێزار بون لە چەندین شەروبەیەکدا دانی ناو ئاهەنگەکە کە لە یەك کاتژمێردا رویدا و فڕێدانی بوتڵی بیرە کە ئامادەبوان و منداڵانی خستبووە مەترسیەوە و دوو منداڵی منیش هاوڕام بون ناچار بە بێزاری و تورەییەوە ئاهەنگەکەم بەجێهێشت ، ئەوەی منی زیاتر تورەکردبوو ناچاری کردبوم بە دەنگ بڵند کردنەوە ئەوەبوو کە دەرگاوانەکانتان بواری چونە دەرەوەی خۆم و خێزانەکەمیان نەدەدا .
پاش جێهێستنی ئاهەنگەکە کاك هیوا دیاکۆ بەرپرسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بەلجیکا بۆ کڕینەوەی شەرمەزاری خۆیان بە تەلەفۆن ئاگاداری کردمەوە کە کۆمیتەی بەلجیکای حیزب بڕیاری داوە کە ئیتر رێگا نەدرێم بەشداری لە بۆنەکانیانی حیزب دا بکەم !! نازانم ئەم کۆمیتەیە لەو گەرمەی ئاهەنگ و بە دەهۆڵ و زوڕنا کوتانە و شەرو بێنە و بەرەی پۆلیس دا چۆن توانی ئەو بڕیارە گرنگە مێژووییەی حیزبەکەیان !! بۆ رازیکردنی کۆلکە بەرپرسەکانی پارتی بدات و چۆن وا بە خێرایی وەکو هاوسۆزیەك لەگەڵ نۆکەرەکانی بنەماڵەی بارزانی ئەو بڕیارە جەسوارەیان دا کە من و رێکخراوەکەمان سەرۆکەکەیانمان لە پەرلەمانی ئەوروپادا شەرمەزار کرد ؟!
ئامادە بون یان ئامادە نەبون لە بۆنەکانی حیزبەکەتان دا کە (فی سنە حسنە) ساڵی جارێکە ئەنجام دەدرێت و خوێندنەوەی وتاری بێنرخی حیزبە ئاغاکانتانە و دەهۆڵ و زورنا لێدانێکە و لە هەمان کات دا پێویستی بە لەبەرکردنی جلوبەرگی زرێپۆشیشە بۆ خۆپاراستن لە شەرە بوتڵ بە هێند ناگرم و هیچ بەها و نرخێکی نیە . ئەم جارەش تەنها وەکو رێزلێنانێك لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان ئامادە بوم ، بە تایبەتی وەکو وەفایەك بۆ خەباتی باوكی خوالێخۆشبوم کە پێشمەرگەی ئەو کۆمارە بووە و بە هۆی بەشداری لە و کۆمارەشدا ١١ ساڵ زیندانی کێشاوە.
بەم بۆنەیەوە ئەوە لە ئەندامانمان رادەبینم بە ناوی کوردستان فۆروم و ئەندامانیەوە پێتان رابگەیەنم ئێمە رێکخراوێکین کە خاتروخۆتری هیچ کەس و لایەنێکمان لانیە و نە هیچ بەرژەوەندیەکمان بە کەس و لایەنێك هەیە و زۆر سەبەرز و شاناز بەخۆین و لە روبەروبونەوە رەواکان هەرگیز ناسڵەمینەوە . بە ناوی ئەندامانی ئەو رێکخراوەوە داوا لە دڵسۆزانی ناو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بەلجیکا دەکەم کە چاویان بکەنەوە و ببینن کە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە سنورێک دابنێن بۆ خۆ بچوککردنەوە و خۆ هەڵواسین بە فەریکە بەرپرسە حیزبی و حکومیە بودەڵەکانی هەرێمی کوردستان. داواتان لی دەکەین رێز لە خەباتی دڵسۆزان و شەهیدانی حیزبەکەتان و ئیرادەی رەوەندی کوردی ئەم وڵاتە بگرن و واز لە نەریتی دەست بە سنگەوە گرتن ومامەڵەی تایبەتی و تەرخان کردنی ریزەکانی پێشەوە و مامەڵەی تایبەتی لەگەڵ حیزبیە هیچ لە بارانەبوەکان بهێنن . ئێوە هاوکاری ئێمە بن رەوەندی کوردی ئەم وڵاتە فێری سەربەرزی بکەین و نرخی خۆیان بزانن نەك ئەوەی بەشدارن لە پەیرەوکردنی نەریتی گەورە و بچوکی و کۆیلایەتی لەسەر بنەمای حیزب و دەسەڵات. ئێمە رێزمان بۆ حیزبەکەتان هەیە لەسەر بنەمای رابوردوی تێکۆشەرانتان نەك رەفتارەکانی ئێوە کە بەداخەوە رۆژانە دەیانبینین و هەستی پێ دەکەین و بیزار و تورەمان دەکات. کارێك مەکەن ئێوەش بخەینە هەمان پۆلی ئەو حیزب و کەسانەوە و با هەمان مامەڵەتان لەگەڵ دا نەکەین و بەشێك لە ووزە و چالاکیەکانمان نەخەینە گەر بە مەبەستی دەرخستنی زۆر لە لایەنە کانی ترتان کە نەمانویستووە لیرەدا لێی بدوێین و ئەم نوسینەمان تەنها بۆ دوان لە رەفتارە دزێوەکانی ئەم دەستەیەی بەلجیکاتان تەرخان کردووە.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە