پارتى رۆشنبیرانى هەولێر تیرۆر دەكات و هەوڵى چەواشەكردنى خەڵكەكەش دەدات

Saturday, 19/06/2010, 12:00

1873 بینراوە


تیرۆركردنى (سەردەشت عوسمان) شەقامى كوردى خرۆشاند و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسانى دابەش كردە سەر دوو بەرە:

یەكەم: بەرەى نیشتیمان پەروەر و دیموكراتخوازان.

دووەم: بەرەى پاراستنى دیكتاتۆریەتى و خۆپەرست و خۆفرۆشان.

ئەوە یەكەم جارە خەڵك و هێزى سیاسى لە كوردستان لەوەتەى ساڵ 1991 و پاش راپەڕینەوە بەم شێوە فراوانە رۆژنامەنووسان و رۆشنبیران و سیاسیەكان و پەرلەمانتاران لەگەڵ خەڵك رێپێوانى هێمنانە و شارستانیانە لە زۆربەى شار و شارۆچكەكانى كوردستان ئەنجام بدەن، هەروەها یەكەم جاریشە بە هێزێكى سیاسى دەسەڵاتدارى پڕ چەك و خاوەن مێژوویەكى ڕەش لە ڕەشەكوژى و تیرۆركردنى كەسایەتى یە سیاسى و جەماوەرى و رۆشنبیران كە دەسەڵاتدارە پەنجەى تاوانى تیرۆركردنى (سەردەشت عوسمان) بۆ ڕاكێشن و بیخەنە ژێر پرسیارەوە و بە ئاشكرا داواى دەست لەكاركێشانەوەى وەزیرى [ئەبەدى] هەتا رۆژى قیامەت وەززیرى ناوخۆى هەریم (كەریم سنجارى) و بەرپرسانى ترى ئاسایش بكەن، هەروەها یەكەم جاریشە لە ناو هۆڵى پارلەمان فراكسیۆنەكانى ئۆپوزسیۆن هەڵوێستى مەردانە و نیشتیمانیانە وەرگرن و داواى دادگایى و لێپرسینەوە لە بەرپرسان بكەن.

دیارە لە هەولێرى پایتەخت كاردانەوەى خێرا و توند لە لایەن قوتابیان و هاوڕێیانى قوتابى و رۆژنامەنووسى تیرۆركراو (سەردەشت عوسمان) و رۆژنامەنووسان و خەڵكى ئازادى خواز لەم شارە دەنگى بەرزكردەوە و تاوانباركردنى دەزگاكانى پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانەكانى بەردەم كۆلێژى ئەدەبیاتى زانكۆى سەلاحەددین پاشان رێپیوانى هێمنانە و توڕەو بێزارى لەم كارە قێزەون و ترسنۆكانەیە، دەسەڵاتدارانى پارتى زۆر بێزار و نیگەران كرد، ئەوە بوو كەناڵەكانى راگەیاندن (بیستن و بینین) و رۆژنامە و گۆڤارەكان بە شێوەیەكى بەربڵاو شان بەشانى خۆپیشاندەران دەسەڵاتیان تاوانبار دەكرد و داواى لێپرسینەوەیان لێدەكردن، ئەوەبوو پارتى سەبرو ئارامى نەما چونكە فێرنەبووە و هەتا ئێستا كەس نەیتوانیوە بەم شێوەیە پەنجەى تاوانیان بۆ درێژبكات و خۆپیشاندان لە دژیا بكات، بۆیە مەكتەبى سیاسى پارتى بەیاننامەیەكى توندى دژى [ بزوتنەوەى گۆڕان ] دەركرد كە هەڕەشە و چاو سووركردنەوەى زۆرى پێوەدیار بوو، بەڵام مەسەلەكە زۆر لەوە گەورەتر بوو كە پارتى و پاراستن پێشبینیان دەكرد، ئەم كارە دڕندانەیە رۆژنامە جیهانى و هێزە دیموكراسیەكانى جیهانى هێنایە دەنگ و نامەیان ئاراستەى سەرۆكى هەریم دەكرد و داواى دەستگیركردن و ئاشكراكردنى بكوژانى دەكرد، هەتا كار گەیشتە ئەوەى جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریكا سەردانى سەرۆكى هەرێم و بزوتنەوەى گۆرشان بكات بۆ هێور كردنەوەى ئەم بار و دۆخە هەڕەشە ئامێزە.

ئەوەى مەبەستمانە لێرە ئەوەیە كە چۆن دەزگاكانى پاراستن و راگەیاندنەكانى پارتى كە هەوڵیاندا ئاراستەى شەرى راگەیاندن لە گەڵ رۆژنامە و راگەیاندنە ئازادەكان و بزوتنەوەى گۆڕان بە شێوەیەك بگۆڕن(وا لە خەڵك بگەیەنن) كە ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایى و هەڵچوونەى جەماوەر و شەقامى كوردى دژى هەولێر و ئاسایشى هەولێرە ، ئەو كەسانەى لە پشت ئەم ئاژاوەیەن كە مەبەستیان بزوتنەوەى گۆڕان و بە تایبەتى[ نەوشیروان موستەفا ] بوو، كە لە سەردەمى شەرى ناوخۆ ووتویەتى هەولێر كوێى پیرۆزە تا شەڕى لێنەكرێت، یان هەولێر گوندێكى گەورەیە، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین مناڵكار و هەرزەكارى بە پارە كڕاو دەهاتنە سەر شاشەى تەلەفزیۆنە درۆزنەكانیان و هەوڵیان دەدا كە مەسەلەكە والێبكەن كە ئەمە شەڕى دژى هەولێر و هەولێریەكانە، یەكێك لەو كەسە نەفس نزم و مونافقى دینى و پارە پەرستانە (مەلا بەشیر)ە كە لە ناو هەولێریەكان بە [ شەیتان الاخرس ] واتا شەیتانە ڵاڵ و بێ زمانەكە ناسراوە، چونكە هەموو جارێك لە ووتارى نوێژى هەینى بۆ ئەوەى سەرنج و متمانەى خەڵك رابكێشێت ئەم فەرموودە پیرۆزە دەڵێت : (الساكت عن الحق شیتان اخرس) و ئێستاش بە مەلا (4 دەفتەر) ناسراوە و ناوبانگى دەركردووە، چونكە زۆر بە ئاشكرا بەرگرى لەوە دەكات كە ئەندام پەرلەمانەكانى كوردستان حەقى خۆیانە كە (4 دەفتەر) دۆلار وەربگرن بۆ كڕینى سەیارە، لە كاتێك فراكسیۆنى گۆڕان ئەم بڕە پارەیەیان ڕەت كردەوە.

مەلا بەشیر هاتە سەر شاشەى تەلەفزیۆن و گوتى: ئێمەى هەولێرى بەم وەزعە رازین با كەس باسى هەولێر نەكات، دیارە راست دەكات بۆ مەلا بەشیر هیچ عەیبى نیە و وەزع زۆر باشە، [ ئەندام پەرلەمان ، وتار خوێن ، مامۆستاى زانكۆ ، محامى پارتى و بارزانى ] [سبع سنایع والدین زایع ] كاك مەلا ئەو هەموو وەزیفەیەى هەیە كەچى برا موسوڵمانەكانى هەولێریش بە هەزارانیان كاریان نیە و لە خانووە كۆنەكانى گەڕەكى (عارەبان و تەعجیل و خانەقا) كرێچین و ژیانى مەمرە و مەژى بەسەردەبەن، مەلا بەشیر لە جیاتى دیفاع لە هەولێریەكان بكات كەچى پێ لە سەریان دەنێ و دیفاع لە پارتى و بنەماڵى (دز و داوێن پیس و خائین و تیرۆریستى) بارزانى دەكات.

ئێمە لە مەلا بەشیر و هەموو هەولێریە بەشەرەف و دڵسۆز و ئیماندارەكان دەپرسین:

بێجگە لە مەلا بەشیر چەند هەولێرى زەوى وەرگرتووە و كارى دەست كەوتووە؟؟؟؟؟

ئایا زەویەكانى هەولێر هەمووى نەبووە بە موڵكى بارزانیەكان؟؟؟؟؟

ئەدى هەر پارتى بارزانى نەبوو (كارگەى مەڕمەڕ و كارگەى جگەرە و كارگەى رستن و چنین و كارگەى مافوور) ى هەولێرى دزى و كەس نەیزانى بۆ كوێى برد ؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟

ئەدى هەر پارتى نەبوو پێش 31ى ئاب رێگاى گرت لە هێنانى خواردن و ارزاق لە بادیننەوە بۆ هەولێر؟؟؟؟

ئەدى پارتى نەبوو ئاوى (ئیفراز)ى لە خەڵكى هەولێر بڕى؟؟؟؟؟؟؟

ئەدى هەر پارتى نەبوو رۆژانە پۆب بارانى هەولێرى دەكرد؟؟؟؟

ئەدى هەر پارتى نەبوو سوپاى حرس جمهورى هێنایە سەر خەڵكى هەولێر؟؟؟؟؟ ئەوكاتەش هەولێریەكان هەڵوێستى مەردانەیان نواند بۆ ماوەى یەك هەفتە دووكانەكانیان داخست دواتر چەكدارەكانى پارتى چوونە سەریان و دووكانەكانیان شكاندن و خەڵكى بە ناچارى دووكانەكانیان كردەوە.

لە مەلا بەشرەپرسین : هێزەكانى (سوپای دوو و سوپاى رزگارى) پارتى كام ماڵى هەولێرى رەسەن ما سەیارەى نەدزن دەست درێژى نەكەنە سەریان؟؟؟؟ هەتا كار گەیشتە ئەوەى سەیارەى ئەندام پەرلەمانى خۆیان دزى بوو.

ئایا ئێستا موڵك و زەویەكانى هەولێر موڵكى هەولێریەكانە یان بارزانی؟؟؟؟؟؟

ئایا هەر پاراستنى پارتى نەبوو كە (شیخ زانا)ى دروست كرد و كەوتە كوشتن و ئەتك كردنى خەڵكى هەولێر؟؟؟؟

هەر ئەویش (شێخ زانا) بووە پەڵەیەكى ڕەش كە لە سەر هەولێریەكان حساب بكرێ... و چەندانى تر كە تەواو نابێت.

مەلا بەشیر حەقى خۆتە ئێستا وەكو پارتیەك و پاراستنێكى پارتى لە كەناڵەكانى پارتى قسە بكەیت بەڵام هەرگیز ئەو مافەت نیە بە ناوى هەولێریانەوە قسە بكەیت، چونكە تۆ محامى بنەماڵەى بارزانى نەك هەولێرى!!!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە