يارى وه‌رزش و شه‌رِه‌ ته‌قه‌ و شه‌رِه‌ چه‌قۆ

Thursday, 10.30.2014, 12:00

2135 بینراوە


ئێستا كه‌ شه‌وى (26 له‌سه‌ر 27ى ته‌شرينى يه‌كه‌مى 2014)ه‌, له‌ هه‌ندێ ته‌له‌فزيۆنه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا بينيم له‌ شارى هه‌ولێر لايه‌نگرانى هه‌ردوو يانه‌ى ڕياڵ مه‌دريد و به‌رشه‌لۆنه‌ى ئيسپانى كه‌ هه‌ردووكيان به‌ هه‌زاران كيلۆمه‌تر دور له‌ كوردستان يارييان ده‌كرد _ئه‌مانه‌ له‌ هه‌ولێر بونه‌ته‌ دوبه‌ش و به‌گژ يه‌كدا ده‌چن به‌ ته‌قه‌كردن و شه‌ڕه‌به‌رد و شه‌ڕه‌ چه‌قۆ و چه‌ندين كه‌سيش بريندار بون و پۆليس و ئاسايش هاتونه‌ته‌ نێويان بۆ نێوبژي كردنيان. ته‌ماشا ئه‌م جه‌هاله‌ته‌ و ئه‌م عه‌قڵيه‌ته‌ دواكه‌وتوه‌ بكه‌ن.
ئه‌مه‌ يه‌كه‌مجار نيه‌ شه‌ڕ له‌سه‌ر وه‌رزش ڕوبدات كه‌ وه‌رزش يه‌كێكه‌ له‌ هۆيه‌كانى دروست كردنى دژايه‌تى له‌ نێو خه‌ڵكيدا بۆ نمونه‌ ڕۆژى (29-12-2013) له‌ دهۆك شه‌ڕێكى گه‌رم له‌نێوان يانه‌يه‌كى دهۆك و يانه‌يه‌كى زاخۆدا ڕويدا و دوانزه‌ كه‌س بريندار بون كه‌ دوو كه‌سيان پۆليس بون دژايه‌تييه‌كان به‌ جۆرێك ته‌شه‌نه‌ى كرد تا زۆر كه‌س له‌ خه‌ڵكى زاخۆ ناڕه‌زاييان ده‌ربڕى و وتيان ئه‌مه‌ سوكايه‌تي كردنه‌ به‌ خه‌ڵكى زاخۆ.
هه‌ر له‌ ساڵى (2013)دا يه‌كێك به‌چه‌قۆ كوژرا له‌ (چۆمان) له‌سه‌ر وه‌رزش و ئيمساڵيش ده‌ورى دوو سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر برايه‌ك براى خۆى كوشت له‌سه‌ر وه‌رزش له‌ قه‌زاى سۆران .
سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌ش حكومه‌تى هه‌رێم هه‌ر هانى خه‌ڵك ده‌دات بۆ وه‌رزش و هانى كوڕ و كچى خه‌ڵك ده‌دات ببنه‌ وه‌رزشڤان و سوپايه‌كى زل و زه‌به‌نه‌ى وه‌رزشى دروست كردوه‌. وه‌رزش وه‌ك ياريه‌كى جيهانى ده‌بێ له‌ كوردستانيش هه‌بێ به‌ڵام ده‌بێ بايه‌خدان به‌ وه‌رزش به‌ گوێره‌ى وه‌زعى وڵات بێ, وڵاتى ژێر ده‌ست و پارچه‌ پارچه‌كراو و هه‌رێمێكى هه‌ژار و بێ دارايى هه‌رێميك كه‌ موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى پێ نادرێ ئه‌وه‌تا له‌م ڕۆژانه‌دا ئه‌وجا موچه‌ى مانگى ئاب ده‌درێت واته‌ موچه‌ى سێ مانگ له‌مه‌و به‌ر ئه‌ى كوانێ موچه‌ى مانگى ئه‌يلول و ته‌شرينى يه‌كه‌م (هه‌تا له‌ نێو خه‌ڵكيدا كراوه‌ به‌ نوكته‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت و ده‌وترێ حكومه‌تى هه‌رێم به‌ قه‌مسه‌ڵه‌وه‌ موچه‌ى چله‌ى هاوين ده‌دات) هه‌رێم موچه‌ى كه‌س و كارى شه‌هيدان و و كوڕو كچى ئه‌نفال و كه‌م ئه‌ندامانى پێ نادرێ ئه‌ى چۆن ئاوا پاره‌يه‌كى خه‌ياڵى و بێ ئه‌ندازه‌ و زياد له‌ پێويست قوتى ميلله‌ت به‌هه‌ده‌ر ده‌دات و له‌ وه‌رزشدا سه‌رفى كردوه‌ و هيچ لايه‌نێكيش ناڵێ ئه‌مه‌ بۆچى؟ به‌لايه‌نه‌كانى ئۆپۆزسيۆنى جارانيشه‌وه‌ به‌تايبه‌ت تريش عه‌لى حه‌مه‌سالحى په‌رله‌مانتار كه‌ بانگه‌شه‌ى بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد و ده‌يووت هه‌مو هه‌وڵ و ته‌قه‌لايه‌كمان بۆ قوت و موچه‌ى خه‌ڵكه‌ و ئێستا ته‌نانه‌ت قسه‌يه‌كى هه‌قيش له‌مباره‌يه‌وه‌ ناكات ئه‌ى بۆ ناڵێت ئه‌و هه‌مو پاره‌يه‌ بۆله‌ وه‌رزشدا سه‌رف كراوه‌و سه‌رفده‌كرێت و تا ئێستا چه‌نديشه‌.
هه‌رێمى كوردستان هێنده‌ بايه‌خ به‌ وه‌رزش ده‌دات هه‌ر وه‌ك سێ سه‌د ساڵه‌ ده‌وڵه‌ته‌, ده‌وڵه‌تێكى ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌خته‌وه‌ر و بێ گير و گرفت.گومان نيه‌ وڵاتى ژێر ده‌ست و هه‌ژار كه‌له‌ (سفر)ه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات پێويستى به‌وه‌يه‌ گه‌نجانى خۆي فێرى ڕۆشنبيرى بكات له‌ بوارى مێژو و شوێنه‌وار و كه‌لتورى شارستانى و ئه‌ده‌ب و كۆمه‌ڵايه‌تى كه‌ ئه‌م بابه‌تانه‌ش هانده‌رن بۆ گه‌شه‌كردنى بيرى نه‌ته‌وه‌يى كه‌ بير و بڕواى نه‌ته‌وه‌ى گه‌وره‌ترين چه‌كى نه‌ته‌وه‌ ژێر ده‌سته‌كانه‌ به‌رامبه‌ر داگيركه‌ران. كورد له‌ قۆناغى ژێر ده‌ستيدا پێويستى به‌مه‌ هه‌يه‌ و ئه‌مانه‌ش زه‌رورين و هه‌رچى وه‌رزشه‌ يارييه‌و شتێكى كه‌مالى يه‌.
له‌ زۆر كه‌سم بيستوه‌ ده‌ڵێن جيلى نوێ و گه‌نجى كورد هيچ له‌ باره‌ى ڕابردوى كوردستان و خه‌بات و شۆڕشه‌كانى كورده‌وه‌ نازانن و منيش ده‌ڵێم چۆن بزانن كه‌ به‌ حه‌ياتيان نه‌يان ديوه‌ يه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ هه‌ره‌باڵاكان له‌ ووته‌يه‌كى خۆيدا بۆ جه‌ماوه‌رى خه‌ڵكى كوردستان وتبێتى ئێمه‌ نه‌ته‌وه‌يه‌كين خاوه‌نى كۆنترين مێژوى كۆنين له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا , ئه‌م شوێنه‌وار و ئه‌و شوێنه‌واره‌مان هه‌يه‌ و خاوه‌نى كه‌لتورێكى شارستانين ده‌بێ بيان پارێزين و ڕۆژێك له‌ ڕۆژان لێيان نه‌بيستوه‌ بڵێن ميلله‌تان به‌ مێژوو كه‌لتورى خۆيان ده‌ناسرێن و هه‌ر شۆڕشێكى نه‌ته‌وه‌يى و كۆمه‌ڵايه‌تى و ڕابون (نه‌هچه‌)يه‌كى فكرى هه‌بێ ده‌بێ له‌سه‌ر بنچينه‌ى ڕابردو بێت له‌ مێژوو ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و كه‌لتورى شارستانى له‌به‌ر ئه‌مه‌يه‌ ده‌وڵه‌ته‌ ئيستيعمارييه‌كان نه‌يان هێڵاوه‌ ميلله‌ته‌ ژێر ده‌سته‌كان بير له‌ مێژوى خۆيان بكه‌ن بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌يان وتبايه‌ كاريگه‌رى ده‌بو و هۆشيارى په‌يدا ده‌بو له‌ نێو كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك له‌وانه‌ گه‌نجه‌كان چونكه‌ حساب بۆ قسه‌ى سه‌ركرده‌كان ده‌كرێت.ديسان ده‌ڵێم گه‌نجه‌كانمان چۆن له‌ ڕابردو و له‌م بوارانه‌ بزانن له‌ كاتێكدا ته‌له‌فزيۆنه‌ زۆره‌كانى هه‌رێم سێ يه‌ك يان زياتر له‌ سێ يه‌كى كاتيان و نوسينه‌كانياى ژێر شاشه‌كانيان ته‌رخان كردوه‌ بۆ وه‌رزش هه‌تا جارێك به‌ وردى حسابم كرد كه‌ناڵى ئاسمانى (knn) مانگى (180) سه‌عات له‌ ژێر شاشه‌كه‌يدا ئه‌و نوسينانه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌باره‌ى وه‌رزشه‌وه‌يه‌ و كه‌ناڵه‌كانى ديكه‌ش ئه‌گه‌ر زۆرتر بڵاوى نه‌كه‌نه‌وه‌ كه‌متر نيه‌ ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ى له‌ دواى هه‌ر ده‌نگ و باس خوێننه‌وه‌يه‌ك هه‌واڵێكى تايبه‌تى به‌ وه‌زش هه‌يه‌ و بێجگه‌ له‌ ديداره‌ زۆره‌كان له‌ باره‌ى وه‌رزشه‌وه‌ و پيشاندانى ياريه‌ زۆره‌كانى وه‌رزش به‌شێوه‌يه‌ك كه‌ بوه‌ته‌ ديارده‌يه‌كى سه‌ير و سه‌مه‌ره‌ به‌ڵام هيچ يه‌ك له‌م كه‌ناڵانه‌ يه‌ك ڕسته‌ش له‌ بوارى مێژوو شوێنه‌وار له‌ ژێر شاشه‌كانيان بڵاو ناكه‌نه‌وه‌ كه‌ چه‌نده‌ها جاريش بۆيان نێردراوه‌.
ئه‌و شه‌رمه‌زاريانه‌ى رويانداوه‌ وه‌ك چه‌ند نمونه‌يه‌كمان هێنا له‌ بوارى وه‌رزشدا نيشانه‌ى ئه‌وه‌يه‌ حكومه‌تى هه‌رێم به‌و هه‌مو كه‌ناڵه‌ ئاسمانيه‌وه‌ تۆوى (گێلى) و (جه‌هاله‌ت)ى ڕواندوه‌ له‌باتى بيرو هوشيارى له‌ نێو ميلله‌تدا به‌ تايبه‌تى له‌ نێو گه‌نجاندا له‌ ماوه‌ى ئه‌م (23) ساڵه‌دا. زۆر كه‌س وتويانه‌ مه‌به‌ستى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ هێنانى وه‌رزش به‌م شێوه‌ فراوانه‌ ئه‌وه‌يه‌ خه‌ڵكى به‌وه‌رزشه‌وه‌ مه‌شغوڵ بكات تا بير له‌ وه‌زعى سياسي و ئابورى و گه‌نده‌ڵى نه‌كه‌نه‌وه‌ و ئه‌م كاره‌ى حكومه‌ت جێبه‌جێ كردنى سياسه‌تى (فرانكۆ) يه‌, به‌ فرانكۆي ديكتاتۆرى ئيسپانيايان ووت چۆن توانيت چل سالأ حوكم بكه‌ى ووتى به‌ دووشت يه‌كه‌م خۆم دايه‌ پالأ كاپۆليكى جيهانى و دوه‌م وه‌رزشم هێنايه‌ مه‌يدان تاخه‌ڵكى پێوه‌ مه‌شغولأ بكه‌م و تا بير له‌ وه‌زعى سياسي و ئابورى كۆمه‌ڵايه‌تى ...نه‌كه‌نه‌وه‌.
ڕۆژى(23-10-2014) وه‌زيرى وه‌رزش و لاوان ڕايگه‌ياند كه‌ (شارى وه‌رزش) ئاوا ده‌كات.
ده‌بوايه‌ وه‌زير ووتبايه‌(شارى ئاواره‌كانى شنگال) يان(شارى ئاواره‌كانى كوبانێ) ئاوا ده‌كه‌م نه‌ك شارى وه‌رزش. جا ئه‌گه‌ر وه‌زير شارى وه‌رزشى ئاوا كرد با دروست كردنى سه‌نگه‌ر له‌سه‌ر بيناكانى شاره‌كه‌ى له‌ بير نه‌چێ.
پێويسته‌ له‌سه‌ر په‌ڕله‌مان پاكسازى له‌ ڕۆشنبيرى كوردى دا بكات له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ توشى گه‌نده‌ڵيه‌كى زۆر بوه‌ و به‌رنامه‌ دابڕێژێ بۆ ڕۆشنبيريه‌كى ڕاسته‌قينه‌و زانستي و نه‌ته‌وه‌يى يانى شۆڕشێكى ڕۆشنبيرى و فكرى به‌رپا بكات.
جارێك سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم نێچيرڤان بارزانيم ديت له‌ يانه‌يه‌كى وه‌رزشيدا به‌ جل و به‌رگى وه‌رزشيه‌وه‌ و ده‌يوت واده‌كه‌ين و واده‌كه‌ين له‌ يانه‌ى به‌رامبه‌رمان به‌ڵام ته‌نيا يه‌كجاريش سه‌رۆكى حكومه‌تم نه‌ديت له‌ مۆزه‌خانه‌يه‌ك يان له‌سه‌ر قه‌ڵاى هه‌ولێر يان له‌ كتێبخانه‌يه‌كى گشتى كتێبى له‌به‌رده‌م بێت و بخوێنێته‌وه‌ تا ببێته‌ هانده‌ر بۆ گه‌نجى كورد و فێرى كتێب خوێندنه‌وه‌ ببێت. جارێك به‌ نێچيرڤانم ووت شوێنه‌واره‌كانى كوردستان ئه‌نفال كران له‌لايه‌ن دز و جه‌رده‌كانه‌وه‌ و پێويسته‌ به‌ لايه‌نى كه‌مه‌وه‌ جارێك له‌ ته‌له‌ فزيۆندا باسى گرنگى شوێنه‌وار و مێژوو بكه‌ى تا هۆشيارى له‌ نێو خه‌ڵكدا بڵاو ببێته‌وه‌ ووتى نازانم چى بڵێم بۆم بنوسه‌ با بيخوێنمه‌وه‌ منيش بۆم نوسي به‌ڵام ئايا خوێنديه‌وه‌؟
جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تيش (قوباد تاڵه‌بانى) كه‌ ڕۆژى (18-6-2014) له‌ په‌ڕله‌ماندا سوێندى خوارد شه‌وه‌كه‌ى له‌ فه‌يسبوكدا ڕه‌خنه‌و توانجى له‌ ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مان گرت و ووتى: كه‌سيان هه‌ستيان به‌وه‌نه‌كرد كه‌ ئاڕمى يانه‌ى وه‌رزشى (مانچسته‌ر يونايتيد)ى بريتانيا له‌سه‌ر بۆينباخم بو.
ده‌با له‌باتى ئه‌مه‌ ئاڕمى (كوردستان يان نه‌مان)ى له‌سه‌ر بۆينباخى كاك قوباد بايه‌ يان دێڕه‌ شيعرێكى نيشتيمانى له‌سه‌رى هه‌بايه‌ وه‌ك چۆن له‌سه‌ر كڵاوه‌كه‌ى (قانعى شاعير) و كڵاوى گه‌وره‌ شاعيرى عه‌ره‌ب (جه‌واهرى) هه‌بوو.
به‌سه‌ به‌س ميلله‌تى ژێر ده‌ست به‌ره‌وه‌ (گێل) ى و (جه‌هاله‌ت) ببه‌ن .