وەڵامێك بۆ كۆسرەت ڕەسووڵ كە داوای شەفافیەت دەكات

Tuesday, 02/04/2013, 12:00

3167 بینراوە


لە چەند حەفتەی ڕابردوو بازاڕی لێدوانی بەرپرسانی یەكێتی زۆر خۆش بووە. بەشێكیان زۆر حیماسین بەشێكیان توندن و بەشێكیشیان هەر بۆ ئەوەیە بێنە ناو باسان. هەر چۆنێك بێت ئەو دۆخە ئاماژەیەكە بۆ بێ سەروبەری و دابڕانی سیاسییەكان لە واقع و ململانێیی نێوانیان لەسەر پارە و دەستەڵات.
سەیروسەمەرەترین لێدوان هی كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی بوو كە داوای شەفافییەتی لە مەسەلەی نەوت كردووە و خۆی كردووەتە پاڵەوانی عەداڵەتخوازی و حەقبێژی و دژایەتیكردنی گەندەڵی. بەر لە هەموو شتێك كەسێك دەبێ ئەو قسەیە بكات كە پەرێزی خاوێن بێت و بە هیچ شێوەیەك دەستی بۆ تەماع و گەندەڵی درێژ نەكردبێت. كۆسرەت ڕەسوول وا دەزانێ خەڵك لە گوێی گا دا خەوتوون و ئاگایان لەوە نییە مافیاكەی ئەو بازرگانیی داو و دەرمانی قۆرغكردووە و هەر چی دەرمانی ئێكسپایەرە لەڕێی ئەوەوە هاوردەی كوردستان دەكرێت و دەرخواردی هاووڵاتیان دەدرێت.
وا دەزانێ خەڵك فریوی دوكانە بەناو خێرخوازییەكەی ئەو دەخوات كە بە داهاتی نەوت دروست كراوە و لەژێر ناوی خەستەخانە پارەی خەڵك هەڵدەلووشێت كەچی بە ناو خێرخوازییشە و نابێ پارە لە خەڵك بستینێت و بەو فێڵە پارە و ئیمتیازاتی لە حكوومەت وەرگرت.
لە مەسەلەی نەوتیشدا سەرانی حیزبەكەی ئەو و خانەوادەی مام جەلال ئاگاداری هەموو وردەكارییەكانن زۆر كەسی دیكەش ئاگاداری داهاتی نەوتن.
کۆسرەت ڕەسوڵ وەک سیاسییەکی هەرزەکار لەسەر ڕێبازی "گۆبڵز" دەیەوێ بە چاوبەستەکی کردن و دزینی هەوڵێکی هاوڕێکانی خۆی لە حکومەت جەماوەی لەدەستچووی خۆی بگەڕێنێتەوە. بە دڵنیاییەوە ئەو پێشتر لە عیماد ئەحمەدی جێگری سەرۆکوەزیرانی بیستووە کە حکوومەت سندوقێکی تایبەتی بۆ داهاتی نەوت دروستکردووە و وا پرۆژەکەی ئامادە کراوە تا بنێرێتە پەرلەمان، بۆیە کۆسرەت کەوتۆتەخۆی تا بەرلەوەی هەواڵی پێکهێنانی ئەو سندووقە لە میدیاکاندا بڵاو بێتەوە ئەو بیکاتە داواکاریی خۆی و نان و پیازی پێوە بخوات.
خەمی کۆسرەت ئەوە نییە کە داهاتی نەوت چۆن دابەش دەکرێت. خەمەکەی ئەوەیە خەڵکی ئاسایی ئەم وڵاتە ژیانیان باش دەبێت و ئیتر ناتوانێ بەپارە بیانکڕێت، هەموو هەولێر دەزانن کە زۆر لەوانەی پێشتر لە دەوری کۆسرەت کۆببوونەوە دوو هۆکاریان هەبوو، لە ترسان یان لە برسان. ئەوانەی لە برسان ببوونە لایەنگری کۆسرەت ئێستا ئیدی ژیانیان باش بووە و ناچارنین دوای کەسێک بکەون کە باوەڕیان پێی نەبووە. ئەوانەی لە ترسانیش دوای کەوتبوون و لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا لە هەولێر ناچاربوون سەرانەش بدەنە کۆسرەت ئێستا خەریکی ژیانی ئاسایی خۆیانن و ناچار نین بۆ ژیانیان سەرانە بدەن.
خەمی ئەو ئەوەیە ئێستا یەکیتی لە هەولێر بریتی نییە لە کۆسرەت و گەنجی پڕکار و دڵسۆز شوێنیان پێ لەق کردووە، خەمی ئەو لێدانی هەڤاڵێکی خۆیەتی لە حکومەت تەنها لەبەر ئەوەی خانەقینییە، کۆسرەت دەیەوێ خۆی وا نیشان بدات کە یەکێتی لە هەولێر نییە و ئەوەی هەیە کۆسرەتییە، بەڵام ئیتر شتێک بەو ناوە نەما و چیتر ناتوانێ هەولێریەکان بە پارە و قسەی بەلاش و پرۆژەی بەناو خێرخوازی بخەڵەتێنێت، ئەوەشیان لەبیر ناچێت کە چۆن جەنابیان لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ دا خەنجەری لە پشتی یەکێتیدا و دەنگەکانی یەکێتی لە هەولێر پەرش و بڵاو کرد. ئێستا یەکێتی لە هەولێر یەکێتی تاڵەبانییە نەک کۆسرەتی و یەکێتیەکانی هەولێر نایانەوێ خۆیان بکەنە قوربانی کەسێکی خۆپەرەستی دۆڕاو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە