وەڵامێك لە 3 قوتابى (ماستەر)ەوە بۆ بەناو (هێمن ئەسعەد)

Thursday, 23/06/2011, 12:00

1239 بینراوە


من لەجوابی قسەى سەرد دا، هەمە ئاە و هەناسەى گەرم كەسێ شێتانە بەردم تێبگرێ، من بەرقی تێدەگرم
(مەحوى)

لەبەروارى (15/6/ 2011) دا، بابەتی كەسێكى بەناو (هێمن)، لە ماڵپەرى (كوردستان پۆست) دا، لەژێر ناونیشانى (گەندەڵترین پڕۆفیسۆرى زانكۆى سەلاحەددین بناسە) دا، بڵاو كرابوویەوە، كەمەبەستى لەو پڕۆفیسۆرە، مامۆستاى بەڕێزمان (پ.د. جەلیل حەسەن)، بوو.
لەمیانى ئەو بابەتەدا كە لە چەند خاڵێكدا خۆى دەبینییەوە، خارە(هێمن)، بەزمانی دەروونێكى (هەڵچوو!)، چەند هێرشێكى كردبوویە سەر دكتۆر (جەلیل)، ئەو لەبۆئەوەى كە لەهێرشەكانیدا ئامانجە شاراوەكانى خۆى بپێكێ و ژارى مارى زمانى رۆبكاتە ناو جەستەی نێچیرەكەیەوە، لەچەند خاڵێكدا باسى لەهەندێك شت كردووە، كە گوایە كێشەن و لە نێوان دكتۆر (جەلیل) و كەسانى دیكەدا روویانداوە، ئەو خارەیە، لە هەڵسەنگاندنیدا بۆ ئەو كێشانە تاى خەتاى تەرازووەكەى بەلاى دكتۆردا شكاندووەتەوە، بەمەیش ئەو خەڵكانەى لەبەرژەوەندى خۆی بەكارهێناوە، كە لەنێوانیاندا ئێمەى 3 قوتابییەكەى (ماستەر)ى پارساڵى بەشى (عەرەبی) كۆلێژى (پەروەردەى زانستە مرۆڤایەتییەكان)یشى تێدایە، بۆیە لەم سۆنگەیەوە بەپێویستمان زانى كە وەڵامى خاڵى (9، 13) ى ئەو بەناو(هێمن)ە بدەینەوە، كەپەیوەندییەكى راستەوخۆى بەئێمەوە هەیە، سەبارەت بەخاڵەكانى دیكەیش لێى دەگەڕێین بۆ خاوەنكانیان و خودى دكتۆر (جەلیل) ئیدى چۆن مامەڵەى لەگەڵدا دەكەن ئازادن.
سەبارەت بە وەڵامەكانى ئێمەیش، پێمانباشە كە لەم چەند خاڵەدا كورتیان بكەینەوە:
1- لەدەستپێكى وەڵامەكانماندا، دەمانەوێت سەرنجى كاكى نووسەرى بابەتەكەو خوێنەران بۆ ئەوە رابكێشین كە ئەم وەڵامەى ئێمە، نە لەترسى دكتۆر (جەلیل)ە و نەلەبەر بەرژەوەندییەكى تایبەتى، چونكە ئێمە بەتایبەتى (سالار تاوەگۆزى، بەختیار ئیبرهیم) هیچ پێویستییەكمان بە دكتۆر نییەو هیچ بەرژەوەندییەكى تایبەتیشمان لەگەڵیدا نەماوە، تا لەپشت ئامانجێكەوە بەرگرى لێبكەین، چونكە بابەتى ماستەرنامەكەى ئێمە كەمتازۆر هیچ پەیوەندییەكى بە دكتۆر و پسپۆڕییەكەیەوە، نییە، تا بیر لەوەبكەینەوە بەم بەرگرییە ئامانجى دیكەى تایبەتى بپێكین.
2- هیچكات دكتۆر (جەلیل) بۆتەنها جارێكیش قسەى ناشیرینى پێمان نەگوتووە، نەك چەندین جار!!. ئەگەر وەهابووایە، لەدواى تەواو كردنى كۆرسەكانى خوێندن پێوەندیمان لەتەكیدا گەرم و گوڕتر نەدەبوو، لەبەرانبەریشدا ئەو هیچكات ئامادە نەبوو كە لە دواى دوو كۆرسەكەى خوێندن، ئامادەیی خۆى بۆ هەر هاوكارییەكى زانستى بۆ ئێمە دەرببڕێت و قەبوڵى سەرپەرشتیكردنى نامەى مامۆستا (مەحموود عومەر) بكات، هەروەها ئەگەر وەها بووایە مامۆستا (مەحموود) بۆخۆى قەبوڵى نەدەكرد كە مامۆستایەكى (جنێوفرۆش!) ببێتە سەرپەرشتیارى!.
3- بۆتەنها جارێكیش ئێمە لەرووى مەسەلەى (دین، موقەددەسات، ئەخلاق)ەوە بۆ تەنها ساتێكیش كێشەمان لەگەڵ دكتۆردا نەبووە، چونكە ئێمە بڕوایەكى رەهامان بە ئازادى بیروڕا هەیە، كەسێك ئەگەر لەسەر هەریەك لەو 3 تەوەرە قسەشمان پێ بڵێت (كەنەوتراوە) بەلامانەوە ئاساییەو دەسبەجێ وەڵامى مەنتیقی دەدەینەوە-ئەگەر ئەو وەڵامدانەوە باجى گەورەیشى بوێت- نەك بچین وەك هەندێك لە (...)ان بیكەین بە رق و كینەو دواتر لە دەستگەیەكى راگەیاندن لە پشت (ناوێكى خوازراو!)، یان بە(دەسەدوو!) بڵاوى بكەینەوە. بۆیە پێمانوایە كە ئەو جنێودەرە بە موقەددەسات و دین و ئەخلاق و شتى لەوبابەتە مامۆستایەكى دیكەبووەو بەقوتابى دیكەى گوتووە، نەك ئێمە، كەچى خارە (هێمن) بەهەڵپەڵپ بڵاوى كردووەتەوە، بەر لەوەى كە تەحقیق بكات كە ئەو مامۆستا جنێوفرۆشە یە كێیەو ئەو قوتابیانە كێ بوون.
4- سەبارەت بەخاڵى (13) خارە (هێمن) باشبزانە كە ئێمە بەهیچ شێوەیەك كۆیلایەتى بۆ هیچ كەسێك قەبوڵناكەین، ئەگەر سەریشمان لەپێناوى هەوڵەكانمان بۆ فەراهەمكردنى ئازادی لەشەوانى ئەنگوستە چاودا دا دانابێت، هەروەها بەئاشكرا دەڵێین: "نە دكتۆر جەلیل داواى لێكردووین، كە لەدواوەى بڕۆین و جانتاى بۆ هەڵبگرین و دەرگاى سەیارەى بۆ بكەینەوە، نەخۆیشمان لەهیچ كەسێكى قەبوڵدەكەین كە داوایەكى لەوجۆرەمان ئاراستە بكات، ئەگەر باجەكەیشى مەحرومكردنمانبێت لە خوێندنى ماستەر"، بۆ زانیاری كاكى نووسەریش هاوڕێمان، (سالار تاوەگۆزى) دەڵێت: "بەشبەحاڵى خۆم تائێستا نازانم سەیارەكەى دكتۆر (جەلیل) چ ڕەنگە!". هەروەها ئەگەر جانتا هەڵگربووینایە، رێگاى وەرگرتنمان لەماستەر پڕنەدەبوو لە حەشەرات و هەنووكە دكتۆرامان بەدەستهێنابوو.
5- لەكۆتاییشدا دەڵێن: ئێمە كە زمان و قەڵەمى خۆمان هەیە، چ پێویستمان بە زمانى شڕو، قەڵەمى لەرزۆك نییە تا بەرگریمان لێبكات و بمكانكات بە كەرەستەى خاوى بابەتى كرچ و كاڵى بێ مۆراڵانى كینەلەدڵان.

قوتابیانى (ماستەر)، لە بەشى (عەرەبی)، لە (كۆلێژى پەروەردەى زانستە مرۆڤایەتییەكان)
1- سالار تاوەگۆزى
2- مەحموود عەبدولمەجید عومەر
3- بەختیار ئیبراهیم
22/ 6/ 2011
زانكۆى سەلاحەددین/ هەولێر

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە