تیرۆری ڕۆژنامەنوسان لە کوردستان و سوڕانەوە لە بازنەدا

Tuesday, 10/12/2013, 12:00

1878 بینراوە


لە ساتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی یەوە کوردستان بۆگەنی گرتووە، ئەو بۆگەنە هەمان ئەو بۆنە بێزراو و قێزەوەندەیە کە لەکاتی تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمەو سەردەشت عوسمان دا بەبەر لوتیان خستین، ئەو بۆگەنە هێندەتاڵ و بێزارکەرە کەدواتر هیچ بۆنێکی تر ناتوانێت زیانەکانی تێپەڕبوونی ئەو بۆگەنانە لەسەر ناخی تاکی کورد بەتایبەت ئازادیخوازان پڕبکاتەوە.
‌ ئەوڕۆژانەش سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان تیرۆرکران هەر وەک ئێستا خوێن نیشتیمانی سورکردبوو، کوردستان هەمان ئەو بۆگەنەی ئێستای لێوەدەهات، شەقام و چیا و دار و بەرد و سروشت گەڕێندرابونەوە بۆ ساتی تاوانەکانی پێشتر، ئەوسا سروشت و کۆمەڵگا بەیەکەوە بۆ هەردوو ڕۆژنامەنوس و هەموو تاوانەکانی تری لەوڵاتدا کرابوون دەگریان، زۆرینەی ئازادیخوازان لەسەر شەقامەکان بوون، هەمووان بەیەکەوە پڕبەقوڕگ هاواردەکرا و لەوێدا نەفرەت لە بکوژان دەکرا. لە ڕۆژنامەو گۆڤار و تیڤیە ئازادەکانیش بۆ هیچ بابەتێکی دی گۆشەیەک نەدەهێشترایەوە، تەنانەت بەیانی لیژنەکانی دەسەڵاتیشیان دەدا بە گوێی هاوڵاتیاندا، جارجارەش بەناوی سەرپەرشتیاری لیژنەی پێکهێنراوەوە دەموچاوێک دەهێنرایە بەردەم مایکی مێدیاکان و باسی لە سەری داوێک دەکرد و گرتنی کەسێک یان زیاتر لەمەڕ ئەو کەیسەدا، بێ ئەوەی کەسێک بزانێت سەری داوەکەی تر بەدەستی چ ئەژدیهایەکەوەیە؟! ئیدی ڕۆژ دوای ڕۆژ هەم ئەو سەرەداوەو هەم ئەوسەری داوەکەی تریش لەبیردەکرا. بەڵام ئەوەی دەمایەوە و دەمێنێتەوە ئەو بەرگە ڕەشەیە کە بۆ هەمیشە دەکرێتە بەری خانەوادەی شەهیدانی قەڵەم.
‌ تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانیش هەموومانی بردەوە ئەو شتاتسیۆنەی کە پێش چەندساڵێک تاکی کورد و گشت ئازادیخوازانی تیادا خوێناویکرا! 
‌بەداخەوە تا ئێستاش هەموو جوڵەو چالاکیەکان لە چوارچێوەیەکی چەقبەستودان، ڕۆژنامەنوسان بە بڵاوکردنەوەی بابەت و گرتنی وێنەیەک لەشوێنێک پەیوەست بە کەیسەکە دەردەکەون، ڕێکخراوەکان ئیدانە دەکەن و گردبونەوەیەک دروست دەکەن، هاوڵاتی دەچێتە سەرشەقام و هاواردەکات و ناخی پەنگخواردووی خاڵیدەکاتەوە، دەسەڵات لیژنە دروست دەکات و بەیانی گرتنی چەند تاوانبارێک دەکات ئیدی ئەوە سەرەتای کۆتاییەکانی کەیسێکە. 
‌لەم وڵاتە هەمووشتێک قوڕمیش کراوە، هەموو ئاراستەکان دووبارەو هەزاربارەن، تاک بێزار و ماندووبووە، ڕۆشنبیر و نوخبە خەسێنراون و خاڵی کراونەتەوە لەهیچ!! بەداخێکی زۆرەوە هەمووشتەکان بەبێ هیچ گۆڕانێکی بنەڕەتی و هەروەک ڕابوردوو بە نەگۆڕی دەمێننەوە! 
‌ئەوەی کارە تیرۆریەکان لەم هەرێمە لەیەکتری جودادەکاتەوە تەنها شیوەن و مەرگی خێزانێکە بۆ خێزانێکی تر و هیچی تر.
جێگای داخە، مێدیای کوردی بەتایبەت مێدیا ئازادەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە ڕۆڵێکی وەهابگێڕن تا قۆناغێکی نوێ لەمەڕ تیرۆری دەنگە ئازادەکان بخوڵقێنن، بگرە ئەوان ناڕاستەوخۆ بێ ئەوەی خۆیان پەی پێبەرن دەبنە هۆکارێک بۆ بەشێک لە خامۆشکردنەوەی توڕەیی شەقام، مێدیای ئازاد لەم ساتانەدا زۆرترین ڕوخساری بەرپرسان زەقدەکاتەوە، تا لێدوانی ئازادیخوازێک دەبینی مایکیان بۆ دەیان بەرپرس ئازادکردووە، تا لەو ڕێگەیەوە بواری بەیانی ئەستۆپاکی خۆیانیان بکەن. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە خۆیان وتەنی مێدیا ئازادەکان خاڵێک بۆ ئەو مێتۆدەی تائێستا کاریان پێکردوە دابنێن.
‌ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هاوکێشەکە لەت وپەت بکرێت و لە یەکتری بپچڕێندرێت و خاڵێک بۆ ئەم دووبارەبونانەوە دابنرێت. 
‌ئەوەی لەئێستادا پێویستمانە: دوورکەوتنەوەیە لە دووبارەبوونەوەی هێڵەکێشراوەکان و کاتی سەرەتای ڕێگایەکی نوێیە! ئێستا کاتی دوورکەوتنەوەی ڕۆژنامەنوس و بەتایبەت مێدیا ئازادەکانە لەبڵاوکردنەوەی لێدوانی بەرپرسەکان و نمایشتکردنی فرمێسکی درۆیینەیانە بۆ ئەو خەڵکە هەژار و بریندارە، بەڵێ کاتی بایکۆدکردن و بڵاوکردنەوەی پێکهێنانی هەر لیژنەیەک کە لەوبارەوە ڕێکدەخرێت. کاتی ئەوەیە هەموو دەنگەناڕازیەکان یەکبخرێن و فشارێکی تۆقێنەر بەبێ پچڕان بۆسەر دەسەڵات دروستبکرێت و بەردەوام لەو خاڵەبدرێت کە قاچەکانی دەسەڵات و دەسەڵاتدارانی پێدەشکێنرێت!!
‌ لە هەمووشی گرنگتر بەردەوامبوون و نەوەستانە تا ئەو شتاتسیۆنەی تیایدا خاڵی دڵنیایی بۆ ڕۆژنامەنوسان و بەگشتی تاکی کورد بەدیدێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە