ئینسایكلۆپیدیاى خێزان، كەوتە كتێبخانەكانى كوردستان

Sunday, 12/08/2012, 12:00

2324 بینراوە


دەمەوێت سەرنجى خوێنەرانى ئەم سایتە هێژایە بۆ ئەوە رابكێشم كە كتێبى (ئینسایكلۆپیدیاى خێزان) بە چاپێكى زۆر قەشەنگ و جوانەوە، كە دەزگاى پەخشى سەردەم لە سلێمانى چاپى دەكات، كەوتە بەر دیدى خوێنەرى كوردزمانەوە. لەبەر بایەخى ئەم كتێبە بۆ خێزانى كورد و خێزانیش بەردى بناغەى بنیاتنانى كەسێتى تاكى كوردە، دەبێت باوان و هاوسەران ئەم كتێبە بخوێننەوە. ئەم كتێبە كە زادەى شەونخونى چەند ساڵێكە پشتى بە سەرچاوەگەلێكى هۆڵەندى و ئیسپانى و عەرەبى و كوردى بەستووە و میتۆد (مەنهەج) ى ئەكادیمى و زانستى بەستووە.

ئەم كتێبە بەندە: حەمەى ئەحمەد رەسوڵ ئامادەى كردووە، كە بەرهەمى شەونخوونى زیاتر لە چوار ساڵ و نیوە، بە قەبارەى كتێبى فەرهەنگى و گەورەتر لە قەبارەى كتێبى ئاسایى و لە نزیكەى 650 لاپەڕەدایە. ئەم ئینسایكلۆپیدیایە تایبەتە بە هەموو چەمكە گرنگەكانى خێزان، لە ڕووى كۆمەڵایەتى و دەروونى و پەروەردەیى و سێكسى و تەندروستییەوە. واتا بەپێى پیتى ئەبجەدى و لە ئەلفەوە بۆ یا (ئا-ى) شرۆڤەى ئەو چەمكانەى تیایە كە بایەخدارن بۆ هەموو تاكێكى كورد.

كتێبەكە كراوە بە چوار بەشى سەرەكییەوە، بەشەكانیش لەناو هەر پیتێكدا هەن، بەشى یەكەم بۆ پێش هاوسەرگیرى و دروستكردنى خێزان تەرخانكراوە، واتا ئەو قۆناغەى كە پێى دەووترێت دەستگیراندارى و ئەڵقە گۆڕینەوەى نێوان زاواو بووك، شرۆڤەى هەموو ئەو چەمكە گرنگانەیە كە گەنجان بۆ پرۆسەى هاوسەرگیرى پێویستییان پێى دەبێت. رێنووماییەكى پڕ بایەخدارە بۆ لاوان كە چۆن و كەى و كێ بۆ هاوسەرگیرى هەڵدەبژێرن.

بەشى دووەمیش تەرخانە بۆ پرۆسەى سێكسى نێوان ژن و مێرد، باس و لێكدانەوەیە سەبارەت بە هۆشیارى سێكسى و دواجار دووگیانیبوون و قۆناغى سكپڕى ژن بە چەندین زاراوە خراوەتە بەر نەشتەرگەرى و پێناسەوە، ئەوجا تەندروستى دایك و كۆرپەلەو ساواكەى لە بەشى سێیەمى كتێبەكەدا بە چەندین چەمك و وتەزا شیكراوەتەوە.

پەروەردەكردنى منداڵى ساواو منداڵى پێش قۆناغى خوێندن تا دەگات بە هەرزەكارى و لاوێتى، بەهێند وەرگیراون و بە دەیان لاپەڕەى بۆ تەرخانكراوە. كێشەو گرفتە زۆرەكانى پەروەردەكردن و گۆشكردنى منداڵ و جگەرگۆشەكانمان بۆ باوان و بۆ دادەكان بە وردى شیكراونەتەوە. كە وەكو رێبەرێك وایە بۆ ئەو دایك و باوكە گەنجانەى دەكەونە ژێر بارى ئەم ئەركە قوورسەوە.

لە دوا بەشدا كە نزیكەى سەد لاپەڕەى دووا بەشى كتێبەكەى داگیر كردووە، تەرخانە بۆ چۆنییەتى مامەڵەو پەیوەندیى كۆمەڵایەتى و خێزانى نێوان ژن و مێرد و منداڵەكانیان و كەسوخزمانیان، چۆنییەتى بەختەوەربوونیان و هەروەها كێشەو شەڕو شۆڕى نێوان هاوسەرانیش فەرامۆش نەكراوە. تەنانەت تەڵاق و جیابوونەوەو كاریگەرییە نێگەتیڤەكانى بەسەر هاوسەران لەلایەك و منداڵەكانیان لەلایەكى دیكەوە بە وردى و پشت بەستوو بە زانستى كۆمەڵناسى و دەروونناسى، شرۆڤە كراوە، كە بایەخى تایبەتى هەیە بۆ هەموو تاكێكى كوردى هاوچەرخ.

شایانى وتنە كە تایتڵى هەموو چەمكەكان بەپێى ئەبجەدى ریزكراون و بەرامبەریان كراون بە ئینگلیزى. سوود لە زیاتر لە پەنجاو شەش 56 كتێب وەرگیراوە، بێجگە لە دەیان رۆژنامەو گۆڤارو سایتە عەرەبى و هۆڵەندى و ئیسپانییەكان.

بەندە دەمێكە هەستم بەوە كردووە كە ئەمجۆرە فەرهەنگانە لە كتێبخانەى كوردیدا كەمن و لەم ساڵانەى دوواییەدا تاق و تەرا لێرەو لەوێ بە تێكۆشانى چەند كەسانێك، نەك كۆڕو سەنتەرو وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە رۆشنبیریە زۆرەكانمان !!

كەسانێك كە خودى خۆیان هەست بە لێپرسینەوەو بەو پێداویستییە گرنگە دەكەن و ئەم كارە بە شێوەیەكى كەسێتییانەو شەخسى رادەپەڕێنن، دیارە ئەوەش شەونخوونى و ماندووبوونێكى ئەوتۆى دەوێت كە دەبێت بۆ ماوەیەك تەركى خۆشى و رابواردن و سەیران و گەشت و سەفەركردن بكرێت و تەنیا خۆ ئامادە بكرێت بۆ ئەم جۆرە پرۆژانە كە گرنگن بۆ كتێبخانەو فەرهەنگى كوردى.

دەبێت ئەوەش بووترێت كە چەند ساڵێكە ئەم پرۆژەیەم بە دەزگاو پەخشى سەردەمى هێژا راگەیاندووەو ئەوانیش بەوپەڕى دڵسۆزى و ئەمەكەوە باوەشى میهرو سۆزیان بۆ پرۆژەكە كردەوە، ئەگەر ئەوان نەبوونایە ئەم فەرهەنگە گەورەیە بە كەسێكى بێمووچەو هەژارى وەك بەندە چاپ نەدەكرا. نموونەى ئەم دەزگا دڵسۆزانە زیاد بێت و ئەو كەسانەش تەمەن درێژ بن، كە ماندووبوونى نووسەران بەهێند وەردەگرن و رێزیان لێدەنێن.

ئەوەشم بیر نەچێت كە مامۆستا ئومێد عومەر (كە هەڵگرى بڕوانامەى ماستەرە لە زانكۆى لایدنى هۆڵەندى و بەشى سۆسیۆ- سایكۆلۆژى) بەوپەڕى ئەمەكەوە بەم كتێبەدا چۆتەوەو سەرنج و تێبینى وردو گرنگى داومەتێ.. ئەوەش كە ماوەتەوە و پێویستە بیڵێم ئەوەیە كە ئەم بەرگە جوان و نایابە كە لە فەنتازیا نزیك بۆتەوە كارو ئیشى كاك (ئارام عەلی)یە.. خوا لە وێنەیان زیاد بكات. بەو ئومێدەى ئەم فەرهەنگە سوودێكى بچووك بە تاكى كوردو كتێبخانە و خێزانى كوردستانە ئازادو شیرینەكەمان بگەیەنێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە