مەلا بەختیار لە شۆڕش ناترسێت

Thursday, 31/05/2012, 12:00

1436 بینراوە


 قاڵەقاڵەکەی مەلا بەختیار لەهەفتەی دامەزراندنی یەکێتیدا، هیچ نیە پرۆپاگەندە نەبێت بۆ خۆپاڵاوتن بۆ سەرکردایەتی یەکێتی دوای وونبوونی تاڵەبانی. مەلا بەختیار دەیەوێت پیمان بڵێت: خەڵکی بێویژدانن کە دان بە دەستکەوتەکانی یەکێتی و پارتیدا نانێن، بەڵام نایەوێت پێمان بڵێت ئەو دەستکەوتانە چین جگە لەو بازاڕو بینا بەرزە ١٠٠ ١٥٠ ملیۆن دۆلاریانەی سەرمایەدارەکان، بە یارمەتی عساباته سیاسیەکانی دەوڵەت، دۆلاری پێ دەشۆنەوە؟ نایەوێت پێمان بڵێت: لەبەرامبەر بەرزکردنەوەی هەر بینایەکدا، هەزاران بێکارو هەژار، دەڕژێنە شەقامەکانەوە، نەخۆشی سایکۆلۆژی و پەنابردن بۆ ماددەهۆشبەرەکان دەبنە دیاردەی هاوچەرخ. ئەو دیاردانەی، زۆر بە دڵنیاییەوە، لە فەرهەنگی سیاسی یەکێتی و پارتیدا جێیان نابێتەوە. ئەوان پرۆژەیەکی ئاسایی حکومی بە دەستکەوت لە قەڵەم دەدەن، ئەمە لە کاتێکا ئەو پرۆژانە، لە هەموو جێگایەکی ئەم جیهانەدا، پێداویستی هەمیشەیی گەورەبوونی شارەکان و فراوانبوونی پێداویستیە شارستانیەکانن و هیچ پەیوەندیەکیان بەو دەستکەوتەوە نیە. ئەو پرۆژانە لە سەردەمی بەعسداو لە دوای ٣ جەنگی وێرانکارانەیش، هەر بەردەوام بوون. پیداویستیە گرنگەکانی ژیانیش لە بازاڕەکاندا دەستدەکەوتن بە ئاسانی و بەهەرزانی.
مەلا بەختیار دەیەوێت بمانخاتە بەراووردێکی ساویلکانەوە بەو ناوەوە کە گوایە گۆڕان ڕەخنەیان دەگرن لەسەر ئەوەی لە ماوەی ٢٠ ساڵدا هیچیان بەدەست نەهێناوە، ئەو گۆڕانەی کە خۆیان بەشێکن لە بنیاتنەری ئەم سیستمەی ئەمڕۆی کوردستان و ڕەخنەکانیشیان لە ڕەخنەی ئەم پرۆژەو ئەوی تریان، ناترازێت.
مەلا بەختیار لە ووتەکانیدا، وەک نوێنەری یەکێتی و پارتی، باس لە چوونەسەرەوەی نا ئاسایی بێکاری و هەژاری و نرخی شتومەک ناکات لە ماوەی ٢٠ ساڵی حوکمرانێتیاندا. وە نایەوێت پێمان بڵێت: ئەوان بە پتەوکردنی بناغەی سیستمی سەرمایەداریەوە خەریکن و هەژاری و بێکارییش، دیاردە پێویستیەکانی ئەو سیستمەن. 

مامۆستا مەلا بەختیار: کۆمەڵگاکەی ئێوە دوو ڕووی هەیە، ڕوویەکیان بەهەشتی سەرمایەدارەکانە کە خۆت یەکێکیت لەوانەی تیایا دەژیت، ڕووەکەی تریشی دۆزەخی هەژارانە کە من و ملیۆنانی وەک منی تێدا دەژی. وە هەرچەند منبەرە سیاسیەکانیشتان بەهێزبن، ناتوانێت ئەو ڕووخسارە ناشیرینەتان بشارێتەوە کە گەیشتووەتە ئاستی خۆکوشتن بەهۆی بێکاریەوە. 
بەڵام زۆر دڵنیابن: ئەو تاکە داموو پەڕگیرەی لە تەنیایی و لاوازیدا پەنا دەباتە بەر خۆکوشتن، هەر ئەو تاکانەن کە جەستەی سووتاویان، گرێکی ئاگراوی فڕی دەدات و هەر لە ناکاوێکدا، پەنا دەبەنە بەر شۆڕشێک و هەموو پایە سیاسیەکانی دەسەڵاتەکەتان هەڵدەتەکێنن. تۆ دەتەوێت پێمان بڵێیت: جا نان نیە با پسکیت بخۆن! کاریشیان نیە خۆیان تەمەڵن! ئێمەیش دەڵێین: لە دوورەوە، دووکەڵێک بەدی دەکەین، ئەوە دووکەڵی شۆڕشە بە ئاسمانا دەچێت. ئەو شۆڕشە شۆڕشی هەژاران و بێکارانە، شۆڕشی ئەو چینەی هەر لە ناکاوێکدا، وەک بوومەلەزە، زەویەکەی ژێر قاچتان دەلەرێنێتەوەو پڕ بە جیهان هاوار دەکات، هەستن لە خەو:
هەستن لە خەو کۆیلەو برسی ئەم جیهانە
ئەی ئەوانەی ساڵ دوانزەی مانگ برسیتانە

لیژنەی ١٧شوبات

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە