یەکێتی نیشتیمانی ،نەوشیروان و بزوتنەوەی گۆڕان دەکەنە بەعسی !!!

Saturday, 26/03/2011, 12:00

1429 بینراوە


لە یادمانە کە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە شەڕێکی سەختدا بوو لە گەڵ ڕژێمی بەعسدا بۆ ماوەی نیو سەدە ،هەمو حیزبەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی بەشداری بەرچاویان هەبو لە ڕوبەڕوبونەوەی دوژمندا ،هەروەها لە ڕوبەڕوبونەوەی یەکتریشدا (شەڕی براکوژی) ، بۆ ئەم مەبەستە ش هەرحیزبەو دەزگای تایبەتی ڕاگەیاندن و ئیزگەی دامەزراندبوو ،بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ وچالاکییەکانی و ئامادەکردنی ووتاری سیاسی ڕۆژ کە هەندێکی بۆ جەواشەکاری جەماوەر و هەندێکیشی بۆ بەرزکرنەدوەی معنویاتی هێزی پێشمەرگە بوو .
من وەکو پێشمەرگەیەکی دێرینی یەکێتی کە هەندێ جار لە نزیکەوە ئاگاداری چۆنێتی بیرکردنەوەی بەربرسی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەتایبەتی و سەرکردایەتی بە گشتی بوم ، درکمان بەوە ڕاستییە ئەکرد کە بۆ پڕکردنەوەی لاپەڕەکانی ڕێبازی نوێ و الشرارە کە بە زمانی عەرەبی دەرئەچو، پەنا دەبرایە بەر هەواڵەکانی جیهان و بڵاوکراوەکانی لایەنە ئۆپۆزیسێونەکانی ئەو کاتەی ڕژێمی سەدام ،ئەگەر چی زۆریش لە یەکەوە دوربوین لە بیروبۆچونمان سەبارەت بە ئایندەی کوردستان ،بەڵام لە بەر ئەوەی هەواڵەکان بۆ ئاشکراکردنی ڕوی ڕاستەقینەی ڕژێم بوو ،هەمو بەلامانەوە کارێکی میدیای ئاسایی بوو ، جونکە لەو سەردەمانەدا بەعسییەکان نەک هەر ئێمە وەکو کورد بەڵکو گەلەکەی خوشی (عەرەبی شیعە و سوننە و تورکمانەکانیشی) ئەگرت و دوای ئەشکەنجە لە سێدارەی ئەدان ، بۆیە کارێکی بە سود بوو کە یەکێتی نیشتیمانی ئەم هەواڵانە بڵاو بکاتەوە .
ئەوەی کە جێگای سەرسوڕمانە لەم هەفتەییەی پێشودا سایتی (الجبهە الوگنیە و القومیە والاسلامیە) کە سایتی بەعسییەکانی عێراقە و عیزەت الدوری ڕابەرایەتیان ئەکات ، هەواڵێکی سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی سلێمانی و شارۆچکەکانی تری بڵاوکردەوە ، بزوتنەوەی گۆڕانی وەکو ئۆپۆزیسێۆن بە ڕابەری ئەو خۆپیشاندانانە خستە ڕوو ،ئەمە تا ئێرە ئاساییە ،چونکە ئەوانیش ئەندام و خەڵکی خۆیان هەیە لە ناو عێراقدا و دژی ئەم حکومەتەی مالکی چالاکی ئەکەن ،ئەوجا ئەگەر بە تیرۆریست یان شۆڕشگێڕ ناو ببرێن ئەوە ئەگەڕیتەوە بۆ جەماوەری عێراق ، لە سەر ئەم هەواڵە یەکێتی نیشتیمانی بە بێ ئەوەی ئاوڕێک لە ڕابردوی ڕاگەیاندنەکانی خۆی بداتەوە ،وەکو ئەوەی هەنگوینی لە داردا دۆزیبێتەوە کەوتە دەهۆڵ لێدان بۆ سوککردنی بزوتنەوەی گۆڕان و ئۆپۆزیسێون لە کوردستاندا ، ئەم چەوشەکارییەی دەزگای ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی بۆ ئەم چەند خاڵە ئەگەڕێتەوە:
= بونی ئازاد جوندیان لە هەرەمی دەزگاکەدا ،ئەگەر چی ئەم پیاوە کەمێک شارەزایی هەیە لە نوسین وڕاگەیاندن بەڵام جێگای داخە کۆنە قین و ڕازیکردنی دڵی تاڵەبانی و بنەماڵەکە ی زۆر بەلاوە گرنگترە لە بەرژەوەندی میللەت .
= بونی کادرێکی بێ شومار لە دەزگای ڕاگەیاندن کە باکگراوندی شۆڕش وپێشینەی ئەم دەزگایە نازانن و خوێندەوەیان نییە بۆ ڕەوتی بەرەوپێشەوە چونی شێوەکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و جیاکردنەوەی هەواڵەکانی دۆست و دوژمن .
= لە هەمو ئەم خاڵانە گرنگتر هەندێ خەڵکی قەڵەم فرۆش ،بە قسەی هەلەق و مەلەق ودرۆ هەڵبەستن و جەواشەکردنی خەڵک دۆخەکە ئاڵۆز دەکەن ،هەرچەندە ئەوجۆرە کەسانە ناسراون و نوسینەکانیان هیچ بایەخی نییە ، بەڵام هەر ئەم نوسینانە بەداخەوە تاسیر لە بڕیاری سەرکردە پیرەکان دەکات کە خۆش باوەڕن وا ئەزانن ،ئەوانەی لە سەرای ئازادی خۆپیشاندان ئەکەن زوو ماندو ئەبن و کۆڵ ئەدەن ،زۆربەی سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی ئەزانن کە نە بزوتنەوەی گۆڕان و نە سەرکردەکەی (نەوشیران) هیچ پەیوەندییەک لە گەڵ بەعسییەکاندا نابەستن ،بەڵام وەکو سەردەمی شەڕی برا کوژی مەکینەی ڕاگەیاندنی چەواشەکاری ئەخەنە گەڕ بێ ئەوەی درک بەو ڕاستییە بکەن کە بەم کارەیان تەنها بەرژەوەندییەکانی بنەماڵە دەپارێزن و ئاسایشی نەتەوەیی ئەخەنە مەترسییەوە.
ئەوەی کە جێگای سەرسوڕمانە هەمان سایتی بەعسیەکان هەواڵێکی تریان بلاوکردوەتە ،سەبارەت بە هەڕەشەی سەر پیاوە ئاینییەکانی کوردستان لە ڕێگای مۆبایلەوە ،کەچی دەسەڵاتی کوردی (یەکێتی و پارتی) هیچ باسی ناکەن و خۆیان لە قەرەی نادەن ،ئەمە ڕاستی بۆچونەکانمان دەرئەخات کە ڕاگەیاندنی ئەم حیزبانە لە خزمەتی میللەت دا نییە ،ئەوەندی لە خزمەتی بنەماڵەدایە ، لە پێناوی چەواشەکاری و تاوانبارکردنی بزوتنەوەی گۆڕان . بۆ بینینی ئەم هەواڵە تکایە ئەم لینکە بکەرەوە
http://www.jabha-wqs.net/article.php?id=14366


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە