جیاوازی نێوان شنگال و کۆبانێ لە چیدایە!

Sunday, 02/11/2014, 12:00

1521 بینراوە





هەموو جیهان ئاگاداری ئەو دوو جێگایەن،شەنگال و کۆبانێ ئیتر دوو ناونیشانن لەزۆرترین ڕوەوە شیکاری بۆ کراوە تا ئێستا. دیارە ئەم دوو شارە هەردووک خەڵکی سیڤیلی لێیە وەک هەر شوێنێکی تر. ئەوەی ئەم دوو شوێنە جیادەکاتەوە لەیەکتری،ئاستی خیانەت و بەرخودانە،چونکە خیانەت هەمیشە ڕووی لە شکستە و ناتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت،خەڵکی شەنگال هیچ تاوانێکیان نەبوو،تەنها ئەوە نەبێت لە ڕووی دینیەوە ئیسلام نەبوون،بەڵام گەر بۆ داعشیەکان ئەو هۆکارە بێت لەوەی بەحەڵاڵی خۆیانی بزانن و ئەوەی کردیان،کردیان،کێشەکە لێرەدا نیە،هێندەی پەیوەندی بەهۆکاری سەرەکیەوە هەیە کە ئەویش دەسەڵاتی کوردی و پارتی بەتایبەتی لە نێو ئەو سیناریۆ ڕەشەدا بوون و لەپێناو بەرژەوەندیە قێزەونەکانی خۆیان دەڤەرێکیان کرد بەقوربانی. ئاخۆ گەر ئەو دەسەڵاتە و پارتیش کەلەوێ بوون،بیان خواستایە ئەو کارەسات و بەجینۆساید کردنە نەیەت بەسەر دانیشتوانی شەنگالدا نەیان دەتوانی ئەو خەڵکە سیڤیلە بپارێزن؟ دیارە گومانم لەوەنیە گەر بیان ویستایە هەڵبەت وەک پەیەدە و باڵی سەربازی یەپەگە و یەپەژە چۆن سەری کۆبانێیان بەرز کردۆتەوە زیاد لە چل ڕۆژە، بەهەمان شێوە دەتوانرا لە شەنگالیش هەمان بەرخۆدان بکرێت. بەڵام بۆ نەکرا،ئەوە ئەسڵی بابەتەکەیە. ئاخۆ گەری لە شەنگالدا بەرگری قارەمانانە بکرایە دژی داعشی ئەردۆغانیەکان ،پارتی دەسەڵاتی هەرێم چ زەرەرێکیان دەکرد؟ئایا پشتگیری جەماوەر مەزنە یان پشت بەستن بەدەوڵەتانی داگیر کەر؟هیچ لایەک گومانی لەوە نیە کە دەوڵەتە فاشیە ئیسلامیەکەی ئەردۆغان بە چ ئەندازەیەک لە هیدایەت دانی داعشدایە،ئاخۆ دەوڵەتی تورکیە لە پێناو کام ئامانجدا چوە پاڵپشتی داعشەوە؟لێرەدا ڕەنگە زۆرێک تەنها مەدە سونی گەراکە بە ئەسڵ ببینن لە بەرانبەر مەدی شیعیدا،بەڵام ڕاستیەکەی وا نیە،بەڵکو لەپێش هەر ئامانجێکی سونی گەریدا بۆ دەوڵەتی تورکیا لەناوبردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و پێکاکا گەورەترین خەون و ئامانجێتی لەنێو سیناریۆی داعشدا. خۆ گەر وا نەبوایە ئەوا دەبوو داعش شەڕی خەڵکی کوردی نەکردایە،چونکە خەڵکی کورد لەسەر سونەی ئیسلام ناونووس کراون. کەواتە وەک چۆن بەئاسانی دەتوانرێت سیناریۆکان بخوێنرێنەوە،بەهەمان شێوەش دەتوانرێت لە هۆکاری گورگانە خواردکراوی خەڵکی شەنگالیش ببینرێت. پارتی دیموکراتی کوردستان یەکە دۆستی دەوڵەتەکەی ئەردۆغانی داعشە،هەروەک چۆن یەکێتی نیشتمانیش دۆستی نزیکی دەوڵەتی لەسێدارەی ئاخوندەکانی ئێرانە،دیارە پێکهاتەکانی دیکەی نێو دەسەڵاتی هەرێمیش دابەش کراون لەنێوان ئەو دوو زلهێزەدا. بۆیە گەر بۆ داعش بچوایەتە سەر لە کۆبانێیشدا،ئەوا، خیانەتە پیسەکە دەیتوانی بۆیەک جاری خەڵکی کوردستان بخاتە ژێر چەپۆکی ئەو سیناریۆ ڕەشەوە، بەڵام ئەوەی توانی کۆی سیناریۆکە ژێراو ژوور بکات،مەزنایەتی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بوو،ئەو شۆڕشەی کە کۆمەڵگای تێدا پەروەردە کراوە. وا کۆبانێ بۆزیاتر لە چل ڕۆژە لەپەڕی بەهێزی خۆیدایە و چاوی گشت جیهانی لەسەرە. ئەوە مایەی ئەو ڕاستگۆییەی حیزب دەکات کاتێک بەرژەوەندی خیانەت و چینایەتی لەنێو دەبات،ئیتر لەوێدا ئەوەی دەمێنێتەوە،ئاستی پشتوپەنا مەزنەکەیە کە خودی جەماوەرە ئازادیخوازەکەیە. ئاخۆ ئێستا گەر شەنگالیش وەک کۆبانێ لە بەرگریدا بوایە،دەسەڵاتی هەرێم و سەرۆکایەتیەکەی چەند هێندە دەیان توانی خۆشەویستی کۆمەڵگا بۆلای خۆیان پەلکێش بکەن؟چما ئەو پاڵپشتیە ملیۆنیە نێو نەتەوەییەو ئەو جەماوەرە مەزنەی خەڵکی کوردستان لە پێناو چیدایە؟ئاخۆ دەرئەنجامی ئەو بەرگریوبەرخۆدانە مەزنە نیە کە ژنان و پیاوانی شەڕڤان توانیویانە قارەمانانە بجەنگن دژی بەرەی تاریک پەرستی داعشی ئیسلام؟
هەروەک چۆن کاتێک گزنگ دەدا ڕۆژ،ئیتر تاریکی ناتوانێت بوونی خۆی بهێڵێتەوە،شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانیش هەربەومشێوازەیە و هیچ لێڵیەکی تێدا نیە لای کۆمەڵگا. ببینن لە نێو بەرەی جەنگدا، چەند بەرپرس لەنێو شەڕڤاناندان و بەبێ جیاوازی پلەوپایە لە مەیداندان دژی داعشی خوێن خۆر. ئاخۆ لەهەرێمدا بتوانرێت شەنگالیش ڕزگار بکرێت لەدەست چەتەکان،دەتوانرێت ئەو کۆ سوێیە لەنێو دەرونی خەڵکی شەنگالدا بسڕێتەوە؟جیهانی تاوان و تاوان کردن،هەروا کارێکی سانا نیە بتوانرێت بەبێ دادگایی تاوانکار بکرێت لەبیر ببرێتەوە. ڕاستی گە دەسەڵاتی عێراقی نوێ خۆی داعشێکی مەزهەبی و چەتەو گیرفان پڕ کەر نەبونایە،بەخەویش ئەم داعشەی ئێستا بەرهەم نەدەهات. ئەوە دەرئەنجامی بەکرێگیراویەتی کۆی دەسەڵاتی عێراق بوو وا کۆمەڵگای بەرەو ئەو داڕوخانە بردوە کە مرۆڤ نازانێت کەی ئەو کۆمەڵگایە ڕزگاری دەبێت لەو دەسەڵاتە بەوەکالەت کەرە نێو نەتەوەییە. مایەی شەرم و شەرمەزاریە بۆ گشت دەسەڵات و بەناو پەرلەمانی عێراق و هەرێم وا لە دوای ڕوخانی دیکتاتۆرەوە تائێستا بەقەد سیوپێنج ساڵی بەعس زەرەریان لە کۆمەڵگای عێراقی پڕ لە نەوت دا.
ببینن،لە ڕۆژئاوای کوردستاندا لەڕوی ئابوریەوە زۆر هەژارن،بەڵام چونکە دەسەڵاتە کانتۆنیەکان لە خزمەتی پەروەردەی کۆمەڵگادان،بزانن لە سوریایەکی نێو جەنگدا،چۆن کۆمەڵگایان پاراست لەو جەنگە کاولکاریە نێونەتەوییە،کاتێک دەڵێم نێونەتەوەیی،چونکە لە سوریادا هەر لەسەرەتای شۆڕشی خۆڕسکی لە ساڵی 2011 وە،زۆر زوو لەلایەن بەرەی زلهێزانی سەرمایەداری جیهانەوە،ئاراستەی شۆڕشەکەیان گۆڕی بۆ ئەو جەنگە ماڵکاولکاریەی زیاد لە سێ ساڵە ژیانی نەهەێشتوە بۆ ئەو کۆمەڵگایە. بەڵام لەڕۆژئاوای کوردستاندا بەبێ جیاوازی ئیتنی و دینی و چیوچی،کۆمەڵگا خرایە نێو پەروەردەی دوور لەجەنگ،تا توانرا ئەو کۆمەڵگا مەزنەی لێ بەرهەمبهێنن کە ئێستا گشت جیهان بەرخودانە مەزنەکەی دەبینێت.ئاخۆ دەزانن تەنها جیاوازی شەنگال و کۆبانێ لە چیدا بوو؟ جیاوازی تەنها لە پەروەردەو ئاستی یەکسانیخوازی لەنێو کۆمەڵگاو دەسەڵاتدایە. گەر یەکسانیخوازی بوونی هەبێت ئەوا کۆبانێی سەربەرز دەبینیتەوە،گەر خیانەتی دەسەڵاتیش هەبوو ئەوا شەنگالی داماو کراو دەبینیتەوە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە