22ساڵە بەرپرسان تەنها لە16/3 دا هەڵەبجەدێتەوەبیریان

Friday, 12/03/2010, 12:00

1417 بینراوە


هەموولایەك ئاگاداری ئەوەین كە هەڵەبجەلەمێژوودا توشى چەندەها كارەسات و ماڵ وێرانى بووە و خەڵكەكە بەهۆى هەڵوێستى شۆڕشگێڕنەو كوردپەروەرانەیانەوە ئاوارەو سەرگەردان بوون .كەدواكارەسات تراژیدیاى كیمیاباران كردنى(16/3/1988) بوو،لەدوای ئەو كارەساتەوەو پاش راپەرینە جەماوەریەكەی خەڵكی كوردستان و دروست بونی حكومەتی خۆماڵی كوردی پێمان وابوو هەڵەبجەو دەوروبەری بەهەورامانو شارەزووریشەوە پشكی شێریان بەردەكەوێتلە پرۆژەی ئاوەدان كردنەوەدا،كەچی یاد لەدوای یاد و ساڵ لەدوای ساڵ دەڵێن ئەم ساڵ نا ساڵی داهاتوو , ئەم یادە نا با یادی داهاتوو , بەڵام ئەوەی دەیبینین كەلاوەكان لەبری ئەوەی كەم بنەوە زیاد دەكەن و قوڕاو چڵپاو و وێرانی داڕوخان و ناشارستانیەت بەسیمایی ئەم شارەوە ساڵ بۆ ساڵ دیاری بەشداربووانی یادیی 16ی ئازاری مەرگەساتەكەن .
ئەو شارەی دوای ڕاپەڕین هەر ئەوشارەیە و گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە كاتێك پێش ئەوەی بگەیتە هەڵەبجە , بەناو زەمەقی دا تێدەپەڕیت و ئەوەی نەگۆڕابێ و وەك خۆیی مابێتەوە وەك كۆمەڵگایەك چۆن دروست كراوە بەو شێوەیە ماوەتەوەئەوەی ڕۆخاوە هێشتا بەڕوخاوی ماوەتەوە و ئەوەی گۆڕانبێت بەسەری دانەهاتووە , كاتێك پێدەخەیتە نێوشارەو لەچاڵ و هەڵكەندراوەكانی بەناو ئاوەدارنكردنەوە و پڕۆژە لەو شارە ناتوانی هەنگاو بنێی گرمەی شۆفڵەكانی پێش یادی هەڵەبجە بەئەسپایی پێمان دەڵێن بێ دەنگ بن ئەوە ئەم چەند مانگەیە تا یادەكە كۆتایی پێدێت و دوایی سەرتان سووك دەكەین و بەجێتان دەهێڵین و ناگەڕێینەوە تا یادێكی دی .
ڕاپەڕینی ساڵی 1987 ی دانیشتوانی ئەم شارە چەندین ماڵ ڕوخێنران و بوونە كەلاوە و كەس نەیتوانی ئاوەدانیان بكاتەوە و دواتریش ساڵی 1988 و لە 16ی ئازاردا هەموو شار بووە كەلاوە و ئەوەی بەتۆپ و فڕۆكەكانی ڕژێم كرا كاولیان كرد و دواتریش كاتێ ئێران بەجێ ی هێشت ئەوەی بۆیی كرا كاولی كرد و تەقاندیەوە و كردیە كەلاوە و دواتریش ڕژێم ئەوەی بەپێوە مابوو بە كەلاوەیی بەجێ هێشت و ئەم شارە سیمایی شاری پێوە نەما ..
بەئازادبوونی كوردستان و ڕاپەڕینی 1991 هیوایەك و ئومێدێك كە ئەم شارە شەهیدەی كە بووە پێناسەیەك بۆكورد دروست بوو , لەو جۆرە ژیان و دۆخەوە بەرەو باشترو پێشكەوتن و نمونەیی ببرێت و وەك بوكێك لەو وێرانیەوە بەرەو ئاوەدانكردنەوە و شارستانیەت بچێت . بەڵام نائارامی و خراپی بارودۆخ و قۆناغەكانی خەباتی سیاسی كورد و شەڕی ناخۆ و چەندین گرفتی دی نەك ڕێگایان نەدا ئاوەدانبێتەوە بەڵكو زیاتر بەرەو وێرانی و كاول بوون و پشت گوێ خستن چوو ... كەلاوە ڕوخاوەكانی هەڵەبجە دوای ئەوەی 200 كەلاوەیان كرانەوە خانوو بەڵام ئەو ئاوەدانكردنەوەیە دیسانەوە وەك هەموو دابەشكردنێكی دی حزب و لایەنكاری دەوری باڵای هەبوو تەنها بەسەر لایەنگرانی لایەنێك دا دابەشكران واتە ئەو كەلاوانەی سەر بەلایەنگرانی خۆیان بوون ئاوەدانیانكردنەوە , ئەمەش بەقسەی خەڵكی هەڵەبجە .
هێندەی لەم بارەیەوە باس بكەین كەمەو ناگاتە دڵۆپێك لەدەریا و ئەم بەڵێن و پلان و نەخشە وەهمیانە وایان لەخەڵكی ئەم شارە كردووە كە بڕواو متمانەیان نەمێنێ و هەموو بەڵێن و پڕۆژەیەك لەڕۆژی لەدایك بوونیەوە بەمردووی حسابی بۆبكەن و هیچ ئومێدو هیوایی لەسەر نەبەستن , كەواتە گرنگە ئەم بڕواو متمانەیە بگەڕێنرێتەوە و ئەو نیگەرانی و دڵگرانیە لەسەر دڵی دانیشتوانی ئەم شارە شەهیدە لاببرێت و ئومێدو هیوایان پێببەخشرێتەوە .
خەڵًكی هەڵەبجە چۆن لە سێدارەدانی سەدامی دیكتاتۆر ئەو ڕۆژەی بۆ دووبارە كردنەوە كە تۆڵەی ئەوان لەبیر كراو تەنها ئەو دیكتاتۆرە خوێنڕێژە گەورەیەیان بۆ خاتری 148 كەس لەسێدارە درا و هەموو ئەو تاوانانەی دەرهەق بەكورد لەبیر كران بەبێ ئەوەی تا ئێستا كەسێك داوایی لێ بوردن لە كەس و كاری شەهیدان بكات و بەبێ ئەوەی كەسێك دان بەوەدا بنێ كە قەرەبوویی ئەم خەڵكە بدرێتەوە بەڵام ڕۆژانە ئەو كەسانەی لەخواروی عێراق دەكوژرێن زۆر بەخێرایی قەرەبوو دەكرێنەوە و كەس هەڵەبجەی لەبیر نەماوە و ئەوەندە لەبیریان ماوە تەنها ئەو یادەیە كە بووەتە مۆدەیەك بۆ داوەت كردنی چەند كەسایەتی و وەفد و بەڕێوەبردنی هەندێك مەراسیم كە هیچ سوودێك بەم شارە ناگەیەنێت .
ئەگەر كەلاوەكان هێشتا بەڕوخاووی مابێتنەوە و كۆڵان و بازارو شار لەقورٍِ و چڵپاو زیاتر هیچی تێدا نەبێت و خزمەتگوزاری و پێداویستیەكان نەبن و لەهەمان كاتدا لەڕووی مەعنەوەیەوە پێشتگیری نەكرێت و كێشەكە لە سوچی بیركردنەوە و لەبیرچونەوەدا بێت , بۆیە خەڵكی ئەم شارە ناهەقیان نیە بڵێن یادی 16 ئازارمان ناوێ , چونكە ئەو یادە بۆ ئێمە نیە و بەڵكو بۆ كاری ترو بۆ مەبەستی دی دەكرێتەوە كەواتە یادێك لەسەر حسابی ئێمەو بۆ بەرژەوەندی دی بكرێتەوە ئێمە نامانەوێ و نەكردنەوەی بۆئێمە باشترە چونكە برینەكانمان ناكولێنەوە , زامەكانمان نوێنابنەوە , ئەو زامانەی تائێستا ساڕێژنەكراون ئەو خەمانەی كە تائێستا لەدڵ دەرونماندا ئەتلێنەوە و گوژم دەخۆن , مافەكانمان و تۆڵەمان نەسەندرابێتەوە و ساڵ لەدوای ساڵیش لەبیر دەكرێن و ئەوەندەی ئێمە لەبیر بین ساڵی جارێك لەڕێگای ڕاگەیاندنەوە ووردەباسێك دەكرێت و دوایی ئەوەی بێدەنگێكی ئەو تۆ تا ساڵی داهاتوو و 16 ی ئازارێكی دی .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە