سكاڵایەك بۆ بەڕێز وەزیرى پەروەردە‏..قوتابخانەى نموونەیى یان قوتابخانەى سووكایەتى كردن بە قوتابیان

Thursday, 01/10/2009, 12:00

1167 بینراوە


ئاشكرایە جیاوازى نێوان قوتابخانەى نموونەیى و قوتابخانەى ئاسایى لەوەدایە كە ئاستى زیرەكى و زانستى قوتابیانى قوتابخانە نموونەییەكان بەرزترە لە ئاستى قوتابیانى قوتابخانە ئاساییەكان ، بە هەمان شێوەش دەبێت ئەو مامۆستایەى لە قوتابخانە نموونەییەكاندا كاردەكات ئاستى زانستى و پەروەردەیى بەرز بێت و شایەنى ئەوە بێت لەو قوتابخانەیەدا كارى پیرۆزى مامۆستایەتى بكات . مەخابن لاى ئێمە هاوكێشەكانمان لاسەنگە . كەسانى نەشیاو و نازانستى و ناپەروەردەیى لە شوێنە هەستیارەكاندا كاردەكەن .

كارى مامۆستا تەنیا ئامادەكردنى بابەت و گەیاندنى ئەو بابەتە نییە بە قوتابیان . بەڵكو لایەنە پەروەردەییەكە پێش لایەنى خوێندنە . مامۆستا كەسێكى بونیادنەرە نەك ڕوخێنەر ، نەرم و نیان و دڵسۆزە بۆ قوتابییەكانى نەك نەیار و دوزمن .

بەڕێز جەنابى وەزیر

گەر ئاگادارنین لە ڕێى ئەم مینبەرە ئازادەى كوردستان پۆستەوە بەڕێَزتان ئاگادار دەكەینەوە كە قوتابخانەیەكى وەك ئامادەیى شەهید فاخر مێرگەسوورى بەناو نموونەیى بۆتە جێگەى مامۆستاى ئاست نزمى دیكتاتۆرى ناپەروەردەیى تۆقێنەرى ڕوخێنەر . لەبرى ئەوەى ڕێز لەو قوتابییە نموونەییانە بگرن كە ئاستى زانستییان لە قوتابیانى قوتابخانەكانى تر بەرزترە ، سوكایەتییان پێدەكەن . لەناو پۆلەكان و هۆڵى خوێندنیان هەرەشە و توندى تیزیان بەرامبەر دەكەن . كەسایەتییان بریندار دەكەن . بەڵگەش ئەو سووكایەتییەیە كە یەكێك لە مامۆستایانى كیمیا لەناو پۆلدا ڕۆزى 29/ 9/ 2009 بە قوتابیانى قۆناغى پێنجەمى ئامادەیى كردووە لە یەكەم وانەى دەستپێكى ساڵى نوێیدا ، لەبرى تەرخان كردنى ئەو دەستپێكە بۆ ناساندنى خۆى و قوتابیەكانى و بابەتەكەى و هەندێ ئامۆزگارى و ڕێنمایى . بێ بوونى هیچ هۆكارێك جنێوى سووك و دوعا لە قوتابیانى دەكات . گەر ئەم قوتابیانە كەمتەرخەمیش بووبن و ئەركى ڕۆزانەیان ئامادە نەكردبێ . شایەنى ئەوە نەبوون بەو شێوەیە دایانشۆرێ و بیان شكێنێتەوە و بیانگرێنێ .

ئەم مامۆستایە شایەنى ئەوە نییە بەڵگەنامە و ناسنامەى پیرۆزى مامۆستاى پێبدرێ . مامۆستایەك لە یەكەم وانەیدا قەسابخانەیەك بۆ قوتابیانى دروست بكات و دونیاى ڕۆشنیان لێ بكاتە شەوەزەنگ و نەك بابەتى كیمیا بەلكو قوتابخانە و خوێندنیشیان لەپێش چاو دەخات ، ئەمە شایانى ئەوە نییە لەو جۆرە قوتابخانەیەدا كاربكات . باشتر وایە كارى جەلادى لە زیندانەكاندا پێ بسپێردرێت و لەوێ زەهرى قین و كینەى بەرامبەر گشت مرۆڤایەتى بڕێزێت.

بەڕێز جەنابى وەزیر

جگە لەمە لەم قوتابخانەیەدا ستافى ئیدارەكەى هێدەى بەدواداچوونى سەرپێچى یەكپۆشى و شتى زۆر بێبایەخ و گچكە دەكەن ، هێندە بەدواداچوونى ئاستى زانستى و داهێنان و جۆرى مامەڵەى مرۆیى و پەروەردەیى مامۆستایان لەگەڵ قوتابیانیان ناكەن . سزاى قوتابیان دەدەن لەسەر جۆرى سەرپۆش و ڕەنگى كراس و جۆرى بڕینى جلوبەرگ و بۆینباغ و زۆرشتى ترى كەم بەها . تەنانەت لەسەر بچووكترین سەرپێچى جلوبەرگ لە وانەكانیان بێبەشیان دەكەن و لە هۆڵى خوێندن دەكرێنە دەرەوە و ناهێڵن بچنە وانەكانیانەوە . كە ئەمەش بە تەواوەتى پێچەوانەى گشت یاساكانى پەروەردەیە . بەهیچ شێوەیەك و لە هیچ یاسایەكى سزادانى قوتابخانەدا نەهاتووە قوتابى لە وانە بێبەش بكرێت . ڕۆزى 29/ 9/ 2009 نزیكەى شەست قوتابى قۆناغى ئامادەیى لەسەر نەبەستنى بۆینباغ و لەبەرنەكردنى هێلەك لە گشت وانەكانیان بێبەش كراون و لە گۆڕپانى قوتابخانەدا سوڕاونەتەوە .

بەڕێز جەنابى وەزیر

داواكارین لە بەڕێزتان بەدواچوونى ئەم بابەتە بكەن و بە زووترین كات بەهاناى قوتابیانى ئەم قوتابخانە بەناو نموونەییە بێن و قوتابیان لە چنگى ئەو زۆردار و نەفام و ناپەروەردەییانە قوتار بكەن . ئێمەش حەزدەكەین وەك زۆربەى قوتابخانەكانى تر لەكەش و هەوایەكى ئارامدا بێ ترس و تۆقاندن بخوێنین . هیوادارین بەدەنگمانەوە بێیت و وەك باوكێكى دڵسۆز لەو زرباب و زڕداكە بێویزدانانە قوتارمان بكەیت .

كۆمەلێك لە قوتابیانى كۆیلە و زیندانى ئامادەیى كۆمەڵگەى شەهید فاخیر مێرگەسوورى .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە