جێگیرکردنی مافەکانی منداڵانی کوردستان بی جیاوازی ئەستەمە بێ گۆڕینی دەسەڵاتی بنەماڵەیی؟

Sunday, 01/06/2014, 12:00

1900 بینراوە






ڕۆژی ١ی حوزەیران لە زۆر ووڵاتانی دنیادا کراوە بە ڕۆژی جیهانی منداڵان، بۆ ئەوەی لەو ڕۆژەدا سەرنجی سیاسی یەکانی ووڵاتان ڕابکێشن تا هەوڵبدەن مافەکانی منداڵان لە دەستووری هەمیشەیی ووڵاتەکەیاندا جێگیربکەن، لەبەرئەوەی دەبێت منداڵان لە ژیاندا مافیان هەبێت نەک ئەرک...!؟

نەتەوەیەکگرتووەکان پێش نزیکی ٥٠ ساڵ لەمەوپێش ڕوونکردنەوەیەکیان دا لەسەر گرنگی مافەکانی منداڵان لە جیهاندا. پێش زیاترلە ٢٠ ساڵ لەمەوەپێش ئەو ڕوونکردنەوەیەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر مافەکانی منداڵان بووبە بڕیار، کە دەبێت هەموو ووڵاتەکان پابەندبن پێوەی...؟

بەڵام بە داخەوە تا ئێستا زۆر ووڵات ئەو مافانەی منداڵانیان نەخستۆتە دەستووری هەمیشەیی ووڵاتەکەیانەوە، بۆیە بەردەوام لەژێر ناو یان یاسای کۆنەپەرستانەدا ئەو مافانەی منداڵان پێشێل دەکرێن و دەبنە قوربانی توندوتیژی لە ناو خێزان و خوێندنگا و کۆمەڵگادا....؟

بۆ ئەوەی منداڵان بە شێوەیەکی دروست و تەندروست لە تەمەنی منداڵی و هەرزەکارییاندا گەشە بکەن و گەورەبن، ئەوا پێویستیان بە ژیانێکی ئارام و شیاوی منداڵانەی خۆیان هەیە لە ناو خێزان و کۆمەڵگادا. دروستبوونی ئەو ژینگە دروست و تەندروستەش تەنها بە خۆزگە و خەوبینین نابێت بەڵکو بە جێگیرکردنی مافەکانیان دەبێت لە دەستوری هەمیشەیی ووڵاتدا، تا هیچ منداڵێک نەبێتە قوربانی تووند وتیژی خێزان و کۆمەڵگا و بە جوانی پەروەردە بکرێت...؟






بەرپرسریاریەتی سەرەکی کەوتۆتە سەر پەرلەمان و حکومەت لە هەموو شوێنێکی دنیادا کە بێ هیچ مەرج و بیانوویەک مافە ناسراوە جیهانیەکانی منداڵان بخەنە دەستووری هەمیشەیی وولاتەکەیانەوە، تا هیچ پارت و لایەنێکی کۆنەپەرست و دژە مافەکانی منداڵان نە توانن بە ئارەزوو و میزاجی خۆیان پێشێلی ئەو مافانە بکەن. مافەکانی منداڵانیش بۆ هەموو منداڵانی جیهانە بێ جیاوازی ڕەگەزی وڕەنگی پێست و دینی و خێڵەکی و زۆر بیانووی تر....!؟



لە زۆر ووڵاتانی دیموکراتی و جیهاندا ئەومافانەی منداڵان جێگیرکراوە و کاری پێدەکرێت لەبەرئەوەی توانیویانە دەسەڵات لە تاکڕەویی و دیکتاتۆری و خێڵەکیەوە بگۆڕن بە دەسەڵاتێکی شارستانی کە هەمووان بڕوای تەواویان بە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە بە هەڵبژاردن...!؟

بەڵام لە کوردستان تا ئێستا بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و زۆربەی لایەنەکانی تر بڕوایان بە ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵاتەکان نیە لە کوردستان...!؟

ئەوەش بۆتە گرێکویرە و گرفتی سەرەکی لە بەردەم ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی دەسەڵات و جیگیرکردنی ماف و ئازادیەکانی خەڵک بە گشتی و منداڵان بە تایبەت...!؟





هەرچەندە لە کوردستان زۆر باسی مافەکانی منداڵان دەکرێت، بەڵام تا ئێستا دەسەڵاتداران نەیان وویستووە ئەومافانەیان بخەن دەستووری کوردستانەوە..؟

بە بڕوای من یەکێک لە هۆکارەکانی جێگیرنەکردنی ئەو مافانە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەسەڵاتێکی شارستانی و مۆدێرن، لەبەرئەوەی پارتی وەک پارتێکی خێلەکی لە قازانجی نیە کە یاسا و دەستوور شارستانی بێت، ئەوان هەمیشە خوازیاری زاڵکردنی یاسای خێڵەکی و دینین لە ناو دەستووردا...!؟

هەرکاتێک دەسەڵات شارستانی بێت، ئەوا منداڵانی سەرۆک و بەرپرسەکانیان ناتوانن ببنە کەڵەگا و دیکتاتۆر بەسەر کۆمەڵگاوە...؟

بەڵام بە پێچەوانەوە وەک ئێستا کاتێک دەسەڵات بەدەست بنەماڵەکانەوەیە، ئەوا کوڕی سەرۆکەکان دەبنە دێکتاتۆرێکی بەناز و ترسناک و هەموو مافێک بە خۆیان دەدەن، لە کاتێکدا زۆربەی منداڵان بێبەش دەکرێن لە مافی ژیان و گەشە کردن و فێربوون....؟

تا یاسای دەسەڵاتی بنەماڵەکان باڵا دەستبێت ئەوا منداڵان بە گشتی بێماف دەکرێن، هەروەها لە هەندێک ناوچەی کوردستان منداڵە کچەکان لەو بێمافیە نەک پشکی شێریان بەردەکەوێت بەلکوهەندێکیان لە قۆناغێکی منداڵی و هەرزەکاریدا دەکرێنە قوربانی یاسای دواکەوتووی خێڵەکی و بنەماڵەیی باو وە زاڵدا،وەک بە شودانی دنیا لە تەمەنێکی منداڵیدا و تیرۆرکردنی وەک ژنێک لە تەمەندی ١٥ ساڵیدا، بێ ئەوەی هیچ یاسا و دادگایەک بتوانێت بەرگری لە مافی منداڵبوونی بکات ...؟

ئێستاش هەموو لایەنەکان سەرقاڵی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتەکەیانن، بەڵام بە داخەوە هیچ لایەکیان بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە باس لە مافەکانی منداڵان ناکات و نەیخستۆتە بەرنامەی کاری سیاسی و پەرلەمانی و حکومییانەوە....؟

گەر حکومەتیش دروست بکەن ئەوا هەرلەسەر بناغەی یاسای بنەماڵەیی و خێڵەکی و دینیدا وەک چوارچێوەیەکی یاسایی درێژە بە کاری سیاسی خۆیان دەدەن و

هەموو بڕیارە سیاسی و یاسایی و مافەکانیشە دەکرێنە قوربانی یاسای بنەماڵەیی و پیاوسالاری باوی کۆمەڵ...!؟

گۆڕان بە نیازبوو بیگۆڕێت و مۆدێلێکی شارستانی و نوێی دەسەڵات بخوڵقێنێت، بەڵام ئێستا خۆیان چوونەتە ناو دەسەڵاتێک کە بنەماڵەییە! با بزانین چۆن بۆمان دەگۆڕن و ماف و ئازادییەکان بە گشتی و مافی منداڵان لە دەستوردا جیگیردەکەن، لە کاتێکدا هیچکات گۆڕان بە ڕاشکاوی باسی مافەکانی منداڵانی نەکردووە؟



ئەرکی مرۆڤ و ڕێکخراوە ئازادیخوازو یەکسانیخوازەکانی کوردە لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان کاربۆجێگیرکردنی مافەکانی منداڵان بکەن لە دەستوردا... ؟

کاتێک دەتوانرێت لە دەستوردا مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی منداڵان بە تایبەت جێگیربکرێن کە یاسای بنەماڵەیی باڵا دەست نەبیت...!؟

جێگیرکردنی مافە سروشتیەکانی مرۆڤ و منداڵان مانای دروستکردنی دەسەڵاتێکی شارستانی و مۆدێرن کە تیایدا کەس لە سەرویاساوە نەبێت ...؟




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە