عەوڵا گوول بە فیز و تەكەبور مامەڵەی نێچیرڤان بارزانی كرد!

Saturday, 28/03/2009, 12:00

1813 بینراوە


پاش تەواو بوونی دیداری نێچرڤان بارزانی لە گەڵ گوولی، لە بەغدا، كاك نێچیر قسەی بۆ ڕۆژنامەڤانان كرد. بێ ڕاددە خەمناك، ماندوو و شەكەت دیار بوو. وەك چۆن مرۆڤ هەواڵی كارەساتێكی جەرگبڕی بیستبێ، ڕووی نێچیرڤان وەها خەملا بوو!
 تەنانەت پاش چەند ڕۆژێكیش نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی بەست، هێشتان دەمووچاوە خەمناكەكەی بەرینەدابوو!
 هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تەكەببور و غروری عەوڵا بەگ بە سەر كاك نێچیر، كە بەپەلە بەرەو بەغدا فڕی بۆ دووپاتكردنەوەی هاوپەیمانیەتی لە گەڵ تورك، دژ بە كوردانی باكور كە لەژێر سێبەری پەكەكە خەبات دەكەن.
 بەڵام وادیارە ئەو خزمەت و پێشوازی و پەلە فڕینەی كاك نێچیر بۆ بەغدا، هیچ ڕێز و تەقدیرێكی نەوروژاند لای گوولی دەرهەق بە نێچیر، و لەوەش زیاتر، كاتێك سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان داوا دەكات بەڵكو حكومەتی توركیا خێرێك بكا، عەفوێك دەربكا بۆ گریللا مەردەكانی پەكەكە (كە ساڵی پار زەقنەبوتیان دەرخواردی سوپای تورك دا)، گوولی ڕەق و تەق بە نێچیر دەڵێ: خۆت هەڵمەقورتێنە ئیشی ئێمە!!
 گوولی لە شێوەی دانیشتنیشدا، زۆر بێ ڕێزانە دانیشتبوو لە گەڵ كاك نێچیر، كە بەم شێوە لە گەڵ سیاسەتمەدارن دانانیشێ!
 موشكیلەی لێپرسراوانی كورد ئەوەیە، بە چاوی سوك تەماشای گەلەكەیان دەكەن، و بەرامبەر بە بێگانەش زۆر زەلیل و دەستەوسانن.
 لە وانەیە بۆ كارێكی هەرە گرنگ لە پێناو خزمەتی كورددا هەوڵ بدەیت، بە مانگ و بە ساڵ بۆ دیداری نەك كاك نێچیرڤان، بەڵكو سكرتێری هەفتەمیشی، بەڵام وەك كوردێك بۆت نالوێ! كەچی هێشتان گوولی لە توركیا بوو، جەلال نیو سەعات لە سەر فەرشە سوور و ژێر خەیمە خۆڵاویە خۆرە گەرمەكەی بەغدا چاوەڕێی ماچ و موچی دەكرد، و نێچیریش بەرەو بەغدا لە شەقەیدا!
 هەر سەركردەیەك، یان سیاسەتمەدارێك پشت بكاتە گەلەكەی، و بە خۆ نزیككردنەوە لە دوژمنان بیەوێ سەربەرزی بەدەست بێنێ، هەمیشە پێچەوانەكەی دەدروێتەوە!
 نێچیرڤان بارزانی خۆی لە پەنا چەندین دیواری بەشەری شاردووەتەوە، كە پێیان دەگوترێ (ڕاوێژكار) و سكرتێر و دار و دەستەیەك، كە پیشەی هەرە بەرزیان جەهلە!
 بەڵێ كاك نێچیر، ئەو ڕاوێژكار و سكرتێرە جاهیلانەی كە بۆ بریقەی دۆلار و شەهوەتبازی دەوریان داوی، توشی ئەم هەڵوێستە دڵتەزێنە و سەدان هەڵوێستی تری لەم جۆرەیان كردووی!
 ساڵی 2003 بە سەردان گەڕامەوە كوردستان، بۆ ماوەی 3 ڕۆژ وەك (مترجم) لە گەڵ كەناڵێكی تەلەفزیۆنی سوێدی كارم كرد. (بێن) وەك پەیامنێر و (مایكڵ) وەك وێنەگر. ڕۆژی یەكەم لە ئاهەنگی كردنەوەی پاركی هەولێر (دواتر پاركی سامی عەبدوڕەحمان) بەشداریمان كرد. نێچیرڤان لەوێ بوو، بە چەندین بازنەی پاسەوانی دەور درابوو. هەندێكیان بە جلی ئەفەندی و عەینەكی ڕەش (ئێوارە بوو و خۆر نەمابوو ئەوان هێشتان عەینەكە ڕەشەكانیان لە سەر چاو بوو!!)، وەك فیلمەكانی هۆلیود، ویزە و ڕەشاشی بچوكی ڕەشیان پێ بوو!
 بێن، داوای كرد چاوپێكەوتن بكات لە گەڵ نێچیرڤان. پرسیاری یەكێكیانم كرد، منی ڕەوانەی لای یەكێكیتر كرد. تا خەبەر گەیشتە لای سكرتێری نێچیرڤان، پێنج كەس حەڵقەی گواستنەوە بوون لەو دیوارە بەشەریانەی دەوری سەرۆك وەزیران!
 لە كۆتاییش، وەڵام هاتەوە كە نێچیرڤان مەشغولە ناتوانێ! ئیتر سەرپێیانە (بێن) لە گەڵ سامی عەبدوڕەحمان دیدارێكی كرد!
 بەڵام بە گاڵتە پێكردنەوە بەم حاڵە، (بێن) خەندەی دەكرد و سەری بادەدا!
 دواتر پێی گووتم، كە چەندین جار زۆر بە ئاسانی سەرۆك وەزیرانی سوێدی، و چەندین وەزیری بینیوە!
 بۆیە سەیر نیە ئێمەی خاوەن نەوت و سامان، بچین لای سوێدێكی تەنیو بە شەو و بەفر، داوای پەناهێندەیی بكەین، چونكە خاوەنی سیاسەتمەداری حەكیم و بەرزن: سادە و نەرم بەرامبەر بە گەلی خۆیان، سەربەرز و شكۆمەند بەرامبەر بە بێگانە.
 ساڵی 1994 لە دیمەشق سەردانی (ئۆفیسی پارتی)م كرد، كە لە هەمان كاتدا حەمدی سەلەفیش لەوێ بوو وەك میوان. عومەر بۆتانی (بە ڕەحمەت بێ) لێپرسراوی پەیوەندی پارتی بوو لە گەڵ وڵاتە عەرەبیەكان. هاتە ژوورەوە قاچی خستە سەر قاچی و بە ئیفتخارەوە گووتی: ئەمڕۆ لە گەڵ عەبدوللا ئەحمەڕ: (سەرۆكی بەرلەمانی سوریا) دانیشتم!!
 ساڵی 2006 لە سەردانێكیترمدا بۆ كوردستان، پێشنیارێكم بردە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ پڕۆژەیەكی ڕۆشنبیری/هزری. وادیار بوو پڕۆژەكە لای سكرتێری چوارەمی نێچیرڤان ڕەتی نەكردبوو، و ئێستاش هیچ وەڵامێك نەبوو!
 ئەوانەی دەوری كاك نێچیریان داوە، لە خشتەیان بردووە. ئەوەی پارەو پولی میللەتە، بەناوی دەسەڵاتی ئەو لێیدەدەن و بۆ خۆیان، و كچە (هونەرمەندەكان) دابەشی دەكەن! لەولاشەوە، چەندین دیواری پۆڵایان خستووەتە نێوان نێچیرڤان و گەلی كورد، كە تەنها لە تەلەفزیۆن ببینرێ!
 لە كوردستان نێچیرڤان ئاوا لە گەڵ خەڵكی كوردستان و سیڤیڵ مامەڵە دەكا، بۆیە بەرامبەر ناحەزێكی كورد وەك گوول ، بەو پەڕی لاوازی و دڵشكاوی هاتە دەرەوە!
 هەرسەركردەیەك پشت بە گەلەكەی خۆی نەبەستێ، و ڕێز لە میللەتی خۆی نەگرێ و بەزەیی نەهێتەوە پێیان، خەڵكی بێگانە هەمیشە بە چاوی نزم سەیری دەكەن، و بەو پەڕی بێ ڕێزی مامەڵەی دەكەن!
 بەڵێ دەبێ بە كاك نێچیر بڵێین: بەڕێز، سیاسەت و حكومەت بە ڕاوێژكارانی جاهیل و شەهوەتباز بە ڕێوە ناچێ! سەرفرازی و سەركەوتن، بە بەخشینی پارە بۆ كچی جوانی بە ناو هونەرمەند، دەستگیر نابێ! تەكەببور لێدان و فیز كردن بەسەر گەلی ستەمدیدەی خۆت، شكۆمەندیت بۆ دروست ناكات! تەنازولكردن و كڕنۆشبردن بۆ دوژمن و دڵسۆزی نیشاندان، تەنها ئاكاماكەی زەلیلیە!
 شكۆمەندی و سەرفرازی و گەورەیی و بەختەوەری، تەنها بە چاكەكردن لە گەڵ میللەت دروست دەبێ، وەكو سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا (كێڤن ڕاد) كاتێك وەك مرۆڤێكی ئاسایی بە نێو هاوڵاتیانی لێقەوماوی شاری مێلبۆرن (لە كاتی سووتانی دارستانەكان) دەسوڕایەوە، و لە گەڵیان دەگریا و سەریان دەخستە سەر شانی! بەڵێ وەكو زۆربەی سەركردەكانی ڕۆژئاوا، شكۆمەندی بە ملكەچی بۆ عەدالەت، و بەزەیی بەرامبەر بە میللەت دروست دەبێ!
 هەموو كوردێك هەست بە شكانەوە دەكا بەو بێ ڕێزیەی گوولی كردی لە گەڵتان، چونكە ئامانجی گوولی بێ ڕێزی بوو لە گەڵ كورد! بەڵام هەموو كوردیش بە حەسرەتەوە هەست بە كەمی و زەلیلی دەكا، كە لە ژیانیان سەرۆك وەزیرانی خۆیان نەدیوە تەنها لە تەلفزیۆن نەبێ، چۆن ئاوا بە خێرایی بەرەو بەغدا بفڕێ بۆ پێشوازیكردن لە سەرۆكی وڵاتێك، ئێستاش مافی ژیان بە ڕەوا نابینێ بۆ گەلی كورد؟!
 بەڵی لەوەش خراپتر، چۆن دەبێ كوردێك كە سەرۆك وەزیرانە ئاوا بە زەلیلی بچێتە بەردەم سەرۆكێكی دوژمن، بۆ ئەوەی بۆی دووپات بكاتەوە، بڵێ: دەبێ گریللا چەك بكرێ؟!
 چەكێك كە شەرەف و ناموس و بوونی كوردی پاراستووە، چۆن دەبێ بۆ خاتری هەوەسی دوژمن دابنرێ؟!
 بۆیە پاداشت هەر بەو جۆرە دەبێ كە گوولی كردی دەرهەقتان: هەم بە دانیشتنە بێ ڕێزەكەی، و هەم بە قسە ڕەقەكانی، كە خەم و پەژارەی بەسەر ڕوخسارتا ڕژاند!!
 
 بۆ بینینی جۆری دانیشتنی گوولی لە گەڵ سیاسەتمەداران، بە بەراورد لە گەڵ دانیشتنەكەی نێچیرڤان بارزانی تكایە سه‌رنجی ئەم وێنانە بدەن:




 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە