دەوڵەتی کوردی یان دەوڵەتێکی سەربەخۆ (مستقل) بۆ کوردستان !

Wednesday, 02/07/2014, 12:00

3538 بینراوە


خۆ ئامادەیی کوردستانییەکان زۆر گرنگە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان وەک سەرەتایەک کە دوژمنانی کورد هەوڵدەدەن ئەم ئامادەییە بکوژن، بەڵام تەکنۆلۆچی ئەوەندە بە هێزە ئەم هەوڵانە زوو پوچەڵ دەبنەوە ، هەندێ لە هۆکارەکانی تر ئەوەیە سامانی ئاو (وەکوو باران و کانی و دەریاچەکان)لەو هەرێمە چۆنە؟؟ باشە ئەگەر لایەکی هەرێمەکەت دەریا بێت، زۆر باشترە !! بەڵام ئێمە ئەم خاڵەمان نیە، بەڵکوو ئێمە لایەکی هەرێمەکەمان نەوت و غازە ئەمەش وایکردووە تورکیا بێدەنگ بێت لەم داواکاریەمان چونکە لێمان دەخوات هیچ نەبێت باج وەردەگرێت و ڕێژەی بێکاری تۆزێ کەم دەکاتەوە لە ووڵاتەکەی خۆی. ئەمە سیاسەتی ووڵاتەکانە هەمووی کلکی یەکتریان گرتووە و با واتێنەگەین کە هەرێمی کوردستان یەکجارەکی بەرامبەر تورکیا زۆر لاوازە.
ڕاستە بودجە گرنگە بۆ هەرێمێک کە بیەوێت ببێتە دەوڵەت چونکە هۆکارێکە بۆ گوێگرتنی داواکانت ، ئیستا لە کوردستاندا ئەو بودجەیەمان هەیە ، لەوانیە بڵێی مێژووش هۆکارێکی ترە بەڵام وانیە، مێژوو بەڵگەیەکە بۆ بوونی گەلێک لەوانەیە ئەو گەلە عەشیرەتێک بێت ئایا تۆ پێت قبووڵە عەشیرەتێک بکەیتە دەوڵەت لەبەر ئەوەی مێژووی هەیە؟ بە رای من و بەگوێرەی ئەم نوسینەم دەڵێم هەرگیز نەخێر!
مەرجەکانی درووست بوونی دەوڵەت چیە؟!
ئێمەی کورد ئەگەر پێویستمان بە دەوڵەتە، پێویستە چوار خاڵی سەرەکی هەیە هەمانبێت ئەو کاتە تۆ مافی خۆتە داوای دەوڵەت بکەی، ئەویش ئەمانەن:
یەکەم : ژماری دانیشتوان، هەر یەک لە ئەرستۆ و جان جاک رۆسۆ بۆ چونی تایبەتیان هەیە بۆ ئەم خاڵە. ڕۆسٶ دەڵێت دەبێت لە ١٠- ١٥ هەزار کەس کەمتر نەبێت، بەڵام ئەرستۆ دەڵێت ژمارەی دانیشتوانەکەی بایی ئەوە بکات کە بتوانن ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی ببنەڕێوە و سەرپەرشتی بکەن.
لەلایەکی ترەوە تۆ کە ژماری دانیشتوانت هەبوو با زۆرش بێت ، ڕاستە ئەمەش هێزێکی سەربازیە و بەهێزە بۆ ووڵاتەکەت، بەڵام دەبێت تەکنۆلۆجیایەکی باشت هەبێت کە ئەمەش زۆر گرنگترە لەژمارەی دانیشتوانەکەت . بۆ نموونە ژمارە دانیشتوانی ئیسرئیل ٨ ملیۆن و١٤٦ هەزار و ٣٠٠ کەسە بەڵام هێزی تەکنۆلۆجیای ئەوەندە بەهێزە کە دەکاتە ئەوەی تۆ ٨٠ جار ئەم گۆی زەوەیە چێک بکەرە وە ئەو دەتوانێت ٨٠ جار ئەم گۆی زەویەت بۆ تەخت بکاتەوە بەرامبەر ئەمە هێزە عەرەبیەکان هەمووی لێی دەترسن کە ژمارەیان ٣٧٠ ملیۆن و ٢٩٩ هەزار کەسە.
هەر لەم بابەتەدا ئەوەیە تۆ دەبێت پێکهاتەی دانیشتوانەکەت بگونجێنیت ئەمەش بەربەستێکی ترە ، وکوو: ئایین و مەزهەب (سوننە یان شیعە) و زمان و نەتەوەکان، ئەگەر ئەم هەنگاوە گرنگە سەرکەوتوو نەبیت ناتوانیت حکومەت پێکبهێنیت وەکوو ئەم قەیرانەی حکومتی عێراقی بەسەری هاتووە و ووڵات بە رەو دابەشبوون دەڕوات و ئیتر وایلێدێت ئەم ململانێیە هەموو مەرجەکانی و پێکهاتەکانی دەوڵەت قووت دەدات.
دووەم : هەرێم: بە گوێرەی یاسای نێو دەوڵەتی دەبێت هەرێمێکت هەبێت پێش ئەوەی داوای دەوڵەت بکەی.
بەڵام هەندێک کەس پێیان وایە کە هەرێمەکە بچووک بوو ئیتر بە ئاسانی دیمۆکراتی و یەکگرتویی تیا بەبەرقەرار دەبێت بەڵام ئەم بۆ چونە پوچەڵ کرایەوە چونکە ئە وەندە ئینترنێت پێشکەوتوو بووە دەتوانێت ئەم یەکگرتویەش درووست بکاتەوە. بەڵام بە هەرحاڵ هەرێم و دانیشتوانی هەرێمەکە، دوو تای گرنگن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگا لە تەرازوویەکدا.
سێیەم: حکوومەت: حکومەت وەکوو ویندۆی حەوت و ویندۆی هەشتی کۆمپویتەر وایە، کاری ئەم ویندۆیانە ئەوەیە دەگەڕێت بەناو هەموو بەشەکانی کۆمپیوتەرەکەت تا بە ڕێکی و پێکی کاریان پێبکات، کەواتە حکومت بەشێکی گرنگە و سەرەکییە بۆ بەڕیوەبردنی کۆمەڵگا و بۆ دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی. ئەمەش لە سێ لق خۆی دەگرێتەوە:
لقی یەکەم: حکومی تەنفیزی: ئەم بەشە بەرپرسیارە لە بۆچونەکان و جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتی، ئەمەش سەرۆکی حکومەت و سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان و یاریدەرە سەرەکیەکان و سەرۆکاتیە بیرۆقراتیەکان(ئەو کەسانەن کە یاسای دەوڵەت بە زۆر بەسەر خەڵکە دەسەپێنن، ئەمانەش بە شێوەیەکی هەرەمی کار دەکەن ودابەشکردنی کار لە نێوانیاندا هەیە) دەگرێتەوە.
لقی دووەم:حکومی تەشریعی: ئەم بەشە بەرپرسیارە لە بۆچونەکان و بەرقەرار دان و هەڵسانگاندنی سیاسەتی گشتی بەگوێرەی یاسا و پلاندانان.
لقی سێیەم :حکومی دادپەروەری(قەچائی): ئەمەش بەرپرسیارە لە شیکردنەوە و داسەپاندنی یاساکان، بۆ خۆی کاردەکات و کەس ناتوانێت دەستی تێوەردات و بە بێلایەنی کار دەکات.
چوارەم: سەروەری: ڕۆسۆ و هیگڵ دەڵێن سەروەری هێزێکی بێ سنووری دەوڵەتە و بۆ بڕێوەبردنی کۆمەڵگا بە گشتی .
ئەمە ش چەند جٶرێکە:
٤-ا/ناوخۆیی: ئەمەش جۆرە سەروەریەکە بەسەر هاوڵاتیانی خۆی و دام و دەزگاکانی دەیسەپێنێت لە چوارچێوەی سنوری جوگرافیای خۆی ، ئەمەش هەڵدەستێت بە بەکارهێنانی یاساکان کە لەلایەن دەوڵەتەوە و دانراوە و خەڵکیش دەنگی پێداوە. هەرکەسێک سەرپێچی بکات ، بەپێی یاسا سزا دەدرێت.
٤-ب/دەرەکی: ئەم جۆرە سەروەریە پابەندە بە یاسا نێو دەوڵەتیەکان و بە تەواوی ئازادە هیچ هێزێک نیە ڕێگری لێبکات ،هەروەها پابەندە بە هاوپەیمانیە نێو دەوڵەتییەکان.
ج/یاسایی: ئەمەش وەکوو دادوەرەکان، یاساکان بە شێوەیکی دادپەروەرانە دائەسەپێنن بەسەر خەڵکدا ، هەرکەسێک لاری بکات لە یاسایەکانی دەوڵەت ، تووشی سزا دەبێت بە گوێرەی ئەو تاوانەی کردوویەتی یان بێ تاوان ئەبێت کە هیچی نەکردووە.
٤-د/سیاسی(یان ڕامیاری): ئەم جۆرە سەوەرییە تایبەتە بە هەموو هاوڵاتیەک لەو هەرێمە ، بۆ نموونە مافی دەنگدان و ئازادی لە ڕۆیشتن بۆ دەنگدان و یان مافی ئازادی دەربەڕین. زۆر جار گیروگرفت بۆ حکوم کردن دەکەوێتە نێوان دەسەڵاتی یاسایی و دەسەڵاتی ڕامیاری و بە هەردووکیانەوە یاسایەک دەردەکەن کە لە دەرئەنجامی ململانێی بۆچونی هاوڵاتیناوە درووست دەبێت.
ئەم خاڵانە لە کوردستاندا بوونی هەیە ئیتر تا چ ڕادەیەک باشە یان خراپە دەبێت دەستکاری بکرێت و چاک بکرێتەوە کەواتە لێرەدا ئێمەی کوردستانی مافی دەوڵەتمان هەیە . باشە من لەگەڵتانم !! بەڵام پرسیارەکەم ئەمەیە : چ جۆرە دەوڵەتێکمان دەوێت؟ لێرەدە تەنها دوو جۆر دەوڵەت بۆ کوردستان باشە یان هەیە (سێیەم و چوارەم...هتد دەست نادات). ئەویش دەوڵەتی کوردی یان دەڵەتی سەربەخٶ (مستەقل) بۆ کوردستان؟؟!!
جیاوازییەکە لەم دوو دەوڵەتە ئەویە کە یەکەمیان بەمانای دەوڵەتی قەومی بۆ نموونە تورکیا عێراقی سدام و یان یۆنان و ئیسرائیل کە دەوڵەتی قەومی و دینین و زۆر دەوڵەتانی تر، بزانە ئەمانە چ نەهامەتییەکیان بۆ گەلەکەی خۆیان درووست کردووە تاکوو ئێستاش بەردەوامە ، ئیتر تۆ پێویست ناکات دوای دەوەڵتی کوردی بکەوی چونکە ئەمەی تۆ تیا دەژیت لە کوردستان ، ئەمە نمونەی دەوڵەتی کوردیە بەڵام ڕەسمی نیە و کە پرە لە گەندەڵی و پەیرەوکردنی (من، منم!! تۆ کێی؟!).
دەوڵەتێکی مستەقل بۆ کوردستان بەمانای دەوڵتێک کە یاسا تیا سەروەر بێت، بسەپێنرێت بەسەر هەموو تاکە کەسێکی کوردستانی بە بێ جیاوازی لە دین و قەومیەت و پایە و پلە، بۆ نموونە یاسایەک دەرئەچیت دەبێت هەمان یاسا بەسەری ئەندام پەرلەمانێک یان کەسێکی با‌رهەڵگر و یان کەسێکی بیانی کە پا دەکاتە ناو کوردستان وەک یەک بسەپێنرێت.
پاشان کە دەوڵەت درووست بوو، دەبێت حکومەت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە (دوور لە دەست تێوەردانی حزبی) خزمەت گوزاریەکان دابەش بە خەڵک بکات ئەمەش هۆکارێکە کە تاوراوگەمان پێ باشتر بێت چونکە ئەم خاڵە لە تاراوگە بەدی دەکەیت لەبەر ئەوەی سیاسەت لە پێناوی گەل کار دەکات بەپێچەوانەی کوردستان سیاسەت بۆ حیزب و کۆمەڵێ کەسە کەسەر بەخۆیانە کار دەکات نەک بۆ هەموو گەلی کوردستانی.
هیوادارم و ئاوات دەخوازم کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ یان مستقل لەوانەیە بۆچوونم بگۆرێت و بگەڕێمەوە کوردستان بژیم و بەڵام هەر ئومێدم بە کوردستان هەیە و دوژمنانی کورد وایان لە کوردستان کردووە کە فەرامۆش بکرێت و خەڵکەکەی دەربەدەر بکەن و کۆلتورەکەی بگۆڕن ئیتر بە چ کولتورێک بێت بۆیان گرنگ نیە هەردەڵێن ئێمە سەرکەوتووین.
خەو دەبینم بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کوردستان .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە