خوێندن له‌ هه‌رێمی کوردستاندا نییه‌، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ خوێندن و بڕوانامه‌ی فه‌له‌

Thursday, 12/07/2012, 12:00

3064 بینراوە


من وه‌ک خوێندکارێکی پۆلی 9 بنه‌ڕه‌تی ده‌مه‌وێت باس له‌ هه‌ندێک دیارده‌ی خوێندن بکه‌م، به‌تایبه‌تیی له‌ ئاستی خوێندن و تاقیکردنه‌وه‌ ، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ش وه‌کو ناڕازیی بوونی منه‌ به‌رامبه‌ر به‌م تاقی کردنه‌وه‌یه، گوایه‌ له‌سه‌ر سیسته‌می سویدی خوێندن له‌ کوردستاندا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. به‌تایبه‌تیی ئه‌م شێوازه‌ په‌روه‌رده‌یه‌ زیانێکی یه‌کجار زۆری به‌ خوێندکاران و نمره‌کانی خوێندکاران داوه‌، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش یه‌کێکه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌ گه‌نده‌ڵه‌کانی هه‌رێمی کوردستان که‌ هه‌موو هه‌نگاوێکیان ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئاستی وشیاریی تاکی کورد له‌ خوێندن دابه‌زێته‌ خوارێ و کۆمه‌ڵگای کوردی به‌ره‌و دواوه‌ بچێت، مه‌به‌ستیش له‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ی میلله‌تێکی ناوشیار بێئاگا په‌روه‌رده‌ و دروست بکه‌ن، که‌س ئاگای له‌مان نه‌مێنێ، کاتێک کۆمه‌ڵگایه‌کت ده‌به‌نگت کرد، وڵاتێک پڕت کرد له‌ ناشرینی، ئیتر کێ ده‌توانێت له‌ ناو ئه‌و هه‌موو ناشرینییه‌دا، ناشرینیه‌که‌ی ئه‌مان ببینێت؟! ئه‌مه‌ مه‌به‌ست و ئاوات  و هه‌نگاوی ئه‌وانه‌ بۆ هه‌موو کاره‌کان! کاتێک ئێمه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ناشرینی ده‌که‌ین، مه‌به‌ستیشمان له‌ ناشرینی گیرفانیشه‌ که‌ پڕیان کردووه‌ له‌ پاره‌ی دزیی و ته‌ژییه‌ له‌ فێل و ساخته‌چێتی، چونکه‌ هه‌ر به‌رپرس و کارمه‌ندێکی گه‌نده‌ڵ هه‌موو کارێک ده‌که‌ن، تا خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌ن، من نامه‌وێت له‌ بابه‌ته‌که‌م دوور بکه‌مه‌وه‌، دێمه‌وه‌ سه‌ر به‌شی خوێندگاکان و با بۆتان باس بکه‌م چی تێیدا ده‌گوزه‌رێت، یه‌کێک له‌وانه‌ حانوتی قوتابخانه‌کانه‌، پاره‌ی حانوت که‌س نازانێت به‌ره‌و کوێ ئه‌ڕوات، ئێمه‌ ئه‌مساڵ پاره‌مان پێ کۆکراوه‌ته‌وه‌ بۆ کڕینی مه‌رکه‌ب بۆ پرینتی ئه‌سئیله‌ و وه‌ره‌قه‌ی A4 وه‌ له‌ سه‌ر پاره‌ی خوێندکاران پاره‌ کۆکرایه‌وه‌ بۆ په‌رده‌ و چاککردنه‌وه‌ی شوشه‌ی شکاوی په‌نجه‌ره‌کان و ته‌نه‌که‌ی خۆڵ بۆ پۆل، ئه‌وان ده‌ڵێن سیسته‌می سویدی وا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، من که‌ به‌دواداچوونم له‌سه‌ر ئه‌مه‌ کرد، زانیم له‌ سوید شتی وا نییه‌ و ئه‌مه‌ هه‌مووی درهوستکراوی خۆیانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ له‌ ئێمه‌ی خوێندکاران بکێشنه‌وه‌ و له‌وێوه‌ بۆ خۆیانی بدزن. له‌ سوید هه‌موو قوتابخانه‌یه‌ک چێشتخانه‌یه‌کی لێیه‌ و نیوه‌روان خواردن و میوه‌ به‌ خۆڕایی ده‌خۆن، لای ئێمه‌ش له‌ که‌لاوه‌یه‌کدا ده‌رس ئه‌خوێنین لای ئێمه‌ له‌به‌شی پشته‌وه‌ و حه‌وشه‌ی خوێندنگاکه‌مان به‌ ده‌یان کورسی شکاو و شوشه‌ی بیره‌ و پاکه‌تی جگه‌ره‌ و ته‌خته‌ی بزماراوی فڕێدراوی لێیه‌، ئایا له‌ سوید شتی وا هه‌یه‌؟ له‌ پشووه‌کاندا که‌ ده‌چیته‌ حه‌وسه‌ی قوتابخانه‌کان بوتڵی میزاوی و پیسایی وشکه‌وه‌بووی لێکه‌وتووه‌، ئه‌گه‌ر لووتی خۆت نه‌گریت، به‌ ده‌یان که‌س به‌ر بۆن ده‌که‌وێت، چونکه‌ ته‌والێته‌کانمان داخراون، ئایا ئه‌مه‌ سیسته‌می سویده‌؟ باشه‌ خوێند کارێک له‌ناو که‌لاوه‌یه‌کی ئاوا په‌روه‌ده‌ بکرێت و زۆربه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر و کارمه‌ند و مامۆستاکانی دزبن، ئایا خوێنکار به‌ ساغی و به‌ پاکیی په‌روه‌رده‌ ده‌کرێت؟ ئه‌م جۆره‌ په‌روه‌رده‌یه‌ چ خوێندکارێکی لێده‌ره‌چێت؟ ئه‌مه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ که‌ خۆی په‌روه‌رده‌ی ته‌واو نه‌بێت، چ جۆره‌ په‌روه‌رده‌بوونێک ده‌توانێت پێشکه‌ش به‌ نه‌وه‌کانی ئه‌مڕۆ و دواڕۆژی بکات؟ له‌ هه‌رێمی کوردستاندا حه‌قه‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ ناوی خۆی بگۆڕێت به‌ وه‌زاره‌تی بێ په‌روه‌رده‌، ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ خۆی پێویستی به‌په‌روه‌ده‌ کردن هه‌یه‌، نه‌ک ئه‌مان خه‌ڵک په‌روه‌رده‌ بکه‌ن، له‌ وڵاتانی تر به‌رزترین چین و توێژ چینی مامۆستایه‌، چونکه‌ هه‌ر مامۆستایه‌، که‌وا دکتۆر و موهه‌ندیس و محامی و خوێنه‌وار پێده‌گه‌یه‌نن، هه‌ر مامۆستایه‌، که‌ مامۆستای سیاسییه‌کان و سه‌رۆک و سه‌رۆک کۆمار په‌روه‌رده‌ ده‌کات ، به‌ڵام لێره‌ کام خوێند کار له‌ مه‌کته‌ب ته‌مه‌ڵ بووه‌ و ده‌ره‌جه‌ی 55 هه‌یه‌ ئه‌یکه‌ن به‌ دارموعه‌لمینا تا ببێت به‌ مامۆستا.
o من نزیکه‌ی 10 ساڵه‌ خوێند کارم هه‌رساڵه‌ و بڕیارێک هاتووه‌ و هه‌رساڵه‌ و به‌ بڕیاڕێک تاقیکردنه‌وه‌مان داوه‌، چونکه‌ هه‌ر وه‌زیرێک به‌ ئاره‌زووی خۆی داده‌نیشێت و یاسا و بڕیاره‌کان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وروبه‌ر و که‌سوکاره‌که‌ی خۆی ده‌گۆڕێت، وه‌زیره‌کانمان له‌ بری ئه‌وه‌ی ئه‌زمونی هه‌بێت، له‌ کاره‌کانیه‌یه‌وه‌ فێر بێت و عه‌قڵی پڕ بکات، ره‌فتاره‌کانی جوان بکات، که‌چی هه‌موویان خه‌می گیرفان و خه‌ریکی گیرفان پرکردنی خۆیانن و ده‌ستی به‌کورسییه‌که‌یه‌وه‌ گرتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لاینه‌به‌ن، ئیتر خوای ده‌کرد، ئێمه‌ش له‌به‌ر سه‌رمای زستان ره‌ق ده‌بووینه‌وه‌، که‌ ئه‌وه‌ خه‌م و ئیشی وه‌زیره‌؟ وه‌کو ئه‌مساڵ له‌چله‌ی زستان 1 مانگ زۆپامان هه‌بوو دوایی لایان برد وتیان نه‌وتمان نه‌ماوه‌، ئاخر من له‌ وڵاتێکام قاچم له‌سه‌ر نه‌وته‌، که‌ پێداده‌گرم له‌ژێر پێم دێته‌ ده‌رێ نازانم چۆن نه‌وت نامێنێت. کاتێ که‌ سه‌دام حسێن ده‌سه‌لاتی هه‌بوو، من له‌ خوێندنی سه‌ره‌تایی بووم هه‌مو ساڵێک ده‌فته‌ر و ڕاسته‌ و قه‌ڵه‌م و لاستیک و پێویستییه‌کانی تری خوێندنی پێده‌داین و به‌شی ساڵێکم وه‌ره‌گرت، ئیستا ئه‌م حکومه‌ته‌ کوردییه‌ی خۆمان ئه‌وه‌یان نه‌هێشت، ئیتر نازانم چۆن ئه‌و خوێند کاره‌ی باوکی نییه‌ و دایکی که‌یبانووی ماڵه‌وه‌ بێت و خۆی تاقانه‌ی ماڵبێت چۆن ئه‌توانێت بخوێنێت، مامۆستا ناوشیاره‌کانیشمان داوای ده‌فته‌ری ته‌لی 200 لاپه‌ڕه‌ی ئه‌که‌ن بۆئه‌وه‌ی ئه‌وعیلمه‌ جوانه‌ی ئه‌مانده‌نێ له‌سه‌ر ئه‌و ده‌فته‌ره‌ گرانبه‌هایانه‌ بنوسین که‌ پێمان ئه‌ده‌ن .
خوێند کارانی پۆلی 6 نازانم بۆ ده‌وام ئه‌که‌ن؟ خۆهه‌ر خوێند کارێک 5 مامۆستا ئه‌گرێت و به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ 5000 دۆلار ئه‌ده‌ن به‌ مامۆستا بۆ ئه‌و ساڵه‌ جگه‌ له‌ مه‌لزه‌مه‌ . ئه‌یانه‌وێت هه‌ر یه‌کێکیان ببێته‌ دکتۆر و موهه‌ندیس و محامی که‌س دوای حه‌ز و ئاره‌زووی ناکه‌وێت، زۆربه‌ی مامۆستاکان جگه‌ له‌ مووچه‌که‌ی خۆی دوای پاره‌ له‌ قوتابی ده‌که‌ن بیانوو ده‌دۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دوای خوێندن ده‌رسیان پێبڵێنه‌وه‌، ده‌میان کردۆته‌وه‌ چونکه‌ له‌خوێندنگاکانیان ده‌رسێک یان که‌سێک دانه‌نراوه‌ بۆ حه‌ز و ئاره‌زوه‌کانیان له‌ راستییدا حه‌ز و خولیاکانیان لێ زه‌وتکراوه‌ ئه‌ڵێن مه‌چۆره‌ فنون پاشه‌ڕۆژت ئه‌فه‌وتێت کاکه‌ پاشه‌ڕۆژ چییه‌؟ بۆ ئێوه‌ واتان کردووه‌ ئێمه‌ پاشه‌ڕۆژمان رۆشنبێت و بیری لێبکه‌ینه‌وه‌؟ ئێوه‌ واتان لێکردوین بیر له‌ مردنی زوو بکه‌ینه‌وه‌ نه‌ک له‌ ژیان. هه‌مومان مردن و 2 مه‌تر کفن و گۆڕ له‌ به‌رچاومانه‌!

سه‌رجی کوردستانپۆست:
 ئه‌م نووسینه‌ له‌لایه‌ن خوێنکارێکی بنه‌ڕه‌تی له‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆمان هاتووه‌، وه‌ک هه‌ست ده‌کرێت خه‌م و ئازاری گه‌نجه‌کانی له‌ خۆگرتووه‌، بۆیه‌ به‌ پێویستمانزانی پێیدا بچینه‌وه‌ و به‌شێکیمان بۆ چاککرد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە