ئێستا دەسەڵات لە چى ئەترسێت ؟

Monday, 11/04/2011, 12:00

1502 بینراوە







سەرانى یەكێتى و پارتى ماوەى نزیكەى 35 ساڵ زیاترە خەریكى بەكوشتدانى رۆڵەى ئەم میللەتەن و ئێستایش هەر ئەو سەر سپى و كۆن و پەككەوتانە كە هەمیشە خەریكى سەر بۆیاغكردنن بۆ شاردنەوەى تەمەنى خۆیان، لەوە ناترسن كە حكومەت هەڵوەشێننەوە و چەند چاكسازییەكى دیكە بكەن بەڵكو لەوە ئەترسن كە خەڵكى كوردستان تەواوى دۆسێكانى دیكەیان هەڵبدەنەوەو بیاندەنە دادگاو هەرچى ماڵى میللەتە لە قوڕگیانیان دەریبێنن.
ئەو سى و پێنج ساڵەى كە لەسەرەوە نوسیومە رەنگە زۆر كەم بێت چونكە ئەو سەرە زلانەى ئێستا هەر ئەوانەى پێشوون كە لە شەستەكانى سەدەى رابردووەوە خەریكى شەڕ و خیانەت و كورد بە كوشتدان و دزینى سەروەت و ماڵى ئەم میللەتەن.
لە راستیدا ئێستا ئەبینین كە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باكورى ئەفریقا دا هاووڵاتیانى ئەو وڵاتانە لە دەسەڵاتدارە دیكتاتۆرەكانیان هەڵساونەتەوە و یەك لە دواى یەك ئەیانڕوخێنن. بەڵام گەلى ئەو وڵاتانە تەنها بەوە وازیان لێناهێنن كە لەسەر كورسى دەسەڵات فڕەیاندەنە خوارەوە، بەڵكو هەرچى پارەو موڵك و ماڵیشان هەیە لەلایەن بانكەكانى جیهانەوە بلۆكدەكرێن و دواتر ئەوەتا ئێستا گەل داوا دەكات دادگایى بكرێن.
خوێنەرانى ئازیز ئەوە بزانن ئەوانەى كە ئێستا لەسەر دەسەڵات لادەبرێن لە ناوچەكەدا كارى زۆریان بۆ میللەتەكانیان كردووە لە رابردوودا، بەڵام ئەگەر بەمانەى لاى خۆمان بەراوردیان بكەین ئەوا بۆمان دەرەكەوێت سەرانى یەكێتى و پارتى لەسەدا یەكیش باشەیان لەگەڵ مللەتەكەى خۆیان نەكردووە، مێژویش شاهیدى ئەم راستییەیە.
ئەوەى دەسەڵاتدارى كورد كردووەیەتى، سەربارى هەموو خراپە كارییەكانى تر، كوشتنى ئینتما بووە لاى تاكى كورد. بەهیچ شێوەیەك نەیانتوانییەوە ئینتما لاى تاكى كورد درووست بكەن.
لە راستیدا نابێ ئەوەشمان لە یاد بچێت سەرانى یەكێتى و پارتى بەهیچ شێوەیەك بەرژەوەندییان لەوەدان نییە دەوڵەتى كوردى درووست بێت، چونكە ئەگەر دەوڵەتى كوردى درووست بێت ئەوا چیتر بیانوویان. نامێنێت وەك ئەوەى ئێستا ئەڵێن وەڵا ئێمە دەوڵەت نین بۆیە فڵانە شت و فیسارە شت ناتوانین بكەین بۆیە بۆخۆیان بەو پاساوە خەوتووەنەتە سەر ماڵ و كەرامەتى میللەتى كورد دا و بە خراپترین شێوە بەكاریدەهێنن.
بەهیچ شێوەیەكیش بڕوایان بەوە نییە ناوچە جێناكۆكەكان بە كەركوكیشەوە بێنەناو هەرێمى كوردستانەوە بەڵكو ئەو ناوچانە وەك كارتێك بەكارئەهێنن لەگەڵ بەرامبەرەكانیان لە بەغداد. هەندێ جارى تریش هاووڵاتیانى سێ پارێزگاكەى هەرێمى پێ ئەترسێنن كە گوایە ئەوان سەرقاڵى چارەسەركردنى كێشەى ئەو ناوچانەن بۆیە نابێت هەندێ شت بكەن یان داواى چاكسازیى بكەن.
لەم شتانەیشدا هەمووى بەلاى هەموو خەڵكى كوردستانەوە روون و ئاشكرایە كە سەرانى یەكیتى و پارتى تەنها و تەنها خوڵ ئەكەنە چاوى خەڵك و ئەیانەوێت لە رێگەى كەناڵە چەواشەكارییەكانیانەوە خەڵك ئاراستە بكەن، بەڵام دڵنیایان ئەكەمەوە كە ئەو زەمەنە بەسەر چووەو چیتر كەس باوەڕیان پێناكات و ئەمجارەیان بەتەواوى ئەیانڕوخێنین و پەلكێشى دادگایان ئەكەین.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە