با كەلێنى نێوانمان فراوانتر نەبێت !

Wednesday, 22/12/2010, 12:00

1418 بینراوە


رۆژ بەرۆژ كەلێنى نێوان دەسەڵات و جەماوەرى هەرێمى كوردستان فراوانتر دەبێت ، دەسەڵاتیش لە جیاتى كاركردن بە ئاراستەى كەمكردنەوەى كەلێنەكە كەچى بە پێچەوانەوە كار لەسەر فراوانتركردنى كەلێنەكەدەكات ، دەسەڵات نایەوێت گوێ لە خواست و داواكاریەكانى جەماوەر بگرێت ، بەڵكو دەیەوێت تەنها بە ویست و خواستى خۆى یاسا و رێساكانى وڵات و تیۆرە ئیداریەكان و پرەنسیپەكانى دەوڵەتتدارى دابڕێژێت .
پرۆژەیاساى خۆپیشاندان باشترین نمونەیە لەوەى كە دەسەڵات و پەرلەمانتارانى دەسەڵات و سەرۆكایەتى هەرێمیش ئامادە نەبون گوێ لە داواكاریەكانى پەرلەمانتارانى ئۆپۆزسیۆن و رێژەیەكى بەربڵاو لە رۆشنبیران و رۆژنامەنوسان و رێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى بگرن و ئەوەى كە خۆیان ویستیان هەر ئەوەیان بەرجەستەكرد .
جەماوەر كوردستان بەتایبەت نوخبە رۆشنبیرەكە ترسیان لەوەهەیە لە ژێر پەردەى دیموكراسى و لە ژێر ناوى زۆرینەى پەرلەماندا سنورى ئازادیەكان بەر تەسك بكرێنەوە ، دەترسن ئەگەر دەسەڵات ئەم یاسایەى بۆ چووە سەر ئیتر لە دەركردنى یاساى نوێ و هەمواركردنەوەى یاساكانیتردا سنورى ماف و ئازادیەكان بەر تەسكتر بكرێنەوە لە بەردەم ئۆپۆزسیۆن و رێكخراوەكان و جەماوەرى كوردستاندا .
پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و چاودێرانى سیاسى ونوخبەرۆشنبیرەكە چاوەڕێى ئەوەیان لە سەرۆكى هەرێم بو كە پرۆژەیاساكە واژۆ نەكات و بیگەرێنێتەوە بۆ پەرلەمان تا دوبارە خوێندنەوەى بۆ بكرێت بە تایبەت ئەو خاڵانەى كە كۆدەنگى لەسەر نییە ،بەڵام كاتێك هەواڵى واژۆى پرۆژەكە لەلایەن سەرۆكەوە لە كەناڵەكانى ڕاگەیاندن بڵاو كرایەوە خەڵكى بە گشتى و توێژى رشنبیران و رۆژنامەنوسان و رێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى توشى جۆرێك لە شۆك بون ،كاردانەوەى ئەوەشمان لە خۆپیشاندانەكانى شار و شارۆچكەكانى هەرێمەوە بینى .
وەك تەحەددایەكیش بۆ دەسەڵات بە رێبەرایەتى رۆشنبیران شارى سلێمانى یەكەم خۆپیشاندانى بێ مۆڵەتیان ئەنجامدا و داواى دوبارە هەمواركردنەوەى یاساكەیان دەكرد .
جەماوەرى كوردستان بە گشتى لایەنى ئۆپۆزسیۆن و رێژەیەكى فراوان لە هەمو چین و توێژەكان بە جدى لە هەوڵى ئەوەدان سەركردایەتى سیاسى كورد و پەرلەمانتارەكانى دەسەڵات و هەردوگەورە حیزبەكە ناچار بكەن كە ئەو یاسایە جارێكیتر بگەرێتەوە بۆ پەرلەمان و ئەو خاڵ و بەندانەى كە سنورى ماف و ئازادیەكان بەر تەسك دەكەنەوە هەموار بكرێنەوە ،وادەزانم ئەمەش هەوڵێك دەبێت بۆ جۆرێك لە لێك گەیشتن و نزیك بونەوە لە نێوان سەركردایەتى سیاسى و جەماوەردا ، تەنها بە لێك گەیشتنیش دەتوانیین ئەو كەلێنەى كە باسمانكرد نەهێڵرێت یان كەم بكرێتەوە ، ئەگەر نا ئەوا فراوانتر بونى كەلێنەكە تەنها و تەنها بە زەرەرى دەسەڵات دەشكێتەوە و لە كۆتایشدا هەر ئەوانیش باجەكەى دەدەن .
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە