جەدەلێك لەپاى بەرگریكردن لەمەلا بەختیار

Friday, 26/07/2013, 12:00

1720 بینراوە





پێنج سیفاتى گرنگ دیارى دەكەین،كە بەبێ بونى یەكێكیان،ڕۆشنبیر ناتوانێت ئەسپى خۆى لە مەیدانى هاوچەرخدا،تاوبدات:
یەكەم: بەلاغەت و ڕەوانبێژیی.
دووەم: شارەزایی لەقۆناغەكانى مێژوو.
سێهەم: بەئاگابوون لە چەمك و تیۆرە نوێیەكان لەمەڕ داهێنان و بەكارخستنیان لەشوێن و كاتى خۆیدا.
چوارەم: شارەزایی لە زانستەكان،لەفەلەك،لە پزیشكى،لە جوگرافیا،لە كیمستەرى،وەك بەشێك لەكایەكانى ژیان. ئەوسا زانین و بەكارهێنالنى تەكنەلۆژیاو هۆكارەكانى پەیوەندیكردن بەخەڵك و ڕاگەیاندن. كەئێستا بونەتە بەشێكى سەربەخۆ لەئەكادیمیاكانى جیهان.
پێنجەم: (واقیعى بوون) .ئەگەر كەسێك چوار خاڵى سەرەوەى بەرجەستە كردبێت،تەنها (واقیعیەت) لێك نەداتەوە،گومانى تیا نییە بچێتە هەر یاریگایەكەوە،دەیدۆڕێنێت .پێچەوانەى (واقیع) بریتى لە (خەیاڵ) هەمیشە خەیاڵ بەشەجوان و فراوان و نەبینراوەكەى ناو زهنیەتى ئینسانەكانە. ڕەنگە لەواقیعدا ئەزمونكردن تاڵتر بێت .بۆیە مەعریفەى ئینسان دواجار بریتى یە لەئەزمونى مرۆڤ خۆى .

لەپاى،ئەم خاڵانەى سەرەوەدا،ئێمە دوو (مەلا لابەختیار) دەبینین،مەلا بەختیارێكى سیاسیی،كە خۆى و حزبەكەى بێئەندازە بەرپرسیارن لەتاوان و فەزاحەت لەكۆمەڵگەى كوردیدا، وە بێئەندازە لەسنورى ئیتیكى كارى سیاسیی و ئەخلاقى نەتەوەیی تێپەریون . بۆیە ئێمە لەم (مەلابەختیارە) یان دەگەڕێین،كە مومكینە لەشوێن و كاتى ڕابردوودا كلیك مان لەسەر كردووە .بەڵكو دەچینە سەر (مەلابەختیار) ى حەریس لەسەر دیموكراسیی و مۆدێرنەو ڕۆشنگەریی و ئازادیی بیر.

* كەى پرۆسەى دیموكراسیی دەست پێدەكا..

دیموكراسیی،پرۆسەیە،نەك پرۆژە بۆ گەیشتن بەدەسەڵات كە ئیسلامییەكانى كوردستان بەكارى دەهێنن، لەروواڵەتدا دیموكراسیی لەسەر ر(3) دینگە وەستاوە. یەكەم: هەڵبژاردنێكى پاك و بێگەرد ،دووەم: سەربەخۆیی قەزا.سێهەم: ماف و ئازادییە گشتى یەكان. بەڵام هەرگیز ئەم پرۆسەیە دەست پێ ناكات،ئەگەر (رۆِشنبیرەكان بەریەك نە كەون)..
ئەگەر پێوەر بزوتنەوەى ڕۆشنبیریی و وەڵامدانەوەى ئیسلامیی سیاسیی و بزاوتى فكریی و بەریەككەوتنەكان بێت, ئەوەى مەلا بەختیار كردویەتى زۆر زیاتر بووە لەوەى كە (بەختیار عەلى و فارووق و مەریوان و ....هتد) كردوویانە.ئێمە دەبێت بزانین ئەو ئۆتۆمبیلانەى كە هاتنە سلێمانییەوە خۆیان بە مەلا بەختیاردابتەقێننەوە،لەبەر ئەوە نەبوو كە گەندەڵیان كردووە،یان شەڕى ناوخۆیان هەڵگیرساندووە،كاتێك كە ئیسلامییەكانى كوردستان ماشێنەكانیان دژى مەلا بەختیار دەخەنە گەر لەهەموولا یەكەوە،قسەكە ئەوە نییە بۆچى وەك بەرپرسی پارتێكى دەسەڵاتدار لە (2750) ڕاپۆرتى چاودێریی دارایی ناپرسێتەوە لەناوچەى سەوزدا.بەڵكو ترسەكە لەفكر و وەڵامى مەلا بەختیارە.لە مۆدێرنەو پاشخانى ئەقڵە بەرامبەر كۆنزەرڤاتیزم.
تا ئەم ساڵانەى دواییش،كە مناڵەكانیان بۆخوێَندنى زانكۆ و پەیمانگە دەهاتنە سلێمانییەوە،دایك و باوكى كورد دەیانگوت " نەبیتە..ماركسى،،نەچى بۆلاى مەلابەختیار،شێركۆ بێكەس كافرە.دوو قسەى دونیایت بكردبایە،دوور نەبوو لەخوێندن دوورت بخەنەوە..
ئەمڕۆ،لەهەرێمى كوردستان، مەددێكى سەلەفى جیهادی هەست پێدەكرێت،لەپاڵ ئەمەشدا سێ پرۆژەو پارتى ئیسلامى بونیان هەیە،دووكەناڵًى سەلەفى و دووكەناڵى ئاسمانى دیكەى ئیسلامیی هەن، ئەوەى نییە دەنگە جدییەكانن، ئەوانەى كە پرسیار لەسەر هەموو شت دروست ئەكەن، گومان دەكەن، دەخوێننەوە، ڕووئیاى ئیقلیمى و دەولیان هەیە،ئەمانە نین .

* پایتەختى ترس،قەیرانى ووتن.

هیچ كاتێك،بەقەد ئەم سەردەمە ترس و قەیرانى ووتن ڕووى نەكردۆتە كۆمەڵگەى كوردیی، زۆرجار تازەگەرێك یان سیكۆلارو خاوەن پرۆژە هزرییە ڕیفۆرمخوازەكان، وادەبینرێن كە ئەیانەوێ موجامەلەى بەرامبەرەكانیان بكەن، گوایە ئەمانیش وەك ئەوانن،،بێ ئەوەى هەست بكەن دەبێت بە گەرووى خۆیان هاواربكەن،بە دەمى خۆیان قسە بكەن، بەپێی خۆیان ڕێ بكەن .من تۆ نیم،ئێمە ئێوە نین.
ئەپرسین، بۆچى لە ناو پارتیدا مەسرور پارزانى وەك تارماییەكى ترسناك دەبینرێت لەچاو نیچیرڤاندا،لەكاتێكدا نیچیرڤان لەحكومەتدا بووە و لە ساڵى (1991) ەوە داهاتى بریایم ەخەلیل دەبات بۆخۆى و،هەقى چاككردنەوەى دەرگاو حەوشەكەى لەپارەى حكومەت (750) ملیۆن دینارەو ،لەماڵەكیدا (60) بیرى ئیرتوازیی هەیە؟؟. ئەى بۆچى مەلا بەختیار لەناو یەكێتى وەك نەویستراوێك دێتە پێش چاو،لەكاتێكدا كۆسرەت ڕەسووڵ لەحكومەتدا بووە،هەشت ساڵە گشت مانگێك (40) دەفتەر لەسەرۆكایەتى هەرێم وەرئەگرێت بێ ئەوەى دەوامیش بكات،كاتێك سەرۆك عەشیرەتێك هێرش دەكاتە سەر دادگا،لەبرى پاڵًپشتى دادگا كۆسرەت ڕەسوڵ سوڵحى عەشایەریی دەكات.كوڕى خۆى بە وەزیرى خانەنشین كردووە.بازرگانى دەرمان دەكەن..ئەمە ئەو پەیامەیە كە ئەوان دەست و پەنجەى خۆیان لەگەڵ كۆمەڵى ئاسایی نەرمكردووە، مەلا بەختیار نەیكردووە .
لەماوەى ڕابردوودا، میدیاى ئێمە ئیشى بەڕێكردن و ووروژاندنى پرۆسەیەكى نائەقڵانى بووە،كۆمەڵێك خەڵكى كردووە بە فریاد ڕەس ،دوور نییە سبەى هاوڵاتیان بۆ كشمیرو ئەرمینیاو فەلەستین و سوریا نەبەنە جیهاد.ڕۆشنبیرى ئێمە ئەوەندە ترسنۆك بوون تەنها لە ترسی ئەوەى لە تۆڕێكى كۆمەڵایەتى یان سووچێكى ڕۆژنامەیەك قسەیەكیان پێ نەوترێت، ناخەونە مل پرسە هەقیقیەكاندا.لەبەرئەوەى پرسێك بەقازانجى دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن نەشكێتەوە،نەیانوێراوە دنەى بابەتەكان بدەن.ئەوەى مەلا بەختیاركردویەتى لەم بوارە بوێرانە بووە،هەموو كاتێك سنگى دەرپەڕاندووە بۆ دیبەیت،فەرموون ئەوە مەلا بەختیار ئەوەش ئێوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە