بەداخەوە لەیەكێتیدا مەبدە ْ ئیجازەیە!! ئەوەى یەكێتى هێشتۆتەوە پارەو دەسەڵاتە. كەركوك بووەتە كەرەستەى ململانێى سیاسی

Monday, 18/01/2010, 12:00

1577 بینراوە


ماوەیەك بوو دەمانویست گفتوگۆى تابەتى لەگەڵدا سازبدەین, بەڵام ئاماژەى بەوەدا سەفەرێكى بەریتانیا دەكات و دواتر دەگەڕێتەوە, بەدەرفەتمان زانى بەر لەگەڕانەوەى گفتوگۆكە سازبدەین و بەپێچەوانەى زۆرێك لەبەرپرسان و ڕوناكبیران و نوسەران، ئەو كە كوڕى شەهیدى سەركردە(عەلى عەسكەری)یە, چالاكوانێكى ڕێكخراوە كوردییەكانى تاراوگەیە, كەسێكى ئاسایى كۆمەڵگاى بەریتانی یە, لەماوەى گفتوگۆكەماندا بەبێ سانسۆر قسەى كردوو داواى بڕینى هیچ كام لە قسەكانى نەكرد!! زۆر بەڕاشكاوى بۆ (دەنگ) دوا:
دەنگ: كێشەكانى یەكێتى چی بوون لە بەریتانیا و ئەوروپا؟ بۆ یەكێتى لەدەرەوە شكستى هێنا ؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: لەسەرەتادا كە كۆمەڵێك بۆچوونى جیاواز دروستبوو, لەدواى كۆنگرەى یەكى یەكێتیش كە كرا بەیەك حیزب و بیرەجیاوازەكان یەكیانگرت, كێشەى كۆن و ئێستاى یەكێتى كێشەى ئەوەبووە كە هەمیشە بیرەجیاوازەكان وەكو تەكەتوول ماونەتەوە, ئەمەش كارێكى وایكردووە كێشەكان چارەسەرنەكرێن و دواتــر كێشەى زۆرتر دروستبوو, هۆكارەكەشى ئەوەیە كەسى یەكەمى یەكێتى هەوڵى جددى نەداوە بۆ چارەسەركردنى كێشەكان لەكاتى خۆیدا, هەمووى كراوەتە موجامەلەى برادەرانە, پاساوى ئەوەیان هێناوەتەوە كە بارودۆخەكە نالەبارە بۆ چارەسەركردنى كێشەكان ناگونجێَت, كێشەكان تەشەنەی سەندوو سەرئەنجام زیانى لەیەكێتى دا بەشێوەیەكى زۆر خراپ.
دەنگ:ڕێكخستنەكانى دەرەوە بۆ پێش ڕێكخستنەكانى ناوەوە دەستیان بە جیابوونەوە كرد؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: لەبەر دوو هۆ, یەكێكیان لەبەر ئەوەى لەدەرەوە كادیرەكانى یەكێتى خەڵكانێكى خۆبەخش بوون, هیچ مووچەیەكیان نەبوو كە سەرچاوەكەى حیزب بێت, لەدەرەوە لە كەشێكى ئارام و دیموكراتدا دەژین ئەوا كاریگەرییەكى زۆرى هەبووە بۆ ئاڕاستەى بیركردنەوەیان, هەوڵى زۆریش درا بۆئەوەى یەكێتى چاكبكرێت لەناوخۆیدا, كەس حەزى نەكردووە لەیەكێتى بێتەدەرەوە, بەڵام پشتگوێخستنى بیرەكان و گوێنەگرتن لە خەڵك وایكرد كە شتێك دروستبێت جێى ئەم هێزە بگرێتەوە و خەبەریان بكاتەوە.
دەنگ: بۆ سەركردایەتى یەكێتى كارى لەسەر ئەمە نەكرد؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: سەركردایەتى یەكێتى لەهیچ كاتێكدا قەناعەتى بەوە نەبووە, دواى ئەو هەموو قۆناغە بیریان لەوە نەكردەوە حیزبەكە چاكبكەن, بیریان لەوەكردەوە خۆیان چۆن بپارێزن!! هەموو یەكێتیان بەقوربانى كۆمەڵێك كەس كرد, دەشیانبینین ئەوان لەچى ئاستێكى گوزەراندا دەژین و خەڵكیش لە چى ئاستێكى گوزەراندا, بۆ شاییەكیان دروستكرد لەنێوان خۆیان و میللەتدا كاریان لەسەر بەهێزكردنى ئەو بۆشاییە كرد, بەبۆچوونى من دروستبوونى بزوتنەوەى گۆڕان وزەیەكى كارەبایى زۆر بەهێز بوو بۆ یەكێتى و پارتیش,كڕینى خەڵك ڕۆڵی نەبینى!! (بزوتنەوەیەكى چەند مانگى) توانى ڕێژەیەكى زۆر دەنگ بەدەستبهێنێت.
دەنگ:- كەسانى یەكێتى دەڵێن (دوو دەیە) یە كار بۆ جیابوونەوە كراوە؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: لەو بۆ چونەدانیم, زۆر هەوڵدراوە لەناو یەكێتیدا چاكسازى بكرێت, بەڵام بوارنەدان بەو خەڵكانە و پاراستنى بەرژەوەندى تاك خۆیان وایان ویست و نەیانویست چاكسازى بكرێت, تەقینەوەى گۆڕان تەقینەوەى ناڕەزایی میللەت بوو.
دەنگ:- دەوترێت گۆڕان موزایەدە دەكات و كار لەسەر كەموكوڕییەكان دەكات؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: باوەڕناكەم گۆڕان بەوشێوەیە بیربكاتەوە چونكە بزوتنەوەى گۆڕان لەڕاستەوە بۆ چەپ كار بۆ گۆڕانكارى دەكات لە دوو بابەتى سەرەكیدا, یەكەم لەسیستەمى سیاسی و دووەم لەبارودۆخى میللەتەكەماندا, كۆمەڵێك شتمان نییە لەكوردستان, ناتوانین بڵێین ئابوورى كوردستان بنەمایەكى هەیە, دامەزراوەیەك نییە سەرپەرشتى ئابوورى بكات, ئەوەى هەیە بازرگانێك دەتوانێت چۆنى بوێت دەست بەسەر هەموو شتێكى بازاڕدا بگرێت و یارى بە نرخ دەكات.
دەنگ:- ئێوە بۆ ناڕەزایى خەڵكتان جوڵاند؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: لەخۆمەوە دەست پێبكەین, ئەوا خۆم بەخاوەنى یەكێتى ئەزانم, ئێمە وەكو بنەماڵەى (شەهید عەلى عەسكەرى) خۆمان بەخاوەنى یەكێتى ئەزانین, هەرگیز حەزم نەكردووە باسى خراپەكانى یەكێتى بكەم, چونكە بەپارچەیەك لەلەشى خۆمم زانیوە, (مرۆڤ ئەگەر چاوى ئازارى بدات ناچارە دەریبهێنێت)!!
شكاندنى تاك لەڕووى دەرونییەوە زۆر ناخۆشە, سڕینەوەى ڕابردووت كاریگەریت تێئەكات, هەوڵدانى شاردنەوە و دەرنەخستنت كاریگەریت تێئەكات, لەدەرەوەى وڵات زۆر بەئاشكرا هەستمان بەم هەڵانە ئەكرد, لەئەوروپاش خەڵك هەیە لەوێیە و هیچ سیفەتێكى حیزبى نییە و بەڵام سەیر دەكەیت لەئەندامى مەكتەبى سیاسى دەسەڵاتى زیاترە, خاوەنى پارە و بڕیارە و بەئارەزووى خۆى مامەڵەدەكات!
دەنگ:- ڕوونتر بدوێین, مەكتەبى بەریتانیاى یەكێتى تاچەند لەئاستى پێویستدا مامەڵەى كردووە؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: یەكێك لەو هۆیانەى كە كێشەى دروستكرد لە ڕێكخستنەكانى یەكێتى لە بەریتانیا ئەو مەكتەبەیە, لە واقیعدا شتێك نییە بەو ناوەوە!! ئەمە مەكتەبى خاترى خاترانە, بەپێى بڕیارى مەكتەبى سیاسى, ئەوا هەموو بەرپرسى مەكتەبێك دەبێت ئەندامى مەكتەبى سیاسى بێت, ئەو برادەرەى لەوێ بەرپرسە نەسەركردایەتییە نە مەكتەبى سیاسییە!! ڕەچاونەكردنى دیسپلینى حیزبى كێشەى درووستكردو لەسەدا سەد وایە, چونكە كە دەڵێم خاترى خاترانە لەبەرئەوەى لێپرسراوى مەكتەبەكە كەسێكى نزیكە لە كەسى یەكەم و بڕیاردەرى یەكێتى.
دەنگ:- بۆ یەكێتى بەرەوبنەماڵەكردنى سەركردایەتى هەنگاوى نا ؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: بەدڵنیاییەوە بەرەو ئەوە ئەچێت, ناوى كەس ناهێنم بەڵام ئینتیماى ئەندامێكى یەكێتى بوونى ئینتمایە بۆ بەرپرسێك!! وەكو پرۆگرام یەكێتى پرۆگرامێكى ڕێكوپێكى هەیە, بەڵام ئەوە (نوسراوى سەر لاپەڕەیە) لەڕواڵەتدا شتێك نییە بەناوى پڕۆگرامەوە, لەبەر ئەوەى وەلا ْ بۆ حیزب نەماوە ئەمە یەكێكە لەوەى زەرەرى هەرەگەورەى لەیەكێتى داوە.
دەنگ:- خاڵی جیاوازى ئێستاى یەكێتى چییە؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: جاران جیاوازى زۆر بوو بەڵام ئێستا جیاواز نییە, یەكێتى جیاوازییەكانى لەدەستدا, بۆ نموونە جاران ئێمە ئەمانوت حیزبى نەیارمان حیزبى بنەماڵەیە و كۆمەڵێك شتى ترمان دەوت بەڵام ئێستا زۆر بە زەقتر لە یەكێتیدا ئەیبینین!! ئەمە كارێكى زۆر خراپە, ئەو كەسانەى كە ئێستا یەكێتى بەڕێوەدەبەن تەنها ئەو كارە ئەكەن كەخۆیان ئەیانەوێت.
دەنگ:- مەبدەئ لەكوێی یەكێتى دایە.؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: بەداخەوە لەیەكێتیدا مەبدەئ ئیجازەیە!! ئەوەى یەكێتى هێشتۆتەوە پارەو دەسەڵاتە.
دەنگ:- ڕەگ بۆ درووست بوو؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: سەرجەم ئەو برادەرانەى ڕەگیان دروستكرد خەڵكانێكى تێكۆشەرن, لەبەرنامەى ئەواندا تەنها دڵسۆزبوون بۆ یەكێتى دەبینرا, دەیانویست چارەسەرى مەسەلەكە بكەن, كەسێكى زۆر هەیە كە تۆمەتباركراوە بەوەى دەستى لەپشتەوەیە، نامەوێت بچمە وردەكارییەكەیەوە, بەڵام ڕەگ لەدڵسۆزیدا درووستبوو.
دەنگ:- لەدەرەوەى كوردستان, ڕێكخستنەكانى گۆڕان لەچى ئاستێكدان؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: زۆر بەڕاشكاوى دەڵێم لەدەرەوەى وڵات هەردوو حیزبە سەرەكییەكە (پارتى و یەكێتى) كە لە كوردستاندا گەورەن, ئەوا لەدەرەوەى وڵات بەو شێوەیە نین, بەنموونە لەبەریتانیا بەڕادەیەكى زۆر كەم ماون, هەردوو كۆمیتە و ناوچە لەوێ بڕواناكەم هێندەى دەستەیەكى گۆڕان ئەندامیان هەبێت.
دەنگ:- گۆڕان دەبێتە جێگرەوەى پارتى و یەكێتى لە ئەوروپا؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: حاڵی حازرى نەك لەبری بەڵكو هێزى یەكەم (گۆڕان)ە لە ئەوروپا.
دەنگ:- ئێوە وەكو گۆڕان بۆ كەیسى كورد چیتانكردووە؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: كارى زۆر گەورە و باش كراوە, بەتایبەت لەو ماوە كەمەى كە گۆڕان تیایدا ڕاگەیەنرا زۆر شت كراوە, هەوڵمانداوە مەڵبەندى ڕۆشنبیرى كورد لە ئەوروپا بگێڕینەوە بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانى خۆى, كە ئەوەش بە حیزب كراوە, لەسەرەتاى دروستبوونییەوە تا ئێستا ململانێى حیزبەكانى تێدا بووە, ماوەیەكى زۆر یەكێتى بەدەستییەوەبووە تا ئەمڕۆ, لەمڕۆوە خەڵك دژى ئەوانن.
دەنگ:- دەربارەى ناردنەوەى پەنابەرانى كوردی, توشى چی كارێك هاتوون؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: لەسەرەتادا كە لەگەڵ یەكێتیدابووین, وەكو تاك بۆچوونمان زۆر توندبووە لەسەر بەزۆرناردنەوەى خەڵك بۆ كوردستان, ئەمە ڕێككەوتنى نێوان حكومەتى هەرێم و حكومەتی بەریتانیایە كە لەسەرەوە بەم سیاسەتە ڕازیبوون كە گوایە كوردستان وڵاتێكى ئارامە و كار بۆ هەموو كەسێك دەستەبەركراوە, ئەمە پێچەوانەى واقیعەكەیە, چى حكومەتى بەریتانی و چى حكومەتى هەرێمى كوردستان, مافى مرۆڤ پێشێل دەكەن, لەكوردستان و لە بەریتانیاش پێیان وتوین كە(گۆڕٍان) نەیاربووە بەگەڕانەوەى پەنابەرانى كورد و بووەتە هۆى ڕاگرتنى پرۆسەى گەڕانەوەى بەزۆرى پەنابەرانى كورد لە ئەوروپا, لەكارەكانى ئێمە ئەوەبووە كە دانیشتنمان كردووە و بەڕاشكاوى پێمان وتوون كە دژى بەزۆرناردنەوەى خەڵكین, ئەوەى ئێمە كارمان بۆ كردووە دروستكردنى ڕەوەندى كوردى بووە لەوێ, دوومانگە لەگەڵ ئەندامێكى پارلەماندا بەچاكى هاتەدەست و شتەكانمان تێیانگەیاند, ئێستا(20) ئەندام پارلەمانى بەریتانى پشتگیریمان دەكەن.
دەنگ:- حكومەتى هەرێم نەیتوانیوە ئەو كارانە بكات؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: بەهیچ شێوەیەك نوێنەرایەتى حكومەت و یەكێتى و پارتى نەیانتوانیوە ئەو كارانە بكەن, پەیوەندییەكەیان تەنها لەچوارچێوەیەكى دیاریكراودابووە, كار بۆ ئەو مەسەلانە نەكراوە, هەندێك جار لە ڕاگەیاندنیاندا دەردەكەوێت كە بەیاننامەیان هەبووە, بەڵام ئەوە لە ماوەى چەندین ساڵدا چەندجارێكى كەم ئەوەیانكردووە.
دەنگ:- حكومەتى بەریتانى هەڵوێستى چۆنە دەربارەى كێشەى كەركوك؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: هەڵبەتە سیاسەتى سەركردایەتى كورد لەسەرەتاوە دیاربووە كەچۆن بوو و بۆچونیان چۆنبووە, بێگومانم لەوەى ئەوان تاچى ڕادەیەك پشتى كورد دەگرن لەو مەسەلانەدا, ئەوان جەخت لەسەر پاراستنى خاكى عێراق دەكەنەوە وەكو یەك دەوڵەت, دژى پارچەپارچەكردنى عێراقن.
دەنگ:- واتا بەریتانیا كار لەسەر سۆزى كورد ناكات؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: شتێك نییە پێى بوترێت (سۆزى كورد)ى, ئەوەى هەیە بەرژەوەندییەو ئەوان بەرژەوەندى خۆیان دەپارێزن.
دەنگ:- دەكرێت بڵێین كورد لۆبى هەیە؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: لۆبى كورد بوونى نییە, هەوڵی دروستكردنى نەدراوە, نامانەوێت بڵێین(گۆڕان) دەستپێشخەربووە لە دروستكردنى لۆبیدا, ئەو برادەرانەى كە هەڵسوڕاوى گۆڕانن لەوێ دەستێكى باڵایان هەبووە لە دروستكردنى لۆبی دا, لۆبى كورد شیبكەینەوە یان چۆن دروستدەكرێت, گەر خۆمان بەراوردبكەین بە هاوڵاتییە كەمەنەتەوەكانى تر كە لە بەریتانیادا هەن(جولەكە) لۆبی هەیە, ئەمە بەدەرامەت و تواناى ماددى دروست ئەكرێت, دەبێت بارى ئابوورى وڵاتەكەت ڕەچاوبكەیت, بەوشێوەیە نابێت كە ئەندام پارلەمانێكى بەریتانى ببینیت و سۆزى لەگەڵتدا هەبێت, ئەوا بەوشێوەیە لۆبی بكەین, تا ئێستاى كورد لەناوخۆیدا یەك نییە كوردى هەر پارچەیەك بەشێوەیەك كاردەكات, ئەم پەرشوبڵاوییە زەرەرى زۆرى لەكورد داوە, ئەوەى لە ڕاگەیاندنەكاندا گوێبیستى دەبین ئەوە پێى ناوترێ (لۆبی), لەماناى دیبلۆماسیش نەگەیشتووین, تائێستا ئێمە پێناسێكى سیاسیمان نییە لە دەرەوە وەكو هەرێم, شێوازى خۆناساندنى تاكى كورد لەسەر ئاستى سیاسى یەكێكە لە كێشەكان, دەبێت هەوڵبدەین تاكى كورد خۆی دروستبكاتەوە جارێكى تر,دەبێت تاكى كوردى شەرم نەكات بڵێ من كوردم!! بەبۆچوونى من كورد میللەتێكى شەرمنە, ناتوانێ بەرگرى لە خۆى بكات, بۆنموونە لە شەڕى نێوان یەكێتى و پارتیدا دواى ئەو هەموو هەوڵە ناوخۆییەى بۆكۆتاییهێنان بە شەڕى ناوخۆ درا, گوێیان لە میللەتەكە نەگرت بەبانگەشەیەكى وەزیرى دەرەوەى ئەمریكا كێشەكە چارەسەربوو, ماناى ئەوەیە ئێمە چاومان لەدەرەوەیە.
دەنگ:-گەر بێینە سەر باسى گۆڕانكارى ناو یەكێتى, چۆن خوێندنەوەى بۆ دەكەیت؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: لەناو یەكێتی دا هەوڵ ئەدەن كە چاكی بكەن بەڵام چاككردن نابینم, دەم وچاوەكان هەمان دەم و چاون, بیر كردنەوەكان هەمان بیركردنەوەن, تەكەتولەكان هەمان تەكەتولن, تاوەكو ئێستاش لەناو یەكێتیدا بوونى هەیە و لەناو یەكێتیدا تەكەتول لەسەر بنەماى سیاسى نییە بەڵكو لەسەر بنەماى بەرژەوەندى و ویستى كەسەكانە و كەسەكە وابیر دەكاتەوە چیبكات بۆ ئەوەى لەپێگەى خۆى بمێنێتەوە, ناڵێم یەكێتى كادرى باشى تیانییە, بەڵكو بواریان پێنادرێت بێنەپێشەوە.
دەنگ:- بەشداریكردنى لیستى گۆڕان لە هەڵبژاردنى پارلەمانى عێراقیدا چى لەمەسەلەكە دەگۆڕێت؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: دەكەوێتە سەر ئەوەى كە كێ دەردەچێت و نوێنەرایەتى دەكات و ئایا شەڕی پارلەمانى پێدەكرێت؟! ئایا دەتوانێت بەرامبەر بەكەسێكى وەك (ێاڵح موتڵەگ) ڕاوەستێت و بڵێ تۆ بۆت نییە وا كاربكەیت؟! ئایا دەتوانین ئەگەر لەهۆڵى پەرلەماندا هیچیشمان پێنەكرێت بكێشین بەمێزەكانماندا ناڕەزایی دەرببڕین؟! بەڕاستى مەترسى ئەوەم هەیە كە مەبدەئى تەوافق نەمێنێت! چونكە ئەگەر ئەمە نەمێنێت ئەوا دەبینە هاوڵاتى پلەدوو , ئەوەى كە ئێستا دەوترێت كورد زەرەرى نەكردووە, بەپێچەوانەوە ئەگەر بەوشێوەیە هەق وەربگرن ئەوا زەرەرێكى زۆر گەورەمان كردووە, لە پارلەماندا ئەگەر ئەندام پارلەمان سەربەخۆ نەبوو, تەنها ئامڕازێك بوو بۆ جێبەجێكردنى كارێك, هاوپەیمانى كوردستانى لە پارلەمانى عێراقیدا هاوپەیمانییەكى حیزبییە, تاكوتەراى تیایە لە ئەندام پارلەمانەكان كە بۆچوونى خۆى لەسەر مەسەلەكان خستوەتەڕوو.
دەنگ:- كورد بە(5) لیست و هاوپەیمانى بەشدارى هەڵبژاردنى پارلەمانى عێراق دەكات, لایەنە باش و خراپەكانى ئەم فرەلیستییە چییە؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: ئەمە دیاردەیەكى زۆر تەندروست و ڕێكوپێكە, گەر دانیشتنێكى هێزە كوردستانییەكان بكرێت ئەوا بۆچوون و ئاڕاستەى كاركردنى حیزبێك زاڵ نابێت بەسەر ئەوانى تردا, ئەمە دیاردەیەكى وا پیشان دەدات كە كورد لەحاڵەتێكى چەقبەستوو دەربكات.
دەنگ:- پەیڕەوكردنى شێوازى هەڵبژاردنى (نیمچە كراوە) چۆن دەخوێنیتەوە؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: حەزم ئەكرد شێوازەكە (كراوەى تەواو) بوایە, بەڕاستى ئەو كەسە هەڵدەبژێردرا كەشایەنى جێگاكەیە, ئەمەى ئێستا هەیە باشترە لە داخراو كە لایەنە سیاسییەكە بە ئارەزووى خۆى خەڵك دیاریبكات,بەڵام ئەم نیوەكراوەیە كارێكى باشە.
دەنگ:- سەبارەت بە پەیڕەوكردنى شێوازى نیوەكراوە,پێتوایە تەرازووى یەكێتى و پارتی بەرامبەر بەیەكترى دەردەكەوێت؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: ئەمە حاڵەتێكى دوولایەنە, لەهەندێ ناوچە یەكێتى بەو ڕێژەیە دەنگ ناهێنێت, لەهەندێ ناوچەش پارتى بەو ڕێژەیە دەنگ ناهێنێت, بەبۆچونى من كەركوك ئەبێتە سەنگى مەحەك لەنێوان هەردوولایاندا, ئەم جارە كەركوك بڕیار لەسەرمانەوەى لایەنەكان دەدات, كێشەى كەركوك كێشەیەكى زۆر گەورەیە بە تەنها بە پارتى یان یەكێتى یان گۆڕان یان لایەنێكى تر چارەسەرناكرێت.
دەنگ:- یەكێتى و پارتى چۆن كاریان لەسەر مەسەلەكە كردووە لەڕابردوودا؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: حەزدەكەم بەڕاشكاوى بڵێم, ئەوەى ئەڵێت واو وام كردووە بۆ كەركوك, یەكێك ئەڵێت دڵى كوردستانە یەكێك ئەڵێت قودسى كوردستانە بەدڵنیاییەوە دەیڵێم هیچ كەسێك هیچ شتێكى بۆ كەركوك نەكردووە بەو شێوەیەى كە كەركوك پێویستێتى, كەركوك بووەتە كەرەستەى ململانێى سیاسی, هەركەسێك خۆى پێوەبەهێز دەكات, گەر كاریان بكردایە ئەوا كەركوك زەمینەیەكى سیاسى زۆر لەبارە بۆ كاركردن, دەتوانن بچنە كەركوك و ڕاستییەكە دەردەكەوێت بەداخەوە.
دەنگ:- كوردستانیانى دەرەوە چیتان كردووە بۆ كەركوك؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: دەستەیەكمان هەیە لە بەریتانیا كە من یەكێكم لە ئەندامەكانى كەبەناوى(دەستەى پشتیوانیكردنى كەركوك)ەوەیە دوو كۆنفرانسمان كردووە و هەوڵمانداوە خۆمان نزیكبكەینەوە لە كەسانى خاوەن بڕیار لە بەریتانیا, لەوێ باسى ئەوە ئەكرێت كە كورد دەیەوێت تەنها خۆى ڕایبكێشێت بەبێ ئەوەى حیساب بۆ كەمەنەتەوەكانى تر بكات!!!
دەنگ:-كەرەستەى چاككردنى بارودۆخى ئێستاى كەركوك چییە؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: دەبێت هەوڵبدەین دڵنیایى و تەبایى بگێڕینەوە بۆسەرجەم لایەن و نەتەوەكانى كەركوك,(لەناو كەركوكدا سێ پەروەردە هەیە)! تاماوەیەكیش دووجۆر پەرتوك پەیڕەو دەكرا! ئەمە چەواشەكردنى خەڵكە، كەركوك بەرگەى ئەو هەموو كارەساتە ناگرێت كاتى ئەوە هاتووە ئەبێ كار بۆ كەركوك بكرێت, دەبێ هەموو داموودەزگاكان یەك بخرێن,
ئێمە دەمانەوێت سەرجەم لایەنەكانى كەركوك دڵنیابكەینەوە كە(بزوتنەوەى گۆڕان) دژى هیچ لایەن و نەتەوەیەك نییە.
دەنگ:- دوا وتەت چییە بۆ خوێنەران؟
شەپۆل عەلى عەسكەرى: داوا لە هەموو لایەك دەكەم با بەسبێت یەكتر شكاندن و وتى وتى, باجەخت بكەینەوە لەسەر دۆسییەكە, چونكە دۆسییەكە گەورەترە لە یەكێتى و پارتى و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ و ئەوانى تر, دەبێت بیر لەئایندەى كورد بكەینەوە, پێناسەى نەتەوەیى و نیشتمانیمان چى بەسەردێت؟ دەبێت دان بەو ڕاستییەدا بنێین كە لە دواى پرۆسەى ئازادییەوە هیچ بۆ كورد نەكراوە, سەركردایەتى سیاسى كورد لە بەغدا چى بۆ كورد كردووە؟! ئایندەیەكى دیارمان نییە, بایەكتر نەشكێنین و لەسەر پرۆژە گفتوگۆ بكەین, چونكە یەكترشكاندن زەرەر لە كورد دەدات.
پڕۆفایل
-شەپۆل عەلى عەسكەرى.
- ساڵی 1969 لە گەڕەكى (ئیمام قاسم) ى شارى كەركوك لەدایكبووە.
- دەرچووى بەشى كارگێڕى یە لە زانكۆى سەڵاحەدین.
- ماوەى (12) ساڵە لە وڵاتى بەریتانیا دەژێت.
- ئەندامى یەكێتى نیشتمانى كوردستان بووە.
- ماوەى چەندساڵێك لە ڕێكخراوە كوردییەكانى تاراوگە كارى كردووە.
- سەرۆكى كۆمەڵەى كوردى بووە لە بەریتانیا بۆماوەى ساڵێك.
- ئێستا هەڵسوڕاوى (بزوتنەوەى گۆڕان)ە.
[email protected]
گفتوگۆی:داناسلێمان/ گۆڤارى دەنگ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە