ئاڵاکەمان

Friday, 12/12/2014, 12:00

1819 بینراوە






ئاڵا بەرز و پیرۆزەکەمان ، یادگارە هەرە نایاب و ناوازەکەی کۆمارە کۆرپەکەی مەهاباد ، تەنها پارچە پەڕۆیەکی ڕەنگاوڕەنگی ڕووتوقووت نییە بەسەر سەرمانەوە دەشەکێتەوە ، بەڵکو بەنرخترین سەروەتوسامانی نەتەوەکەمانە ، کە پارسەنگی خوێنی پاکوبێگەردی هەزاران هەزار ئەو شەهیدانەیە ، کە لە ڕۆژی لە دایکبوونی کوردەوە و تا تاقە ڕۆڵەیەکی مەرد و بە ئەمەکی لەسەر زەوی مابێت ڕژاوە و دەڕژێت . ئەو ئاڵایە گرنگترین نیشانەی سەروەری و سەربەرزیمانە ، گەوهەرێکی گرانبەهایە و قورسایی بەقەد قورسایی کارەساتە گەورە و پچوکەکانمانە . باڵای بەقەد باڵای تێکۆشان و قوربانییە زۆر و زەوەندەکانی نەتەوەکەمانە .. ئەڵقەی سەخت و نەپساوی یەکخستنی هەموو چین و بیروباوەڕە جیاوازەکانی ناو میللەتەکەمانە . هیوا و ئاوات و خەون و خولیای ئەو کەسانەیە ، کە لە پێناوی پەیامی ئازادی کورد و سەربەخۆیی و یەکگرتنەوەی خاکی پیرۆزی کوردستاندا خەباتیانکردووە و خەبات دەکەن بۆ هێنانەدی ژیانێکی لێوان لێو لە جوانی و بەختیاری بۆ نەوەکانی ئەمڕۆ و داهاتوومان . بۆیە پێویستە هەمیشە بەوپەڕی ڕێزەوە لە ژێر سایە پیرۆزە شکۆدارەکەیدا ڕابوەستین و هەرگیزاوهەرگیز ڕێگا نەدەین ئەوەندە دابنەوێت لایەکی ، یان تەنها چمکێکی بەر زەوی بکەوێت ، چونکە ئەم کردارە یەکێکە لە کردارە هەرە چەوت و ناڕاستەکان ، کە تا سەر مۆخ نیگەرانی و نائومێدی بە دواوەیە .
لە ناو میللەتانی هوشیاردا ، کە نرخی بەرزی ئازادی دەزانن و ڕێز لە بەها پیرۆزەکان و ڕابوردووی خۆیان دەگرن ، ڕێگا نادەن بە هیچجۆرێک ڕووی گەشی ئاڵاکەیان بەر زەوی بکەوێت ، ئەو ئاڵایەی بەر زەوی بکەوێت مەحاڵە جارێکیتر بەرزبکرێتەوە و بە پێی یاسا دەسووتێنرێت و لەناودەبرێت ... هەتا ئەو مرۆڤە پایە بەرزانەی ، کە خزمەتێکی زۆر مەزنی وڵات و میللەتی خۆیاندەکەن و پەپوولەی گیانی پاکوبێگەردیان بۆ بەهەشتی نەمری دەفڕێ و شایانی ئەوەن تەرمی پیرۆزیان بە ئاڵای وڵاتەکەیان داپۆشرێت ، پێویستە بە شێوەیەک داپۆشرێت : نە هیچ چمکێکی ئەو ئاڵایە بەر زەوی بکەوێت ، نە شۆڕبکرێتەوە بۆ ناو گۆڕەکەی ، نە لەسەر گڵکۆکەشی ڕابخرێت . ئەمەش یاسا و ڕێسای ڕێزگرتنە لە بەنرخترین هێما و پێناسەی وڵات و نەتەوە . جا ئەگەر هەتا ئێستا ئێمەی کوردیش لە نەشارەزاییمانەوە و بە دەستی خۆمان ئاڵا بەرز و پیرۆزەکەمان لەسەر زەوی ڕاخستبێت ، یان مەزاری ئازیزانمان پیێ داپۆشیبێت و لە خاکوخۆڵمان وەردابێت ، یان بە چڵکنی و چرچولۆچی و پارچە پارچە و دڕاوی بەرزمانکردبێتەوە ، ئەوا پێی بزانیین یان نەزانیین کارێکی دزێوی زۆر خراپمانکردووە و سوکایەتیشمان بە تێکۆشان و قوربانییە زۆر و زەوەندەکانی خۆشمانکردووە ، هەرکەسێکی بیانییش ئەو دیمەنانە ببینێت ڕێک دەزانی ئەو کەسانەی لەو کار و کردەوەیە بەرپرسیارن و لە نێو ئەم نیشتمانەدا دەژین ڕێز لە هێما بەرز و پیرۆزەکانی خۆیان ناگرن و بە ئەندازەی تاقە موویەک خۆیان نەبەستۆتەوە بە بەها پیرۆزەکانی نەتەوەکەیانەوە و لە شکۆ و بەرزیی ئاڵاش نەگەیشتوون .
دەبا لە ئیمڕۆ بە دواوە تا ڕەگی تەڕمان لە لەشدا دەمێنێت و دڵمان لە لێدان دەکەوێت نەهێڵین ئاڵا بەرزەکەی کوردستانمان ئەوەندە دابنەوێت دامێنی پاکوبێگەردی لە زەوی بخشێت ، با هەمیشە سایەی سەر و ڕووناکی چاو و بزوێنەری هێزی دڵمان بێت ... تۆش ئەی بەرپرسە گەندەڵە بیرکۆڵەکەی ئاڵای سنوری دەستەڵاتەکەت چڵکن و چرچولۆچو دڕاوە تا زووە بیگۆڕە ، ئاخر ئەگەر تۆ نەتوانیت پارێزگاری لە بەنرخترین هێما و پێناسەی وڵات و میللەتەکەمان بکەیت ، ئەی چۆن دەتوانیت خزمەتێکی ئێجگار کەمی ئەو خاک و خەڵکە بەشەرەف و دڵسۆزانە بکەیت ، کە لە پێناوی بەرزکردنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستاندا دەریایەک فرمێسک و خوێنیان بۆ ڕشتووە ؟ .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە