کورد لە نێوان خەلافەت و ویلایەتدا

Friday, 12.12.2014, 12:00

2386 بینراوە


حکومەتی هەرێم وەکو بازرگانی قاچاخ سەیر ئەکرێت
نەبوونی ئامانجێک شکستێکی گەورەیە بۆ حکومەتی هەرێم
بێ گۆڕانێکی ریشەیی کورد ئەبێتەوە بە قوربانیی
---------------------------------------------
دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت پێش چارەکە سەدەیەک، کۆتایی بە جەنگی ئایدۆلۆجیی هات کە جیهانی کردبوو بە دوو بەرە، بە دوو بلۆکی دژ بە یەکەوە. بە کۆتایی هاتنی جەنگی ئایدۆلۆجیی وڵاتان و میللەتان، لە بری جەنگی ئایدۆلۆجیی گەڕانەوە سەر جەنگی سروشتیی. ئەم جەنگەش بریتییە لە جەنگ بۆ بەرژەوەندیی میللیی و نیشتمانیی خۆیان. ئیتر لە بری هاوپەیمانیی ئایدۆلۆجیی، هاوپەیمانیی بەرژەوەندیی ئابوریی، شارستانیی، ئاینیی و نەژادیی بوونە پێوەری پەیوەندیی هاوپەیمانیان.
لەگەڵ کەوتنی یەکێتی سۆڤیەت، وڵاتانی ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا جێگای یەکێتی سۆڤیەتیان لەم شوێنانە گرتەوە کە لەڕوی ئابوریی بەتایبەت وزە، جیۆستراتیجیی و جیۆپۆڵەتیکەوە گرنگن. ئەو داشانەیان لابرد کە ببوونە سیمبۆلی نوێنەرایەتیی بلۆکی روسیای سۆسیالیسیتی لە پێش هەموویانەوە سەددام و عێراق. ئەمجار لیبیاو قەزافی، وەک ئێستاش نۆرەی سوریایە کە نازانرێت سەرنەوشتی بەکوێ ئەگات بەهۆی گەڕانەوەی روسیا بەهێزەوە بۆ مەیدان و ڕۆڵ بینینی لە سیاسەتی جیهانییدا. لەگەڵ ڕوخانی سەددام و قەزافی و لاوازبوونی سوریا و میسر بۆشایی هێز لە ناوچەکە دروست بوو کە هەموو لایەک هەوڵ دەدەن ئەم بۆشاییە پڕ بکەنەوە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی لاوازیی و کەنەفت بوونی وڵاتانی عەرەبیی هەر یەکە لە تورکیا بە پاشخانی خەلافەتی سوننەی ئیسلامی و خەونی ژیانەوەی دەورانی عوسمانییەوە، ئێرانیش بە پاشخانی شۆڕشی ئیسلامیی و هیوای دروستبوونی ویلایەتی فقیە لە سەربنەماى مەزهەبی شیعییەوە هەروەها ئیسرائیل و ڕۆژئاواش بە پاڵنەری ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێزو ئاسایش و پاراستنی هێڵەکانی وزە، بەگەرمی لە پێشبڕکێدان و چالاکانە کار ئەکەن بۆ دروستکردنی پایەکانی خۆیان. یەکەم خاڵی نەبەردی یەکلابوونەوەی زۆرانبازیی هێزە تورکیی، ئێرانیی و ئیسرائیلی لەگەڵ ڕۆژئاواییەکان ئێستا لەسوریا و عێراقە.
هەرچی ئێرانە بە هێزو بازوی ئابوریی نەوت، گروپە شیعەکان، توانای سەربازیی و هەواڵگریی لە حاڵی بەرگرییدایە لە سوریا، لوبنان و عێراق. لە یەمەن لە حاڵى هێرشدایه. ئێران بۆ بەهێزکردنی بەرەی سوریا و عێراق راستەوخۆ لە دەرەوەی سنورەکانی خۆی لە جەنگدایە لەگەڵ تورکیای سوننی. بەڵام لەگەڵ ئیسرائیل و ڕۆژئاوادا لە ڕێکەوتندایە. چونکە لە هەندێک شوێن بەرژەوەندییان یەکە وەکو لە عێراق. بەڵام لە یەمەن و لوبنان بەپێچەوانەوە.
هەرچی تورکیای عەلەمداری دنیای سوننەو خلافەتە پشتیوانی قوڵی ستراتیژی گەورەی دنیای سوننەی هەیە. تورکیا هەموو توانای خۆی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی بە شۆڕشی ئیسلامیی دنیای سوننە بتوانێت شکۆی خەلافەتی عوسمانیی بۆخۆی بگێڕێتەوە، کْە ئەمساڵ نەمانی خەلافەتی ئیسلامی سوننەی عوسمانیی ئەبێتە 90 ساڵ. 
تورکیا بەهۆی ئەندامبوونی لە ناتۆدا ناتوانێت وەکو ئێران لە بڕیارداندا سەربەخۆ بێت. بەڵام هیچ گومانی تیادا نییە کە بوونی گروپە سونییەکان لە وڵاتانی ئیسلامییدا بۆ تورکیا هیوایەکی زێڕینە و دەستبەرداریان نابێت. چونکە تورکیا تەنها لە ڕێگەی گروپە سوننە ئیسلامییەکانەوە ئەتوانێت نفوزی خۆی فراوان بکات و خەونەکانی بێنێتە دی. بۆیە لە راستییدا گروپە ئیسلامییەکان لە جیهانی سوننەی ئیسلامییدا تەنها گروپێکن کە تورکیا متمانەیان پێ بکات و زەخیرەی ستراتیجی تورکیان. تورکیا لە پێناوی ئەم گروپانەدا ئامادەیە هەموو ئەو دەوڵەت و تاقمانە بکاتە بە قوربانیی کە لە وڵاتانی ئیسلامییدا دەستەڵاتدارن بەڵام بۆ تورکیا جێگای متمانە نین.
ئیسرائیل وەک تەنها وڵاتێک بە فەرهەنگ و بەهای ڕۆژئاواییەوە لە ناوچەکەدا ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەردو هێزی خلافەتی تورکیاو ویلایەتی فەقێی ئێرانی لە ڕوبەڕوبوونەوەدایە. بەڵام لە کاتی ئێستادا هەم هێزی خەلافەت و هەم هێزی ویلایەت هەروەها ئیسرائیلیش لەگەڵ هەردووکیان لە قۆناغی پەیوەندیی تاکتیکیدان. چونکە هیچیان بۆ یەکتر جێگای متمانە نین. هەر یەکەیان بچوکترین فرسەتی بۆ بڕەخسێت لایەنی تر لاواز ئەکات هەتا لەناوی ئەبات.
ئەوەی گرنگە تا ئێستا روسیاو چین وەک دوو هێزی گەورەی جیهانیی زیاتر ڕۆڵی سەیرکەری هەستیار ئەبینن. ئەشێت لەهەر گۆڕانکارییەکی چاوەڕوانەکراودا ئەوانیش بەگەرمیی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بێتە ناو هاوکێشەی هێزو بەرژەوەندییەکانەوە بەدژایەتیی خەلافەت و ویلایەت یان پشتگیری یەکێکیان دژی ئەوی تریان. ئەوەی جێگەی باس و لێکۆڵینەوەو شرۆڤە بێت ڕۆڵی گەلی کوردە لە نێوان خەلافەت و ویلایەتدا. ئایا گەلی کورد هەمان رۆڵی کۆن ئەبینێتەوە کە لە سەدەی (16)وە بینیوویەتی؟ واتە دابەشبوون بەسەر هەردوو هێزی خەلافەت و ویلایەتدا. تا ئێستا گەلی کورد بەتایبەت ئەوەی پێی ئەڵێن دەستەڵات و حکومەت لە کوردستانی باشور بە هۆی هەژاریی فکریی و قاتیبوون لە هەموو عەقڵێکی دروستکەر نەیان توانیووە ناسنامە بۆ دەستەڵات و حکومەت دروست بکەن. بۆیە بۆ هیچ کام لە هێزەکان وەکو لایەنی خاوەن فکر، ئایدیا، سیاسەت و ئامانج سەیر ناکرێت. بەڵکو وەکو ڕاگوزەرێکی بازرگانی قاچاخ سەیری حکومەتی هەرێم ئەکرێت کە بەگوێرەی بەرژەوەندییان مامەڵەی لەگەڵدا ئەکەن. بەڵگەش بۆ ئەمە ئەمەیە:
لە عێراق تەنها کورد دژی داعش ئەجەنگێت و قوربانیی ئەدات وەکو میللەت. بەڵام هەموو مامەڵە سیاسیی، ئابوریی و ستراتیجییەکان لەگەڵ بەغدا، ئە نقەرە و تاراندا ئەکرێت. واتە کورد دیسان لە خەلفى خەلافەتدا یا لە وەلائى ویلایەتدایە یا ئەمجارە لە خزمەتى هەردوکیاندایە هەموو لا یەکدایە لە یەک کاتدا. نەبوونى هیچ ئامانجێک لە کاتى ئیستادا بۆ خۆى شکستێکی گەورەی بە ناو حکومەتی هەرێمە. بۆیە ئەگەر ئەم سیستەم و حوکمڕانییەی کوردستان هەرچی زوتر گۆڕانی ریشەیى بە سەردا نەیەت ئەوا کورد ئەبێتەوە قوربانیی کێشەی نێوان خەلافەت و ویلایەت کە هەردوکیان بۆ کورد یەک تێڕوانینیان هەیە. ئەمەش ئەمەیە کە کورد وەکو مورتەزەقە بەکاربێنن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان. وەک هەمیشە کورد ئەبێتەوە قوربانیی جەنگێک کە خێری بۆ کورد نییە لە سوتان زیاتر.

ئەم نووسینە لە کۆنتراکتەوە وەرگیراوە