سزادانی شاری سلێمانی لە عوسمانییەكانەوە بۆ یەكێتی

Friday, 28/08/2009, 12:00

2955 بینراوە


شاری سلێمانی بەبەراوورد بەهەریەك لەشارەكانی كەركووك وهەولێر وزۆرینەی شارەكانی دیكەی كوردستان شارێكی نوێیە لەرووی بیناكردن ومێژووی دروستكردنەوە، لەهەمان كاتدا نوێیە لەرووی بیركردنەوەو بینینی دنیاو مامەڵەكردندا. سلێمانی كۆمەڵێك خاسێت وئەدگاری تایبەتیی هەیە جیای دەكاتەوە لەهەموو شارەكانی تری كوردستان وخەڵكەكەشی بەهەموو پێودانگێك جیاوازن لەخەڵكی ناوچەكانی دیكەی كوردستان و یەكێك لەخاسێتە هەرە گرنگەكانی ئەم شارە بریتییە لەبەرەنگاریی وسەرسەختی وخێرا رادەست نەبوون. بۆیە ئەگەر كەمێك سەیری دیرۆك بكەین سلێمانی سەرسەختترین شار بووە سەبارەت بەهەموو داگیركەران هەر لەعوسمانیی وئینگلیزەوە بیگرە تا دەگاتە عەرەبە عێراقییەكانی چەشنی بەعس.

مێژووی سلێمانی
زۆر فاكتۆر هەن كاریان كردە سەر "ئیبراهیم پاشا"ی بابان* بیر لەدروستكردنی شاری سلێمانی بكاتەوەو بگرە پایتەختەكەشی لەقەڵاچوالانەوە بۆ شارە نوێیەكە بگوازێتەوە. یەكێك لەگرنگترین ئەو هۆیانە بریتی بووە لەبەرتەسكی قەڵاچوالان چونكە بەهۆی شاخ وداخ وهەڵكەوتەی جوگرافییەوە بواری فراوانبوونی زۆرتری نەبووە و لەهەمان كاتدا نزیك بووە لەسنوورەكانی سەفەوییەوە كە بەردەوام میرنشینەكە لەبن هەڕەشەیدا بووە. دواجار ئیبراهیم پاشا لەساڵی 1784 دەستیكرد بە بینای شارە نوێیەكە لەنزیگ گوندی مەڵكەندی كە ئێستا بەهەمان ناوەوە بووەتە گەڕەكێك لەچەقی شارەكەدا. لەرووی جوگرافییەوە سلێمانی دەكەوێتە سەر 5-35 پلەی هێڵی پانی زەوی و 16 پلەی هێڵی درێژو بەرزییەكەشی لەئاستی رووی دەریاوە دەگاتە 853م "1".
محەمەد ئەمین زەكی بەگ دەنووسێت: ئیبراهیم پاشا لەلایەكەوە لەگەڵ ریكخستنی ئیش وكاری ئیمارەت و نەشری عەدالەت خەریك بوو لەلایەكی تریشەوە هەر لەنزیك سەراكەی مەحمود پاشای مامی كەلە1196 هیجریدا لەنزیك گوندی "مەڵكەندی"یەوە دروستكرابوو دەسی كرد بە بینای شارێك. لەدەوری سەراكەدا بەعزێ خانو و مزگەوت وحەمام وبازاڕ و خانی دروستكردو لەساڵی 1199 هیجری "1784 میلادی"دا ئەم شارە تازەیەی تەواو كردو مەركەزی ئیمارەتی لە"قەڵاچۆلان"ەوە بردە ئەوێ و بەناوی سڵێمان پاشای والی بەغدادەوە ناوی نا "سلێمانی"، مەعلوم نییە كە لەدوای تەوابوونی چەند ماڵ بووە، بەڵام مستەر "هارت HUART" لەئەسەرەكەی خۆیدا دەڵێ: لە1820 میلادیدا یەعنی لەدوای تەوابوونی بەسی وشەش ساڵ نفوسی دەهەزار كەسێك بووەو عەدەدی ماڵیشی 3144 بووە كە لەمە 130 ماڵی جوولەكەو 9 ماڵی كلدانی وپێنج ماڵێكیشی ئەرمەنی بووەو پێنج مزگەوتیشی بووە "2". دەربارەی ناونانی شارەكەش بە سلێمانی زۆر بیروڕای جیاواز هەیەو یەكێك لەوانە ئەو بۆچوونەیە محەمەد ئەمین زەكی بەگ باسی لێوە كردووە، بەڵام بەشێكی مێژووناسان بەرپەچی ئەم رایە دەدەنەوەو پێیانوایە ناكرێت ئیبراهیم پاشا بەناوی والی بەغداوە شارەكەی ناو بنێت چوونكە لەنێوان ئەو دوو كەسەدا پەیوەندییەكی دۆستانەی سەرزارەكی ودوژمنایەتییەكی قووڵی ژێراوژێر هەبووە. هەندێك پێیانوایە ناوەكە دەگەڕێتەوە بۆ "سلێمان بەبە"ی میری بابان، رای تریش هەیە دەڵێت لەكاتی هەڵكەندنی بینای شارەكە ئەنگوستیلەیەك دۆزراوەتەوەو ناوی سڵێمانی لەسەربووەو وا دانراوە ئەوە سڵێمان پێغەمبەرە، بەوهۆیەوە ناوی شارە تازە دروستكراوەكە بەناوی ئەو پێغەمبەرەوە ناونراوە كە لای میری بابان زۆر جێگەی رێزو خۆشەویستی بووە. لەسەرێكی تریشەوە محەمەدئەمین زەكی بەگ پێیوایە ناوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی: سلێمانی لەشوێنی شاری "سێلوونا"ی كۆن دروستكراوە. گوایە: ئەو شارە لەسەردەمی فرمانڕەوایی "لۆلۆ"و "گۆتیی"یەكاندا دروستكراوەو بەباپیرە گەورەی دانیشتووانی ناوچەكە دادەنرێن "3". بەهەرحاڵ هێشتاش روون نییەو هیچ بەڵگەیەكی كۆنكرێت بەدەستەوە نییە بۆچی میری بابان شارەكەی ناونا سلێمانی؟، بەڵام میری بابان هیچ كات بیری لەوە نەدەكردەوە شارەكەی لەدەیەو سەدەكانی داهاتوودا رۆڵێكی گرنگ سەبارەت بەچارەنووسی وڵات دەگێڕێت و دەبێتە چاوگی شۆڕش و راپەڕینەكانی كورد بەنەپساوەیی بۆ ماوەیەكی ئێجگار دوورو درێژ.
هەر لەسەرەتاوە سلێمانی وەك پایتەختی میرنشینی بابان سەرباری ئەوەی بەردەوام سەنگەری جەنگەكان بووە، بووە مەڵبەندێكی سەرەكیی گەشەكردنی بزووتنەوە كوردییەكان، جیا لەمەش ئەگەرچی شارەكە بەدیمەن جوان و رازاوە نەبووە وەك شارەكانی وڵاتانی دەوروبەر، بەڵام پاكژیی و سەربەستیی تاكەكانی بەتایبەت ئافرەت تێیدا سەرنجی زۆربەی مسیۆنێرو گەڕیدەكانی راكێشاوە. كلۆدیۆس ریچ كە ساڵی 1820 واتە سی وشەش ساڵ دوای بینای سلێمانی رێی كەوتۆتە شارەكە، لەیادداشتەكانیدا نەیتوانیوە ئەو هەستەی خۆی دەرباری شارەكە بۆی دروستببوو بشارێتەوە. بۆیە دەنووسێت: شارەكە هەمووی لەگوندێكی گەورەی عەرەبیی دەچوو، كەناو ماڵەكان بەدەرەوەن، لەوەش دەچوو خەڵكەكە خۆیان دەربەستی ئەمە نەبن، چوونكە ئافرەتەكانیانمان دەدی بەبێ پەچەو رووپۆش، بێباكانە لەگەڵ پیاواندا دەچوون بۆ بازاڕ بۆ جێبەجێكردنی كاروباری ناوماڵیان، سەرەڕای ئەوەش ئەم شارە دیمەن ناشرینە، پێنج خان و دوو مزگەوتی رێك وپێك وجوان وحەمامێكی زۆر پۆشتەی تیایە، باشترین شارەزاش لەكوردەكان خۆیان ئاماری دانیشتوانی شاری سلێمانی بە 10000 دەهەزار كەسێك داناوە "4". بێگومان بوونی گەرماو لەشارێكی وا بچووكدا نیشانەیەكە بۆ ئاستی پێشكەوتن وپاكژیی لەشارەكەدا. ئەمەش فاكتێكی مێژوویی زۆر گرنگەو پێماندەڵێت سلێمانی لەچاویلكەی بیانییەكانەوە جێگەی رێز بووەو خاسێتە جیاوازەكانی بەروونی بینراوە هەر لەپاكژیی وهەستی سیاسیی خەڵكەكەیەوە تا ئازادیی رەگەزی مێ.
لەرووی سیاسیشەوە شارەكە نزیكەی 65 ساڵ پایتەختی میرنشینی بابان بووەو دەسەڵاتێكی نیمچە ئۆتۆنۆمی كوردیی لەژێر سەرپەرشتی والی عوسمانییەكان دەسەڵاتی شارو ئیدارەی بەدەستەوە بووە، تا ئەو كاتەی ساڵی 1850 دەسەڵاتی بابان بەتەواوی هەڵوەشایەوەو رووخێنرا، لەو بەروارەدا میری بابان "عەبدوڵڵا پاشا" هەموو دەسەڵاتێكی وەك میر لێسەندرایەوەو وەك قائیمقامی سلێمانی دامەزرێنرا، ئەوەش زۆری نەخایاند "ئیسماعیل پاشا"ی بەرەگەز تورك وەك قائیمقام هێنرایە شارەكەوە. لەم رێكەوتە مێژووییە بەدواوە بۆ ماوەی زیاتر لەسێ چارەگە سەدە سلێمانی وەك ناوەندێكی دەسەڵاتی سیاسیی كوردیی هیچ رۆڵێكی نەما، چوونكە لێرە بەدواوە هێدی هێدی سەركردە رامیارییەكان مەیدان چۆڵ دەكەن ولەجێگەیدا لەكۆتاییەكانی سەدەی نۆزدە وسەرەتای سەدەی بیست بزووتنەوەیەكی رۆشنبیریی وفەرهەنگی لەسەردەستی نەوەیەكی منەوەر سەرهەڵدەدات، ئامانجی ئەم بزووتنەوەیە بەرزكردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی وپێگەیاندنی تاكی كوردو رزگاركردنی كوردستانە لەبندەستی، بەڵام لەگەڵ بڕانەوەی جەنگی یەكەمی جیهانیی ودامەزراندنی ماوەی یەكەم حكومدارێتی شێخ مەحموودی حەفید سلێمانی دەبێتەوە بەناوەندێكی سیاسیی بەتین سەبارەت بەهەموو كوردستان (ئەم رۆژانە سلێمانی وەك مەڵبەندێكی چالاكیی كوردستان بەدەركەوتبوو بەحوكمی ئەو جموجۆڵ وهەڵوێستانەی لەكۆتایی ساڵانی دەسەڵاتی عوسمانییەوە ئەم شارە بەخۆیەوە بینیبوون، بۆیە وەك لەسەرەتادا ئاماژەمان بۆ كرد، كۆمەڵێك سەرۆك هۆزو پیاوانی ناوداری كوردستانی ئێران روویان كردبووە سلێمانی و بەنیازی ئەوەبوون كە نێوچەكانی ئەوانیش بچێتە ژێر قەڵەمڕەوی حكومەتەكەی شێخ مەحموودەوە) "5". لێرە بەدواوە سلێمانی دەبێتە ناوەندی شۆڕشگێڕیی وسیاسەت ومەكۆی خەباتی جەماوەریی و رۆشنبیریی، هەربۆیە مێژووی سلێمانی ئەوەندەی مێژوویەكە تێكەڵاوە بەسیاسەت و بەرەنگاربوونەوەی داگیركەرانی كوردستان بەچارەگی ئەوە مێژووی شارێكی ئاسایی نییە. لەبەرئەوە سلێمانی جیاوازیی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە.

سلێمانی شارە سەختەكە
سلێمانی ئەگەرچی تا ئەم چەند دەیەیەی دوایی شارێكی گەورە نەبووە لەرووی رووبەرو ژمارەی دانیشتوانەوە، كەچی سەبارەت بەشۆڕشگێڕانی كوردو نەیارانی سیاسیی كوردستان جێگەی تایبەتی هەبووەو هەمیشە حسابی لەسەركراوە، چوونكە هەروەك بەعس بەراشكاوانە دەیووت سلێمانی شارێكی سەختە، ژبەرئەوەی هەروا بەئاسانی رادەستی ویستی داگیركەران نابێت و لەوە بەولاوە هەمیشە ژیلەمۆكان لەگەڕەكە تەسكەكانی ئەم شارەوە دەگەشێنەوە. رەشەبای سلێمانی تەنیا دیاردەیەكی ناتوراڵیی رووت نییە بەڵكو لەهەمان كاتدا بەشێكە لەخەسڵەت و تایبەتمەندیی شارەكەو هەمیشە هەر لە سلێمانییەوە رەشەبای گۆڕان و باهۆزی رەتكردنەوەی دەسەڵاتی بێگانە هەڵیكردووە، لەبەرئەوە رەشەبای سلێمانی خۆی لەخۆیدا مانایەكی سیاسیی هەیەو جۆرێكە لەگوزارشتكردن لەسیفاتی سەرەكیی سلێمانییەكان كە هەمیشە دەجووڵێن و دژی هەر چەقبەستنێك دەجەنگێن.
عوسمانییەكان هەمیشە لەو جموجۆڵە دەترسان لەسلێمانییەوە رێچكەی دەبەست و بەسنووری كوردستاندا درێژ دەبووەوە، بۆیە لای ئەوان سلێمانی پێویستی بەكۆنترۆڵكردنێكی تایبەتی بوو. وەختێك ئینگلیزەكان هاتنە عێراقی ئێستا، رەنگە هێندەی لە سلێمانییەوە گیروگرفتیان بۆ دروستكرابێت لەهیچ جێگەیەی تری عێراق رووبەڕووی تەنگوچەڵەمەیەكی سەختی وەك شێخ مەحموود نەبووبنەوە، حكومەتی نوێی عێراقیش هەروا.
لەئایاری 1921 لەعێراقدا ریفراندۆمێك سەبارەت بەدانانی فەیسەڵی یەكەم بەمەلیكی عێراق كرا، مەرجی مافی دەنگدان ئەوەبوو: دەنگدەر دەبێ خانوویەكی هەبێ نرخەكەی لە"150" پاوەنی ئیستەرلینی " كە بەرامبەر 2000 روپێیە" كەمتر نەبێ. لەشاری سلێمانیدا، دوو هەزار موڵكدار هەبوون، كە نرخی خانووی هەریەكەیان لە 150 پاوەن كەمتر نەبوو، لەم دوو هەزار كەسە تەنیا 190 كەسیان لەدەنگدانەكەدا بەشدارییان كرد، لەمانە 32 كەس دەنگی بۆ ئەوەدا كوردستان بەعێراقەوە بلكێنرێت و 158 كەس دەنگیان دژی دا. "6". ئەم فاكتە مێژووییە راستییەكی تێدا روون بۆتەوە: زۆرینەی خەڵكی شارەكە بایكۆتی عێراق و پادشاكەیان كردووەو بەهیچ شێوەیەك ئامادەنەبوون بچنە پای دەنگدانەوەو ئەوانەشی چوونەتە دەنگدانەوە بەزۆرینەی رەها دەنگیان لەدژی عێراق و شاكەی داوە. هەروەك وتم ئەمە یەكێكە لەسادەترین بەڵگەكان كە هەر لەسەرەتاوە سلێمانی بەگژ عێراق و لكاندنی باشووری كوردستان بەعێراقەوە راوەستاوەو سەختییەكی لەراددە بەدەری نواندووە.
نموونەیەكی تری زیندوو لەسەردەمی فەرمانڕەوایی پادشاییدا، رەنگبێ راپەڕینی جەماوەری سلێمانی بێت لەرۆژی شەشی ئەیلوولی 1930، كە لەئەدەبیاتی سیاسیی كوردییدا بەرۆژە رەشەكەی بەردەركی سەرا ناسراوە.
(زۆر فاكتۆر هەبوون لەسەرهەڵدانی راپەڕینی جەماوەریی لەشاری سلێمانی لەدژی حكومەتی عێراقی وئینگلیز، یەكێك لەو هۆكارانە رێكەوتننامەی نێوان عێراق و ئینگلتەرە بوو لەساڵی 1930 كە هیچ بڕگەیەكی ئەو پەیماننامەیە باسی كوردو دۆزی نەتەوەیی گەلی كوردی تێدا نەكرابوو) "7". ئەوەبوو سلێمانی دژی ئەم پەیماننامەیە وەستاو (رۆژی 6-9-1930 بەهەزاران كەس لەشاری سلێمانی كەوتنە سەر شەقامەكان و داوای مافە رەواكانی كوردیان دەكرد، هێرشیان دەبردە سەر پەیمانەكە. لەلایەن رۆشنبیرانی كوردپەروەرو شاعیرو زانایانی وەك پیرەمێرد، فائق بێكەس وگۆران و حەمدی، بەشیعرو وتاری شۆڕشگێڕیی هانی جەماوەر دەدرا، كە خۆڕاگربن، هەڵمەت بەرن، دوژمن ریسوا بكەن و سووربن لەسەر درێژەدان بەخەباتیان) "8". لەقۆناغ وساڵەكانی دواتردا سلێمانی نەك هەر بێ رۆڵ نەبووە بەڵكو زۆتر وكاریگەرتر سەختگیریی نواندووە بەرامبەر بەحكومەتی عێراق و لەسەردەمی هەڵگەڕانەوەكەی "رەشید عالی گەیلانی" و تا دوا ساڵەكانی روخانی رژێمی پاشایەتی هەمیشە باری سیاسیی شارەكە هەڵبەزو دابەزی كردووەو مایەی دڵنیایی نەبووە بۆ حكومەت.
لەسەرەتای رژێمی كۆماریی لەعێراقدا لە1958ەوە تا بەئێستا دەگات لای هەمووان ئاشكرایە، سلێمانی چەندە بۆ رژێمی عێراقی جێگەیەكی سەخت و ناهەموار بووە، هەموو ئەوە دەزانین سلێمانی دایكی شۆڕش وراپەڕین و هەموو ئەو خۆپیشاندانانە بوو كە بەشێوەیەك لەشێوەكان بۆ رەتكردنەوەی دەسەڵاتی داگیركەران بوون لەم بەشەی كوردستان. بۆیەكا پێموایە باشووری كوردستان بەبێ بوونی سلێمانی وەك شارێكی هەمیشە زیندوو و ئامادە لووقمێكی شیرین دەبوو بۆ دەسەڵاتی عەرەبیی عێراقی نەك پێكێكی تاڵ و زەقنەبووت ئاسا.

سلێمانی وەك ناوەندی سیاسەت
مافی ئەوەمان هەیە بڵێین سلێمانی چاوگی سیاسیی لانیكەم باشووری كوردستان بووە بەدرێژایی زۆرتر لەسەدەیەك هەتا دەگاتە رۆژگاری ئەمڕۆ. بۆ یەكەمین جار خەباتی سیاسیی و شۆڕشگێڕیی كورد لەشاری سلێمانی رێچكەیەكی رێكخراو وئۆرگانیكی وەرگرت و دوورخرایە لەو تەرزە خێڵەكییەی كە لەپێشاندا لەسەری راهاتبوو. جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی پێیوایە بۆ یەكەمجار لەمیانەی راپەڕینی ئەیلوولی 1930 خەباتی سیاسیی كورد لەشاخەوە گوێزرایەوە بۆ شار و لەیاخیبوونی سەرەك خێڵەكانەوە بوو بەپڕۆژەی رۆشنبیران.
جەلال تاڵەبانی دەنووسێت (راپەڕینی بەردەركی سەرا لەرێكەوتی 6 ئەیلوولی 1930دا، لەمێژووی چالاكییە سیاسیی ونیشتیمانییەكانی باشووری كوردستاندا خاڵی وەرچەرخان بوو، چوونكە لەم خۆپیشاندانەوە بۆ یەكەمجار قورسایی كاری سیاسیی و كوردایەتی كەوتە ئەستۆی خوێندەواران وخەڵكی شارەكان، واتە لەلادێ و لەنێو هۆزەكانەوە گوێزرایەوە بۆ نێو شارەكان، بەمەش قۆناغێكی نوێ لەخەباتی سیاسیی دەستپێدەكات) "9".
نە بەبۆچوونی مێژوونووس وتوێژەرە كوردەكان تەنانەت بەدیتنی چاودێرو سیاسییە ناكوردو ئەوروپییەكانیش سلێمانی ناوەندی شۆڕشگێڕیی و فۆرمۆڵەكردنی خەباتی سیاسیی و بزافی رزگاریخوازی گەلی كوردستان بووە، بۆ یەكەمجار لەم شارەدا بەهێزترین پارتی و رێكخراوە سیاسییەكان هەر لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە نەشونما دەكەن و ئاڵای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی بەدەستەوە دەگرن و تەكان دەدەن بە تێكۆشانی گەلی كورد.
كریس كۆچێرای كوردناس و رۆژنامەوانی فەڕەنسیی باسی قۆناغی سەرهەڵدانی گروپە سیاسییە كوردییەكان دەكات ودەنووسێت (سلێمانی مەڵبەندی سەرەكیی كوردایەتییە، لێرەداو لەقۆناغی پێش یەكەم جەنگی جیهاندا، زۆر گروپی نەتەوەیی دێنە ئاراوە، كە چوونە بنج وبناوان و دۆزینەوەی رەگ و ریشەیان زۆر ئەستەمە، بەتایبەتی هەندێكیان لەچەند كەسێك تێناپەڕن و زۆرجار یەك كەس لەهەمان كاتدا ئەندامی چەند رێكخراوێكی جیاوازە) "10". لەباری كردارییشەوە ناسیۆنالیزمی كورد لەشاری سلێمانی بەهۆی دەستەبژێرە سیاسیی و رۆشنبیرییەكەوە گەیی وخەمڵی. دواتر توانی لەرێكخراوی جۆربەجۆری سیاسیدا خۆی رێكبخات و نوێنەرایەتی داواكانی گەلی كورد بكات لەسەر هەموو ئاستەكانی جیهانیی و هەرێمی و نێوخۆیی. ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان بكەینە نموونەی ئەم باسە، ئەوە ئەو پارتییە لەشاری سلێمانی و لەسەردەستی ئیلێتییە سیاسییە خوێنەوارو شارییەكە توانی ببێتە رێكخراوێكی سیاسیی پێشكەوتووخواز، هیچكات بەهێزبوون و گەشەی پارتی وەك رێكخراوێكی ئۆرگانیزەكراو و پارتیێكی رامیاریی خاوەن بەرنامەو پەیڕەوی ناوخۆ ناگەڕێتەوە بۆ مەلا مستەفا، چوونكە مەلا مستەفا یاخیبوونەكانی شێوەیەكی خێڵەكیی ونارێكخراوی هەبووەو ئامانجەكانی بەو پێوەرە ناسیۆنالیستی نەبوون وەك ئەوەی نوخبە سیاسییە تازە پێگەیشتووەكەی شاری سلێمانی بیریان لێدەكردەوە. تەنانەت یاخیبوونی بارزانی لەساڵی 1943 بەدواوە بۆ ئۆتۆنۆمی وداواكارییەكی نەتەوەیی گشتگیر نەبوو هێندەی غەمێكی ناوچەیی وخێڵەكی پاڵنەری بوون. بۆ وێنە داواكارییەكانی مەلا مستەفا لەدەوڵەتی پادشایی دانانی نوێنەرێكی بەرزی كورد لەبەغدادو نوێكردنەوەی ئیدارەی قەزا كوردییەكانی پارێزگای موسڵ بوو. بۆیە (وا دێتە بەرچاو كە ئەوە مەلا مستەفا نەبوو ناسیۆنالیزمی كوردی هەڵبژارد، بەڵكو ئەوە ناسیۆنالیستەكانی كورد بوون ئەویان هەڵبژارد، هەڵبژاردنی ئەو لەلایەن ناسیۆنالیستەكان بەهۆی شارەزاییە تاكتیكییەكانی و ئەو دژوارییانەوە بوو بۆ حكومەتەكانی دەخوڵقان) "11". واتە ناسیۆنالیستە كوردەكان بەدوای كاریزماو رەمزێكدا دەگەڕان بۆئەوەی بیكەنە گاندی، هەروەك چۆن ژێكاف لەدیوی ئێران بەهەڵبژاردنی قازی محەمەد هەمان كاریكرد. لەبەرئەوە بەهۆی ئەو بەرەنگارییانەی بارزانی بەتایبەت لەكۆماری دیموكراتی كوردستان لەمەهاباد نواندی پاڵینا بەناسیۆنالیستە كوردەكانەوە زیاتر پابەندبن بەبارزانییەوە وەك كاریزمایەك.
لەقۆناغەكانی دوای دروستبوونی پارتی وسەرەتاكانی شۆڕشی ئەیلوول تادەگات بەدامەزراندنی یەكێتی و راپەڕینی بەهاری 1991، رۆڵی سلێمانی رۆڵێكی پێشڕەوانەو ئێجگار گرنگ بووەو دەتوانرێت بەدرێژایی ئەو چەند دەیەیە بەدڵی سیاسیی كوردستان دابنرێت. دەركێشانی ئەو شارە لەمێژووی هاوچەرخی كورد وەك دەركێشانی رۆح وایە لەجەستەدا، چوونكە وەك لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێدا هەموو ژیلەمۆكان لەبری ئەوەی خامۆش ببن لێرەوە جارێكی دیكە بوونەتەوە بەپشكۆ و تاویان سەندووە. وا بزانم پێویستیش بەهیچی بەڵگە هێناوەیەكی تر ناكات، پانۆرامای سەردەمی بەعس و شۆڕشی نوێ هێندە دوور نییە تا لەبیرمان كردبێت كە سلێمانی هەموو رۆژێك ئاگری دەگرت و دەبووە جەهەنمی داگیركەرانی كوردستان.

سلێمانی شاری منەوەران
سلێمانی نەتەنیا لەرووی سیاسیی و شۆڕشگێڕییەوە پێشڕەو بووە، بەڵكو لەبواری رۆشنبیریی وفەرهەنگیشەوە پێشەنگ بووە، تا ئەوەی نازناوی پایتەختی رۆشنبیریی كوردستانی پێ بڕاوە. ئەگەرچی تا ماوەیەكی دوورو درێژ شارەكە جگە لەحوجرە ئاینییەكان خاوەنی هیچ قوتابخانەیەك نەبووە، بەڵام زۆر شاعیرو منەوەر وزانای گەورە گەورەی تێدا هەڵكەوتووە كە لەسەردەمی خۆیاندا رۆڵێكی ئێجگار گرنگیان لەكۆمەڵدا ئەدا كردووە. لەسەرەتای سەدەی نۆزدەدا ململانێ وكێبڕكێی هەردوو تەریقەتی قادری و نەقشبەندی لەشارەكەدا بەشێك بووە لەململانێیەكی سیاسیی و رۆشنبیریی ئەوجا ئاینیی، چوونكە مەولانا خالید وشێخ مارفی نۆدێ وەك دوو عارف و سیمبۆڵی ئەو دوو تەریقەتە، خاوەنی دوو دنیابینی جودا بوون، وەلێ كۆتایی ململانێكە زۆر تراژیدیكە بەراونانی مەولانا لەشارەكەدا، بەڵام ئەو ململانێیە دواجار كەم تا زۆر كاریگەریی راستەوخۆو ناراستەوخۆی لەسەر بیركردنەوەی گشتیی دروستكرد. "هەوڵدەدەم لەدەرفەتێكی تر لەسەر ئەم باسە بەتێروتەسەلی بنووسم".
لەسەردەمی عوسمانییەكان و بۆ مەبەستی پڕكردنەوەی یەكە كارگێڕییەكان، لەشاری سلێمانی قوتابخانەی فەرمی كرایەوەو ئەو قوتابخانەیەش زۆرتر ئەفسەری پێدەگەیاند، بەڵام ئەو ئەو ئەفسەرانە لەساڵانی داهاتوودا سەبارەت بەدۆزی گەلەكەیان نەك رۆڵێكی گرنگ بەڵكو چارەنووسسازیش دەگێڕن وجێگەیان لەخەباتی سیاسیی ئەو قۆناغەدا بەدیاریكراویی ماوەتەوە. (شان بەشانی حوجرەكان، كاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانی لەسلێمانیدا، قوتابخانەی روشدییەی سەربازیی سێ پۆلییان كردەوە، هەموو جۆرە زانیارییەكی ئەوسای تێدا دەوترایەوە، كە جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ باسەكانی حوجرەدا هەبوو. ئەوانەی لێرەدا دەردەچوون یان دەبوونە مووچەخۆرو كاری دەوڵەتیان وەدەستەوە دەگرت، یان بۆ تەواوكردنی خوێندن دەچوونە ئەستەمبۆڵ، زوربەیان خوێندنی سەربازییان تەواو دەكردو دەبوونە ئەفسەری سوپای عوسمانییەكان) "12". دواتر قوتابخانەكان لەشارەكەدا گەشەدەكەن، بەمەش رەوشی رۆشنبیریی بەرەوپێشەوە هەنگاوەكانی خێراتر دەبن، تا ئەوەی لەچارەكی یەكەمی سەدەی بیستەمدا نەوەیەك لەمنەوەرانی شاریی سەرهەڵدەدەن دۆزی نەتەوەیی گەلی كورد دەخەنە ژێر ركێفی خۆیانەوەو بۆ ماوەیەكی درێژ لەخەباتی رزگاریخوازیی كورددا رۆڵێكی سەرەكیی دەبینن. ئەو سەردەمانەش بەحوكمی داخرانی سنووری كوردستاندا بەسەر خۆیداو داگیركردنی وڵاتەكە لەلایەن عوسمانی وسەفەوییەكانەوە، رۆشنبیریی شارەكە پتر لەژێر كاریگەریی رۆشنبیریی ئەو دوو نەتەوە سەردەستە بووە. مێجەر سۆن وەختێك هاتۆتە شاری سلێمانی لەنزیكەوە ئاگاداری ئەوە بووە زمانی فارسی سەبارەت بەخەڵكی شار زمانێكی نامۆ نییە بەڵكو زۆرینە دەتوانن قسەی پێبكەن ولێی تێبگەن، ئەو لەراپۆرتێكی تایبەتی خۆیدا دەنووسێت "لەسلێمانیدا فارسی زۆر گرنگە، زۆربەی خەڵك دەتوانێ قسەی پێبكات ولێی تێبگات... زمانی نووسین لەهەموو ئەم ناوچەیەدا لە سلێمانییەوە بۆ قەرەداغ و رانیە بۆ باكووری رۆژهەڵات تەنیا فارسییەو هەموو پەیوەندییەكی ئیشوكار بەم زمانەیە. قوتابیان دەبێ لەهەردوو قوتابخانەی ئاینی وئەكادیمی سەربازیدا فێری ببن و دوكاندارەكانیش تەنانەت دەبێ بتوانن نامەی پێ بنێرن"، "13".
دوای كۆتایی عەهدی عوسمانییەكان و دامەزراندنی حكومەتی نوێی عێراق وبڵاوبوونەوەی بیری ماركسیستی لەشارەكەدا، دەستەیەكی تر لەرووناكبیری كورد سەرهەڵدەدەن بەدرێژایی چوار پێنج دەیە كۆنترۆڵی گۆڕەپانەكە دەكەن و لەهەمان كاتدا دەورێكی ئێجگار گرنگ دەگێڕن لەهۆشیاركردنەوەی كۆمەڵانی خەڵك و رێكخستیان لەگروپە سیاسیی و كۆمەڵایەتییە جۆربەجۆرەكاندا، لەمەشیاندا سلێمانی خاوەنی زۆرترین ئەو ئیلێتییە رۆشنبیریی وسیاسییەیە كە بێگومان لەگەڵ رەوشی شۆڕشگێڕیی و رۆحی یاخی خەڵكی شارەكەشدا تەبایە. هەر لەبەرئەمە نهێنییەكمان ئاشكرا نەكردووە لەرووی رۆشنبیرییەوە سلێمانی بەشارێكی پێشەنگ ویەكەمین هەژمار بكەین، چوونكە سیمایەكی زۆر گرنگ، هەم شارەكەو هەم دانیشتووانەكەی پێ بناسرێتەوە بەرزی ئاستی رۆشنبیریی و هۆشیاریی سیاسیی و فەرهەنگیی بووە. بەم بۆنەیەوە وەختێك دەڵێین سلێمانی شاری منەوەرانە ئەوە بێگومان هیچ زیادەڕەوییەكمان نەكردووە.

سزادانی سلێمانی لەعوسمانییەكانەوە بۆ یەكێتی
بەحوكمی ئەوەی سلێمانی هەمیشە لەدەسەڵاتەكان و داگیركەرانی كوردستان یاخیبووە، بەشێوەی جۆراوجۆر سزا دراوە چ لەشێوەی لەناوبردنی فیزیكیی و چ لەشێوەی زیانگەیاندنی ماددیی و رۆحی بەخەڵكەكەی. فارسە ئێرانییەكان لەساڵەكانی 1841-1844 دوو هێرشی بەرفراوانیان كردە سەر شارەكەو كوشتارێكی زۆریان لەخەڵكەكەی كرد بەئەندازەیەك تا چەندین دەیە ئەو كارەساتە لەیادی نەوەكاندا مابووەوە. پێش رووخانی میرنشینی بابان دیسان سلێمانی وەك پایتەخت مەیدانی كێشمەكێش وئاژاوەی ناوخۆیی میرینشینەكە بوو كە بێگومان هەزاران لەرۆڵەكانی لەشەڕی نەگریسی ناوخۆییدا بوونە كۆیزوخاڵ، بەڵام رەنگە تاریكترین رۆژانی شارەكە كەوتبێتە دوای هەرەسی میرنشین و زاڵبوونی دەسەڵاتی تاكلایەنەی توركەكان بەسەریدا، چوونكە جگە لەوەی هاووڵاتیانی شارەكە لەرووی فیزیكییەوە سزادەدران، لەهەمان كاتدا باج و خەراجی زۆرو گرانی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ترسناك جۆرێكی تر بوون لەسزادانی خەڵكی شار لەلایەن توركە عوسمانییەكانەوە.
كاتێك، جەنگی یەكەمی جیهان هەڵگیرسا، تووركەكان جاڕی "سەفەر بەلك"یان داوە. كاتێ شەڕ دەستیپێكرد، هەرچی پیاو ولاوەكان هەبووە، چەكیان دراوەتێ و بۆ بەرەكانی جەنگ رەوانە كراون. تەنیا هەر مناڵ، ژن، پیرو پەككەوتەیان ماونەتەوە. لەبەرئەوە باری ئابووری زۆر خراپ تێكشكاوە، بەروبوومی كشتوكاڵ كزبووە، بەرهەمی پیشەسازیی نێوخۆ لاوازبووە، بێكاریی، گرانیی، برسێتی، دزیی، جەردەیی، راووڕووت، بەشێوەیەكی بەربڵاو تەشەنەی كردووە. هیچ كارێ، بێ بەرتیل وەرگرتن، جێبەجێ نەكراوە. جەندرمەی تورك بەئاشكرا جەردەییان كردووە، دەسیان بۆ ئابڕووی خەڵكی راكێشاوە, خەڵكێكی زۆر لەبرساندا مردوون، بەئەندازەیەك فریای شاردنەوەی لاشەی مردووەكان نەكەوتوون، لەتاوا گۆشتی وڵاخیان خواردووە، داوێنپیسیی ولەشفرۆشییەكی زۆر بڵاوبۆتەوە. لەئەنجامدا ژمارەی دانیشتووانی شارەكە زۆر كەمبۆتەوە. بۆیە "ماسۆن كینیز" نووسیوێتی: ژمارەی دانیشتووانی سلێمانی لەچل هەزار كەسەوە هاتە سەر نۆ هەزار كەس "14".
وەنەبێ دوای شكستی عوسمانییەكان لەجەنگداو هاتنی ئینگلیزەكان بەختی سلێمانی لەجاران باشتر بووبێ، بەپێچەوانەوە لەسەروەختی حكومداریی شێخ مەحموودی حەفیددا باڵەفڕەكانی ئینگلیز زیاد لەجارێك شاریان بۆردومانكرد كە لەئەنجامدا جگە لەداڕمانی سەدان خانووبەرەی هاووڵاتیان، بەسەدان كەسیش بوونە قوربانی. تەنانەت لەدوا رۆژەكانی حكومەتی كوردستان بەسەرۆكایەتی شێخ مەحموود ولەرۆژی 25-4-1924 وەختێك فڕۆكەكانی ئینگلیز بۆردومانی شارەكەیان كرد لەكۆی زیاتر لەبیست هەزار كەسی دانیشتووانی شار تەنێ حەوت سەد كەسێك لەشاردا مانەوە، ئەمەش بەهۆی چڕیی وبەربڵاویی قەسفی هێزە هەواییەكانی ئینگلیزەكان.
جیا لەمەش ئینگلیزەكان ئیدارەیەكی خراپیان بەسەر خەڵكی شارەكەدا سەپاند ئەمەش وەك جۆرێك لەسزای خەڵكی شارەكە كە چاویان لەدەوڵەتێكی كوردیی بەسەرۆكایەتی مەلیك مەحموود بڕیبوو. رەفیق حیلمی لەیادداشتەكانیدا دەورانی دوای رۆیشتنی "مەیجەر نوئێل"ی ئەفسەری ئینگلیز بۆ توركیا دەگێڕێتەوەو دەڵێ:
ئینگلیزەكان دەستەو دائیرەیەكی هەموو جۆرەیان رژاندە سلێمانی، ئەمانە عەجەم وهندی و عەرەب وئەفغانی، گاورو جولەكەو ئەرمەنی، بەكورتی رەگەزو تیرە نەمابوو تیایانا نەبێ. دایەرەكان چە هی حاكمی سیاسی، چە هی عەسكەری و ماڵی و گومرگ وئەوانی تر هەریەكە معاون یان مشاورێكی ئینگلیزی چووە سەر. هندی مێزەر سپی، هندۆكی ریش هەڵبەسراو ولولدراو، سیكی رەش وقاچ باریك بەهەموو ژوورەكاندا بڵاوبوونەوە، چاپی دەس "تایپڕایتەر" بەتەق و هوڕەوە كەوتە كار. ئنجا لەلایەكەوە دەستەو دائیرەی تاقمی شێخان وخزمەكارانی خەنجەرو دەمانچە لەپشت، لەولای ترەوە لە"سەیز"ەوە بگرە تا فەڕاش وچێشتكەر، دەستەو دائیرەی ئینگلیزەكان وتەنانەت هی هندۆكە سمێڵ بابڕو ریش لوولەكان، ئەوان بەچەك وسیلاحی نەفامی وعەشایەری، ئەمان بەزمانی بەدو دووڕوویی ولەپاشملە چاڵ بۆ هەڵكەندن كەوتنە وێزەی خەڵقی سلێمانییەوە "15".
پاشان حكومەتە عەرەبییە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق هەرچی پێیانكرا بەرامبەر بەخەڵكی سلێمانی و بەمەبەستی سزادانی نەوە شۆڕشگێڕ وبزێوەكانی ئەم شارە كردیان، ئەگەر ئێمە بمانەوێت جینایەت وسزا قورس وسووكەكانی حكومەتی عێراق هەر لەسەرەتاوە تائێستا بەرامبەر بەسلێمانی یادداشت بكەین ئەوە نەك لەم وتارەدا جێی نابێتەوە بەڵكو پێویستمان بەدنیایەك كاغەزو بەئۆقیانووسێك مرەكەب هەیە، چوونكە لەچاوی حكومەتەكانی عێراقدا هەر لەپاشایەتییەوە تاوەكو بەعس سلێمانی سەری مارەكە بوو كە هەمیشە یەكەم چەخماخەی مەشخەڵی شۆڕش لەم شارەوە سەرتاپای كوردستانی رووناك دەكردەوەو دەلەرزاند. هەتا ئێرە رەنگە ئاسایی بێت داگیركەرانی كوردستان ونەیارانی سەربەخۆیی كوردستان بەو دڕندایەتییەوە پەلاماری سلێمانی بدەن و دانیشتووانەكەی سزا بدەن. كاتێك نائاساییە هێزێكی سیاسیی وەك یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كە كوڕی منداڵدانی شارەكەیەو لەهەناوی ئەودا ولەكوچەو كۆڵانەكانی ئەودا گەشەی كردو بووە هێزێكی كارای گۆڕەپانی سیاسیی، لەبری قەرەبووكردنەوەو پێشخستنی، سزای بدات! ئەوەتا یەكێتی نەك هەر خەڵكی شارەكە لەهەڕەمی دەسەڵات وبەڕێوەبردنی شارەكە بەشدار ناكات، بەڵكو شار لەبێ خزمەتی و لەفەرامۆشكردندا سزا دەدات، ئەوەتانێ سلێمانی لەشارێكی پێشكەوتوو و راقییەوە بووە بەگوندێكی وێران و خەرابستان. خۆ سزادان هەر تەنیا كوشتن ولەناوبردنی فیزیكیی نییە، داڕنینی رۆحی سەرچڵیی ولەناوبردنی كولتوورە جوانەكان و وێرانكردنی ژیانی نەوە نوێكان و فەرامۆشكردنی جوانیی شارەكەو نەگەیاندنی دەستی خزمەتگوزاریی بەشارێكی وەك سلێمانی ئەگەر سزادان نەبێت چیترە؟. لەو سۆنگەوە دەتوانین ئەوە بێژین لەوەتی سلێمانی هەیە بەردەوام لەسەر رۆحە یاخییەكەی وچاوبڕینە پاشەڕۆژێكی رووناك سزا دەدرێت، تاكە جیاوازییەكەش لەوێدایە جاران بێگانە سزای دەدا، بەڵام ئێستا ئەوانەن رۆژانێك بوو بە شارەكەیان دەگووت (شارە حەیاتەكە).
سلێمانی سزای یەكێتی دەدات
تێزێك هەیەو تاراددەیەكیش نزیكە لەراستییەوە، ئەو تێزە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئەو هێزە سیاسییەی سلێمانی بەدەستەوە بوو ئەوە لانیكەم باشووری كوردستانی بەدەستەوەیە. بەهێزیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەرابردوودا وەك رێكخراوێكی شۆڕشگێڕو هێزێكی سیاسیی بەشێكی پەیوەندیی هەبووە بەوەی سلێمانی كۆنترۆڵ كردبوو، بەدەربڕینێكی تر سلێمانی ببووە چاوگی هێزو قەڵای یەكێتی بۆ زیاتر لەسی ساڵێك.
ئەو كارەسات ونەهامەتییانەی لەسی ساڵی رابردوو بەسەر یەكێتیدا هاتن هەر لەشەڕی حكومەتەكانەوە تا پلانە هەرێمی ونێوخۆییەكان بۆ لەناوبردنی، ئەگەر بەسەر هەر پارتیێكی تردا هاتبان ئەوە دەمێكە بوو ناوی لەژیاندا رەش ببووەوە، بەڵام یەكێتی بەپشتیوانی شاری سلێمانی و بەوەرگرتنی نەفەسی ژیان لەو شارەوە بەسەر هەموو كۆسپ و هەوڕازو كەندەڵانەكاندا بەسەركەوتوویی تێپەڕی تا ئەوەی مام جەلالی لەوێستگەی سەرۆك كۆماریی عێراق دانا. بەكورتییەكی یەكێتی بەهەموو شێوەیەك قەرزاری سلێمانی وخۆبەختكاریی نەوەكانی ئەم شارەیەو بەبێ سلێمانی و نەوە یەك لەدوای یەكەكانی نەدەكرا هێزێك بەناوی یەكێتییەوە لەبووندا هەبووایە.
هەروەك پێشتریش پەنجەم بۆ راكێشا یەكێتی لەدوای وەرگرتنی دەسەڵات "1992" هەتا ئێستا نەك هیچ پادداشتێكی سلێمانی نەداوەتەوە، بگرە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەتەواوەتی فەرامۆشیكرد وبەهەموو شێوەیەك سزای دەدا، ئەمەش دووجار مایەی ناڕەزایی خەڵكی شارەكە بوو: یەكەم وەك هاووڵاتییەكی دانیشتووی كوردستان خزمەت ناكرێن. دووەم: وەك سلێمانی كە ئەجری زۆریان لەسەر یەكێتییە لەبری پادداشتدانەوە سزا دەدرێن. ئەمجارە سلێمانی لە25-7-2009 جامی تووڕەییەكانی چووە حاڵی رژانەوەو بەرێگایەكی دیموكراتی، یەكێتی سزا داو دەنگی خۆی لەهەڵبژاردندا بەلیستی گۆڕان دا. من پێشتر ویستم بنووسم سلێمانی تۆڵەی لەیەكێتی كردەوە، بەڵام لەبەرئەوەی كولتووری تۆڵە ریشەیەكی خێڵەكیی هەیەو فینۆمینێكی سەردەمی رەوەندییە، نەمویست بڵێم "تۆڵە بەسەبرە ئەمما بەزەبرە"، چوونكە لەدیتنی خێڵەكیدا هۆزو خێڵەكان بەرپرسن لەتۆڵەكردنەوە نەك یاساو رێگەی شارستانی، بەڵام دەنگنەدانی سلێمانی بەیەكێتی بەرێگەیەكی ئاشتیی و شارستانی ودیموكراتی بوو. من ناڵێم پرۆسەكە دیموكراتی بوو بەڵكو دەڵێم ئامڕازەكە كە هەڵبژاردنە ئامڕازێكی دیموكراتیی و سەردەمانەیە. بۆیە سلێمانی ئەمجارەش رەشەبایەكی تری هەڵكردو ئاوێزانی زریانی گۆڕان بوو. من لەوە دڵنیام سلێمانی هەتا سەر لەگەڵ ئەو هێزەشدا نامێنێتەوە كە ئێستا ناوی "گۆڕان"ە، ئەگەر ئەو هێزە بەردەوام خۆی نوێ نەكاتەوەو پێ بەپێی قۆناغەكان نەڕوات و لەگەڵ رۆحی سەردەم خۆی نەگونجێنێت.
دوای هەژدە ساڵ لەراپەڕینی ئازاری 1991، بۆ جاری دووەم سلێمانی بەشێوەیەكی ئاشتییانەو هاوچەرخانە راپەڕی، جاری یەكەم راپەڕی بۆ وەدەرنانی بێگانەو لەرەگەوە دەركێشانی ستەمی نەتەوایەتی، جاری دووەمیش بۆ بنبڕكردنی گەندەڵیی ومافیایی دەسەڵات وچێكردنی دادی كۆمەڵایەتی ودەسەڵاتی یاساو یەكسانی تاك وەك هاووڵاتییەكی رەسەنی وڵات. سلێمانی لە25-7-2009 مەسجێكی نوێی دا بەگوێی سەرجەم بزووتنەوەو هێزە سیاسییەكاندا كە جارێكی گەڕاوەتەوە بۆ خۆی و هەروا بەردەوامە لەسەرمەشقبوونی هەموو ئاڵوگۆڕێكی خێراو نوێ. دواجار پێی وتین سلێمانی دێوێكی نوستووە لەگەڵ هەر بەخەبەرهاتنەوەیەك بێگومان پەرچوویەك دەخوڵقێنێت.

وتەیەك لەكۆتاییدا
ئەگەر چەند كاژێرێك كات بەدیار خوێندنەوەی دیرۆكی سلێمانییەوە بسووتێنین، راستییەك هەیە هەرگیز ناتوانین خۆمانی لێ ببوویرێن: سلێمانی شارێكی پڕ جموجۆڵ و یاخیگەرەو هەمیشە دەرگاكانی واڵایە بۆ وەرگرتنی بیرو روانگەی نوێ وبەردەوامیش ئامادەیە بۆ خۆ تازەكردنەوەو بیناكردنەوەیەكی نوێی خودی خۆی.
(ئەوەتەی شاری سلێمانی دروستكراوە، لەنێو گۆمی خوێن و فرمێسكدا نقوومبووە، بەڵام هەرگیز رۆژێ لەرۆژان چاوی رۆڵەكانی نەنوستووە، ئەگەر نووستبێتیش، دڵی بەخەبەر بووە، بۆیە سەری سنەوبەری سەوزی، باڵای بەرزی شار نەچەمیوەتەوە، جەستەی لەخوێن هەڵكێشراوی نەمردووەو ناشمرێ، مەگەر وەك درەخت بیبڕننەوەو بەپێوە بمرێ) "16". سلێمانی لە25-7 جارێكی تر ئیسپاتی كرد هەرگیز نانووێ و چاو داناخات لەحاست تەراتێنی گەندەڵكاران و ئەوانەی كوردستان لەباخی جەننەتەوە دەكەن بەشیوی وەیلی دۆزەخ.



پەڕاوێز:
1- جەمال بابان "سلێمانی شارە گەشاوەكەم"، بەرگی یەكەم، چاپی یەكەم، بەغداد 1992، ل 12-24.
2-محەمەد ئەمین زەكی بەگ "تاریخی سلێمانی وە وڵاتی"، ئامادەكردنی: رەفیق ساڵح، سلێمانی 2006، بنكەی ژین، لاپەڕە 66.
3-د.حوسێن محەمەد عەزیز "شەكرە شارەكەم سولەیمانی"، چاپی یەكەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 119.
4- كلودیۆس جیمس ریچ "گەشتی ریچ بۆ كوردستان 1820"، و:محەمەد حەمەباقی، چاپی یەكەم، تەورێز 1992، لاپەڕە 105.
5-ئاكۆ عەبدولكەریم شوانی "شاری سلێمانی 1918-1932 لێكۆڵینەوەیەكی مێژوویی وسیاسییە"، چاپی یەكەم، سلێمانی 2002، لاپەڕە 97.
6-مامۆستا جەعفەر "شاری سلێمانی ململانێی گروپە كۆمەڵایەتییەكان 1820-1920"، چاپی دووەم، سلێمانی 2006، لاپەڕە 105.
7-عبدالرزاق الحسنی "تاریخ الوزارات العراقیە"، الجزو الپالپ، الگبعە السابعە، بغداد 1988، ێ 15.
8-فاتح رەسوڵ "بنچینەی مێژووی بیرۆكەی چەپ لەكوردستان"، چاپی دووەم، سلێمانی 2005، لاپەڕە 282.
9-د.ئاكۆ عەبدولكەریم شوانی "شاری سلێمانی 1932-1945 لێكۆڵینەوەیەكی مێژوویی سیاسییە"، چاپی یەكەم، سلێمانی 2008، لاپەڕە 85.
10-كریس كۆچێرا "كورد لەسەدەی نۆزدەو بیستدا"، و:حەمەكەریم عارف، چاپی دووەم، سلێمانی 2004، لاپەڕە 169.
11-دیڤید ماكداول "مێژووی هاوچەرخی كورد"، و:ئەبوبەكر خۆشناو، بەرگی دووەم، چاپی یەكەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 605.
12- عەلی خالید حەمید "كاكەمەم بۆتانی" (لەدووتوێی یادداشتی شاردا)، چاپی دووەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 116.
13-مەیجەر سۆن "سلێمانی ناوچەیەك لەكوردستان"، و:مینە، چاپی یەكەم، سلێمانی 2007، لاپەڕە 40.
14- د.حوسێن محەمەد عەزیز "شەكرە شارەكەم سولەیمانی"، چاپی یەكەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 125.
15-رەفیق حیلمی "یادداشت" چاپی سێیەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 57.
16-حوسێن محەمەد عەزیز "برایەتی درۆزنانە"، چاپی یەكەم، سلێمانی 2005، لاپەڕە 217.

*ئیبراهیم پاشا كوڕی ئەحمەد كوڕی خالید پاشای بابانەو ساڵی 1873 لەجێگەی مامی بەمیری بابان دانراوەو تا ساڵی 1800 واتە بۆ ماوەی حەڤدە ساڵ میری بابان بووە.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە