خۆڕاگریی کوبانێ و سەرەتای ئایندەیەکی پرشنگدار!

Wednesday, 01/10/2014, 12:00

1975 بینراوە





لەگەڵ ئەوەدا کە ئابڵووقەدانی کوبانێ، و ئەو زیانە گیانییە گەورانەی ڕۆژانە پێشکەشدەکرێن هەرکوردێک خەمبار دەکات و لە ناخەوە دەیهەژێنێ، بەڵام بەدوور لەوەی داخوا لەئاکامدا کوبانێ دەکەوێتە دەستی داعش یان ئەم ئابڵوقیە دەشکێنرێت و داعش ڕاودەنرێت، ئاکامی بایەخداری ئەم بەرخۆدانە هەر لەئێستاوە دیارەو بەرە بەرە سیماکانی بەدیاردەکەون.
لەسەرەتای درووستبوونی قەیرانی سووریا، وڵاتانی هەرێمەکە بەتایبەتی تورکیا، قەتەر، عەرەبستانی سعودی... بەهاوپەیمانیی و دەستلەپشدانی ئەمەریکاو ڕۆژئاوا، نەخشەیەکیان بۆ ئایندەی سیاسیی سوریا کێشابۆوە، کە لەو نەخشەیەدا بچوکترین پێگە بۆ کورد دەستنیشان نەکرابوو. و ئامرازێکیشیان بۆخۆیان داتاشیبوو، ناویان نابوو هاوپەیمانی نیشتیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا.
ئەوەی لەم ناوەدا سەبارەت بە ڕێگەگرتن لە کورد کەلەئایندەی سووریادا ڕٶڵێکی هەبێت بەپلەی یەکەم تورکیا بوو. کە پلانەکەی بەمجۆرە بوو: حکومەتی سوریا لەماوەی چەند مانگێکدا بڕوخێت. و دەسەڵاتێک کە (ئیخوان المسلمین)ی هاوپەیمانی تورکیا ڕۆڵی هەرەسەرەکیان لەوێدا هەبێت. و هێڵی ئیخوان تورکیا- سوریا- میسر تەواو بێت و سەرەڕای ئەوەی لەڕووی سیاسیی و سەپاندنی هەژموونەوە ۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەوێتە ژێر ڕکێفیەوە، بزووتنەوەی ئازادییخوازی کوردیش لەم ناوەدا بەتەواوی دەتوێنرێتەوە. وەک بەشێکیش لەووردەکارییەکانی ئەم پرۆژەیە، ئەمەبوو کەبەهاوکارییکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕۆژئاوای کوردستان چٶڵبکرێت تا هیچ پێگەیەک بۆ پەکەکە یان هاڕێ و هاوبیرانی نەهێڵرێتەوەو بەپێی گەلێک بەڵگەنامە کە لەکاتی خۆیدا ئاشکرابوون، ئەو بەڵێنە بەپارتی درابوو کەپاشان کورد وەک بەشێک لە هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن حسابێکیان بۆبکرێت. پارتیش لەسەرێکەوە بەئامانجی لەناوبردنی پارتی یەکیەتی دیموکرات(پەیەدە) کە بەنەیاری خۆی دەزانێت، و لەسەرێکی تریشەوە باوەڕی پتەوی بەهاوپەیمانێتی خۆی لەگەڵ تورکیا هێندە بەهێزبوو، زۆر بەگەرموگوڕی هاتە ناو ئەو هاوپەیمانێتیەوە. بەڵام ڕوودداوەکان بەجۆرێک گٶڕانیان بەسەردا هات کە لەچاوەڕوانی هیچکەسدا نەبوون:
یەکەم/ ڕژێمەکەی سوریا وەک چاوەڕوان دەکرا نەڕووخاو تا ئێستاش هەر لەسەر کارە. دووەم/ ئەو هاوپەیمانێتییەی کە بە ناونیشانی هاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەناسرا لەڕاستیدا هەر لەسەرەتاوە خاوەنی هێزێکی ئەوتۆ لەسەر زەوی و لەبواری پراکتیکدا نەبووە، و ئەوەی هەبوون کۆمەڵێک بزووتنەوەی ئیسلامی توندڕەو کەپاشان لەناو دوو گروپی هەرە گەورەی نوسرەو داعشدا فۆرمۆلە بوون. سێەم/ ئەم دووگروپە لەبری ئەوەی ببنە هۆی ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد بەپێچەوانەوە بوونە هۆی بەهێزکردنی و لەبری ئەوەی لەگەڵ ئەو ڕژێمەدا بجەنگن پەلاماری ئۆپۆزسیۆنیان دا کەهەر لەبناغەدا لاوازبوو، و پاشانیش پەلوپۆیان هاویشتە عیراق و بەخێراییەکی سەرسوڕهێنەر نێوەندی دووپارێزگاو ناوچەیەکی فراوانی چەند پارێزگای تریشیان کۆنتڕۆڵکرد. و دواتریش بەهاندان و بەپێی نەخشەیەکی پێشتر ئامادەکراوی تورکیا پەلاماری هەردوو بەشی کوردسانیان لەباشوورو ڕۆژئاوا دا. بەڵام پەلاماردانی باشوور بۆ پارتی کەهاوپەیمانی تورکیایە، ولەگەڵ ئەوەشدا لەلایەن تورکیاوە ئاگاداری ئەو هێرشەی داعش کرابۆوە، چاوەڕواننەکراوبوو. چونکە تورکیا ئەمەی بەپارتی گووتبوو کەداعش پێ ناخاتە سنووری هەرێمی کوردستانەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە ڕووداوێکی گەورەی تر کە نەخشەی تورکیای کردە بڵقی سەرئاو، ڕووخانی ڕژێمەکەی محەمەد مرسی بوو لەمیسر، و چاوی ڕەشی تورکیا لەوەی هەژموونی خۆی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەڕێگای ڕێکخراوەکانی (اخوان المسلمین)بسەپێنێت کاڵبۆوەو لەملاشەو هەر بەهۆی کێشەی نێوان ئیخوان لەگەڵ عەرەبستانی سعودی و هاوپەیمانەکانی پەیوەندیی نێوان تورکیاو عەرەبستان لێڵی تێکەوت و ئەم لێڵییە لەناو ئۆپۆزسیۆنی سوریاش ڕەنگی دایەوەو نەک هەر لەتوپەت بوو بەڵکو بەکردەوە لەناوچوو. و لەئاکامدا نەخشەی دابەشبوونی هێزەکان لەپەیوەندی لەگەڵ قەیرانی سووریادا بەمجۆرەی لێهات.
یەکەم/ بەرەی ڕژێمی سوریا لەگەڵ ئێران، حزبوڵڵای لوبنان، عێراق، روسیا، وچین...هتد
دووەم/ بەرەی عەرەبستانی سعودی: ئیماراتی عەرەبی، کوێت، بەرەی ١٤/ی ئازار لەلوبنان، میسر، هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بێجگە لە ئیخوانەکان...هتد
سێیەم/ بەرەی تورکیا: قەتەر، داعش، بەرەی نوسرە، ئیخوانەکانی ناو هاوپەیمانی نیشتمان ئۆپۆزسیۆنی سوریا، پارتی دیموکراتی کوردستان...هتد
چوارەم/ کورد، لەڕۆژئاوای کوردستان، بەڕێبەرایەتی پارتی یەکیەتی دیموکرات (پەیەدە)، پەکەکە، و هەیئەی تەنسیق ناسراو بە (هیئە التنسیق الوگنیە)، لەپۆمۆزسیۆنی سوریادا....هتد
دابەشبوونی هێزەکان بەمجۆرە. بووە هۆی ڕوونبوونەوەی هەرچی زۆرتری سیمای ڕاستەقینەی ڕووداوەکان ئەمەش بەڕۆڵی خۆی دیسان کۆمەڵێک گۆڕانکاریی تری لەگەڵ خۆیا هێنا. یەکەم/ خۆرئاوا بەسەرکردایەتی ئەمەریکاو لەسەر زاری باراک ئۆناما کە ڕۆژی ٢٧-٩-٢٠١٤ ڕایگەیاند، لەمامەڵەکردن و تێگەیشتن لە قەبارەو کارییگەریی و مەترسیەکانی داعش بەهەڵەداچوون و خەریکی ڕاستکردنەوەی هەڵەکانیانن. دووەم/ داعش کە پێشدان پێیانوابوو لەگەڵ ڕژێمەکەی ئەسەد یەکتر لاواز دەکەن، نەک هەر لاواز نەبوو بەڵکو بوو بە مەترسیەکی هەرە گەورەو هەنووکەیی بۆسەر جیهان و بەرژەوەندییەکانی خۆرئاوا. سێیەم/ تورکیا کە ئەندامێکی گەورەو کارای ناتۆیە پشتیوانی داعش دەکات و ئەمەش زۆر پرسیارو گومان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت کە لەئایندەدا دەیانبینینەوە. سێیەم/ بزووتنەوەو شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بەپێچەوانەی پلان و پرۆژەی تورکیاو چاوەڕوانییەکانی خۆرئاوا نەک هەر لەناو نەچوو. بەڵکو ئەمڕۆ تاکە هێزێکی بەرهەڵستکاری غەیرە ئیسلامییە کەلەگۆڕەپانەکەدا بەشایستەییەوە خۆی سەلماندووە.
ئەمڕۆش لەکاتێکدا کە خۆرئاوا بەسەرکردایەتی ئەمەریکا هاوپەیمانێتیکی نوێی دژی داعش ئاواکردووە، لەهەمانکاتدا سەرگەرمی ئاواکردنی ئۆپۆزسیۆنێکی میانەڕەوی دیموکراتخوازە لەسوریا کە ئەڵتەرناتیڤی ڕژێمی ئێستای سوریا بێت و بۆ پیادەکردن و پراکتیزەکردنی ئەم نەخشەیەش وەک بۆخۆیان ڕایانگەیاندووە، پێویستیان بە لانیکەم ١٥ هەزار چەکدار هەیە. بەڵام هەمووان ئەم ڕاستییە دەزانن کە خڕکردنەوەی هێزێکی وا بەناوی میانەڕەو لەئارادا نییەو کارێکی مەحاڵەو تاکە هێزک لەسەر گۆڕەپانەکە کە بەشایستەییەوە خۆی سەلماندووە تەنیا کوردو هێزە چەکدارەکەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)یە ئەم ڕاستییەش دوای کارەساتەکەی شەنگال و ڕۆڵی یەکینەکانی پاراستنی گەل لەپاراستنی دانیشتوانی شەنگال و ناوچەکە کەمێک بەدیارکەوتن و خۆڕاگرییە دیرۆکیی و قارەمانێتییەکەی کوبانێش کردی بە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر. بەجۆرێک وەک بەرپرسانی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەڵێن پێش ساڵێک بەزەحمەت دەیانتوانی دیدارێکی دیپلوماسی سادە لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا سازبکەن. ئەگەر ئەنجامیشدەدرا هیچ ئاکامێکی ئەرێنی لێنەدەکەوتەوە. بەڵام ئەمڕۆ، شەنگال و کوبانێ دەرفەتێکیان خوڵقاند، کە ڕۆژئاوای کوردستان و بزووتنەوە شۆڕشگێریەکەی وبەڕێوەبەرایەتییە سیاسییەکەی، بۆتە ئەمرێکی واقیع. و هەمووانیش دان بەم واقیعەدا دەنێن.
تورکیا هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی بەمەرجێک بەشداری هاوپەیمانێتی دژی داعش دەکات، کەلەئایندەدا هیچ پێگەیەک بەکورد نەدرتێت. و دەخوازێت ئەمە بەهەمووان بسەلمێنێت کە (پەیەدە) هەر (پەکەکە) ەیەو لەبەر ئەوەش کە پەکەکە لەلیستی تێرۆری ئەمەریکاو خۆرئاوادایە کەواتە لەبری هاوکارییکردن دەبێ بایکۆت و بگرە دژایەتی ئەم ئەزموونەی ڕۆژئاوای کوردستان بکرێت. بەڵام پێدەچێت دیرۆک جارێکی تر خۆی دووبارە بکاتەوە.
ساڵی ٢٠٠٣ لەسەروبەندی جەنگی خۆرئاوا بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەکەی سەدام، تورکیای ئەردۆغان هەمان نەخشەو هەمان خواستی لەخۆرئاوا هەبوو. بەڵام چۆن ئەوکات خۆرئاوا دەیتوانی دەست لە تورکیا هەڵگرێت بەڵام نەدەکرا کورد کەتاکە هێزێک بوو لەسەر گۆڕەپانەکە هەڵگرێت. ئەمڕۆش هەروەهایە. و ئەگەر خۆرئاوا لەگەڵ کوردو ئەزموونی ڕێبەرایەتییەکەی هاوپەیمانێتییەک پێکنەهێنێت لەگەڵ کێ بیکات؟ ١٥ هەزار چەکدار لەکوێ و چۆن پەیداکەن؟ هەرئەمەشە وایکردووە، پێش چەندڕۆژ وەزیری بەرگری ئەمەریکا، دانی پێدابنێت و بڵێت: کورد لەسوریا شەڕێکی دژوار بەڕێوەدەبات. و دیسانیش بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا بۆ دەوروبەری کوبانێ، ئەگەرچی تائێستا زێدە جدی و کارییگەریش نەبووبن، بەڵام واتادارەو ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت، کە کورد ئیتر هێزێک نییە کە پشتگوێ بخرێت، و پرسی تێرۆریش لەپەیوندی لەگەڵ پەکەکەو پەیەدەدا بەرەبەرە کاڵدەبێتەوەو بەگشتی ڕەوتی ڕووداوەکان تائێستا بەپێچەوانەی مەیلی تورکیا بەڕێوەدەچن. ئیتر تورکیا لەدۆخێکدایە، کەشپرزەییەکی ئاشکرا بە گوفتارو ڕەفتارەکانیانەوە دیارە. لەلایەک ئەو پشتیوانییەی بۆداعش تا دێت پێگەی ئەم وڵاتە لە سەر شانۆی سیاسیی جیهان لاوازتر دەکات، و دەخوازێت هەرچی زووتر خۆی لەم دۆخە دەربازبکات. بەڵام لەلایەکی ترەوە، هەرهەنگاوێکی بۆ دژایەتی داعش ئەگەری هەرەگەورەی ئەمەی تێدایە، کەبە سوودی کورد بشکێتەوە. هەربۆیە ئەم ۆژانە بەبەهانەی پاراستنی مەزاری سوڵتان سلێمان بۆ سەر ناوچەی میمبەج، خۆرئاوای کوردستان داگیربکات. بەڵام ئەمەریکاو خۆرئاوا حەماسێکی ئەوتۆیان بۆ ئەم پلانەی تورکیا نیشاننەداوە. چونکە ناکرێ دژایەتی داعش لەلایەن تورکیاوە بەمەندە سنووردار بێت، کەگۆڕی مردوێک بپارێزێت و گیانی سەدان مرۆڤی زیندوو کەڕۆژانە دەبنە قوربانی دەستی داعش پشتگوێ بخرێت.
هەروا شپرزەیی بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە دیارەو لە دۆخێکدایە ناتوانێ بەڕوونی هەڵبژێرێت کەچی دەکات. لەسەرێکەوە هێشتا هەر هاوپەیمانی تورکیایەو لەناو پرۆژەیەکدایە کەدەرکەوت دژی خۆیەتی. لەلایەکی تریشەوە ناچارە دژی داعش بجەنگێت، بەڵام تا ئەوسنوورەی تورکیا عاجز نەکات.
لەم بارودۆخەدا لەگەڵ ئەمەدا مەترسی بەهەند هەڕەشە لە خۆرئاوای کوردستان دەکەن، بەڵام ڕووداوەکان بەگشتیی هیوابەخشن. لەمڕووەوە بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەم چەند ڕۆژانە لەپتر لەلێدوانێکداو بەتایبەتی ئاشکراکردنی سەرۆکی هاوبەشی پەیەدە بەڕێز سالح موسلم بۆ کەناڵی تەلەفزیۆنی ڕوناهی، کە دیدارو گفتوگۆکانی کورد لەگەڵ خۆرئاواو نێوەندەکانی بڕیاردان لەخۆرئاوا لەئارادایەو دانپێدانان بەکورد وەک هێزێکی هەرەسەرەکی گۆڕەپانەکە بەتایبەتی خۆڕاگری کوبانێ بۆهەمووان سەلماوە. و ئەمەش ئاکامی یەکەمی ئەم خۆڕاگرییە مەزنەیە. و جێگای سەرنجە کەگەرچی هاوکاریی و یارمەتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی زۆرگرنگ و پێویستن بەڵام ڕۆژئاوای کوردستان، ئایندەی خۆی لەسەر هیچ هیوایەک بەهێزە دەرەکییەکان بنیات نانێت و هێزی خودی و ورەو باوەڕی بەهێز بەگەل و خەڵکی خۆی سەرچاوەی بنەڕەتی هێزن و شەڕ لەگەڵ داعش چەندە درێژە بکێشت و زیانەکان لەهەر ئاستێکدا بن، داعش لەناودەچێت. چونکە خاوەن هیچ ئایندەیەک نییەو کورد لەم شەڕە پیرۆزەدا بەتەنیا نییەو سەکەوتوودەبێت.



[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە