چەمكی هاوپەیمانی لەلای پارتی دیموكرات

Monday, 30/06/2014, 12:00

1806 بینراوە


ماوەیەكی درێژە چەمكی هاوپەیمانی و حكومەتی بنكە فراوان بووەتە وێردی سەر زمانی زۆربەی زۆری بەرپرسانی هەرێمی كوردستان. بەتایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم چەمكە زۆر بەكار دێنێت و لەم ڕوانگەیەشەوە زۆر جار ڕەخنە لەئیدارەی كەركوك دەگرێت و پارێزگاری كەركوك وەكو نوێنەری یەكێتی دەبینێت نەك نوێنەری جەماوەری كەركوك. 
هاوكات ڕەخنە لەخۆبەڕێوەبەری دیموكراتی رۆژئاواش دەگرێت و هەتا ئێستا وەكو بەڕێوەبەریەكی ڕەوا نایبینێت و بیانوشی بۆ ئەو هەڵوێستەی ئەوەیە كە ئەو خۆبەڕێوەبەریە لەسەرجەم لایەنەكان پێكنەهاتووە. پێش ماوەیەك لەنوسینێكدا هەڵوەستەم لەسەر چەمكی حكومەتی بنكەفراوان و حكومەتی نیشتمانی كرد، لەبەر ئەوە بەپێویستی نابینم لێرەدا لەسەر ئەو بابەتە قسە بكەم، ئەوەی دەمەوێت قسەی لەسەر بكەم، هەڵوێستی پارتی دیموكراتە لەم بوارەدا.
بێگومان كاتێك باس لە حكومەتی نیشتمانی و حكومەتی بنكە فراوان دەكرێت، ئەمە كارێكی باشە، بەتایبەتی لەكاتێكی وەكو ئێستادا. بەڵام گرنگە كە ئەوبابەتە لەهەموو جێگەكان و ئاستەكان و بوارەكاندا بێت، نەك لەو جێگەیانەی كەلایەنێك لاوازە باس لەحكومەتی بنكەفراوان بكات و لەو جێگایانەی بەهێزە حساب بۆ كەس نەكات. یان لەو بوارەی كە دەخوازێت باسی بكات و لەوبوارەی ناخوازێت گرنگی پێ نەدات. وەكو ئەوەی لەسیاسەتی پارتی دیموكراتدا بەئاشكرا دەردەكەوێت. لەم بوارەشدا دەكرێت چەند نمونەیەك بهێنینەوە:
یەكەم: لەموسڵ لەبەر ئەوەی پارتی لە لایەنە كوردیەكانی تر بەهێزترە لەساڵی 2003ەوە هەتا ئێستا جومگە سەرەكیەكانی دەسەڵاتی ئەو پارێزگایە و ئەو قەزا و ناحیانەی كە كورد تێیدا باڵادەستن، كۆنترۆڵی كردووە و بەتەنیا بەڕێوەیان دەبات یان لەگەڵ عەرەبدا بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەنە هاوپەیمانە كوردەكانیشی هاوپەیمانی دروست دەكات و كەسیش ناتوانێت پێی بڵێت بۆچی ئەمە دەكەن و ئەوە سنوور بەزاندنە. خۆی و دەسەڵاتی ئەو پارێزگا و ناوچانە بەدەسەڵاتی شەرعی دەزانێت. لەبەرامبەر ئەمەدا دوای رێكەوتنێكی هەمەلایەنەی نێوان كورد و توركمان بۆ ئاڵوگۆڕی هەندێك پۆست لە ئیدارەی كەركوكدا كە پارتی بۆخۆی لایەنێكی سەرەكی رێكەوتنەكە بوو، لەبەر ئەوەی كە پارێزگاری نوێ بەدڵی ئەو نەبوو، هەتا ئێستا ددانی خێری پێدا نانێن و ناخوازن وەكو ئیدارەیەكی ڕەوا مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و قائیمقامی ناوەندی كەركوك كەسەر بەپارتیە ئامادە نیە بەپێی فەرمان و رێنمایەكانی پارێزگار كار بكات. ئەمە لەكاتێكدایە كە بەشێكی ئیدارەی كەركوك وەكو قایمقام و بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكان و چەندین بەڕێوەبەرێتی بەدەست پارتیەوەیە. 
دووەم: كاتێك پارتی لەگەڵ مالیكی، عەلاوی و نوجەیفی پەیوەندی دەبەست و هاوپەیمانی دروستدەكرد حسابی بۆ كەس نەدەكرد و كەسی بەشدار نەدەكرد لەو هاوپەیمانیانەدا، بارزانی بۆ خۆی وەكو سەرۆكی پارتی بەو كارانە هەڵدەستا، بەڵام كە پەیوەندیەكانیان تێكدەچوو داوای دەكرد كە هەموو لایەنەكان هەڵوێست لەدژی ئەو هێزانە وەربگرن و ئەگەر هێزێك هەڵوێستی توندی دیاری نەكردایە، ئەوا دەزگاكانی پارتی دەیانخواست وەكو سنووربەزاندنی نەتەوەیی ناودێری بكەن. 
سێیەم: لەكاتێكدا حكومەتی توركیا، سوریا و ئێران مافەكانی كورد پەسند ناكەن و بەتوندی دژی تێكۆشەرانی كوردی ئەو بەشانەی كوردستان دەجەنگن، پارتی بەلایەوە ئاساییە كە ئەو حكومەت و دەوڵەتانە وەكو دۆستی كورد بەناو بكات و هەموو جۆرە پەیوەندیەكی سیاسی و ئابووری بۆ خۆی بەڕەوا دەبینێت، كە هەركەسێك دەزانێت ئەو دەوڵەتانە چەندە سوودیان لە هەڵوێست و پەیوەندیەكانی پارتی وەرگرتووە بۆ دژایەتی گەلی كورد لەو پارچانەدا. هەتا ئێستاش نوسینگەیان لە شامی پایتەختی سوریا هەیە. بەڵام دژی دیدارێكی ساڵح موسلم هاوسەرۆكی پەیەدە لەگەڵ مالیكدا بە دەرچوون لە هێڵی نەتەوەیی دەبینێت.
چوارەم: پارتی لەسەر ئاستی ئێراق و هەرێم و پارێزگای سلێمانی، كەركوك و هەڵەبجە داوای حكومەتی بنكەفراوانی دەكرد، هەتا ئێستاش پێداگیری لەسەر ئەو هەڵوێستەی دەكات و بەتایبەتی بۆ حكومەتی ئێراق و ئیدارەی كەركوك جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەبێت یەكڕیزی كوردی بپارێزرێت و هیچ لایەنێك بەتەنیا هەڵویست نیشان نەدات و رێكەوتن لەگەڵ لایەنی عەرەبی یان غەیرە كوردی نەكات. كە چی لە موسڵ بۆخۆی تاك لایەنە ساڵی پار لەگەڵ ئەسیل نوجەیفی رێككەوت، لەلایەكی ترەوە لە هەولێر لەگەڵ توركمان و ئاشووریدا رێككەوت، لەسەر ئاستی دهۆكیش حسابی بۆ كەس نەكرد و بەتەنیا حكومەتی خۆجێی دروست كرد. 
پێنجەم: لەسەر ئاستی گشتی كوردستانیش ئەگەر سەیری بكەین رێژەیەكی زۆر كەمی گەلی كورد لایەنگری لە پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانەكانی دەكەن، لەگەڵ ئەمەشدا خۆیان وەكو وتەبێژی هەموو كورد نیشاندەدەن و كاتێك لایەنێكی وەكو پەكەكە (كە بەشی زۆری گەلی كوردستان لەهەر چوار لای كوردستان پشتیوانی دەكەن) ئەو هەڵوێستەی ئەو پەسند ناكات و دەڵێت با پێكەوە رێكبكەوین و ئیرادەیەكی هاوبەش دروست بكەین، پارتی پەكەكە بەوە تۆمەتبار دەكات كە دەخوازێت خۆی بسەپێنێت بەسەر لایەنەكانی تردا.
ئەم نمونانە مشتێكن لە خەرمانی چەمكی پارتی دیموكرات بۆ دروستكردنی ئیرادەی نەتەوەیی، حكومەتی بنكە فراوان و حكومەتی نیشتمانی، ناوەڕۆكەكەشی ئەوەیە لەو جێگانەی كە پارتی بەهێز بێت چۆن بخوازێت وەها هەڵسوكەوت دەكات و هەركەس و لایەنێكیش ناچارن پەسندی بكەن، لەو جێگایانەشی كە پارتی لاوازە ئەوا دەبێت رێكەوتن بكرێت و بەبێ پارتی نابێت نە حكومەت پێك بهێندرێت نە هاوپەیمانی ببەسترێت، ئەگەر بیشكرێت ئەوا پارتی دژی دەوەستێتەوە و پەسندی ناكات. بە كوردیەكەی وەكو پێشینان گوتویانە پارتی دەڵێت:"ئەوەی خۆم بۆ خۆم، ئەوەی تۆش دەخۆم!!، ئەمەش چەمكێكی هەڵەیە و خزمەت بە دەسكەوت و ئامانجەكانی گەلەكەمان ناكات، ئەگەر پارتیش كۆكە لەسەر ئەوەی كە ئێستا لە قۆناخێكی نوێدا دەژین و پێویستمان بەهاوهەڵوێستی نەتەوەیی هەیە، ئەوا دەبێت لەسەر ئاستی گشتی نەتەوەیی، لەسەر ئاستی ئێراق، لەسەر ئاستی هەرێم و پارێزگاكانیش خاوەنی هەمان هەڵوێست بێت و دەست لەو جۆرە هەڵوێستانەی بەربدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە