مامەریشە ریشى درێژترو حمەجەزاش دڵى ناسكترو مەرزیەش دڵى تەنگتربووە

Saturday, 14/05/2011, 12:00

1819 بینراوە


ماوەیەكە لێم ناگەڕێن هەموو شەو دێنە خەونم ، هەموو شەوبەیەكەوە دێن و ئەڵقەیەك دەبەستین ، بەڵام چ هاتنێك دێن؟ مامەڕیشە دێت ، بەڵام جلەكانى رەشترن لەجاران ، ئەودێت هیلاك ترە لەرۆژانى شاخ ، تووڕەترە لەو رۆژانەى كەلەسەنگەردا لەگەڵ بەعسدا دەجەنگا، ئەوشەو هات و لێم پرسى ئەرێ ریشە ئەو هەموو ماندووبونەت لەپاى چى؟ خۆئێستا خەباتى شاخ نەماوەو كوردستان ئازادە، بەڵام ئەو پێمى وت"هێشتا سلێمانى ماوە، ئەى ئەوە نییە سلێمانى لەلایەن سەربازەكانى یەكێتى و پارتى داگیركراوە؟! منیش پێم ووت "ئاخەر ئەوانە هێزى پێشمەرگەن و كوڕى ئەم وڵاتەن، بەڵام ئەو دەستەكانى لەڕیشى داوو ئاخێكى هەڵكێشاو وتى"نەخێر ئەوانە پێشمەرگەنیین، چۆن پێشمەرگە سلێمانى داگیردەكات، چۆن پێشمەرگە سەكۆى ئازادى تێك دەدات، چۆن پێشمەرگە ماڵتانێ لەهاونیشتیمانیانى خۆى دەگرێت، چۆن پێشمەرگە دەستى دەچێتە خوێنێ براكەى و وەڵامى ووشە بەگولە دەداتەوە
بەڵام من دڵنەوایم كردوو پێمووت " ئاخەر ئێمە ئەمڕۆ وەزیرى پێشمەرگەمان هەیەو ئەم هێزانە بەبڕیارى ئەو جولاون بۆسلێمانى، بەڵام ڕیشە بەدەنگێكى بەرز پێمى ووت"كامە وەزیر ئەو وەزیرەى هەموو شەوێك جنێوەكانى لێمناگەرێت پشووبدەم ئەو وەزیرەى بەمۆبایل هەڕەشە لەرۆژنامەنووس دەكات، ئەو وەزیرەى بەخۆپیشاندەرو رووناكبیر دەڵێت بەڕەڵاو چەقۆكێش ، ئەو وەزیرەى بەشارى شەهیدان دەڵێت پیاوكوژ نانا حاشا ئەمە وەزیرى ئێمە نییە ، من لەبەرئەو وەزیرە ئێستا شەرم دەكەم بڵێم رۆژێك لەرۆژان من پێشمەرگەبووم .
ریشە قسەكانى تەواو كردوو ئەمجارەیان نۆرەى مەرزیەخان هات.
لەسەرداواى ریشەو حمەجەزا ، مەرزیە بەدڵى تەنگەوە تەنگتر لەجاران گۆرانى هێندە دڵم تەنگەى بۆچڕین، بەڵام مەرزیەش تێكستى گۆرانیەكەى گۆڕى بوو، مەرزیە بەم شێوەیە بۆ گۆرانیەكەى بۆچڕین و وتى
"هێندە دڵم تەنگە بەم شەو ئەڵێم لەم شارەبڕۆم
لەوڵاتێك كەوەڵامى ووشە بەتفەنگ بدرێتەوە باركەم و بڕۆم
لەوڵاتێك كەوەزیرى پێشمەرگە حاكم و سالارە بڕۆم.
دواى تەواوبوونى مەرزیەش داوامان لەحمەجەزا كرد گۆرانى هۆكاكى پێشمەرگەمان بۆبچڕێت، بەڵام كاكە حمەدڵى لەجاران ناسكتربوو، بۆیە بەدڵەناسكەكەى وتى "ئاخەر ئێستا من تێكستى گۆرانیەكەم گۆڕیوەو گریانم بۆگۆرانیەكەم دێت و دڵم نایەت بەم حاڵەوە بیڵێم، بەڵام ریشە وتى"نانا توو خوێنى 10شەهیدە دڵشكاوەكەى 17ى شوبات دەبێت ئەو گۆرانیەمان بۆبچڕیت ، بۆیە حمەجەزا وتى :
هۆكاكى پێشمەرگە شۆڕش گێڕى قارەمان
چۆن یەكێـتى و پارتى لەپێناو مانەوەى خۆیان
ئێوەیان كرد بەپەندوو ناوى ئێوەیان زڕان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە