KNN پێش و پاش 17ى شوبات

Monday, 28/02/2011, 12:00

1306 بینراوە



نوسینێكی درەنگ وەخت ئێستا دەیهۆنمەوە..

ئەوەى ئیزدواجییەت و دوو روویی كەی ئێن ئێنی دەردخست ئەو جۆر كاركردنە بوو لەپێش و پاش 17/2، كە لەپێشدا دەیانوت كوردستانیش وەك میسرو تونس وایەو دڵنیاین نموونەى ئەو دوو وڵاتە لەكوردستانیش سەرهەڵدەدات و حكومەتەكەى یەكێتی و پارتی ناتوانێت بەر بەو لێشاوە بگرێت، كەچی پاش رووداوەكەى 17ى شوباتی سلێمانی تەواو لەو كارەی پێشوویان پاشەكشەیان كرد، بۆیە هەق وابوو روونكردنەوەیەك سەبارەت بەو پاشەكشەیەی یەكەم رۆژی 10ى شوبات بڵاوبكەنەوە، ئایا هۆكار چییە كە تەنها 5 خولەكیش خۆپیشاندانەكەى سلێمانیان پەخش نەكرد كە دڵنیام چەندین دۆكیومێنت و وێنەی ڤیدیۆییان هەبوو، ئایا ئەوە سوكایەتیكردن نییە بە بینەرەكانیان.
ئەو كەی ئێن ئێنەى كە پێی دەوترا مینبەری خەڵك و رای جیاواز پێش 17/2 رۆژانەو شەوانە گەنجان و خەڵكی ناڕازی و چالاكوانانی كۆمەڵگەى مەدەنى و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەكەیان دەهێنایە سەر شاشەكەیان و دەیانوت خەڵك چیتر قبوڵی ناعەدالەتی و گەندەڵی رێكخراوو فراوان ناكات و سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی ملیۆنی حەتمییەو دەبێت، كەچی كاتێك لە17ى شوبات ئەو ناڕەزاییە فراوانە سەریهەڵدا خۆیان تەواو كپ و مت كردوو و پشتیان لەجەماوەر كرد، تەنانەت نیو هێندەى NRT ئەو چەوساندنەوەو كارەساتانانەیان پەخش نەكرد كە بەسەر گەنجی كوردو خەڵكی سلێمانیدا هێنرا، ئیتر كامە بوو ئەو كەی ئێن ئێنەى پێتان دەوت جەزیرەى كورد؟!.
من دەپرسم بۆچی پێشتر هەمیشە رووداوەكانی میسرو تونس و بەحرەین و یەمەن و جەزائیریان دەگواستەوەو دەتاندا بە چاوو گوێ خەڵكدا، كەچی ئەو ئێوارەیەى 17ى شوبات بۆ یەك چركەش نەتانوێرا ئەو رووداوە گەرمانە بگوێزێتەوەو خۆتان تەواو كپ كرد؟!، بەڕاستی ئەو رۆژە كەی ئێن ئێن دەریخست كە بانێكەو دوو هەواییانە كار دەكات و كڵاو دەخاتە سەری بینەرو هەڵسوڕاوانی خۆیان و خەڵكی كوردستانەوەو رەنگە چیتر لەمەودوا لەكاتی كارەساتە گەرمەكاندا هەر بەو وێنەیەی ئەو رۆژە كار بكات و چیتر نەبێتە جێگەى بڕواى من و منەكان و ئێمە.
كەوایە دەبێت ئەو كەناڵە داواى لێبوردن لەخەڵك و گەنج و خۆپیشاندەران بكات كە بە گرووپی بچووك و ئاژاوەگێڕ لەقەڵەمیدان و بە تەواوى ئەو توێژەیان لەبەرامبەر دەسەڵات بچووككردەوە.
پێش 17ی شوبات بە بەردەوامی راپۆرتەكانیان لەسەر تونس و میسرو وڵاتانی راپەڕیو بوو ن لە17ی شوبات و چەند رۆژێك پاشتر راپۆرتەكانیان لەسەر چالاكی مەدەنی ئامادە دەكرد و خەڵكیان دادەمەركاندەوەو داشیانمركانەوە.
سەبارەت بە بزووتنەوەى گۆڕانیش راستە وتوویانە (كەروێشكێك رابەرایەتی هەزار شێر بكات هەمیشە دۆڕاوە، بەڵام شێرێك رابەرایەتى هەزار كەروێشك بكات براوەو ورە بەرزە)، ئێوەى گۆڕان بوون بە كەروێشكەكەو ورەی خەڵكتان دۆڕاندو ئەو هەزاران شێرەتان دامركاندەوەو خەسانتان.. ئەو ئێوارەیە دەركەوت ئێوە ناتوانن رابەرایەتی خەڵكی ناڕازی بكەن و ئێستاو لەمەودوا دەبێت ئێوەی گۆڕان دواى خەڵك بكەون نەك خەڵك دواى ئێوە بكەوێت و بیهێنە سەر شەقامەكان كە لەئەساسدا ئەوەیە كارى ئۆپۆزسیۆن.
ئەوەى جێگەى خۆشحاڵی بوو، بەراستی بەیاننامەى فراكسیۆنەكەو پەرلەمانتارەكانى زۆر لەوەى بزووتنەوەكە راستترو بوێرانەترو سەربەرزانەتر بوو.
[email protected]
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە