پرسە و سەرەخۆشى بۆ مەرگى ناوادەى لیوا ئاسۆى جوانەمەرگ

Saturday, 05/02/2011, 12:00

923 بینراوە


سەرلەبەیانى رۆژى 3/2/2011 لەئوتومبیلەكەى خۆیدا لیواى یاسایى ئاسۆ عمر كەریم لەبارودۆخێكى گوماناویدا ماڵئاوایى لێكردین و كۆچى دوایى كرد ، بەناوى هەموو ئەفسەرە كۆڵنەدەر و پاك و دلسۆزەكانى وەزارەتى ناوخۆوە پرسەو سەرەخۆشى لەخۆمان و كەس و كارى كاكە ئاسۆ دەكەین خواى گەورە سەبوورى هەموو لایەك بدات .

هەر بۆ زانیارى لیوا ئاسۆى جوانەمەرگ ماوەى نزیكەى چوار ساڵ بوو بەفەرمانى وەزیرى ناوخۆ و بریكارى وەزیر بیكار و بێ پۆست كرابوو و رەوانەى ماڵەوە كرابوو ، تاكە تاوانیش كەخرابووە پاڵى بڵاوكردنەوەى بابەتى رەخنەئامێزبوو لەكوردستانپۆستدا بێ ئەوەى هیچ بەڵگەیەكیش لەسەرى هەبێ ، ئەمەش راستیەكە هەموو ئەفسەر و كارمەند و فەرمانبەرانى وەزارەتى ناوخۆ گەواهى بۆئەدەن ، هەروەك چۆن گەواهى ئەوەش ئەدەن كە لیوا ئاسۆى جوانەمەرگ بەیەكدەنگى دوژمن پێش دۆست ئەفسەرێك بوو كەكەم وێنە بوو لەزیرەكى و دڵسۆزى و دەست و داوێنپاكیدا ، هەروەك چۆن دەرچووى سێ كۆلێژ بوو ، پۆلیس و یاسا و ئابوورى .

مەزنترین سەروەرى كە لیوا ئاسۆى جوانەمەرگ پاش خۆى جێی هێشت ئەوەبوو كە بەهیچ جۆرێك بۆ پۆست و ئیمتیازات و پارە و ئیفاد سەرى بۆهیچ بەرپرس و لایەنێك شۆڕنەكرد و نەفسیەتى بەرز و مەردانەى نەكردە قوربانى ئیمتیازاتەكان ، ئەو ئیمتیازاتانەى كە ئەفسەرە گەندەڵ و پاشەڵ پیس و ماستاوچیەكان شەڕەچەقۆى لەسەردەكەن و مل و ئەستۆى هەزارى لەسەر ئەشكێنن ، لەكاتێكدا ئەفسەرى ماستاوچى و كاسەلێس هەیە لەیەك كاتدا بەفەرمى و بەوەكالەت پێنج پۆستى لێرەو لەوێ هەیە .. كەچى تاكە یەك پۆست گەورە یان بچوك بەم لیوا ئاسۆیە ستەملێكراوە رەوا نەبینرا .

بەراستى هەڵوێستى جوامێرانە و نەفسیەتى بەرزى لیوا ئاسۆ و رابردووى پاكى و سەرنەوینەكردنى بۆ پۆست و سەرفرازى و بوێرى بەرووى گەندەڵكارەكاندا بووە قوتابخانەیەك بۆ هەموو ئەفسەرەكانى پاش خۆى ، تاكو كەس خۆى بۆ پۆست و پایە سووك و رسوا نەكا بەوێنەى ئەوانەى شەو و رۆژ لەبەرقاپى ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرس وەكو سواڵكەرى زەلیل كلكە لەقەیانە وچاوەڕێى پۆستێكن تاكو وێنەى ئێسقان بۆیان تووڕبدرێ .

لەكۆتایدا لیوا ئاسۆى جوانەمەرگ شانازە بەوەى پاڵەوانى زیندانەكانى بەعس بوو لەسەر كوردایەتى نەك بەرتیلخواردن .. پاڵەوانە بەوەى تەنازوولى نەكرد بۆ پۆست و چوار ساڵ گەردنى لەباڵاى كۆشكى جەللادەكانى بەرزتربوو .. دەست و داوێن بێگەردە بەوەى كەسێك رۆژێ بەگەندەڵ ناوى نەبرد و نموونەى مرۆڤى رەوشت بەرزبوو ، تاكە تاوانیشى ئەوەبوو كە كەسێكى راستگۆبوو لەزەمەنى ریایى و دووروویدا ، ئەفسەرێكى پاك بوو لەسەردەمى جەردەیى و بەتاڵانبردنى سامانى گشتیدا ، مرۆڤێكى بوێر و ئازابوو لەزەمەنى ترسنۆكى و كاسەلێسیدا ، داوێن پاكبوو لە رۆژگارى شەڕواڵپیسیدا .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە