بۆ یەكەمجار لەسلێمانییەوە پابەندی یاسای خۆپیشاندان بوون

Tuesday, 18/01/2011, 12:00

1362 بینراوە


ئەوەى بەندە بڕوای پێنەدەكردو دوور بوو لەهەستیەوە بەرامبەر گەنج و چالاكوانانی خەڵكی سلێمانی، ئەو هەڵوێستەى گرووپێكی رۆشنبیرو خاوەن هەڵوێست بوو لەسلێمانی كە بۆ دەیانجار چالاكییان ئەنجامداوەو خۆیان بێ دەنگ نەكردووە، بەڵام مەخابن ئەوەى دوێنێ لەسایتی ئاوێنە خوێندمەوە تووشی شۆك و دڵگرانی و بێئومێدی كردم.

چەند رۆژێكە گرووپێك لەژێر ناوی 400 بە مەبەستی هەڵوێستوەرگرتن لەبەرامبەر تەواونەكردن و زۆر دواكەوتنی نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەییەكەی سلێمانی درووستبووەو جێگەى سەربەرزی و ئافەرینەو ئەركێكی گەورەى خۆیان ئەنجامداوە، بەڵام پاش ئەوەى ویستیان كۆبوونەوەیەكی جەماوەرى سازبدەن، كەچی رۆشتوون داواى مۆڵەتیان لەپارێزگاى سلێمانی كردووەو دەڵێن بڕیاربووە‌ بەبێ‌ مۆڵەت خۆپیشاندان ئەنجام بدەین، بەڵام ئێمە پابەندین بە یاساوە، بۆیە لەئێستادا هیچ كۆبونەوە‌و خۆپیشاندانێك ئەنجام نادەین تا ئەو كاتەی‌ دادگا بڕیاری‌ دیاری‌ كردنی‌ ڕۆژێك دەدات.

كەوایە ئەمە بوو ئەو هات و هاوارەى هەموومان لەدژی یاسای خۆپیشاندان كەچی هەر ئێوەش پیادەو جێبەجیی دەكەن، سوێندم بە هەموو شتێكی پیرۆز بەندە وەكوو ئیحسان یان ئەوەتا هەرگیز خۆپیشاندان ئەنجامنادەم یاخود نابێت بۆ خۆپیشاندان مۆڵەت وەربگرم تاوەكوو یاساكە هەموارو رەتنەكرێتەوە.
[email protected]

ئەمەش دەقی هەواڵەكەى سایتی ئاوێنەیە..
گرووپی 400 سكاڵا لەدژی پارێزگاى سلێمانی تۆمار دەكات لەبەرامبەر ڕێگە نەدانی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بۆ ئەنجام نەدانی‌ كۆبونەوەیەكی‌ جەماوەری‌ دژی‌ دواكەوتنی‌ پڕۆژەی‌ دروست كردنی‌ نەخۆشخانەی‌ 400 قەرەویڵەی‌ سلێمانی‌، گروپی‌ 400 داوایەكی‌ یاسای‌ لەسەر پارێزگا تۆمار دەكەن.
سلێمانی‌، ئاوێنە: لەلێدوانێكی‌ تایبەدا بۆ سایتی‌ ئاوێنە ئەندامێكی‌ گروپی‌ 400 ڕایگەیاند "پاش ئەوەی‌ ئێمە وەك گروپی‌ 400 داوایەكمان بۆ كۆبونەوەیەكی‌ جەماوەری‌ دژی‌ دواكەوتنی‌ نەخۆشخانەی‌ 400 قەرەوێلەی‌ سلێمانی‌ پێشكەشی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ كرد، بەڵام كاتژمێر 4:30ی‌ خولەكی‌ ئەمڕۆ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بەفەرمی‌ وەڵامی‌ داواكەمانی‌ بەنەرێ‌ داوەتەوە، بۆیە ئێمەش‌ بڕیارماندا داوایەكی‌ یاسای‌ لەسەر پارێزگای‌ سلێمانی‌ لەدادگا تۆمار بكەین".
ئەو ئەندامەی‌ گروپەكە وتیشی‌ "بڕیاربوو سبەینێ‌ بەبێ‌ مۆڵەت خۆپیشاندان ئەنجام بدەین، بەڵام ئێمەپابەندین بە یاساوە بۆیە لەئێستادا هیچ كۆبونەوە‌و خۆپیشاندانێك ئەنجام نادەین تا ئەو كاتەی‌ دادگا بڕیاری‌ دیاری‌ كردنی‌ ڕۆژێك دەدات"

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە