بەعس و تاڵەبانی و بارزانی

Monday, 15/02/2010, 12:00

1500 بینراوە


هەریەکە لە مەسعود بارزانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جەلال تاڵەبانیی سەرۆک کۆماری عێڕاق، پشتگیرییان لە گەڕانەوەی بەعسییەکان کرد. دژی دورخستنەوەی ساڵح موتڵەگ بون. ویستی ئەم دو سەرکردەیەی کورد، دژ بە ویستی کۆی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردییە. تەنها تەفیسرێک بۆ ئەو ویستەی ئەو دو سەرکردەیەمان هەبێ، ئەوەیە ئەوانە خاوەن بڕیاری سیاسیی خۆیان نین و جورئەتی وەستانەوە بە دژی خواستەکانی ئەمریکا ناکەن.
هەر یەکە لە زافەر ئەلعانی و سالح موتڵەگ لە لیستی کاندیدکراوەکان دورخرانەوە. دەمێک نییە ڤیتۆکەی هاشمیی بەرامبەر تێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردنەکان تێپەڕیووە. ئەوکاتیش سەرەڕای ئەو غەدرەی لە کورد کرابو، تاڵەبانی رازیی بو، نەک لەبەرئەوەی لە بەرژەوەندیی کوردە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەمریکا ئەیخواست یاساکە زو رەتبێ.
لەم هەڵبژاردنەدا، ویستی ئەمریکا وابووە، تەواوی هێزە عێڕاقییەکان بەشداریبکەن. هەمو تواناکان و فشارەکانی خۆیان بەکارهێنا بۆئەوەی هیچ بەعسییەک دورنەخرێتەوە. ئێران وەک هێزی دووەمی ئیقلیمیی نێودەوڵەتیی، نایەوێ بەعسییەکان جارێکی تر بگەڕێنەوە نێو کایەی سیاسیی عێڕاق.
مەحمود ئەحمەدینەژاد،‌ سەرۆك کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی پێنجشەممەی رابردو له‌ وتارێكی‌ تایبەت به‌ 31ەمین ساڵیادی‌ شۆڕشی‌ ئیسلامییدا، رایگەیاند كه‌ هەندێك لەو وڵاته‌ رۆژئاواییانه‌ی‌ پێشتر پشتگیرییان له‌ رژێمی‌ پێشوی‌ عێراق كردووه‌، ئێستا فشار دەخەنه‌ سه‌ر حكومەت ‌و گەلی‌ عێراق بۆ گەڕاندنەوەی‌ بەعسییەكان بۆ دەستەڵات.
پێشتر جۆزێف بایدن وەک بەرپرسی دۆسیەی عێڕاق فشارەکانی خۆی بۆ سەر سەرکردە عێڕاقییەکان دروستکردبو. ئەو زو بە سودوەرگرتن لەو هەڵە گەورەیە مێژوییەی کورد کە لەدوای 1991 کردی، گوتی "چۆن کوردەکان لە جاش و بەعسییەکان خۆشبون، عێڕاقییەکانیش با لە بەعسییەکان خۆشبن."
سەرەڕای ئەوەی شیعەکان هاوپەیمانی ئێرانن و ئێرانیش دوژمنێکی ئاشکرای ئەمریکایە، کەچی شیعەکان سڵ لەوە ناکەنەوە کە هەرچەندە بڕیارێک بێ دژی ئەمریکا بێ و بە دڵی ئێرانیش بێ، دژایەتی بکەن. ناشترسن لەوەی ئەمریکا چاویان لێ سوربکاتەوە.
کریستۆفەر هێڵ لەلایەن مالیکیی و چەند سەرکردەیەکی دیکەی عێڕاقییەوە بەوە تۆمەتبارکرا کە دەستوەردەداتە بڕیارەکانی "دەزگای دادگەریی و لێپرسینەوە". ئەی چەند خۆش بو لەبری مالیکی، تاڵەبانی بووایە بیگوتبایە کە باڵیۆزی ئەمریکی بۆی نییە دەست لە کاروباری دەزگای دادگەریی و لێپرسینەوە بدات.
رۆڵی کورد لەو دۆخەدا گرنگ دەبو. کورد دەیتوانی هەمو توواناکانی خۆی بەکاربهێنێت بۆئەوەی دژ بە گەڕانەوەی بەعسییەکان بوەستێتەوە. ئەوەش نیشانی ئەمریکا بدا کە خاوەنی هەڵوێستی توند دەبێ ئەگەر بێت و ئەمریکا پشتگیریی لە کەسانێک بکا کە دەستیان بە خوێنی کورد سورە. لێ، هەرزو تاڵەبانی و بارزانی بە جیا پشتگیریی خۆیان بۆ ساڵح موتڵەگ و گەڕانەوەی بەعسییەکان راگەیاند.
رۆژنامەی هاووڵاتی لە ژمارە 593 رۆژی چوارشەممەی 13-1-2010 بەڵگەنامەیەکی ئاشکراکرد کە ساڵح موتڵەگ سەرۆکی بەرەی دیالۆگی نیشتیمانی، یەکێک بووە لە باوەڕپێکراوەکانی بەعس. کەچی مەسعود بارزانی و تاڵەبانی باوەڕیان نییە ساڵح موتڵەگ بەعسی بوبێ.
لەوانەشە ئەمە بۆ ئەوە بێ کە ئەوانیش لە سەردەمێک لە سەردەمەکان دۆستایەتییەکی نزیک لە دۆستایەتیی ئاوایان هەبوبێ. خۆ ئەگەر فایلەکانی بەعس ئێستا جارێکی تر بێنەوە مەیدان، ئەوا چەند پاڵێوراوێکی کوردیش لە دورخراوەکان دەبون بەو پێیەی پێشتر رۆژنامە ئەهلییە کوردییەکان ئەو بەڵگەنامە نهێنییانەیان ئاشکراکردبو.
7-3 چارەنوسسازە. وا لە یەکێتیی و پارتیی دەکات چیتر هێڵە سورەکانی نەتەوە نەبەزێنن، هەمیش وادەکات لە بەغداد لیستی دیکەی جدیی هەبێ و دژ بە خواستی ئەمریکی، سوری، تورکی، ئێرانی و بەعسی، بێ. تاکە شت لای ئەوان باڵا بێ، دەبێ بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی کورد بێ.
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە