عێرق وڵاتى نەهەنگە گەورەكە ...!

Monday, 25/01/2010, 12:00

1489 بینراوە


ئەم وڵاتە لەروى یەدەكى نەوت لە ڕیزبەندى سێهەم وڵاتى جیهاندایە ، هەر ئەم وڵاتەش تاكە وڵاتى دونیایە كە ئەو دەوڵەمەندیەى لەبوارى نەوت و كانزادا نەك نەى توانیوە خۆشبەختى و كامەرانى بۆ هاوڵاتیەكانى فەراهەم بێنێت ، بەپێچەوانەوە لە دواى دۆزینەوەى نەوت لەم وڵاتە ئیتر ئەو نیعمەتە خواییە بو بە بەڵایەكى كوشندە و چووە گەردنى دانیشتوانەكەیەوە ...! ئەویش لە سایەى سەرى فەرمانڕەوا نەشیاو ولێنەهات و نەخوازراوەكانى لە لایەك و چاو تێبڕینى وڵاتانى زلهێز و وڵاتانى ئیقلیمى لەلایەكى تر .
لەپاش روخانى رژێمى پێشو هەر ئەم وڵاتە بە هۆى ئەو دیمۆگرافیا ئاڵۆزەى كە هەیەتى و لە سایەى پێكهێنانى دەسەڵاتێكى دیموكراسى تەوافقی لە نێوان پێكهاتە كانیدا سامانى وڵات وەك ئەو نەهەنگە گەورەى لێهاتووە كە شەپۆلەكانى دەریا فڕەیان دابێتە سەر وشكاییەكانى كەنار دەریا وخەڵكیش سەریان تێكردبێت بۆ ئەوەى هەر لایەكیان زۆرترین بەش بۆ خۆى لێبكاتەوە ...!
ئەم وڵاتە بەدرێژایى مێژوو هەموو شتێك تێیدا سەروەر بووە تەنها یاسا نەبێت .! هەروەها ئەوەندەى دەستى دەرەكى سودى لە داهاتەكەى بینیوە دانیشتوانەكەى خۆى سودیان لێ نەبینیوە ، ئەوە چەند ساڵێكیشە وڵاتى عێراق لە راپۆرتەكانى رێكخراوى شەفافیەتى نێو دەوڵەتیدا لە ریزبەندى گەندەڵترین وڵاتانى دونیادا هەژمار دەكرێت ، ئەمە تەنها بەهۆى ئەو دزى و ئیختیلاس و گەندەڵیانەى كە ئاشكرا كراون ، ئەگینا پرۆسەى دزى و تاڵانكردن و بەهەدەردانى سامانى وڵات زۆر لەوە گەورە تر و فراوانترە كە دەزگاكانى نەزاهە و چاودێرى دارایى وراگەیاندن وچاودێرە بیانیەكان پێیان زانیوە .
بەپێى لیدوانى سەرۆكى پێشوى دەستەى نەزاهە بێت ئەوا لە پێنج ساڵى پاش روخانى رژێم نزیكەى 80 تا100 ملیار دۆلارى عێراق لەلایەن بەرپرسانەوە دزراوە ...! وەك دەڵێن نزیكەى دووهەزار دۆسیەى گەندەڵى لە ژێر لێكۆڵینەوەدان ، بەڵام تائێستا چەند بەرپرسێك نەبێت كە دۆسیەكانیان زۆر ئابڕو بەرانە بووە ئەوا نەتوانراوە ئەو هەمو كەسە دزە دەسگیر بكرێت ، چونكە هەمو ئەو پرۆسانەى كە سامانى ئەم وڵاتەى تیا بەهەدەر دەدرێت بە جۆرێك لە جۆرەكان بەرگێكى یاسایى كراوە بەبەردا ، هەر ئەو یاسایەشە رێگرى دەكات لەوەى كە بەرپرسان بخرێنە بەردەم یاساو لێپرسینەوە ، كەواتە ئەگەر ئەو پرۆسە ساختە كاریە زۆرو زەوەندانە ئاشكراكران ئەوا هەر بەیاساو لەسایەى رێكەوتنە تەوافقیە ژێر بەژێریەكاندا دیزە بە دەرخونە دەكرێن .
ئەندێشە و خولیاى هەمو ئەو كەس و لایەنانەى كە قەدەر دەیانخاتە سەر كورسى دەسەڵات كار بۆ ئەوە دەكەن كەبەهەر شێوەیەك بوە جارێكى تر لەسەر ئەو كورسیە نەیەنە خوارەوە ، بۆیە هەرگیز كار بۆ ئەوە ناكەن كە وڵات بەرەو بە دەزگا و دامەزراوەیى ببەن .
ئەمەش قەدەرى دانیشتوانى ئەم مەملەكەتەیە كە لە ساڵى 72 دا نەوتى خۆماڵى كرد و (میرنشینى عەرەبی یەكگرتوو) ش لە هەمان ساڵدا ئەو یەكێتیەیان پێكهێنا دەئەوەش قەدەر و چارەنوسى ئەوان !
هیچ كەس و چاودێرێكیش نەلە داهاتویەكى دور و نە نزیك پێشبینى ئاسۆیەكى رون ناكات بۆ ئەم مەملەكەتە ، هەر بۆیە هەمولاش لە هەوڵى كۆكردنەوەى زۆرترین بەشن لەو نەهەنگە گەورەى كە قەدەر خستویەتیە بەر دەستیان ...!
دواجار تاكە زەرەر مەند دانیشتوانى وڵاتەكە و سودمندەكانیش نەیارانى خوا و خەڵكن ...!

[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە