وه‌ڵام و هه‌ڕه‌شه‌ی پارتیی و یه‌کێتیی له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان

Sunday, 30/01/2011, 12:00

1525 بینراوە


بەیاننامەیەكی هاوبەشی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەبارەت بە سیاسەتی ئاژاوەگێڕی سەرانی گۆڕان

گەلی ئازادی خوازی كوردستان!

لەكاتێكدا، سەرۆكی هەرێم، پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، هێزەكانی ئیئتیلافی كوردستانی، لەگەڵیاندا، ڕای گشتی گەلەكەمان و ڕێكخراو و سەندیكاو خەمخۆرانی بەدیهێنانی ئامانجە بەدینەهاتووەكانی كوردستان، تێكڕا سەرقاڵی ئەوەین لە بەغدادی پایتەختی عێراقدا، دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، بە سەرۆكایەتی بەڕێز نوری مالیكی، ئەو (18) خاڵەی لەسەری ڕێكەوتوین، بەتایبەتی مـادەی (140)ی نـاوچە كێشە لەسەرەكان، ئیتر باشتر بخرێنە بواری جێبەجێكردن و بەهۆی یەكڕیزی هێزە سیاسیەكانی كوردستانەوە، ڕێگە نەدەین چیكە جێبەجێكردنی داخوازییە دەستووری و سیاسییەكانمان، دوابخرێ. ئەمە سەرباری ئەوەی سەرانی گۆڕان، پوازێكی یەك لایەنەیان كوتایە ناو هاوسەنگەری و یەكڕیزی هێزە كوردستانیەكان و هەڵوێستی توندڕەوانەیان لە بەغداد نواندو ئیئتیلافی كوردستانیان جێهێشت، بەڵام سوربونمان لەسەر داخوازیەكان و چەسپاندنیان لەگەلأ زۆربەی هێزە عێراقیەكان، دڵنیاییەكی سیاسی بۆ دروستكردوین. بۆئەوەی سیاسەتی تەفریقەی گۆڕانیش، كەمترین زیان بە هێزە كوردستانیەكان و گەلەكەمان بگەیەنێ، هەر سیاسەتێكی نەرممان بەرامبەر سەرانی گۆڕان نواندو پەیتاپەیتاش هەوڵیان لەگەلأ دراوە، كێشەكانیان لەگەڵدا چارەسەر بكرێ. بەڵام..

ئەی خەڵكی بەشەرەفی كوردستان!
وادیارە سەرانی گۆڕان، ئەم نەرمیەو ئەم سیاسەتە پڕ لە هەستی نیشتمانی و نەتەوایەتیەیان بە خراپ و بەلاوازی لێكداوەتەوە، بۆیە، ئەم ئێوارەیە، بەیاننامەیەكیان بۆ دژایەتی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەتی بەشەرعی هەڵبژێردراوی كوردستان دەركردووەو بەڕەسمی، بەناوی سەرانی گۆڕانەوە، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حكومەتی كوردستان دەكەن. لە وەڵامی ئەم سیاسەتە نامەسئولانەیەی بەناو بزوتنەوەی گۆڕان، هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایدەگەیەنین كەوا:
یەكەم: سەرانی گۆڕان، بە تاقی تەنها، ئۆباڵی ئەم بەیاننامەیەو ئەم هەڵوێستە سیاسییەی دژایەتی شەرعیەتی پەرلەمان و حكومەتی كوردستان، تەحەمول دەكەن. هیچ لایەنێكی تر، لە هێزە كوردستانیەكان، لەگەڵیاندا نین.
دووەم: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، رایدەگەیەنین كەوا، بەتەواوی توانامان، توانای فراكسیۆنەكەمان لە پەرلەمان، توانامان لە حكومەتی كوردستان، توانای حزبی، جەماوەری، سیاسی و پەیوەندی نێونەتەوەییمان، دژی هەموو پیلانێكی ئاژاوەگێڕی دەوەستین و رێگە نادەین هێزێكی كودەتاچی، دۆخی ئارامی بازاڕو كاسبی خەڵك، گوزەرانی خەڵك، ئاسودەیی خەڵك، خۆشبەختی خەڵك. لەسایەی ئەزمونی دیموكراسی و ئازادی و ئاسایشی كوردستان تێكبدەن.
سێهەم: بەرپرسیارێتی هەموو روداوێكی گەورەو بچوكی كوردستان، لەناو خەڵك، لەناو داوودەزگاكان، بارەگاكان، بانكەكان، میوان و دۆستانی كوردستان، هەر روداوێك، راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ، روبدات، یەكێتی و پارتی، راستەوخۆ، سەرانی گۆڕان بە بەرپرسیار دەزانن و رووبەڕوی سزای یاسایی ئاشكرایان دەكەین.

گەلی ئەزموندیدەی كوردستان!
خۆتان شایەتن كە یەكێتی و پارتی، لە دەیان ساڵی رابوردودا، بۆ بەدیهێنانی ئەم دەستكەوتانەی كوردستان، پشتئەستور بە گەلەكەمان، چەند شەهیدی بەخشیوەو چەندیش بەرگەی رۆژگارە سەختەكان و سیاسەتی فاشیستەكانی گرتووە. بۆیە، دڵنیاین، گەلەكەمان، كە ئەنفال و كیمیاباران و نەهامەتیەكانی تەرحیل، تەعریب و تەبعیسیشی دیوە، هەرگیز رێگە نادات، تاقمێكی قین لەدڵی ئاژاوەگێڕ، ئەزمونەكەمان تێكبدات. بەدڵنیاییەوە، دڵنیاشتان دەكەین، شەرعیەتی پەرلەمان، حكومەت، هەروا ئاسایش، ئازادی و ئاسودەیی خەڵك، بەهیچ تاقمێكی ئاژاوەچی تێكناچێ. بەڵكو لەم پیلانەدا، بەئاسانی پیلانەكەیان تێكدەشكێت.

جەماوەری دڵسۆزی كوردستان!
سەرانی گۆڕان وادەزانن بەشێكی خەڵك، بۆ تێكدانی حكومەتی كوردستان و ئارامی و ئازادی خەڵك، لە هەڵبژاردندا دەنگی پێداون، نازانن تەنانەت بەشی زۆری لایەنگرانی خۆشیان لەسایەی ئەم حكومەتەدا، ئازادن و بەئازدی دەنگیان بەوان داوە. هەر لەڕێگەی پەرلەمان و حكومەت و گفتوگۆی دڵسۆزانەی هێزەكانی ئیئتیلافی كوردستانەوە، ئەو كەموكوڕی و گیروگرفت و كارە ناپەسەندانەی، جەماوەر لێی نیگەرانە، چارەسەر دەكرێن و بەدڵنیاییەوە چارەسەریشیان دەكەین، نەك بە ئاژاوەو لاساری و چەواشەكاری. بەهیواین كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان وریابن و چەواشەنەكرێن و دۆخی وڵاتانی نادیموكراس و بەشمەینەتی خەڵك، بەهۆی سیاسەتی سەرانی گۆڕانەوە، بە كوردستانی ئازاد و دیمكراس و ئاوەدانە بەراورد نەكرێن و دەستخەڕۆ نەبن. هەر رێگای دیالۆگ و برایەتی و پەرۆشی پاراستنی ئەزمونەكەمان و پەرەپدانی، رێگای چارەسەركردنی كێشەكانە نەك ئاژاوەو ئاشوبە نانەوە لەناو خەڵكدا.

- سەربەرزی بۆ شەهیدان.
- بژی جەماوەری ئازادیخوازی كوردستان
- بێتەدی ئامانجەكانمان.
- تێكدەشكێنین پیلانی ئاژاوەگێڕان.

مەكتەبی سیاسی مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە