هەڵوێست و ئاراستەى هەولێرى یەكان سەبارەت بە هەڵبژاردنى 25 ى تەمموز.

Sunday, 28/06/2009, 12:00

1964 بینراوە


شارى هەولێر سەرەراى ئەوەى بە كۆنترین شار دادەنرێت لە جیهاندا كە تاوەكو ئەمڕۆ ژیان تێیدا بەردەوامە، لە لایەكى ترەوە خەسڵەتێكى تایبەت بە خۆى هەیە كە جۆرێك لە جێگیرى و نەگۆرى لە بیروڕاى خەڵكى ئەم شارە دێرینە بە تەواوى هەستى پێدەكرێت بە تایبەتى پێش هاتنى ئاوارەكانى شەڕى ناوەخۆ بۆ ئەم شارە چونكە تارادەیەك سیماى شار لەو رۆژانەدا شێوێنرا بوو، بۆ نموونە ئەم خەڵكانە (لەگەڵ رێز و حورمەتى زۆرم بۆ هەندێك لە ئاوارەكان كە خەڵكێكى باش بوون و زەمانە ئاوارەى كردبوون یان بەدەم بۆنى كەبابەوە هاتبوون، بەڵام دەرچوو كــ..... داخكردن بوو) زۆر زوو دەچوون بۆ سەر جادەو هوتافیان بۆ پارت و سەرۆكەكەیان هەڵدەدا كە ئەم ئاكارە بە درێژایی مێژوو لەم شارە زۆر بە كەمى بینراوە، لە بیرمە لە هە شتاكانى سەدەى رابردوو كاتێك بەعسیەكان رێپێوانی زۆرە ملێیان بە خوێندكاران و فەرمانبەرانى ئەم شارە دەكرد، لە كاتێكدا لەو پەڕى دەسەڵات و هەیمەنەدا بوون، زۆرێك لەو خەڵكانە لە سەرەتادا دەردەچوون بۆ رێپێوانەكە، بەڵام تا دەگەیشتنە بەردەم (تشریعى و تەنفیزى) یەكە، نیوەى ئەم خەڵكە بەم لاو بەو لادا ڕایان داكرد بێ ئەوەى هیچ ئیعازێك هەبێت لەلایەن ئەوانەى ئەمرۆ كوردایەتی و نیشتیمان پەروەریمان پێدەفرۆشن و خوێنى شەهیدەكانمان دەكەن بە بیانوو بۆ گەندڵییان. خەڵكى ئەم شارە جییان لە گەڵ شارەكانى ترى كوردستان، بەڵگەم بۆ ئەم قسەیەئەوەیە: كە كەمترین تێكەڵبوون (خزمایەتى بە ژن) لە نێوان خەڵكى ئەم شارە و پیاوانى عەرەبى رژێمى بەعسى دا روویداوە ئەگەر بەراوورد بكرێت لەگەڵ شارەكانى ترى كوردستان لە گەڵ ئەوپەڕى رێزم بۆ خەڵكى ئەو شارانە چونكە رژێمى فاشستى بەعس ئینجا دەسەڵاتى كوردى واتە پارتى و یەكێیتى ئەم ناوچەگەرى و سۆرانى و بادینى و هەولێرچیەتى و سلێمانچیەتیەى هێنایە كایەوە، دوێنى بەعس بۆ ئەوەى بوو كورد یەكێتى ریزەكانى پەرتەوازە بێ، ئەمڕۆش ئەوانە درێژە پێدەرى ئەم رێبازە و بۆ ئەوەشیانە كە دانیشتووانى ئەم كوردستانە هەر خەریكى یەكتر بن و ئاگایان لەو هەموو حەپەلووشكردنەى داهات و دەسەڵاتەى ئەوان نەمێنێ.
شاراوەیى و جێگیرى بیروراى هەولێرى یەكان لەم سەرو بەندى هەڵبژاردنەى 25 ى تەمموز ئێستا بە تەواوى هەستى پێدەكرێًت. بۆ نموونە ئەو رۆژە لەگەڵ كۆمەلێك فەرمانبەرى فەرمانگەكەم دانیشتبووین یەكێكیان ووتى: ئەرێ ئەمشەو كاك نەوشیراوانتان بینى قسەى دەكرد؟ هەموویان ووتیان نەوەڵا ئێمە سەیرى كەناڵى KNN ناكەین!!!! دواتر برادەرێك ووتى دەبوایە باسى فڵانە بابەتى بكردبا! یەكێكى تر ووتى : كاكە باسى ئەو شتەى كرد! ئەى چۆن!! یەكێكى ووتى: كوڕە ئێوە دەلێن چى، چەند بە رێكى باسى سامانە سروشتى یەكان و دابەشكردنى داهاتى كرد!! منیش ووتم ئەرێ جەماعت: پێش پێنج دەقیقە هەمووتان ووتتان ئێمە سەیرى ئەم شتانە ناكەین!! ئەى ئەوە چی یە؟؟ ئیتر هەموویان دایان لە قاقاى پێكەنین و ووتیان ئەوە هەولێرە هەولێر.
بۆیە پێم وایە بڵێسەى گۆران و مفاجئەى هەڵبژاردنى ئەم جارە لە شارى قەڵا و منارەوە دەبێت.


تێبینى: بۆ خوێنەرانى بەرێزى كوردستانپۆست لە ناوەوە و دەرەوەى كوردستان، لە ئاهەنگى مەلعەبەكەى هەولێر زۆربەى ئامادەبووان خەڵكى دەرەوەى شار بوون، ئەوانى تر فەرمانبەرى حكوومەت بوون ته‌نها خۆیان دەزانن بە چ بیانوویەك هێنابوویانن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە